سەرەکی » زانست » به‌ڕێوه‌به‌ڕێتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان له ‌مه‌یدانی كاردا

بره‌ودان به‌ دارستانه‌كان ژینگه‌ هاوسه‌نگ ده‌كات

به‌ڕێوه‌به‌ڕێتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان له ‌مه‌یدانی كاردا

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

دارستان كه‌ به‌به‌رهه‌م هێنه‌ری سه‌ره‌كی داده‌نرێت بۆ ئۆكسجینی هه‌وا ، ناوه‌دێكه‌ بۆ ژیانی جۆره‌ها زینده‌وه‌ر ، كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌یه‌ ، له‌پاراستنی چینه‌ خۆڵی زه‌وی له‌ ڕاماڵین ، هۆیه‌كه‌ بۆ ڕێكخستنی پله‌ی گه‌رمی وڕاده‌ی شێ.
له‌ كوردوستان گرنگیه‌كی زۆری هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ له‌ ئاوه‌دانی و به‌رده‌وامی ژیان ، تۆپۆگرافی زه‌وی و ڕێژه‌ی باران بارین چه‌ند هۆكاری تر ، وای كردووه‌ كه‌ چه‌ند جۆرێك له‌ دارو ده‌وه‌ن ، خۆرسك بڕوێن و گه‌شه‌ بكه‌ن . له‌و دره‌ختانه‌ی زۆر به‌رچاو ده‌كه‌ون ، دره‌خته‌كانی به‌ڕو ، قه‌زووان ، گۆیژ ، كه‌وت ، هه‌رمێ ، هه‌روه‌ها داری بی له‌ كه‌نار چه‌م و روباره‌كان . بێگومان ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ هانی خه‌ڵك بدات ، بۆ ڕواندن و زیادكردنی ئه‌و دارانه‌ی كه‌ سودی زیاتری له‌ به‌روو داره‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌ ، دره‌ختی گوێز ، باده‌م ، هه‌نار ، سێو ، هه‌ڵوژه‌و ، قه‌یسی و ڕه‌زی مێو هه‌روه‌ها چنار بۆ داره‌كه‌ی په‌ره‌ی پێدراوه‌ .
بۆ زیاتر به‌ئاگا بوون له‌ ڕه‌وشی دارستان و ڕۆڵی حكومه‌ت له‌ پارێزگاری وپه‌ره‌پێدانی دارستان ، چاومان كه‌وت به‌ به‌ڕێز حسێن حمه‌كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باخداری و دارستان و پاوان .
له‌ دیدارێكدا وتی: دارستان سامانێكی نه‌ته‌وه‌یی گرنگه‌ بۆ هه‌موو وڵاتانی جیهان له‌ رووی ژینگه‌یی و ئابووریه‌وه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مڕۆ به‌شێكی زۆری داهاتی ئابووریان له‌ رێگه‌ی دارستان بێت چ له‌ رێگه‌ی داربرینه‌وه‌ یاخود له‌ رێگه‌ی گه‌شتیاریه‌وه‌ به‌كارهێنرابێت ، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هایه‌كی گرنگی ئابووری هه‌یه‌، دارستان سێ فاكته‌ری گرنگ و سه‌ره‌كی هه‌یه‌ بۆ خاك ئه‌ویش خاك و ئاو و هه‌وا كه‌ كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كین بۆ پاراستنی ژینگه‌.
زانیاری تۆماركراو له‌سه‌ر دارستان له‌ كوردوستاندا ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هاتنی شاره‌زای ئینگلیزی (G W. CHAPMAN) بۆ عێراق و دانانی‌ کاریگەری‌ لەسەر پەیکەری‌ بواری‌ دارستان لە عێراق لە ساڵی‌ 1947 . به‌ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌و نوسینی ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر بارودۆخی دارستان له‌ عێراق به‌ گشتی و كوردوستان به‌تایبه‌تی .كه‌ هۆیه‌ك بوو بۆ دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌‌رایه‌تی گشتی دارستان له‌ ناو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ، وه‌ پێكهێنانی پۆلیسی دارستان له‌ سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردودا .
چاپمان به‌ به‌‌كارهێنانی فڕۆكه‌ بۆ وێنه‌ گرتن ، وه‌ ئه‌نجامدانی ڕووپێویه‌ك Aerial Photogrammetry بە پێ ی‌ ئەو ڕووپێویە ڕووبەری‌ دارستانەکان لە هەرێمی‌ کوردستان نزیکەی‌ 5,000,000 دۆنم بووه‌.
