سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

بەشی پێنجەم

کەریم مەلا رەشید

سێشەممە، ٢٩/٠٩/١٩٤٢
کیتی گیان!
مرۆڤی پەنادراو، شتی سەیروسەمەرە دەبینێ! لەبەر ئەوەی لێرە بانیۆ-مان نییە، بۆ خۆشۆرین تەشتەکوڵ بەکاردەهێنن، جا لەبەر ئەوەی تەنها لە بیرۆ ئاوی گەرم هەیە (لیرەدا مەبەستم لە سەراپای نهۆمی خوارەوەیە) هەر حەوت کەسەکەمان بەنۆرە دەچین. لەبەر ئەوەی ئێمە لەیەکتر جیاوازین هەندێکمان لەویتر پتر بەشەرمە، هەر ئەندامێکی خێزانەکە بەخۆی جێگایەکی بۆ خۆشۆرین دیاریکردوە. (پیتەر) ئاشپەزخانەکەی هەڵبژاردوە، سەرەڕای ئەوەی دەرگاکەشی لە شووشەیە. جا ئەگەر بەنیازبێ کوڵ بکا داوا لە هەموومان دەکا بۆ ماوەی نیو کاژێر بەوناوەدا نەچین. ئەو بەوەندە قایلە. بەڕێز (ڤان دان) لەسەری سەرەوە خۆی دەشوا، لای ئەو دڵنیایی لە ژوورەکەی خۆیدا گرەوی لە ماندووبوونی سەرخستنی ئاوە گەرمەکە، بەو هەموو پلیکانانەدا، بردۆتەوە. خاتوو (ڤان دان) بۆ خۆشتن هەرگیز دەستپێشخەری ناکات، ئەو چاوەڕێی دۆزینەوەی لەبارترین جێگا بۆخۆی دەکا. باوکم لە بیرۆی تایبەتی خۆی دەشوا، دایکم لە ئاشپەزخانەکە لە پەنای کورەی فڕنەکەوە، من و (مارگۆت) یش لە بیرۆی پێشەوە کوڵ دەکەین. پاشنیوەڕوانی رۆژانی شەممە پەردەکانی داخراون، ئێمەش بەتاریکی لەوێ خۆمان پاک دەشۆین. ئەوانەی هێشتا نۆرەیان نەهاتووە لە کەڵێنی نێوان پەردەکانەوە تەماشای دەرێ دەکەن و لەو رێبوارە سەیرانەی سەر شەقامەکان دەڕوانن.
لە هەفتەی رابردووەوه‌ ئەوێم بەدڵ نەماوە و بەدوای جێگایەکی دیکەدا دەگەڕام. (پیتەر) بەو بیرۆکەیە باری هێنام کە تەشتە کوڵەکەم بۆ توالێتی بیرۆکە بەرم. لەوێ دەتوانم دانیشم، چراکەش داگیرسێنم، دەرگاکە داخەم، ئاوەکەش بەبێ یارمەتی هیچ کەسێک بڕێژم، لە دزەی چاوی خەڵکیش پارێزراوم. رۆژی یەکشەممە بۆ یەکەمین جار خۆم لەوێ شۆری، بەڕاستی چاکە و لەهەموو جێگایەکی تریش باشترە.
رۆژی چوارشەممە لوولەکێش هاتبوو، بۆ ئەوەی لە نهۆمی خوارەوە لوولە ئاوێک لە توالێتی بیرۆوە بۆ مەجازەکە بکێشی. ئەو گۆڕانکارییەش بەهۆی ساردوسۆڵی چاوەڕوانکراوی زستانەوە کرا، بۆ ئەوەی لوولەی ئاوەکان نەیبەستن. هاتنی لوولەکێشەکە ئێمەی نائارام کرد. نەک لەبەرئەوی بۆمان نەبوو لەو رۆژانەدا ئاو بەردەینەوە، بەڵکوو بێگومان بۆشمان نەبوو ئاودەستیش بەکار بهێنین.
هەڵبەتە شیاو نییە بۆت بگێڕمەوە، ئێمە بۆ چوونە سەرئاو، چیمان دەکرد. بەڵام من ئەوەندە لەخۆبایی نیم کە لەوبارەیە قست بۆ نەکەم. من و باوکم هەر سەرەتا خۆبەخۆ قادەمان بۆ خەڵکی شاراوە پەیداکرد، بەهۆی کەمی قادەوە، گۆزەڵەیەکمان کرد بەقوربانی. کاتێ لوولەکێشەکە دەهات، بەرۆژەوە گۆزەلەکانمان لەژورەکانی خۆمان دادەنا و پێداویستییەکانمان تیا جێبەجێ دەکرد. من ئەوەم هێندە بەلاوە بەو ئەندازەیە قێزەوەن نەبوو بەبەراورد بەوەی کە دەبوایە بێ کسپە دانیشین ورتەمان لێوە نەیه‌ت. ئەستەمە بەخه‌یاڵتا بێت ئەوە چەندە سەختە بۆ کیژۆڵەیەکی دەمەوەری خۆم ئاسا. لە رۆژانی ئاساییدا بۆمان هەبوو تەنها بە چپەچپ قسەبکەین، جا بگاتە ئەوەی کە بەهیج جۆرێک قسەنەکەین و جوڵەمان نەیه‌ت ئەوا دە چەندان خراپترە. پاش سێ رۆژ دانیشتن، پاشەوەم تەخت و سڕ بوو و ئازاری دەدام. بەڵام جمناستیکی ئێواران کۆمەکی کردم.
ئانا-ی تۆ

