سەرەکی » دۆسێ » ئێران: سعودیه‌ به‌رپرسه‌ له‌و جه‌نگانه‌ی‌ به‌رپایان ده‌كات

په‌یوه‌ندی‌ به‌ حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ هه‌یه‌

ئێران: سعودیه‌ به‌رپرسه‌ له‌و جه‌نگانه‌ی‌ به‌رپایان ده‌كات

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران ده‌ڵێت، سعودیه‌ خۆی‌ به‌رپرسه‌ له‌و «جه‌نگه‌ دوژمنكارییانه‌ی‌» به‌رپایان ده‌كات، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ عادل جوبێر وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌، ئێرانی‌ به‌ دروستكردنی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌، تۆمه‌تبار كردبوو.
زه‌ریف له‌ تویتێكی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر رایگه‌یاندبوو»شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ له‌ جه‌نگی‌ دوژمنكارانه‌ و خۆسه‌پاندنی‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ له‌قكردنی‌ سه‌قامگیری‌ و گێچه‌ڵه‌ پڕ له‌ مه‌ترسییه‌كان تێوه‌گلاوه‌، بۆیه‌ وڵاته‌كه‌مان به‌رپرسیارێتی‌ به‌رپاكردنی‌ ئه‌و جه‌نگانه‌ ده‌خاته‌ ئۆباڵی‌ سعودیه‌».
پێشتر عادل جوبێر وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ هۆشداریی‌ دابووه‌ ئێران كه‌ ریاز رێگه‌ به‌ «هیچ پێشێلكارییه‌ك» نادات بۆسه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ وڵاته‌كه‌ی‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سعودیه‌ موشه‌كێكی‌ حوسییه‌كانی‌ له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ شا خالید له‌ ریاز خسته‌خواره‌وه‌.
جوبێر له‌ تویتێكدا له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر رایگه‌یاندبوو:»ده‌ستوه‌ردانه‌كانی‌ ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا، زیان به‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت و كاریگه‌ریی‌ بۆسه‌ر ئاشتی‌ و ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌بێت، بۆیه‌ رێگه‌ به‌ هیچ پێشێلكارییه‌ك بۆسه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ وڵاته‌كه‌مان ناده‌ین».
وه‌ك وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات»ریاز مافی‌ خۆیه‌تی‌ به‌ شێوازیی‌ گونجاو وه‌ڵامی‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ دوژمنكارییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێران بداته‌وه‌»، ئه‌وه‌ش وه‌ك جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ هاوپه‌یمانی‌ سه‌ربازی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ یه‌مه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرێت.
به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سعودیه‌وه‌ بڵاوكرابۆوه‌، هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌ پێشتر رایگه‌یاندبوو، به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ هه‌موو رێڕه‌وه‌ ئاسمانی‌ و وشكانی‌ و ده‌ریاییه‌كان به‌ره‌و یه‌مه‌ن داده‌خات، تا رێگه‌ له‌ گه‌یشتنی‌ چه‌كی‌ ئێرانی‌ بۆ حوسییه‌كان بگرێت.
هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌، هه‌ڵدانی‌ موشه‌كه‌كه‌ی‌ به‌ هه‌نگاوێكی‌ مه‌ترسیدار له‌لایه‌ن «حوسییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ ئێران»ه‌وه‌ وه‌سفكردبوو كه‌ له‌ئێستادا ده‌ستییان به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ یه‌مه‌ندا گرتووه‌.
هه‌ر به‌پێی‌ به‌یاننامه‌كه‌»فه‌رمانده‌یی‌ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ بڕیاریدا هه‌موو رێڕه‌وه‌ ئاسمانی‌ و ده‌ریایی‌ و وشكانییه‌كان به‌ره‌و یه‌مه‌ن دابخات، له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ چوونه‌ناوه‌وه‌ و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ تیمه‌ فریاگوزارییه‌كان كه‌ یارمه‌تی‌ مرۆیی‌ ده‌گه‌یه‌نن».