ڕژێمه‌كانی عێراق به‌رده‌وام مامه‌ڵه‌یه‌كی دوژمن كارانه‌یان بۆ دارستانه‌كان بووه‌ ، چونكه‌ له‌ لایه‌ك هۆی دابین بوونی بژێوی خه‌ڵك بووه‌ كه‌ منه‌تیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان نه‌بێت ، له‌ هه‌مان كاتدا شوێنی حه‌شاردانی شۆڕش گێران بووه‌ دژ به‌ سیاسه‌تی سه‌ركوتكردن و پاكتاوی نه‌ژادی ئه‌و ڕه‌گه‌ز په‌رستانه‌ . وه‌ هۆیه‌ك بووه‌ كه‌ نه‌توانن هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بسه‌پێنن له‌ كوردوستاندا .
له‌ دوای ڕاپه‌ڕین سیاسه‌تی دوژمنان ، جۆرێكی تر بوو ، دانانی ئابڵوقه‌ی ئابووری به‌تایبه‌ت بۆ سوته‌مه‌نی خه‌ڵكی ناچار كرد كه‌ ده‌ست بۆ دارو دره‌خته‌كان درێژبكه‌ن ، بۆ دابین كردنی سوته‌مه‌نی جا بۆ خودی خۆیان بێت یان فرۆشتنی بۆ دابینكردنی پێویستیه‌كانی ژیان . بارگرانی و ژیانی خه‌ڵك له‌دوای ڕاپه‌ڕین ، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ هۆیه‌ك بوو ، بۆ له‌ناوچوونی زۆربه‌ی ئه‌و ڕه‌زو باخانه‌ی ، خه‌ڵك له‌ گونده‌كان به‌هۆی پرۆسه‌ی ناوچه‌ یاساغه‌ كان و ئه‌نفاله‌وه‌ جێیان هێشت بوون و نه‌یان ده‌توانی بگه‌ڕێنه‌وه‌.
بوونی ملێو‌نه‌ها مین ی شه‌ڕی عێراق ئێران و سنوری مۆڵگه‌و ڕه‌بایه‌كانی سوپای داگیركه‌ر ، وای كردبوو كه‌ نه‌توانرێت پوش و پاوانی نێوان دارستانه‌كان بۆ له‌وه‌ڕ به‌كار بێت ، مانه‌وه‌شی هۆیه‌ك بوو بۆ كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر و سوتانی دارستانه‌كان . هه‌روه‌ها تۆپ بارانی وڵاتانی دراوسێ بۆ ناوچه‌ سنوریه‌كانمان .
باش بوونی بژێوی خه‌ڵك به‌هۆی بڕیاری نه‌وت به‌رام به‌ر خۆراك كه‌ به‌ بڕیاری (986) ناسرا دواتریش ، هه‌ره‌س هێنانی حكومه‌تی عێراق و نه‌مانی ئابڵوقه‌ی ئابوری . جۆرێكی تر كاریگه‌ری هه‌بوو . له‌لایه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردوستان كه‌متر له‌ 2% تی بودجه‌كه‌ی بۆ بواری كشتوكاڵ ته‌رخان ده‌كرد ، له‌هه‌مان كاتدا به‌رز بونه‌وه‌ی ئاستی بژێوی خه‌ڵك ، كه‌ وایكرد كه ماسته‌ر پلانی شاره‌كان و شارۆچكه‌كان فراوان ببن و زیده‌ڕه‌وی بكرێته‌ سه‌ر هه‌ندێك ناوچه‌ی كشتوكاڵی و دارستان .
به‌ڕێوه‌به‌رتی دارستان كه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی بچوك بوو له‌هه‌وڵێكی سه‌ركه‌وتوانه‌دا توانیمان له‌ ساڵی 2004 دا به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی باخداری ودارستان وپاوان لەناو پەیکەری‌ وه‌زاره‌تی‌ کشتوکاڵ و سەرچاوه‌کانی‌ ئاودا دابمه‌زرێنین.
1. دامەزراندنی‌ ( بەڕێوه‌بەرایەتی‌ دارستان و پاوان ) ی‌ سەر بە پارێزگاکان و ئیداره‌ سەربەخۆکان.
2. دامەزراندنی‌ ( بەڕێوه‌بەرایەتی‌ پۆلیسی‌ دارستان و ژینگەی‌ هەرێم) لەناو پەیکەری‌ بەڕێوه‌بەرایەتی‌ گشتی‌ پۆلیس لە وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ. بوونی‌ هەمان بەڕێوه‌بەرایەتی‌ لە پارێزگاکان و ئیداره‌سەربەخۆکاندا.