پێنجشەممە، ٠١/١٠/١٩٤٢
باشترین کیتی!
دوێنێ زراوم چوو. کاژێری هەشت کتوپڕ زۆر بەتوندی لە دەرگا درا. بێگومان پێموابوو یەکێک هات … ئەبێ کێ بێ، بیری لێبکەرەوە. کاتێ، هەموو بەدڵنیایی دیانگوت ئەوە گەنجی سەر شەقامن یا پۆستبەرەکەیە، من هێمن بوومەوە.
رۆژانە ئێرە زۆر بێدەنگە. (لێڤینزۆن) گەنجێکی جوولەکەیە، دەرمانساز و کیمیاگەرە، لە چێشتخانه‌کەی (کوگلەر) کار دەکات. سەراپای ئەم باڵەخانەیە زۆر بەچاکی شارەزایە، بۆیە ئێمە هەمیشە ترسی ئەوەمان لێنیشتبوو ئەو بیەوێ لابۆرەکەی جارانی بەسەرکاتەوە. بۆیە ئێمە بەقەد بێچووە مشکیک خۆمان بێدەنگ کردووە. سێ مانگ پێش ئێستا کێ بۆی دەچوو (ئانا)ی جیوە ئاسا چەندین کاژێر بەبێ ئەوەی جوڵەبکا ئاوا دانیشێ و ددان بەخۆدا بگرێ؟
٢٩ی سپتامبەر، رۆژی لە دایکبوونی خاتوو (ڤان دان) بوو. سەرەڕای ئەوەی ئاهەنگێکی گەورە نەبوو، بەڵام ئەو گوڵ و هەندێ دیاری بچووکی بۆهات، خواردنی چاکیش ئامادەکرابوو. گوڵە مێخەکی سوورڕەنگی لە هاوسەرەکەیەوە پێشکەش کرا، واپێدەچێ ئەوە لەنێو خێزانەکەیاندا نەریت بێت.
با تۆزێکی تریش لای خاتوو (ڤان دان) بمێنینەوە: هۆکارێک کە هەمیشە ده‌بێتە مایەی پەستیم، هەوڵدانی ئەوە بۆ چاوبازی کردن لەگەڵ باوکمدا. دەست بە قژ و نێوچاوانیدا دەهێنێ، تەنوورە کورتەکەی تابکرێ بەرزدەکاتەوە و شتی وادەڵێت، ئەو خۆی بە گەپی دەزانێ، لەهەمان کاتیشدا هەوڵدەدا سەرنجی (پیم) بەلای خۆیدا راکێشێ، خۆشبەختانە (پیم) ئەوی بەلاوە ناپەسه‌ند و دزێوە، هەر بۆیە چاوبازی لەگەڵ ناکا. وەک تۆش ئاگاداری، من تۆزێک دووچاری دڵ پیسی بوومە، واتە پێویستم بەو بەزم و ڕەزمەی ئەو نییە. ئێ خۆ دایکم لەگەڵ بەڕێز (ڤان دان)دا ئەوە ناکات. من ئەوەم رووبەڕووی دایکیشم گوت.
(پیتەر) جاروبار زۆر سەیرە. بە سۆزەوە هەمووان دێنێتە قاقای پێکەنین، هەرچۆنێک بێ لە هەندێک شتدا چوونیەکین بەتایبەتی لە گۆڕینی جلوبەرگدا. ئەو کراسە تەسکەکانی دایکی لەبەردەکات و منیش چاکه‌ت و پانتۆڵەکەی ئەو لەبەر دەکەم، شەپقە و کلێتە لەسەر دەکەین و دەچینە بەردەمیان. گەورەکانیش لەپێکەنیندا دەچەمێنەوە، ئێمەش هەروەتر.
