Pukmedia
لەچەند رۆژی رابردوودا، كۆبوونەوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمو گفتوگۆكردنو چارەسەركردنی كۆی كێشەكان لەهەرێمو بەغدا، درێژەیان پێدرا.
كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی
رۆژی 15/2 هەردوو وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی، كۆبوونەوەو لەبارەی كۆبوونەوەكەشەوە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەوە راگەیەنرا كە»بەتەوافوق زۆرێك لەكێشەكانی نێوانیان چارەسەركردووە».
لەكۆنگرەكەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا بەتێروتەسەلی رەشنووسی رێككەوتنەكە تاوتوێكراوەو یەكێتیو پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی بەتەوافوق كێشەكانی پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێمو بارودۆخی كەركوكو كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان چارەسەربكرێن.
هەروەها، مەحمود محەمەد وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەبارەت بەدەرئەنجامی كۆبوونەوەكە ئاشكرایكرد یەكێتیو پارتی دوای گفتوگۆكردنو هەڵسەنگاندنی پاكێجەكانی یەكتر، بڕیاریاندا لەپێناوی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانو روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی ناوچەكە، بگەنە تەوافوقێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانو یەكلاییكردنەوەی پۆستەكانی حكومەتی هەرێمو پەرلەمانی كوردستانو بارودۆخی كەركوك.
ئەوەشی خستەڕوو كە هەموو ئەو كێشانەی پەیوەستن بەكەركوكو پێكهێنانی حكومەتو سەرۆكایەتیی هەرێم بەگفتوگۆ چارەسەربكرێن بۆ ئەوەی بتوانین لەئاستی داواكاریو خواستی ئێستادابین. وتیشی: كێشەی كەركوك پەیوەندی بەهەموو لایەنەكانو هەموو خەڵكی كوردستانەوە هەیەو ئومێدەوارین ئەم رێككەوتنەش بۆ هاووڵاتیان سوودی هەبێت.
كۆبوونەوەی یەكێتی و
كۆمەڵی ئیسلامی
هەروەها، رۆژی 14/2 وەفدێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی-یان كردو لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدی باڵای یەکێتی، تاوتوێی چەند پرسێكیان كردو لەچەند خاڵێكیشدا تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە، خراوەتەڕوو:
یەكەم: پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستانو گەشەپێدانو بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای یەكڕیزیی گەلی كوردستانو یەكڕیزیی حزبە كوردستانییەكان.
دووەم: حكومەتی هەرێم، حكومەتی چاكسازیو شەفافو حكومەتی خەڵك بێت.
سێیەم: لامەركەزی كارگێڕیو دارایی بۆ پارێزگاكان واتە شۆڕكردنەوەی دەسەڵات لەسەرەوە بۆ خوارەوە.
چوارەم: دەستوری هەرێمو ئەو یاساییانەی رەهەندی نیشتمانیو نەتەوەییان هەیە بە سازان (تەوافق) یەكلابكرێنەوە.
پێنجەم: گۆڕانكاریو پێداچوونەوە بەیاسای هەڵبژاردن لەكوردستان.
لەبارەی، كۆبوونەوەكەشەوە، سەعدی پیرە، رایگەیاند: ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا بووەو پێویستە حكومەتێكی خزمەتگوزار لەهەرێمی كوردستان پێكبهێنین. راشیگەیاند: دەبێت هەموومان كاربكەین بۆ تەبایی لایەنە سیاسییەكانو پێویستە پەرلەمان رەشنووسی دەستوری هەرێم بە تەوافق پەسەند بكات. وتیشی: دەمانەوێت حكومەتێكی بەهێزمان هەبێتو دوربێت لەدەستتێوەردانی حزب. راشیگەیاند: دەبێت گفتوگۆكردن لەسەر دەستور بەهەماهەنگی هەموو لایەنەكان بێتو یاساكانی هەڵبژاردن لەهەرێم گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.
لای خۆیشییەوە، رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند: وەك كۆمەڵ تائێستا بڕیارمان نەداوە كە بەشداری حكومەت دەبن یاخود نا، بەڵام خواستەكانمان گەیاندووەتە یەكێتی. وتیشی: گەشە بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنەكان دەدەینو دەمانەوێت حكومەتی داهاتوو لەخزمەتی هاووڵاتییاندا بێت، وەك كۆمەڵی ئیسلامیش لەحكومەتو ئۆپۆزسیۆنیش هەمیشە پابەندبووین بەپرەنسیپەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
153 جار بینراوە