3. ده‌رکردنی‌ یاسای‌ دارستان ژماره‌ (10) ی‌ ساڵی‌ 2012
4. ده‌رکردنی‌ ڕێنمایی‌ ژماره‌ (8) ی‌ ساڵی‌ 2013 تایبەت بە جێ بەجێ کردنی‌ یاسای‌ دارستان.
5. ده‌رکردنی‌ ڕێنمایی‌ ژماه‌ (9) ی‌ ساڵی‌ 2013 بۆ پێدانی‌ مۆڵەتی‌ کاتی‌ بۆ دروست کردنی‌ خەڵووز. و بەیانی‌ ژماره‌ (2) ی‌ ساڵی‌ 2015 بۆ ڕێگرتن له‌ دروست کردنی‌ خەلووز , بەیانی‌ ژماره‌ (2) ی‌ ساڵی‌ 2017 بۆ کار کردنەوه‌ بە ڕێنمایی‌ ژماره‌ (9) و هەموارکردنەوه‌ی‌.
6. ده‌رکردنی‌ ڕێنمایی‌ ژماره‌ (6) ی‌ ساڵی‌ 2014 بۆ بەرهەمهێنانی‌ بنێشت لە دار قەزوان.
7. ده‌رکردنی‌ ڕێنمایی‌ ژماره‌ (4) ی‌ ساڵی‌ 2009 بۆ دروست کردنی‌ ڕه‌ز و باخ لەناو دارستانە سروشتی‌ یەکان.
8. بەیانی‌ قەره‌بووی‌ نرخی‌ دارو دره‌خت لە ساڵی‌ 2014 .
9. ده‌رکردنی‌ ڕێنمایی‌ ژماره‌ (1) ی‌ ساڵی‌ 2019 تایبەت بە پێدانی‌ مۆڵەت بۆ دامەزراندنی‌ نەمامگە .
ئه‌مه‌وای كردووه‌كه‌ له‌ ساڵی 2016 وه‌ بۆدابین كردنی خه‌ڵوز خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ی بكه‌ن وه‌ هه‌رله‌وساڵه‌دا بڕی 1980 ته‌ن خه‌ڵوز هاورده‌كرا و ساڵی 2017 بره‌كه‌ی 2963 ته‌ن وه‌ له‌ساڵی ڕابوردودا 1075 ته‌ن هاورده‌كرا بێگومان كه‌م بونه‌وه‌ی هاورده‌كردنه‌كه‌ ، كه‌م بونه‌وه‌ی خواست بوو به‌هۆی قه‌یرانی ئابوریه‌وه‌ .
له‌ هه‌مان كاتدا بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و یاساو ڕێنماییانه‌ ، به‌هاوكاری پۆلیسی دارستان وژینگه‌ی هه‌رێم ، له‌ساڵی رابوردو 2018 دا ، بەشی‌ یاسایی‌ لە بەڕێوه‌بەرایەتیەکانی‌ دارستان و پاوان لە پارێزگاکانی‌ کوردستان بۆ ساڵی‌ 2018 کۆی‌ سکاڵای‌ تۆمار کراو لە دادگاکان ( 166 ) دۆسیە. بووه‌ ،کۆی‌ ئەو سکاڵایانەی‌ لە دادگاکان یەکلا کراونەتەوە (40) سکاڵا.
له‌ ئێستادا هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌نجامبدرێت ده‌بێت پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی بێت ، به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك له‌ناو دارستانێك جێبه‌جێ بكرێت ، كۆمه‌ڵێك قه‌ره‌بوو دانراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌ ، كه‌ له‌ رێنماییه‌كان دارێژراوه‌ ، بۆنمونه‌ به‌رامبه‌ر برینی هه‌ر دارێك ده‌بێت 5 دار بڕوێنرێت ، جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ پرۆژه‌یه‌كی ته‌واو مته‌كامل بێت ، بۆیه‌ش له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك لیژنه‌یه‌كمان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ ئه‌م كێشانه‌ و سه‌رپه‌رشتی كردنی پرۆژه‌كان بكات.
