سەرەکی » ئاراستە » چۆن پرسیاری رۆژنامه‌وانی‌ له‌ به‌رپرسان ده‌كه‌ی‌؟

چۆن پرسیاری رۆژنامه‌وانی‌ له‌ به‌رپرسان ده‌كه‌ی‌؟

تیم سیباستیان، یه‌كێكه‌ له‌دیارترین رۆژنامه‌نوسه‌ وتوێژكاره‌كان، ئه‌وانه‌ی‌ به‌وه‌ناسراون به‌نامه‌ی‌ گفتوگۆئامێزی به‌سود و چێژبه‌خش له‌گه‌ڵ میوانه‌كانی‌ دا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئه‌و ماوه‌ی‌ 30 ساڵ له‌ كه‌ناڵی BBC بریتانی كاریكردوه‌و له‌ زۆر شوێنی‌ وه‌كو (وارشۆ، مۆسكۆ و واشنتۆن) په‌یامنێری كه‌ناڵه‌كه‌ بوه‌، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی‌ 25 وڵات بۆ كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ گه‌ڕاوه‌.
هه‌روه‌ك به‌ یه‌كێك له‌ پێشڕه‌وانی‌ به‌رنامه‌كانی‌ هارد تۆك Hard Talk دێته‌ هه‌ژمار.
له‌م بابه‌ته‌دا، پوخته‌یه‌ك له‌ رێنماییه‌كانی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ گفتوگۆیه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی سه‌ركه‌وتو له‌گه‌ڵ به‌رپرسان ده‌خه‌ینه‌ رو.
– پێویسته‌ رۆژنامه‌نوس خۆی رابێنێت له‌سه‌ر گوێبیست بونی‌ رای به‌رامبه‌ر و گفتوگۆكردنی‌ به‌ به‌ڵگه‌و دیكۆمێنت.
– رۆژنامه‌نوس یان گفتوگۆكار «ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ی‌ گفتوگۆ ده‌كات» رۆڵی «پارێزه‌ری‌ شه‌یتان» ده‌بینێت، به‌ومانایه‌ی‌ كه‌ ئه‌و راوبۆچونانه‌ ده‌ڵێت كه‌ به‌رپرسه‌كه‌ نایه‌وێت ببیبیستێت یان ئه‌و خاڵه‌ی‌ نایه‌وێت قسه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ بكات.
– پێویسته‌ رۆژنامه‌نوسی‌ گفتوگۆكار واهه‌ست بكات كه‌ ئه‌و نوێنه‌ری‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌و له‌و به‌رپرسه‌و ئه‌وانی‌ تر ده‌پێچێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و له‌ وه‌زیر یان هه‌ر به‌رپرسێكی‌ تر گرنگتره‌، له‌م پێناوه‌شدا ده‌بێت ئه‌و پرسیارانه‌ بوروژێنێت كه‌ خه‌ڵكی‌ ده‌یانه‌وێت بیكه‌ن.
– ئامانج له‌ ئه‌نجامدانی‌ دیدار بۆ رۆژنامه‌نوس شتێكه‌و بۆ به‌رپرسیش شتێكی‌ تره‌، ئامانج و ئه‌ركی رۆژنامه‌نوس ئه‌وه‌یه‌ وه‌ڵام بۆ پرسیاره‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ به‌ده‌ست بخات.
– ئه‌و پرسیار و كۆژان و ئازارانه‌ی‌ كه‌ رۆژنامه‌نوس له‌باره‌یه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كه‌ ده‌كات، گرنگتره‌ له‌ به‌رپرسه‌كه‌و راگرتنی‌ هه‌ستی‌ به‌رپرسه‌كه‌.
– پێویسته‌ رۆژنامه‌نوس پرسیاری دیاریكراو بكات كه‌ وه‌ڵامی‌ دیاریی كراوی ده‌ست بكه‌وێت، نه‌ك بوار بداته‌ به‌رپرسه‌كه‌ به‌گشتی‌ قسه‌ بكات و وه‌ڵامێكی‌ دیاریكراو نه‌داته‌وه‌.
– پرسیار چه‌كی‌ ده‌ستی‌ رۆژنامه‌نوسه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئازاده‌كان دا، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ لێهاتویه‌ییه‌وه‌ ئه‌و چه‌كه‌ به‌كار بهێنێت.
– نابێت رۆژنامه‌نوس به‌بێ هیچ ئاماده‌كارییه‌كی‌ ورد و پێویست، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكدا بكات، چونكه‌ به‌رپرسان به‌رده‌وام شاره‌زان له‌ بواره‌كانی‌ خۆیان دا، له‌وكاته‌شدا بۆیان ئاسان ده‌بێت كه‌ یاری به‌ رۆژنامه‌نوسان بكه‌ن و كۆنترۆڵی بكه‌ن.
– له‌كاتی‌ ئاماده‌كاریی و گه‌ڕان به‌دوای‌ پرسیار دا، ته‌نها پشت به‌و سه‌رچاوانه‌ مه‌به‌سته‌ كه‌ بیروبۆچونه‌ پێشتره‌كانی‌ خۆت پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ش بكه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بۆچونت نایه‌نه‌وه‌.
– راستی‌ و به‌ڵگه‌ باشترین چه‌كن به‌ده‌ست رۆژنامه‌نوسه‌وه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵبده‌ به‌ راستی‌ و ژماره‌و داتا روبه‌ڕویان ببیته‌وه‌.
