سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » یۆنان داوای قه‌ره‌بوو له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌كاته‌وه‌

یۆنان داوای قه‌ره‌بوو له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌كاته‌وه‌

هه‌فته‌ی رابردوو، په‌رله‌مانی یۆنان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری دا بەوەی داوا له‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بكات، كه‌ هه‌وڵ بدات قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی سه‌رده‌می نازییه‌ت له‌ حكومه‌تی ئێستای ئه‌ڵمانیا وه‌ربگرێت.
له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌ماندا هاتووه‌، كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی ئه‌سینا هه‌موو هه‌وڵێكی دیپلۆماسی خۆی بخاته‌گه‌ڕ بۆ به‌ده‌ستهێنانی قه‌ره‌بووی دارایی له‌ بری ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ له ‌هه‌ردوو سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م و دووه‌م به‌ریكه‌تووه‌. سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌م بڕیاره‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی میدیا وتی: حكومه‌ت و گه‌لی یۆنان هه‌رگیز له‌و قه‌ره‌بووانه‌ خۆش نابن و كاتێك ئاسه‌واری ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسانه‌ ده‌سڕێنه‌وه،‌ كه‌ زیانه‌كانمان قه‌ره‌بوو كرانه‌وه‌.

فراكسیۆنه‌كان كۆكن
له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌، نزیكه‌ی هه‌موو فراكسیۆنه‌كان هاوڕابوون. پارتی راستڕه‌و كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، زۆرینه‌ی ده‌نگیان پێ دا، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارتی چه‌پ و سۆسیالیسته‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و داوایه‌یان به‌ مافی یۆنانییه‌كان زانی، به‌ تایبه‌تیش كه‌ وڵاته‌كه‌یان به‌دەست قه‌یرانێكی داراییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ و قه‌رزێكی زۆری له‌سه‌ر كۆبۆته‌وه‌.
به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ش، ده‌بێت حكومه‌ت بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ك بۆ حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا بنێرێ و داوای دانوستان و ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆی لێ بكات.

یۆنان كاتی خۆی بڕێك پاره‌ی وه‌رگرتووه‌
به‌رپرسانی یۆنانییه‌كانیش زیانه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بە نزیكه‌ی 279 ملیار یۆرۆ خه‌مڵاندووه‌، له‌ وێرانكردن و كوشتوبڕ و زیانی مادی و بردنی سه‌روه‌ت و سامان و تێكدانی هه‌موو بواره‌كانی ژیانیان. پێشتریش هه‌موو حكومه‌ته‌كانی رابردووی یۆنان ئه‌و داوایه‌یان كردووه‌ و به‌رپرسیارێتی زیانی وڵاته‌كه‌یان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی سیسته‌می نازییه‌ت و داگیركاری و ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی كه‌ له‌ كاتی خۆیدا ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ر یۆنانیدا هێناوه‌.
هەروەها له‌ سه‌رده‌می تازه‌شدا هه‌مدیسان قه‌یران و سكهه‌ڵگوشینی خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌خنه‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی ئه‌نگێلا مێركل، چونكه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ پێشنیاری راوێژكاری ئه‌ڵمانیا بوو كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی سكهه‌ڵگوشینی هاووڵاتیان، حكومه‌تی ئه‌سینا قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی کرد و له‌ لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌وروپا و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تییەوە یارمه‌تی درا و هاووڵاتیان بوونه‌ قوربانیی دۆخی ناله‌باری دارایی وڵات. به‌ڵام حكومه‌تی به‌رلین به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك تۆمه‌تی باری خراپی دارایی ناخاته‌ سه‌رخۆی و ده‌ڵێت کە ئه‌وروپا یۆنانی له‌ داڕمان رزگار كردووه‌.
بۆ كێشه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كانی زیانه‌كانی سه‌رده‌می نازییه‌تیش ده‌ڵێن: ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ساڵی 1960 ه‌وه‌ كۆتایی پێهاتووه‌ و ئه‌وسا یۆنان له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی 160 ملیۆن ماركی ئه‌ڵمانیا، رازی بووه‌ ده‌ست له‌م دۆسێیه‌ هه‌ڵبگرێ و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شی وه‌رگرتووه‌. دەشڵێن: یۆنان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌وروپی رێكه‌وتووه‌ و ئه‌م دۆسێیه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌، ئیدی شتێك نه‌ماوه‌ به‌ ناوی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی یۆنان.

ده‌بێ به‌ یاسا چاره‌سه‌ر بكرێت
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی یۆنانیشدا، هه‌ر زوو (ستیفان زایبه‌رت) وته‌بێژی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: ئه‌م دۆسێیه‌ ده‌بێت بخرێته‌ به‌رده‌م دادگا و له‌وێ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی لێبدرێت. وتیشی: ئه‌ڵمانیا ده‌خوازێ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ یۆنان باشتر بكات نه‌ك خراپتر، بۆ ئەو مەبەستەش ئه‌وان ده‌ست به‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

ئه‌ڵمانییەکان ناخوازن په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یۆنان تێكبده‌ن
لە رابردووشدا حكومه‌ته‌كانی پێشووتری یۆنان به‌ به‌رده‌وامی داوای قه‌ره‌بوویان له‌ ئه‌ڵمانیا كردووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ جاران زیاتر مشور له‌وه‌ ده‌خۆن، چونكه‌ وڵاته‌كه‌یان له‌بارێكی ئابووری خراپدا ده‌ژی و قه‌رز و قۆڵه‌یه‌كی زۆری له‌سه‌ره‌ و ده‌یه‌وێت له‌و رێیه‌وه‌ بڕێك پارە به‌ده‌ست بهێنێ و خۆی له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ رزگار بكات. هۆکاری ئەوەشی کە ئه‌م جاره‌ له‌ جاران سوورترە،‌ چونكه‌ پەرلەمان بڕیاره‌كه‌ی داوە و ساڵی پاریش كه‌ ئه‌نگیلا مێركل سه‌ردانی ئه‌سینای کرد و دوای کۆبوونەوەی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانیاندا، رایگه‌یاند: ئه‌ڵمانیا به‌رپرسیارێتی هه‌موو زیانه‌كانی داگیركارییه‌كانی له‌ دژی یۆنان هه‌ڵده‌گرێ و په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رپرسیارێتی مێژوویی خۆیه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەرێمی کشمیر هەڵوەشێنرایەوە

سەرۆکایەتیی هیندستان مافی ئۆتۆنۆمی هەرێمی کشمیری هەڵوەشاندەوە و بارێکی نائاساییشی ...