سەرەکی » دۆسێ » سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ لوبنان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند

باس له‌ هۆكاره‌كان ده‌كات

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ لوبنان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند

سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ لوبنان به‌شێوه‌یه‌كی‌ كتوپڕ و له‌ له‌ سعودیه‌وه‌، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ راگه‌یاند و له‌ وتارێكیشدا كه‌ له‌لایه‌ن كه‌ناڵی‌ (العربیه‌)ه‌وه‌ په‌خش كرا، هێرشی‌ توندی‌ كرده‌ سه‌ر ئێران و «حزبوڵڵا» و باسی‌ له‌و پیلانگێڕییه‌ش كرد كه‌ بۆ كوشتنی‌ داده‌ڕێژرێت.
سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ لوبنان له‌ 4ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017 ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ راگه‌یاند و ئێران و «حزبوڵڵا»ی‌ به‌ هۆكاریی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌قه‌ڵه‌مدا.
حه‌ریری‌ له‌ وتارێكیدا له‌ سعودیه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌ناڵی‌ (العربیه‌)ه‌وه‌ په‌خشكرا رایگه‌یاند»ده‌ست له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ لوبنانی‌ ده‌سكێشمه‌وه‌»، باسی‌ دۆخی‌ ئێستای‌ لوبنانیشی‌ كرد كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ ره‌فیق حه‌ریری‌ باوكی‌ (سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووتری‌ لوبنان)ی‌ تێدا تیرۆركرا، باسی‌ له‌و پیلانگێڕییه‌ «نهێنییه‌ش» كرد كه‌ بۆ «كوشتی‌ داده‌ڕێژرێت».
وتاره‌كه‌ی‌ حه‌ریری‌ له‌ نێوه‌ندی‌ ئه‌و ته‌نگژه‌ تونده‌دا بوو كه‌ له‌نێوان سعودیه‌ و ئێراندا هه‌یه‌ و دوای‌ ساڵێك بوو له‌ گرتنه‌ده‌ستی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ لوبنانی‌.
حه‌ریری‌ له‌ 3ی‌ تشرینی‌ دوومی‌ 2017 سه‌ردانی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ی‌ كرد و له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا چاوی‌ به‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌ كه‌وتبوو.
حه‌ریری‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا هێرشی‌ توندی‌ كرده‌ سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ ئێران و «حزبوڵڵا» كه‌ هاوپه‌یمانی‌ ده‌ركه‌وتووی‌ تارانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاندبوو»ئێران بچێته‌ هه‌ر جێگه‌یه‌ك تۆوی‌ فیتنه‌ و كاولكاریی‌ و دووبه‌ره‌كی‌ ده‌چێنێت، نمونه‌ی‌ ئه‌وه‌ش ده‌ستوه‌ردانی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌ كاروباری‌ ناوخۆی‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانی‌ وه‌ك لوبنان و سوریا و عیراق و یه‌مه‌ن».
«حزبوڵڵا» كه‌ سه‌ره‌كیترین لایه‌نی‌ به‌شداربووی‌ حكومه‌تی‌ لوبنانییه‌، له‌لایه‌ن حه‌ریرییه‌وه‌ به‌ «چێنه‌ری‌ ئێرانی‌ نه‌ ته‌نیا لوبنان، بگره‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش» وه‌سفكرا.
به‌ وته‌ی‌ سه‌عد حه‌ریری‌»له‌ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵی‌ رابردوو، به‌داخه‌وه‌ حزبوڵڵا به‌ زه‌بری‌ چه‌ك خۆی‌ وه‌ك واقعێك به‌سه‌ر لوبناندا سه‌پاند و خۆی‌ به‌ چه‌كی‌ مقاوه‌مه‌ ناساند، له‌كاتێكدا ئه‌و چه‌كه‌ رووبه‌ڕووی‌ لوبنانییه‌كان و برا سورییه‌كان و یه‌مه‌نییه‌كان كراوه‌ته‌وه‌».
حه‌ریری‌ كه‌ له‌دایكبووی‌ سعودیه‌یه‌، له‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2016 گه‌یشته‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ لوبنانی‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ رێكه‌وتنی‌ سیاسی‌ نێوان «حزبوڵڵا» و میشێل عۆن كه‌ لێوه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماریی‌ بۆخۆی‌ مسۆگه‌ر كرد له‌پاش دوو ساڵ و نیو له‌ پۆشایی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار.
حه‌ریری‌ كه‌ 12 ساڵه‌ ده‌ستی‌ به‌كاری‌ سیاسی‌ كردووه‌، رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ توندی‌ هاتۆته‌ڕێ‌، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ دیمخه‌شق و «حزبوڵڵا»، به‌ڵام به‌رده‌وام ناچار بووه‌ سازش بۆ ئه‌و دوو نه‌یاره‌ به‌هێزه‌ی‌ بكات.
حه‌ریری‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت»ئێمه‌ له‌ كه‌شێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ كه‌شی‌ پێش تیرۆركردنی‌ شه‌هید ره‌فیق حه‌ریریدا ده‌ژین»، ئاماژه‌ی‌ به‌و «پیلانگێڕییه‌ نهێنییه‌» كرد كه‌ «ژیانی‌ ده‌كاته‌ ئامانج».
ره‌فیق حه‌ریری‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاحدا كه‌ له‌ ساڵی‌ 2005 له‌ به‌یروت كوژرا، دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تیش كه‌ ئه‌ركی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌ستۆگرت، حزبوڵڵای‌ لوبنانی‌ به‌ تێوه‌گلان له‌و كاره‌دا تۆمه‌تبار كرد.
وتاره‌كه‌ی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ له‌كاتێكدابوو كه‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ له‌ڕێی‌ سامر سه‌بهان وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری‌ كه‌نداو هێرشی‌ توندی‌ كرده‌ ئێران و «حزبوڵڵا».
سه‌بهان له‌ ئه‌ژماری‌ خۆی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر نوسیبوی‌»كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ دوورودرێژ و پڕبه‌رهه‌ممان له‌گه‌ڵ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ لوبنان كرد و له‌سه‌ر زۆرێك كاروبار رێكه‌وتین كه‌ جێبایه‌خی‌ گه‌لی‌ لوبنان و به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌لی‌ لوبنانه‌».