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ فریاگوزارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رده‌وام به‌هۆی‌ له‌گه‌ڕخستنی‌ گه‌یشتنی‌ یارمه‌تییه‌كان به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌باكوور له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حوسییه‌كاندان، ره‌خنه‌ی‌ له‌و هاوپه‌یمانییه‌ عه‌ره‌بییه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت ئه‌و هێرشه‌ی‌ به‌ موشه‌ك له‌لایه‌ن حوسییه‌كانیشه‌وه‌ كرایه‌ سه‌ر ریاز، هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌تیان بۆ تاران درێژكرد، به‌ڵام فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ «بوختانه‌كانی‌» سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا وه‌سفیكرد.
سعودیه‌ خه‌ڵاتی‌ دارایی‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دیاریی‌ كردووه‌ كه‌ زانیاریی‌ له‌باره‌ی‌ 40 سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ی‌ حوسییه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ به‌رپرسن له‌ نه‌خشه‌دانان و راپه‌ڕاندن و پشتیوانیكردن له‌ «چالاكییه‌ تیرۆریستییه‌ جیاجیاكان».
ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سعودیه‌ بڵاویكردبۆوه‌، شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ خه‌ڵاتێكی‌ دارایی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ بڕی‌ 30 ملیۆن دۆلار بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دیاریی‌ كردووه‌ كه‌ زانیاریی‌ ده‌ده‌ن و زانیارییه‌كانیان ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ ده‌ستگیركردنی‌ عه‌بدولمه‌لیك به‌دره‌دین حوسی‌ سه‌ركرده‌ی‌ حوسییه‌كان.
سعودیه‌ خواستی‌ خۆیشی‌ بۆ كڕینی‌ سیستمه‌كانی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌ له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و روسیا خستبووه‌ڕوو.
هه‌ر له‌و چواچێوه‌یه‌دا، جان ئیف لۆ دریان وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندبوو كه‌ هه‌ڵدانی‌ موشه‌كی‌ بالیستی‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ ریاز، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر بوونی‌ مه‌ترسی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ موشه‌كی‌ بالیستی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان له‌ ناوچه‌كه‌.
هاوپه‌یمانی‌ حوسییه‌كان كه‌ ده‌گوترێت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێت، له‌ ساڵی‌ 2015وه‌ ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ فراوان له‌ یه‌مه‌ن به‌ سه‌نعای‌ پایته‌خته‌وه‌، له‌وده‌مه‌شدا سه‌رۆك عه‌بد ره‌به‌ مه‌نسور هادی‌ ناچاركرا وڵاته‌كه‌ جێبهێڵێت و به‌ره‌و سعودیه‌ هه‌ڵبێت.
به‌هۆی‌ جه‌نگه‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن، زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س كوژراون و هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ قه‌یرانێكی‌ مرۆیی‌ توند له‌و وڵاته‌دا دروستبووه‌ كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ژارترین وڵاتانی‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ داده‌نرێت و زیاتر له‌ نیو ملیۆن كه‌سیش توشی‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرابوون، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ باره‌ی‌ دۆخی‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ ده‌ڵێت» نزیكه‌ی‌ حه‌وت ملیۆن یه‌مه‌نی‌ له‌سه‌ر رۆخی‌ برسێتی‌ له‌و وڵاته‌دا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن».
له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا سعودیه‌ رایگه‌یاند «رێگه‌ی‌ له‌ موشه‌كێكی‌ بالیستی‌ گرتووه‌ كه‌ له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ هه‌ڵدراوه‌»، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی‌ شا خالیدی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ ریاز بیسترا.
ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سعودیه‌ له‌ زاری‌ به‌رپرسانی‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌،» موشه‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاسمانی‌ پایته‌خت تێكشكێنراوه‌ و پارچه‌كانی‌ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ ناوچه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كه‌وتووته‌نه‌خواره‌وه‌».
