سەرەکی » مانشێت » پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم ‌و توركیا

قوباد تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی توركیا:

پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم ‌و توركیا

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، چەند پرسێكی هاوبەشیان تاوتوێكردو جەختیشیان لەپەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم‌و توركیا، كردەوە.
دوێنێ لەهەولێر، لەمیانی كۆبوونەوەكەیاندا، باس لەپەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەرێمی كوردستان‌و كۆماری توركیا كرا، وەزیری دەرەوەی توركیا هیوای خواست بەزوویی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربێت‌و خواستیشی بۆ سەردانی شاری سلێمانی، دەربڕی.
لەگفتوگۆكاندا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاڵپشتیی ئۆقرەیی‌و ئارامی لەموسڵ‌و دەشتی نەینەواو ناوچە رزگاركراوەكانی ژێردەستی داعش، لەگەڵ پێكەوە كاركردن بۆ بەرگرتن لەسەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەو ناوچانە، لەوبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی، جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی رێگرییكردن لەدروستبوونی داعشێكی نوێ لەناوچەكەدا.
هەر لەدیدارەكەیاندا، وەزیری دەرەوەی توركیا، دووپاتیكردەوە كە زۆر پرسی هاوبەش هەن دەكرێ ببنە ئەجێندای هاوكاریی هەردوولا لەماوەی داهاتوودا بەتایبەت لەبوارەكانی ئابووری‌و خوێندن‌و خوێندنی باڵادا.
هەر لەبارەی پرسەكانی ناوچەكەوە، قوباد تاڵەبانی، گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ كێشەی كەركوك لەسەر بنەمای پێكەوەژیان، ئاشتەوایی نەتەوەو پێكهاتەكانی شارەكە، خستەڕوو و بەپێویستیزانی چارەسەری بەپەلەو گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
كۆبوونەوەكە، هەڵوەستەی لەسەر ئاسایشی ئاوو بەڕێوەبردنی كرد، كە پرسی هاوبەشی توركیاو هەرێم‌و عیراقە. هەروەها قوباد تاڵەبانی پاڵپشتیی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەرەكانی ئاشتی لەتوركیا دووپاتكردەوەو سوپاسی هاوكارییەكانی توركیاشی كرد بۆ هەرێمی كوردستان لەسێكتەرە جیاجیاكاندا.
لەكۆبوونەوەكەدا، د.خەسرەو گوڵ محەمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، د.یوسف گۆران، عوسمان شوانی‌و لەوەفدی میوانیش باڵیۆزی توركیا لەبەغداو ژمارەیەك بەرپرس‌و دیپلۆماتكار، ئامادەبوون.
قوباد تاڵەبانی، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لە پۆستێكدا ئاماژەی بەكۆبوونەوەكەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا كردووەو نووسیویەتی:
«پێشوازیم كرد لە بەڕێز مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، هەردوولا هاوڕابووین لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان‌و كاری هاوبەش لەدۆسیەی ئاوو فراوانكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی. هاوڕابوین لەسەر پاڵپشتی ئۆقرەیی و ئارامی لە موسڵ، جەختمكردەوە پێویستە بەهەموو توانایەك رێگریی بكەین لەدروستبوونی داعشێكی نوێ لەناوچەكەدا. باسی ئەو پرسانەمان كرد كە دەشێت ببنە بەرنامەی كاری هاوبەش لەبوارەكانی ئابووری‌و خوێندن‌و زانكۆكان، ئامادەیی پاڵپشتی هەموو چارەسەرێكی ئاشتیانەمان كرد لەتوركیاو سوپاسی هاوكارییەكانی ئەنقەرەمان كرد بۆ هەرێمی كوردستان. پێداگریشمان لەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەی كەركوك كردەوە لەسەر بنەمای پێكەوەژیان‌و لەبەر رۆشنایی چارەسەرەكانی مام جەلال».

كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای بەغداو هەرێمی كوردستان
لەلایەكی دیكەوە‌و پاش سەردانی بۆ بەغدا رۆژی 28/4، وەزیری دەرەوەی توركیا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵاو لەناویاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عیراق، كۆبۆوەو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیشدا هەردوو وەزیر تەئكیدیان لەسەر هەماهەنگی زیاتر كردەوە.
هەر لەكۆنگرەكەدا، وەزیری دەرەوەی توركیا، وتیشی: سەرۆک کۆماری تورکیا، سەردانی عیراق دەكات.
هەر دوێنێ، وەزیری دەرەوەی توركیا، لەهەرێمی كوردستان، لەچەند دیدارێكدا لەگەڵ لێپرسراوانی باڵا، گفتوگۆیان كرد سەبارەت بەپەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم‌و عیراق لەگەڵ توركیا، بەرزكردنەوەی ئاستی بازرگانی، هەوڵدان بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووریی دیكە، هەماهەنگی بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر، پرسی كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان.

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*