سەرەکی » مانشێت » دوا وێستگه‌ی‌ خیلافه‌ته‌كه‌ی‌ داعش

باغۆز...

دوا وێستگه‌ی‌ خیلافه‌ته‌كه‌ی‌ داعش

گارا هەمەوەندی

دواجار ئه‌و به‌ناو ده‌وڵه‌ت‌و خیلافه‌ته‌ ناشرین و قێزه‌ونه‌ی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ساڵی 2014 له‌ موسڵ رایگه‌یاند، گه‌یشته‌ دوا وێستگه‌ی‌.. دوایی ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو ناوچه‌كانی خۆی له‌ده‌ستداو له‌ئێستادا له‌پانتاییه‌كی‌ كه‌م به‌رگری مان و نه‌مان له‌خۆی ده‌كات له‌گوندی باغۆزی سوریا.
ئه‌و خیلافه‌ته‌ی چه‌ندین ساڵ دۆزه‌خی بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ دروستكرد كه‌ كۆنترۆڵی كردبوون له‌عیراق‌و سوریا، ئێستا له‌لایه‌ن كوردو هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌ له‌گوندێكی سه‌ر رووباری‌ فورات ئابڵوقه‌ دراوه‌و ساتی كۆتایی هاتووه‌، ئه‌گه‌ر بوونی مه‌ده‌نی‌و گواستنه‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانی شه‌ڕ نه‌بووایه‌ ئه‌وا هێرشی كۆتایی ده‌ستیپێكردبوو.
ده‌وڵه‌تی‌ دڕنده‌ی‌ خیلافه‌ت، دوای ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م له‌راگه‌یاندنی له‌چه‌ند شه‌ڕێكی خوێناویدا به‌رامبه‌ر سوپای عیراق‌و سوپای سوریاو هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریا، ناوچه‌یه‌كی‌ فراوانی پاریزگاكای نینه‌واو سه‌ڵاحه‌دین‌و ئه‌نبارو به‌شێكی دیاله‌و كه‌ركوك له‌عیراق كۆنترۆڵ كرد، له‌سوریاش توانای به‌شێكی گه‌وره‌ی‌ پارێزگاكانی حه‌له‌ب و ره‌قه‌ و دێر زور داگیر بكات.
سه‌باره‌ت به‌كوردو هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌و یه‌په‌ژه‌، ئه‌وا دوای ئه‌وه‌ی‌ رووبه‌رووی چه‌كدارانی ئه‌م خیلافه‌ته‌ بوونه‌وه‌، توانییان هه‌م به‌رگری له‌زۆرێك ناوچه‌ی‌ كوردستانی هه‌ردوو به‌شی عیراق‌و سوریا بكه‌ن، هه‌م توانیان به‌رگری توند له‌كۆبانێ بكه‌ن و هه‌روه‌ها شه‌نگال و جه‌له‌ولاش كه‌ ماوه‌یه‌ك داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوون ئازاد بكه‌ن‌و له‌ده‌ستی ئه‌و چه‌كداره‌ چه‌په‌ڵانه‌ی‌ خیلافه‌ت ده‌ریان بهێنن.
به‌شداری كورد و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌، له‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش، له‌دیوی عیراق، رۆڵی هه‌بوو له‌پارێزگاری كردن له‌ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كانیش، به‌كه‌ركوكه‌وه‌، كه‌ سوپای عیراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی داعش، لێیان كشایه‌وه‌و به‌رگری لێ نه‌كردن.
له‌رۆژئاوای كوردستانیش، هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌و له‌چوارچێوه‌ی‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، وه‌كو هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا توانیان ئه‌و رێكخراوه‌ له‌زۆرێك ناوچه‌ شكست پێ بهێنن‌و خودی پایته‌خته‌كه‌شیان كه‌ شاری ره‌قه‌ بوو له‌سوریا ئازاد بكه‌ن، ئه‌و هێزانه‌ به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان‌و به‌پاڵپشتی فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی، كه‌وتنه‌ ئازادكردنی ناوچه‌كانی تری سوریاش كه‌ عه‌ره‌بنشینن هاوشێوه‌ی‌ پارێزگای دێرزۆرو توانیان داعش له‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ده‌رنێن.
دیاره‌ به‌شداری كارای كورد له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌داعش له‌هه‌ردوو دیوی عیراق‌و سوریا، ته‌واو ئه‌و رێكخراوه‌ی‌ لاوازكرد، ئه‌وه‌ش بێگومان به‌خوێن‌و قوربانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بوو، ته‌نهاش له‌شه‌ڕه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه‌ 1720 پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون، له‌پاڵ هه‌زاران بریندار، ئه‌مه‌ش بۆ هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ش راسته‌و ئه‌و هێزانه‌ش شه‌هیدێكی زۆریان دا له‌شه‌ڕ دژ به‌و تاریكپه‌رستانه‌.
داعش دوای به‌رده‌وامی شه‌ڕ، كه‌مه‌ كه‌مه‌ لاوازبوو، به‌هۆی‌ هێرشی به‌رفراوانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق، توانرا شاری موسڵ ئازادبكرێت‌و حكومه‌تی عیراق له‌ 10 یۆلیۆی‌ ساڵی 2017 كۆتایی خیلافه‌ته‌كه‌ی‌ داعشی له‌عیراق راگه‌یاند.
له‌ودیوی سنوریش له‌سوریا، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ئێستادا چه‌كداران و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌یان له‌پانتاییه‌كی‌ ته‌سكی گوندی باغۆز ئابڵوقه‌ داوه‌و به‌گرتنی ئه‌و ناوچه‌یه‌، كۆتایی یه‌كجاره‌كی به‌و خیلافه‌ته‌ مه‌زعومه‌ دێت، كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ ماڵوێرانی ‌و كشتوبڕی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا.

 99 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*