سەرەکی » مانشێت » ״یەكێتی وەك هەمیشە پشتیوانی مافەكانی كرێكاران‌ و رەنجدەرانی بیروبازوو دەبێت״

״یەكێتی وەك هەمیشە پشتیوانی مافەكانی كرێكاران‌ و رەنجدەرانی بیروبازوو دەبێت״

بەبۆنەی هاتنەوەی رۆژی (یەكی ئایار) جەژنی كرێكارانی جیهان، پیرۆزباییەكی گەرم لە كرێكاران و رەنجدەرانی بیروبازووی كوردستان ‌و عیراق‌ و جیهان دەكەین.
لەم رۆژەداو لە یەكی ئایاری ساڵی (1886) نزیكەی (400) هەزار كرێكار لە ئەمریكا بەمەبەستی جێبەجێكردنی داخوازییەكانیان، كە گرنگترینیان دیاریكردنی كاتی كاركردن بوو بۆ (8) سەعات، مانگرتنی بەرفراوانیان راگەیاند. دواتر بەهۆی گرژییەكانەوە ژمارەیەك كرێكار و پۆلیس بوونە قوربانی. ئیتر ئەو رۆژەبوو بە جەژنی كرێكارانی جیهان و ساڵانە لە وڵاتە جیاجیاكانی جیهاندا وەك وێستگەی جۆشدانەوەی خەباتی كرێكاران بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان و یاسایەكی كاری گونجاو و باشكردنی گوزەرانیان، یاددەکرێتەوە.
كرێكاران و رەنجدەرانی بیروبازوو لە كوردستاندا وەك توێژێكی كاریگەر، سەرباری تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی مافە چینایەتییەكانیان، لە قۆناغە جیاجیاكانی كوردایەتیدا و بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێ‌ دا، لە پێشەنگی خەباتكاران و شۆڕشگێڕانی گەلەكەیان بوون و درێغیان نەكردووە لە قوربانیدان. لەخەباتی مەدەنی و سەندیكاییدا لەپاش راپەڕینیش بێوچان تێكۆشاون بۆ ژیانێكی شایستە، ئەم خەباتەش شێوازی تێكۆشانی مەدەنیانە و یاسایی و پەرلەمانیشی گرتۆتەوە بەئامانجی دەركردنی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە كەرتی گشتی و تایبەتدا و هێنانەدی مافە دیموكراسییەكانیان و رەخساندنی هەلی كار و پاراستنی ژیانی كرێكاران.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكاتێكدا، جەژنی كرێكارانی جیهان پیرۆز دەكات، لەهەمانكاتدا، وەكو حزبێكی سۆسیال-دیموكرات، لە راپەڕاندنی ئەركە چینایەتییەكاندا، كە لە سیاسەتی لە مێژینەیدا چەسپاوە و خەباتی بۆ كردووە، سوورین لەسەر داكۆكیكردن لە مافە پیشەیی و چینایەتی و دیموكراسییەكانی كرێكاران ‌و جەختیش دەكەینەوە چەسپاندنی بنەماكانی یاسای كاری هاوچەرخی كرێكاران، لە عیراق و كوردستاندا، بەرە بەرە چەوساندنەوەی چینایەتی كەم دەكاتەوە و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیش دابین دەكات.
ئومێدەوارین لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان‌ و لە كابینەی نوێی‌ حكومەتی هەرێمدا، هەنگاوی بەرجەستە بنرێ‌ بە ئاڕاستەی باشكردنی ژیانی كرێكارانی كوردستان ‌و چەسپاندنی مافەكانیان، لەمڕووەشەوە یەكێتی بێدرێغ تێدەكۆشێت ‌و وەك هەمیشە پشتیوانی مافەكانی كرێكاران‌ و رەنجدەرانی بیروبازوو دەبێت.
جارێكی تر جەژنی (یەكی ئایار) لە هەموو كرێكاران ‌و رەنجدەرانی بیروبازووی كوردستان پیرۆزبێت.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك

print

 17 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*