سەرەکی » ئابووری » ناردنی بودجە بۆ پارێزگاكان رەتدەكرێتەوە

ناردنی بودجە بۆ پارێزگاكان رەتدەكرێتەوە

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: بیرۆكەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم راستەوخۆ بۆ پارێزگاكان رەتدەكەنەوە.
رەنگین عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاندوە: ئەوان بیرۆكەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم راستەوخۆ بۆ پارێزگاكان لەبری رادەستكردنی بە حكومەتی هەرێم رەتدەكەنەوە و ئەوەش تەنها بۆچونی خۆی نییە، بەڵكو بۆچوونی حكومەتی هەرێم و سەرجەم ئەو پارت و حزبانەشە كە لە هەرێمدا بونیان هەیە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتیشی: «ناردنی بەشە بودجە راستەوخۆ بۆ پارێزگاكان بەواتای سڕینەوەی هەرێمی كوردستان دێت، بەتایبەت پاش ئەوەی ئەندام پەرلەمانێكی تری عیراق لە لیژنەی یاسایی رایگەیاندبوو لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بەندێكی یاسایی هەیە كە رێگە بە حكومەتی فیدراڵی دەدات راستەوخۆ و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێم بودجە بۆ پارێزگاكان رەوانە بكات.
رەنگین عەبدوڵڵا ئاشكراشیكرد: ئێستا نیەتێك هەیە لەلایەن (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە رەوانەی هەرێم بكات و بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەرێم بەنیازە لیژنەیەك پێكبهێنێت و بۆ گفتوگۆ رەوانەی بەغدای بكات.

 280 جار بینراوە