كه‌ناڵی‌ ته‌له‌فیزیۆنی‌ (المسیره‌)ی‌ سه‌ر به‌ حوسییه‌كانیش له‌ یه‌مه‌ن بڵاوكردبۆوه‌،» موشه‌كه‌كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ شا خالیدی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كردبووه‌ ئامانج».
وه‌ك كه‌ناڵه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ پێكردبوو»موشه‌كه‌كه‌ ئامانجی‌ خۆی‌ به‌ وردی‌ پێكاوه‌».
ده‌زگای‌ فڕۆكه‌وانی‌ مه‌ده‌نی‌ سعودیه‌ش رایگه‌یاندبوو، رووداوه‌كه‌ هیچ كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر هاتووچۆی‌ ئاسمانی‌ دروست نه‌كردووه‌.
ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سعودیه‌ له‌ زاری‌ عه‌قید روكن توركی‌ مالیكییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌»موشه‌كه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شێتانه‌ هه‌ڵدرابوو، تا ناوچه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و ناوچه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان بكاته‌ ئامانج».
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ سعودیه‌»تێكشكاندنی‌ موشه‌كه‌كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ پارچه‌كانی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ شا خالید كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ چۆڵه‌ و خۆشبه‌ختانه‌ رووداوه‌كه‌ هیچ زیانێكی‌ لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌».
پێشتر سعودیه‌ رایگه‌یاندبوو، چه‌ندان موشه‌كی‌ بالیستی‌ تێكشكاندووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵدراون، هه‌رچه‌نده‌ هیچ كام له‌و موشه‌كانه‌ له‌ نزیك ناوچه‌كانی‌ جێنیشته‌جێی‌ دانیشتوان نه‌كه‌وتبوونه‌ خواره‌وه‌.
وه‌ك میدیاكانی‌ وڵاته‌كه‌ش ئاماژه‌یان پێكردبوو، هێزه‌كانی‌ سعودیه‌ توانیویانه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌و موشه‌كانه‌ له‌ڕێی‌ سیستمه‌كانی‌ موشه‌كی‌ پاتریۆت (زه‌وی‌ به‌ ئاسمان)ه‌وه‌ بخه‌نه‌خواره‌وه‌ كه‌ له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كڕدراون.
له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو، پێش رۆژێك له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ شاره‌كه‌، حوسییه‌كان موشه‌كێكیان به‌ ئاراسته‌ی‌ ریاز هه‌ڵدا، به‌ڵام له‌ دووری‌ 200 كیلۆمه‌تر له‌ پایته‌خته‌وه‌ موشه‌كه‌كه‌ خرایه‌خواره‌وه‌.
یه‌مه‌ن دووچاری‌ وێرانكارییه‌ی‌ فراوان بووه‌ به‌هۆی‌ جه‌نگی‌ نێوان هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی‌ سه‌رۆك عه‌بد ره‌به‌ مه‌نسور هادی‌ (له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دانی‌ پێدانراوه‌) له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ حوسییه‌كان كه‌ ده‌گوترێت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانییان لێده‌كرێت.
سعودیه‌ له‌ ساڵی‌ 2015وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ده‌كات و هه‌ڵمه‌تێكی‌ سه‌ربازی‌ له‌و ده‌مه‌وه‌ له‌ دژی‌ حوسییه‌كان و هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌و وڵاته‌، ده‌ستپێكردووه‌.
ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ مافپه‌روه‌ره‌كانه‌وه‌ به‌ بۆردومانكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌ و خوێندنگه‌ و بازاڕ و ناوچه‌كانی‌ جێنیشته‌جێی‌ دانیشتوان له‌ یه‌مه‌ن تۆمه‌تبار ده‌كرێت، ده‌ڵێت» هه‌موو بۆردومانه‌كان، شوێنه‌ سه‌ربازییه‌كانیان كردۆته‌ئامانج».