جگه‌ له‌ پاراستنی دارستانه‌كان ، هه‌وڵمانداوه‌ بۆ زیاد كردنی دارستانه‌ ده‌ست كرده‌كان ، دروستكردنی پڕۆژه‌ی نوێ ، و ساڵانه‌ پڕۆژه‌ی نوێ دروست ده‌كرێت و ناومان ناوه‌ پاركی دارستان، بۆنمونه‌ له‌ هه‌ولێر 2 پڕۆژه‌ له‌ دیبه‌گه‌ دروستكراون به‌ رووبه‌ری 50 دۆنم و 100 دۆنم، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ولێر له‌ ناوچه‌ی حوجران و ته‌وسكه‌ پڕۆژه‌یه‌كی 100 دۆنمی له‌بواری جێبه‌جێكردندایه‌ و له‌ناوچه‌ی هاودیانیش پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێده‌كرێت ، له‌ پارێزگای سلێمانی پڕۆژه‌ی 500 دۆنمی به‌رده‌وامه‌ و كاری تێداده‌كرێت، هه‌روه‌ها پاركی رازیانه‌ 170 دۆنمه‌ ته‌واو كراوه‌ و پاركی دارستانی قه‌ره‌هه‌نجیر 180 دۆنمه‌ و ته‌سلیم به‌ به‌ڵێنده‌ر كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بكرێت به‌ كاره‌كانی و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 100 دۆنم و سه‌یدسادق 50 دۆنم، كه‌ ته‌نها دیاریكردنی زه‌ویه‌كه‌ی ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌كاركردن بكرێت، هه‌روه‌ها له‌ دهۆك ساڵی رابردوو دارستانی به‌رده‌ره‌ش به‌ 80 دۆنم ته‌واو كراوه‌، ئێستا له‌ باعه‌دری 100 دۆنم و خه‌بات 80 دۆنم و ئاكری 50 دۆنم و زاوێته‌ 30 دۆنم له‌بواری جێبه‌جێكردنن.
له‌ گه‌رمیان له‌م چه‌ند ساڵه‌دا كاری زۆر باشمان كردووه‌، له‌ كه‌لار پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ و سه‌ركه‌وتووه‌ كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی ده‌گاته‌ 42 دۆنم، و له‌مه‌زاری ئه‌نفال پڕۆژه‌یه‌كی 50 دۆنمی ته‌واو كراوه‌ و له‌ به‌نداوی شاسوار 75 دۆنم دارستان ته‌واو كراوه‌، له‌ رێگای سه‌ره‌كی كه‌لار/كفریش پڕۆژه‌یه‌كی 35 دۆنمی دارستان ته‌واو كراوه‌ .
ئێستا له‌ سنوری شاری هه‌ولێردا 3 نه‌مامگه‌و 32 دارستانی ده‌ستكردمان هه‌یه‌ ، له‌ سلێمانی 5 نه‌مامگه‌و 43 دارستان ، له‌ دهۆك 3 نه‌مامگه‌و 27 دارستان ، هه‌ڵه‌بجه‌ 1 نه‌مامگه‌ و 3 دارستان ، گه‌رمیان 2 نه‌مامگه‌ و 6 دارستان . كه‌ كۆی گشتیان 14 نه‌مامگه‌ و 111دارستانه‌ .
ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا كاری باخداری گه‌شه‌ی كردووه‌ ، جگه‌ له‌ ڕه‌زی مێوو ، باخی هه‌نارو زه‌یتون و سێوو ……هتد له‌ زیاد بوندایه‌ و جۆری به‌رهه‌مه‌كان ڕووه‌ باشتره‌ .
جێگه‌ی خۆیه‌تی كه‌ سوپاس و پێزانینی خۆمان ، ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی پۆلیسی دارستان و ژینكه‌ بكه‌م كه‌ زۆر لێبڕاوانه‌ ڕێگری ده‌كه‌ن له‌ بڕینه‌وه‌ی دارو خه‌ڵوزكردن وه ‌له‌كاتی ئاگركه‌تنه‌وه‌دا زۆر ماندوو ده‌بن هه‌روا كارمه‌ندانی ئاگر كوژاندنه‌وه‌ كه‌دڵسۆزانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ، هه‌روا ڕێكخراوه‌كانی دۆست به‌ ژینگه‌و سرووشت و دارستان كه‌ خۆ به‌خشانه‌ هه‌وڵی پاراستنی دارو ده‌وه‌ن و ژینگه‌ی زینده‌وه‌ران ده‌ده‌ن .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دارستانه‌كان گرنگن بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ ژینگه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌

نموونه‌ش دارستانه‌كانی‌ ئەمازۆن نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس* به‌شی‌ دووەم •مه‌ترسیه‌كانی‌ سه‌ر ئه‌م ...