– كاری‌ رۆژنامه‌نوس ئه‌وه‌یه‌ بپرسێت و به‌دواداچون بكات بۆ كه‌سایه‌تی به‌رپرسه‌كه‌ له‌ رێی‌ هاوڕێ و دوژمنانییه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاریی له‌باره‌ی‌ ئه‌و خاڵانه‌ی‌ كه‌ به‌رپرس نایه‌وێت قسه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ بكات.
– له‌كاتێكدا به‌رپرسه‌كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ گشتی و عمومیات قسه‌ بكات، تۆ بیخه‌ره‌ نێو ورده‌كارییه‌وه‌ و پرسیاری وردی‌ لێبكه‌ له‌باره‌ی‌ به‌روار و خشته‌ی‌ كات و ژماره‌و شوێن و چۆن و … هتد.
– پێویسته‌ هه‌مو به‌شدارانی‌ دیبه‌یته‌كان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ هه‌قیقه‌ت به‌ته‌نیا له‌لای یه‌كێكیان نییه‌.
– پێویسته‌ رۆژنامه‌نوس به‌رده‌وام له‌رێگه‌ی‌ پرسیاركردنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئازایانه‌ به‌ره‌و روی‌ سنور و هێڵه‌ سوره‌كان بچێت.
– رازیی مه‌به‌ به‌وه‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ پێتی‌ ده‌ڵێت، به‌ڵكو ده‌بێت دادگایی بكه‌ین و له‌باره‌ی‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانییه‌وه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكه‌ی‌.
– ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ رون و ره‌خنه‌گرانه‌ بیر بكه‌یته‌وه‌، هه‌روه‌ها گوێ له‌ به‌رپرسه‌كه‌ بگریت و پرسیاری رونی‌ ئاراسته‌ بكه‌ی‌.
– كاتێك ده‌چیته‌ لای پزیشك، به‌دیاریی كراوی شوێنی‌ ئازه‌كه‌ت دیاریی ده‌كه‌ی‌ بۆی نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌ڵێی له‌ شوێنێكم ئازار هه‌یه‌. له‌ گفتوگۆش دا له‌گه‌ڵ به‌رپرس ده‌بێت هه‌مان شت بكه‌ی‌، واتا ده‌بێت په‌نجه‌ بخه‌یته‌ سه‌ر برینه‌كه‌و به‌گشتی‌ قسه‌ نه‌كه‌ی‌.
– له‌كاتی‌ گفتوگۆكه‌دا با ئه‌و ئه‌و به‌ڵگه‌و زانیارییانه‌ی‌ كه‌ به‌ده‌ست خستون له‌گه‌ڵت دا بێت و له‌كاتی‌ پێویستدا بیخه‌ره‌ رو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ به‌رپرسه‌كه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بخه‌یته‌ رو.
– رێگه‌مه‌ده‌ به‌رپرس گفتوگۆكه‌ ببات به‌ ئاراسته‌ی‌ بواری‌ دیكه‌دا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌خاڵه‌ سه‌ره‌كیی و گرنگه‌كه‌ دور بكه‌وێته‌وه‌.
– ئه‌و پرسیاره‌ی‌ كه‌ به‌رپرس لێی راده‌كات، دوباره‌ی‌ بكه‌ره‌وه‌ زیاد له‌جارێك، هه‌روه‌ك جه‌ختی‌ له‌سه‌ر بكه‌ره‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامی‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌.
– هه‌مو ئه‌و به‌ڵگانه‌ بخه‌ رو كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت قسه‌كه‌ی‌ راست نییه‌، هه‌روه‌ك هه‌ستی‌ شۆك بونی‌ خۆت مه‌شاره‌وه‌ له‌كاتێكدا هه‌ندێك راستی‌ ده‌خه‌یته‌ رو كه‌ شۆك داره‌.
– كاتێك پرسیاری درێژ ده‌كه‌یت، مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ تۆ بوارێكی‌ زۆرتر ده‌ده‌یت به‌ به‌رپرسه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌كه‌یفی خۆی بێت و بچێت و ئه‌و خاڵه‌ هه‌ڵبژێرێت كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت، بۆیه‌ با پرسیاره‌كانت كورت و دیارییكراو بن.
– له‌یه‌ك كاتدا زیاد له‌ پرسیارێك مه‌كه‌، به‌ڵكو یه‌ك پرسیاری دیارییكراو بكه‌.
سه‌رچاوه‌: سایتی «أریج»
رادیۆی ده‌نگ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تریفه‌ی‌ مانگی‌ ئاكۆیان

ئازاد سه‌راوی شۆڕش هه‌ڵچون و داچونه‌، هه‌ندێك جاران ڕوبارێكی‌ به‌لرفه‌یه‌، ...