سەرەکی » ئابووری » هه‌زاران گه‌شتیار روو له‌ سلێمانی ده‌كه‌ن

هه‌زاران گه‌شتیار روو له‌ سلێمانی ده‌كه‌ن

یەکەی ئابووری

له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 125 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ شاری سلێمانی كردووه‌ و وته‌بێژی گه‌شتوگوزاری سلێمانییش رایده‌گه‌یه‌نێت، هاتنی گه‌شتیاران هیچ داهاتێكی راسته‌وخۆی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئارام شوانی وته‌بێژی گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌ PUKmediaی راگه‌یاندوە: له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا ته‌نها شاری سلێمانی پێشوازی له‌ 125 هه‌زار گه‌شتیار كردووه‌، به‌راورد به‌ ساڵی پاریش رێژه‌كه‌ 25% زیادی كردووه‌.
وتیشی: «گه‌شتیاره‌كان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراقه‌وه‌ هاتوون و ئه‌وانی دیكه‌ش گه‌شتیاری ئێرانی و بیانی بوون».
راشیگه‌یاند: هاتنی گه‌شتیاران به‌و رێژه‌ زۆره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سازدانی دیداری دوكان و دیداری نێرگزی گه‌شتیاری سلێمانی، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیایی بیانی بانگهێشت كرابوون، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی هاتنی زیاتری گروپی گه‌شتیاری بیانی بۆ كوردستان.
ئارام شوانی وتیشی: «لابردنی ڤیزای نێوان عیراق و ئێران یه‌كێكی تر بووه‌ له‌ هۆكاره‌كانی زیادبوونی رێژه‌ی گه‌شتیاران».
سه‌باره‌ت به‌ داهاتی گه‌شتیارانیش ئارام شوانی رایگه‌یاند: هاتنی گه‌شتیاران هیچ داهاتێكی راسته‌وخۆی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه،‌ چونكه‌ زۆرێك له‌ گه‌شتیاره‌كان ناوخۆیی بوون و به‌پێی یاسای عیراق-یش باج و رسومات له‌ گه‌شتیارانی ناوخۆیی وه‌رناگیرێت، به‌ڵام به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ فرۆشیاران و خاوه‌ن پیشه‌كانی شاره‌كه‌ هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌شتیارێكیش 100 دۆلاری خه‌رج كردبێت ئه‌وا داهاتی گه‌شتیاری له‌ شاری سلێمانی به‌ زیاتر له‌ 12 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت.

 155 جار بینراوە