سەرەکی » وەرزش » رۆد گۆلێت راست ده‌كات

رۆد گۆلێت راست ده‌كات

ئێستا چامپیۆنس لیگ و قسه‌ كردن له‌سه‌ر چامپیۆنس لیگ و بردنه‌وه‌ی جامی چامپیۆنس لیگ باسی گه‌رمی ناوه‌ندی وه‌رزشیی ئه‌وروپاو جیهانیشه‌.
كه‌باس دێته‌ سه‌ر راهێنه‌ران و یاریزانانی به‌شداریی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ گرنگه‌، ئه‌وا راهێنه‌ران و یاریزانانی به‌شداری خوله‌ به‌هێز و ناوداره‌كانی ئیسپانیاو ئینگلته‌راو ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ته‌نیا هۆكارێك ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ زۆر كه‌م جامی چامپیۆنس لیگ له‌ ده‌ستی یانه‌ ناوداره‌كانی ئه‌م چوار وڵاته‌ ده‌رده‌چێت، به‌تایبه‌تیش به‌م دواییه‌ ئیسپانییه‌كان ئه‌سپی گره‌وی نه‌ك ئه‌م خوله‌ بگره‌ ئه‌سپی گره‌وی یۆرۆپا لیگیش بوون.

میسی و رۆناڵدۆ
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا له‌نێو یاریزانان و راهێنه‌رانی ئه‌و خوله‌شدا، میسی و كریستاینۆ رۆناڵدۆ پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه‌، ناتوانرێت زیدان و گواردیۆلاو مۆرینهۆ و ئه‌نچیلۆتی وئه‌نریكیش فه‌رامۆش بكرێن كه‌ ئه‌مان توانیویانه‌ زۆرترین جامه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی به‌رز بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌مساڵ تیپی چوار یانه‌ (ئه‌یاكس، لیڤه‌رپوڵ، بارسیلۆنا، تۆتنهام) تونیویانه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ چوارگۆشه‌ی زێڕینی خوله‌كه‌، هه‌رچواریشیان پاڵێوراوی سه‌ره‌كین بۆ بردنه‌وه‌و به‌رز كردنه‌وه‌ی جامه‌كه‌، له‌ قۆناغی 16 یانه‌دا، به‌ده‌ستی تۆتنهام مان سیتی كرایه‌ ده‌روه‌، به‌ده‌ستی ئه‌یاكسیش یۆڤانتۆس و به‌ده‌ستی بارساش مان یونایتد كرایه‌ ده‌ره‌وه‌.
مان سیتی ئه‌سپی گره‌و بوو
ئه‌م سێ یانه‌یه‌ش كه‌ كراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ (یوڤی، مان سیتی، مان یونایتد)، له‌لایه‌ن زۆربه‌ی نووسینه‌گه‌ ناودارو جیهانییه‌كانی گره‌وو ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن شاره‌زایانی ئه‌م خوله‌شه‌وه،‌ پاڵێوراوی سه‌ره‌كی بوون بۆ بردنه‌وه‌و به‌رز كردنه‌وه‌ی جامی ئه‌مساڵ، به‌تایبه‌تی مان سیتی به‌سه‌ركردایه‌تی پیپ گواردیۆلای ئیسپانی، لێره‌دا ئه‌م پێشه‌كییه‌ی ووترا بۆ ئه‌وه‌بوو باسه‌كه‌ له‌ پیپ گواردیۆلاو مان سیتیدا رابگرین، چونكه‌ مه‌به‌ستی سه‌ركیمان ئه‌م دوو ناوه‌یه‌.
گواردیۆلا چوار وه‌رز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسیلۆنا بووه(2008-2009)(2009-2010) (2010-2011)(2011-2012)، وه‌رزی دووه‌می راهێنه‌رییه‌كه‌ی وه‌رزێكی نموونه‌یی بوو بۆی به‌وه‌ی ساڵی 2009 توانی جامی شه‌ش خول و پاڵه‌وانێتیی (لالیگا، جامی شای ئیسپانیا، سوپه‌ری ئیسپانیا، چامپیۆنس لیگ، سوپه‌ری ئه‌وروپا، مۆندیالی یانه‌كان) به‌رز بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مین جاربوو له‌مێژوودا.
له‌و چوار ساڵه‌ی كاركردنیدا توانی(3 نازناوی پاڵه‌وانی لالیگا) (2 كوپا دیل ری) (3 سوپه‌ری ئیسپانیا)(2 چامپیۆنس لیگ) (2 سوپه‌ری ئه‌وروپا) (2 مۆندیالی یانه‌كان) بۆ بارسا ده‌سته‌به‌ر بكات، له‌و ماوه‌یه‌یدا گواردیۆلا نه‌وه‌یه‌كی زۆر كاراو لێهاتوو له‌ یاریزان له‌به‌رده‌ستیدا بوون، له‌وێنه‌كانی پیكیه‌ و پۆیۆڵ و ئالڤیس و چاڤی و ئینێستا و میسی، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ بیڵێین ئه‌وه‌یه‌ گواردیۆلا به‌ هێز و لێهاتووی ئه‌و یاریزانانه‌ توانی ئه‌و سه‌روه‌رییانه‌ بۆ خۆی و یانه‌كه‌ش تۆمار بكات، به‌تایبه‌تی میسی و چاڤی و ئینێستاو پۆیۆڵی كاپتنی یانه‌كه‌.

