سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » هەناسەکانی ژنێک‌

هەناسەکانی ژنێک‌

سروە عوسمان

خۆشەویستم!
کاتێ عاشقان
پەنایان برد بۆ سێبەری درەختەکان
لەگەڵ زەردەپەڕ..
کەنارییەکان ئاوازی عیشقیان بۆ چڕین
مانگ بە هێمنی
رۆشنایی و تریفەی حەزی
لەسەر زەوی بۆ داخستن،
شۆڕەبییەکان بە نازەوە
ڕەشماڵی قژیان داهێنان
هەر ئەو کاتە
ناحەزان و تاریکی پەرستان
گەرووی کەنارییان کپکردو
هەوری زریزەیی ئاسمانیان
بەڕەشیڕاماڵی،
گوڵ و پەروانەیان
لەبژوێن و تەڕی بێبەریکرد؛
جێژوانیان بەڕەشەبای نەهات
بەردباران کرد
خاڵی کۆتایی ئەم گێتیەیان
فەراهەم کرد..
مەرگیش
لەبەرگی ئیزرائیل بە چاوی نەویست
لە شاگەشکەیی تاریکیا
شایی و لۆغانی بوو
فاتیحەی لەسەر عیشقی
بەهەشتیانی سەر زەوی
دەخوێند..!
نازانن و نەیان زانیوە
هەناسەکانی ژنێتی کپ ناکرێ
عیشق تا ئەبەد ژانری
ئاوێتەییڕۆحەکانە..

خۆشەویستم !
لەم دەڤەرە بێ ئامێزە
رۆژ نیە ئاهو ناڵەو توانەوەیڕۆح
بۆ مەعشوق لەخاچ نەدرێ..؛!
رۆژ نیە هەوڵی سیزیفەکان
لەبەرڕەشەبادا
بە عەجاجی شەن نەکرێت..!
کەچیڕۆژیش نیە
من سەردانی هەواری دڵم نەکەم و
ساباتێک بۆ ژوانێکی عاشقانە
سازنەکەم،
ئەی ئەوانەی دەستی قەدەر
گەمەی دوو ڕوویی لەگەڵ کردن و
ڕەوی کوێستان و گەرمیانی
داڵدەیی دڵەی بێ ئۆقرەیی پێکردن،
من سروەییەکەم و
دواهەمین هەناسەی ژنێکی عاشقم
ئیمامێک بە نەڕەیەکی کەمتیارانە
پەل و باڵی لێکردمەوە،
بە تاوانی خۆشەویستی
تا ئەبەد گرێدراوی سووتانی کردم
ئێمامێکیش بە پاساوی پێکەنین
بەدەم گوڵی باخچەکانەوە
کەلـلەسەری پەڕاندم
تا بەدەنگی بەرز هاوار نەکەم..
کێوەکان نەهەژێنم و
بەو هاوارەم
هەزاران گردۆڵکە بلەرزێنێ..؛
من ژن ئاسا،
ملوانکەی شیعر و جوانیم
لەگەردنم ئاڵاند
ئێستا لە گۆڕەپانی عیشقا
چاوەڕوانی ئەو پیاوەم
لەحەزی پیرۆزا لەمن دەچێت،
سەر بەرزانە بەڵێن دەدەم
جاڕنامەی خۆشەویستی
لە سەرانسەری دونیا جاڕ دەدەم..؛!
ئەم عیشقە پڕ نازەی خۆم
لە کۆیلەیی ئازاد دەکەم،
دەیکەمە دیاری پێنج بڕگەیی تەمەن و
لە پاییزی خەزاندا ئومێدی چرۆکردن دەکەم
بەناوی خوای ژنانەوە
دەیکەمە تابلۆیەکی بەهارەیی..؛
لە قوڵایی ناخمدا
بەدەستی لەرزۆک و حەزی بێ کۆتام
بەژێی دڵم،
کۆنسێرتی عیشقێکی پاک دەگێڕم
لەڕۆژئاوای خۆرەوە بۆڕۆژهەڵاتی عیشق
پێتان دەڵێم ،
هەناسەکانی ژنێکی عاشقم
هەنگوین فرۆش نیم، هەنگوین کڕم.!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*