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌كی‌ «ته‌مومژاوی‌»
ئه‌ستێره‌ی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ (46 ساڵ» له‌ ساڵی‌ 2006دا وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سیاسی‌ دره‌وشایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ «هێزه‌كانی‌ 14ی‌ ئادار»ی‌ كرد كه‌ دژ به‌ سوریابوو، ئه‌وه‌ش بووه‌ مایه‌ی‌ ده‌سته‌به‌كردنی‌ بردنه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هێزه‌كه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مان، كوژرانی‌ باوكیشی‌ یاریده‌رێكی‌ به‌هێز بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ سۆزی‌ جه‌ماوه‌ر به‌لای‌ خۆیدا رابكێشێت و فشار دروست بكات بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ سوپای‌ سوریا له‌ لوبنان كه‌ بۆ نزیكی‌ سی‌ ساڵ ده‌چوو له‌ وڵاته‌كه‌دا بوونی‌ هه‌بوو.
حه‌ریری‌ له‌ ساڵی‌ رابردوودا بۆ جاری‌ دووه‌م سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ لوبنانی‌ گرته‌ده‌ست. جاری‌ یه‌كه‌م له‌نێوان ساڵانی‌ 2009 و 2011 بوو كاتێك بووه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌كانی‌ لوبنان به‌شدارییان تێدا كرد، به‌ڵام حزبوڵڵا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌ سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ میشێل عۆن حكومه‌ته‌كه‌یان روخاند له‌ڕێی‌ كێشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ خۆیان له‌ حكومه‌ت.
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ حه‌ریری‌ بۆ لایه‌نه‌ لوبنانییه‌كان (هاوپه‌یمان و نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی‌) هه‌نگاوێكی‌ له‌ناكاو بوو.
دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ش سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ لوبنان به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ده‌ركرد و تێیدا رایگه‌یاند كه‌ حه‌ریری‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ له‌گه‌ڵ میشێل عۆن، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ راگه‌یاندووه‌.
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ لوبنانیدا هاتبوو»سه‌رۆك عۆن چاوه‌ڕوانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك حه‌ریی‌ ده‌كات بۆ به‌یروت، تا له‌ هۆكاریی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ئاگاداریی‌ بكات و لێوه‌ی‌ رێوشوێنی‌ پێویست بگیرێته‌به‌ر».
وه‌لید جونبوڵاتی‌ په‌رله‌مانتار كه‌ كه‌سێكی‌ نزیك له‌ حه‌ریرییه‌ له‌ تویتێكیدا له‌سه‌ر تویته‌ر نوسیبوی‌»به‌ راشكاوی‌ لوبنان زیاتر له‌وه‌ بچوكتر و لاوازتره‌ كه‌ به‌رگه‌ی‌ بارگرانییه‌ ئابوری‌ و سیاسییه‌كانی‌ ئه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ بگرێت».
ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حه‌ریری‌ و ته‌نگژه‌كانی‌ نێوان سعودیه‌ و ئێران، بۆیه‌ جونبوڵات نوسیبووی‌»به‌رده‌وام له‌و كه‌سانه‌ بووم كه‌ پشتیوانیم له‌ دیالۆگی‌ نێوان سعودیه‌ و ئێران كردووه‌».
یه‌كه‌م كۆمێنتی‌ ره‌وتی‌ نیشتمانی‌ ئازادیش كه‌ له‌لایه‌ن میشێل عۆنه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت و ده‌ركه‌وتووترین هاوپه‌یمانی‌ حزبوڵڵایه‌، له‌لایه‌ن سه‌لیم جریساتی‌ وه‌زیری‌ داده‌وه‌ بوو كه‌ له‌ تویتێكدا نوسیبوی‌»ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ حه‌ریری‌ ته‌مومژاوی‌ و شڵه‌ژاو و گوماناوییه‌ له‌ چوار لاوه‌: كات و شوێن و ئامراز و ناوه‌رۆك».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...