وتوێژه‌كان كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چوون، شكستیان هێنا له‌ راگرتنی‌ ته‌وژمی‌ خوێنڕشتن له‌ یه‌مه‌ن كه‌ به‌پێی‌ راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی‌ 10 هه‌زار كه‌سی‌ كردووه‌ته‌ قوربانی‌ و زیاتر له‌ 50 هه‌زار كه‌سی‌ تریش برینداربوون.
هه‌روه‌ها ململانێكانی‌ ئه‌و وڵاته‌ بونه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ 20.7 ملیۆن كه‌س پێویستیان به‌ یارمه‌تی‌ مرۆیی‌ به‌په‌له‌ بێت، و گه‌وره‌ترین قه‌یرانی‌ ئاسایشی‌ خۆراكیشیان له‌ جیهاندا دروستكردووه‌، وێڕای‌ بلاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرا كه‌ گومان ده‌كرێت 887 هه‌زار كه‌سی‌ گرتبێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیاتر له‌ 2184 كه‌س به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌، تا كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م نوسینه‌، گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بۆ سێ‌ ساڵ ده‌چێت هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن شه‌ڕی‌ له‌ دژی‌ حوسییه‌كان ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام حوسییه‌كان توانیویانه‌ به‌رگرییه‌كی‌ سه‌رسه‌ختانه‌ بكه‌ن له‌و ناوچانه‌ی‌ پێشتر له‌ وڵاته‌كه‌دا كۆنترۆڵیان كردبوو.
حوسییه‌مان هه‌ر ته‌نیا به‌ مقاوه‌مه‌ و به‌رگریكردنه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، بگره‌ زۆر جار گورزی‌ گورچكبڕ له‌ هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆك عه‌بد ره‌به‌ مه‌سنور ده‌وه‌شێنن و به‌ موشه‌ك هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر سعویه‌.
ده‌گوترێت هێز و توانای‌ حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن زیاتر بۆ ئه‌و پشتیوانیانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌ پێیان ده‌گات و ئه‌و موشه‌كانه‌ش كه‌ ئاراسته‌ی‌ نێو جه‌رگه‌ی‌ خاكی‌ سعودیه‌ی‌ ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ پێیان ده‌درێت.
له‌ئێستادا ململانێكان له‌ یه‌مه‌ن، دۆخێكی‌ ئیقلیمی‌ ناله‌باریان خولقاندووه‌ و بوونه‌ته‌ مایه‌ی‌ زیاتر ئاڵۆزكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان ریاز و تاران، به‌ جۆرێك كه‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ دوایین لێدوانیدا باسی‌ له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ گونجاوكردبوو له‌ دژی‌ ئێران، ئه‌وه‌ش له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و موشه‌كانه‌ی‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ نێو خاكی‌ سعودیه‌ ده‌كرێن.
له‌به‌رانبه‌ردا ئێران پێیوایه‌، «پێویسته‌ سعودییه‌كان به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن كه‌ له‌ یه‌مه‌ندا به‌رپایان كردووه‌، و پاداشتی‌ ئه‌و خۆسه‌پێنی‌ و هه‌ڵسوكه‌وته‌ دوژمنكارییه‌ش وه‌ربگرن كه‌ تێوه‌ی‌ گلاون».
بۆ چه‌ند ساڵێك ده‌چێت، یه‌مه‌ن بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانێكی‌ تری‌ ململانێی‌ نێوان هێزه‌ ئیقلیمی‌ و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و جێگه‌ی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و حیساباتانه‌ی‌ زلهێزه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌ له‌نێوان خۆیاندا یه‌كلایی‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌م نێوه‌نده‌شدا بۆته‌ قوربانی‌، هاوڵاتی‌ یه‌مه‌نییه‌ كه‌ دوچاری‌ نه‌هامه‌تی‌ و برسێتی‌ و ماڵوێرانی‌ و نه‌خۆشی‌ كوشنده‌ بۆته‌وه‌ له‌ وڵاته‌یدا.

print

 59 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*