سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » میسر بە دوای هەژموونی خۆیدا دەگەڕێ

میسر بە دوای هەژموونی خۆیدا دەگەڕێ

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە دوای سەرکەوتنی لە راپرسییەکەی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور کە رێی پێدەدات تا ساڵی ٢٠٣٠ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، چاوی لەوەیە وەک هەر یەک لە سعودیەو ئێران‌و تورکیا لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژموونی خۆی پەرە پێبداو ببێتە جەمسەرێک لەوانەی کە ژمارەیەک وڵاتیان بەخۆوە پەیوەست کردووەو دەیانەوێت ببنە ژمارەیەکی نێودەوڵەتی، تا ئەجێندای سیاسەتی خۆیان لە ناوچەکە بسەپێنن.
هەریەک لە سودان‌و لیبیا کە ئێستا تووشی قەیرانی شەڕو ئاژاوەی ناوخۆ بوونەتەوە، دوو دەروازەی گرنگن تا سیسی بتوانێت لەوێوە بچێتە ناو کێشەکان. سوپای میسر پشتیوانی لە (خەلیفە حەفتەر) دەکات تا کۆنترۆڵی تەرابلوسی پایتەخت بکاو دەسەڵاتی لیبیا بگرێتەدەست. لە سودانیس پشتیوانی لە ئەنجومەنی سەربازیی وڵاتەکە دەکات کە ئێستاو لە قۆناغی گواستنەوەو دوای نەمانی(عومەر بەشیر) دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ولاتەکەی دراوەتێ.
پێگەکەی گەورەتر بووە
دەتوانین بڵێین میسر بەو پێیەی کە گەورەترین سوپای هەیە لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەکان‌و سیسی-ش خۆی پیاوێکی سەربازییە، بۆیە بەو سوپایەوە پێگەکەی گەورەتر بووەو لەبەر پەیوەندیی باشی لەگەڵ رۆژئاوا توانیویەتی یارییەکی سیاسی بکا بەهۆی رێکەوتن لەگەڵ وڵاتاندا. بۆ نموونە کاتێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ ستافی باراک ئۆباما تێکچوو، خۆی گەیاندەوە روسیاو ژمارەیەک گرێبەستی بەبەهای ملیارەها دۆلار لەگەڵ ئیمزاکرد. دواتر لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندییەکانیان باش کردەوەو بگرە لە جارانیش چاکتری لێهاتەوە. سیسی بە پارەو موڵکی وڵاتانی کەنداو (سعودییەو ئیمارات) توانیویەتی جەمسەرێکی سەربازیی بەهێز پێکبهێنێت‌و لە بەرژەوەندی پێگەی خۆی بە کاریانبهێنێت.
کاتێک بارودۆخی سودان تێکچوو و خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی لە دژی حوکمی بەشیر دەستیپێکرد، سیسی درکی بەوەکرد کە ئیدی رۆڵی بەشیر تەواوبووە، بۆیە هەر زوو سەرۆکی هەواڵگریی وڵاتەکەی ناردە سودان‌و توانی بەرەی ناڕەزایی حوکمی بەشیر بەوە رازی بکات کە بچێتە جەمسەری میسرو حەفتەر. بۆیە دوای سەرکەوتنیان، ئەنجومەنی سەربازیی سودان سوپاسی سیسی-یان کرد لە پشتیوانییەکەی، هەر بۆیەش سعودییە بە پەلە بڕی سێ ملیار دۆلاری بۆ ناردن، بۆ راییکردنی کاری ئەو ئەنجومەنەو سەرکەوتنیان لە دەسەڵاتی سیاسی‌و سەربازیی وڵاتەکەیان.

لیبیا
سەرۆکی میسر لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە لە کاتی دروستبوونی ناڕەزایەتی خەلیفە حەفتەر، ژێربەژێر یارمەتی بۆ ناردوون، لە ٢٠١٦ ش بە رەسمیی لە بۆنەیەکدا دانی بەوەدا نا کە هەر سوپاکەی حەفتەرە بتوانێت وڵاتەکە لەو قەیرانانە دەرباز بکات. حەفتەر لەو کاتەوە زۆر لە سیسی‌و سعودییەو ئیمارات نزیکبۆوە، کە شەڕی لە دژی ئیخوانەکان راگەیاندو لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتەکەدا نەیهێشت چەکدارانی ئیخوان دزە بکەن‌و رووبەڕوویان بۆوە.
لەم رۆژانەشدا حەفتەر خۆی گەیاندەوە میسرو هەماهەنگی‌و پەیوەندیی دوقۆڵییان لەگەڵ یەکتر دوپاتکردەوەو هەر سێ وڵاتی (میسر، سعودیەو ئیمارات)یش پشتیوانی خۆیان بۆ هێرشەکانی سوپای حەفتەر بۆ سەر تەرابڵوس راگەیاندو چەک‌و جبەخانەیان بۆ نارد، تا بتوانن پایتەخت بڕووخێنن‌و دەسەڵاتی وڵات وەربگرن.
چاودێران پێیانوایە کە سەرکەوتنی بەرەی سیسی‌و هاوڕێکانی لە سیناریۆکانی سودان‌و لیبیا دەبێتە کارتێکی فشاری گەورە بەسەر جەمسەرە دژەکانیانداو ئەوسا رۆژئاواش دەبێ حسابی تری تایبەتیان بۆ بکات.

سەرچاوە: دۆیچەڤێللا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

جیهان و پڕۆژە نوێكەی چین

لە 25/26 لە پكینی پایتەختی چین، دووەمین كۆڕبەندی «پشتوێن و ...