شكسته‌كانی دوای بارسا
به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسه‌یه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كاتێك بڕیاری رۆیشتن له‌ بارسا ده‌دات، نه‌ له‌گه‌ڵ بایرن مونشن و نه‌ له‌گه‌ڵ مان سیتی نه‌یتوانی ده‌ست له‌ گوێچكه‌كانی جامی چامپیۆنس لیگ بدات و ته‌نیا له‌دووره‌وه‌ سه‌یری یارییه‌ كۆتاییه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی چامپیۆنس لیگی كردووه‌، ئه‌وه‌بوو وه‌رزی 2014-2015 ئه‌و بارسایه‌ی ئه‌و جێیهێشت له‌گه‌ڵ لویس ئه‌نریكی جامه‌كه‌یان به‌رز كرده‌وه‌.
ئه‌مساڵ مان سیتییه‌كه‌ی گواردیۆلا ئاماژه‌ی زۆری بۆ ده‌كرا كه‌ ئه‌مساڵ ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی چامپیۆنس لیگ، به‌ڵام له‌دێربی ئیسپانیادا نه‌یتوانی به‌ربه‌ستی بۆچیتینۆی ئه‌رجه‌نتنی و یانه‌ی تۆتنهام ببڕێت و له‌ قۆناغی 8 یانه‌دا كرایه‌ ده‌ره‌وه‌و گرێكوێره‌كه‌ی ساڵانی پێشووی بۆ نه‌كرایه‌وه‌ كه‌ ناتوانێت له‌م قۆناغه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ قۆناغی 4 یانه‌و چوارگۆشه‌ی زێڕین.
له‌به‌رامبه‌ر گواردیۆلادا، ئه‌مساڵ ئه‌رنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری بارسیلۆنا به‌ربه‌ستی مان یونایتد ده‌بڕێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ قۆناغی 4 یانه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ڤاڵڤێردی له‌چاو گواردیۆلادا هیچ ئه‌زمونێكی چامپیۆنس لیگی نییه‌، ته‌نیا ئه‌م وه‌رزه‌و وه‌رزی رابردوو یاریی تیادا كردووه‌، ئه‌مساڵیش سودی له‌هه‌ڵه‌ی پاری خۆی وه‌رگرت و دۆڕانه‌كه‌ی 0-3 به‌ رۆمای كرده‌ په‌ندو زۆر زیره‌كانه‌ قۆناغه‌كه‌ی پێ بڕی.

گواردیۆلا و ڤاڵڤێردی
ئه‌م رووداوه‌، واته‌ كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ی گواردیۆلاو چوونه‌ پێشه‌وه‌ی ڤاڵڤێردی، رۆدگولێتی ئه‌ستێره‌ی پێشووی هۆڵه‌نداو شیكه‌ره‌وه‌ی وه‌رزشی كه‌ناڵی (بی ئن سپۆرت) ی هێنایه‌ قسه‌ و گۆلێت سه‌باره‌ت به‌م شكسته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی گواردیۆلا له‌چامپیۆنس لیگدا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یانه‌ی بایرن مونشن و مان سیتی، ووتی: پیپ گواردیۆلا به‌بێ میسی ناتوانێت جامی چامپیۆنس لیگ بباته‌وه‌.
گۆلێت له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: پیپ گواردیۆلا ساڵانی 2009 و 2011 كاتێك جامی چامپیۆنس لیگ ده‌باته‌وه‌ میسی یاریزانی تیپه‌كه‌ی بووه‌، ئه‌گه‌ر چی جێده‌ستی ئه‌م راهێنه‌ره‌ به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی بارسیلۆناوه‌ دیاربووه‌، به‌ڵام میسی رۆڵی سه‌ره‌كی و چه‌قی قورسایی بردنه‌وه‌كانی له‌سه‌رشانبووه‌.
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: گواردیۆلا دوای بارسیلۆنا دوو ئه‌زموونی تری له‌گه‌ڵ یانه‌كانی بایرن مونشن و مان سیتی له‌چامپیۆنس لیگدا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌هه‌ردوو یانه‌كه‌ میسی له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌ تا پلانه‌كانی گواردیۆلا ته‌واو بكات، نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ جامه‌كه‌ بباته‌وه‌، ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیووه‌ بگاته‌ قۆناغی 4 یانه‌ش، چونكه‌ ته‌نیا میسی ده‌توانێت ئه‌نجام بگۆڕێت و بردنه‌وه‌ی تیپه‌كانی ئه‌و مسۆگه‌ر بكات.

هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی گواردیۆلا
له‌كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا گۆلێت ده‌ڵێت: گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی گواردیۆلا ئه‌وه‌بوو یانه‌ی بارسیلۆنای جێهێش، چونكه‌ هه‌رچی پلان و سیستمی یارییكردن و ته‌كتیكی یارییكردنی ئه‌و هه‌ن، كاتێك ته‌واو ده‌بن كه‌ میسی له‌ تیپه‌كه‌یدا بێت، بۆیه‌ ناتوانێت به‌كڕینی یه‌ك تیپی ته‌واو له‌یاریزان ئه‌و پلانه‌ی له‌مێشكیدایه‌ جێبه‌جێیان بكات ئه‌گه‌ر میسی تیا نه‌بێت.
كه‌س هه‌یه‌ له‌وانه‌ی به‌ووردی چامپیۆنس لیگیان له‌یاده‌ و ئاگاداری ووردو درشت و كون و كه‌له‌به‌ری ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ن یارییه‌كه‌ی بایرن مونشن و بارسیلۆنایان له‌بیر نه‌بێت كه‌ یاریی چوونی قۆناغی چوارگۆشه‌ی زێڕینی وه‌رزی 2014-2015 ی ئه‌و خوله‌ بوو، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 6/5/2015 كرا، زۆر باش ئه‌وه‌یان له‌بیره‌ له‌ ماوه‌ی ته‌نیا دوو ده‌قیقه‌و نیودا میسی چی به‌ باڤارییه‌كان و تیپه‌كه‌ی گواردیۆلا كرد؟، له‌ دوا ساته‌كانی یارییه‌كه‌شدا نه‌یمار دوا بزماری له‌ تابوتی یانه‌ی بایرن مونشن و گواردیۆلا دا و 3-0 لێیان بردنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌ڵمانیا كرا، بارسا 2-3 دۆڕا، به‌ڵام میسی و ئه‌نریكی گه‌یشتنه‌ یاریی كۆتایی و له‌ یاریی كۆتایی رۆماشدا رۆژی 6/6/2015 توانیان 3-1 له‌ یۆڤانتۆسیش ببنه‌وه‌.
له‌م یارییه‌دا میسی سه‌ختترین سزای گواردیۆلای دا، ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ گه‌وره‌ترین سه‌لماندنی قسه‌كه‌ی رۆد گۆلێت بوو، یارییه‌كه‌ی بارساو بایرن هاوارێكی توند بوو به‌گوێی گواردیۆلادا و ووتی: ئه‌وه‌ی له‌بارسا بڕوات ئه‌مه‌ چاره‌نووسه‌كه‌یه‌تی، ووتی:بارسا حه‌زی به‌رۆیشتنی تۆ نه‌ده‌كرد، كه‌س تۆی ده‌رنه‌كرد، كه‌س حه‌زی نه‌ده‌كرد تۆبڕۆیت، به‌ڵام كه‌ تۆ فه‌زڵی بایرن میونشن بده‌یت به‌سه‌ر بارسادا، ئه‌وات لێبه‌سه‌ردێت، كۆتا مه‌سجیش بۆ گواردیۆلا له‌م یارییه‌دا ئه‌وه‌بوو به‌بێ میسی ناتوانیت ئه‌وه‌بكه‌یت كه‌ پێشتر له‌ بارسا بۆت ده‌كرا.
له‌كۆتاییدا ئه‌م لێدوانه‌ی رۆد گۆلێت زۆر مه‌نتیقی و له‌جێی خۆیدایه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گواردیۆلا هه‌رچییه‌ك ده‌كات ناتوانێت ئه‌وه‌ی له‌بارسیلۆناكه‌ی میسی و چاڤی ئینێستا كردوویه‌تی له‌هیچ یانه‌یه‌كی تر دووباره‌ی بكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر 11 دیارترین یاریزانی جیهانیش له‌به‌رده‌ستیدا بن و میسی له‌و تیپه‌یدا نه‌بێت.
هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ راسته‌ راهێنه‌ر هه‌یه‌ پلان و شێواز و تاكتیكی یارییكردنی تایبه‌ت به‌خۆی له‌ مێشكیدایه‌، به‌ڵام ئه‌و پلان و شێوازی یارییكردن و ته‌كتیكه‌ به‌یاریزان جێبه‌جێده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش وه‌ك ده‌ڵێن به‌ یاریزانی كێشی قورس له‌ وێنه‌كانی میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ، كاتێكیش گواردیۆلا بیه‌وێت به‌م یاریزانانه‌ی ئێستای مان سیتی ئه‌وه‌ بكات كه‌به‌ میسی و چاڤی و ئینێستاو پیكیه‌و ئیتۆو ئالڤێس كردوونی، ئه‌وا هه‌رگیز ئه‌و خه‌ونه‌ی نایه‌ته‌ دی، به‌تایبه‌تیش تا میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ بتوانن یاریی بكه‌ن.

 21 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*