(بیپ) لە بازاڕ تەنوورەی تازەی بۆ من و (مارگۆت) کڕی. بابەتی کوتاڵەکەی خراپە، دەڵێی گوێنی پەتاتەیە. شتێ لەوجۆرە کاتی خۆی دوکاندارەکان بۆ رووتاندنەوەش نەیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بایی (٧،٧٥)ە واتە (٢٤) خولدنی ئابڕووتکاوە.
بەنیازی شتێکی دیکەی جوانین: (بیب) بۆ من، (مارگۆت) و (پیتەر)یش داوای کتێبی فێربوونی وانەی- ستێنۆ -ی بۆ کردوین. دەبینی ساڵی ئایندە چ ستێنۆگرافێکمان لێدەردەچێ، من زۆرم بەلاوە گرینگە نوسینێکی لەوجۆرە، نهێنی، فێربین.
ئازارێکی کوشندە بەرۆکی پەنجەی دۆشاومژەی گرتووم (دەستی چەپم)، بەهۆیەوە ناتوانم ئوتوو بکەم، ئای کە بەختەوەرم!
بەڕێز (ڤان دان) پێی خۆشە لەسەر سفرەوخوان هاوشانی دانیشم، ئەو دەڵێ گوایە (مارگۆت)، کە لەوێ داده‌نیشێ، بە تێروتەسەلی ناخوا. منیش ئەو گۆڕانکارییەم پێ باشە. لە باخەکەدا پشیلەیەکی چکۆڵەی رەش هەردەم هاتوچۆ دەکا. ئەو (مۆرتییە)م بەبیر دەهێنێتەوە، ئای، کە شیرین بوو لەلام! دایکم بەردەوام بیانووم پێدەگرێ، بەتایبەتی لەسەر خوان، هەر بۆیە ئەو جێگا گۆڕینەم زۆر پێ باشبوو. ئێستا (مارگۆت) گێچەڵی پێدەکرێ، یاخود چاکتر وایە بڵێی، گێچەڵی پێناکرێت، چونکە دایکم بیانووە دڕکاوییەکانی لە مناڵە نمونەییەکەی ناگرێ! من ئێستا بەردەوام گەڕ بە مناڵە نموونەییەکەی دەکەم، دایکیشم زۆری پێناخۆشە. لەوانەیە لەسەر ئەوە رابێ، چونکە گەیشتۆتە چڵەپۆپەی.
بۆ کۆتایی هێنان بەم قسە گێرەشێوانەیەم نوکته‌یه‌کی زۆر خۆشت بۆ دەگێڕمەوە، له بەڕێز (ڤان دان)ەوە سەرچاوەی دەگرێ:
(٩٩٩) ترپە و یەک پڵتە دەکاته‌ چەند؟
دەکاتە هەزار پێ بەڵام قاچێکی شەل بێت.
تا دوایی
ئانا-ی تۆ

شەممە، ٣/١٠/١٩٤٢
چاکترین کیتی!
دوێنێ گەڕیان پێ دەکردم، چونکە من لەگەڵ بەڕێز (ڤان دان) پێکەوە لەسەر جێگاکەی ئەو پێکەوە راکشابوین. «ئاوا زوو هەر لە ئێستاوە، ئای کە شوورەییە!» … و پەلاری لەو جۆرانەیان دەهاویشت. هەڵبەتە ئەوە گەوجیە، بێگومان من هەرگیز بەنیازی ئەوە نیم لەگەڵ بەڕێز (ڤان دان) بنوم.
دوێنێ دیسانەوە بەگژاچوون روویدا، دایکم زۆر بێتامی کردوە. هەموو تاوانەکانمی بۆ باوکم دەگێڕایەوە و زۆر گریا. بیگومان منیش، بەخۆم سەرم زۆر دەهێشا. دواجار بۆ باوکمم درکاند کە من «ئەوم» لە دایکم زیاتر خۆشدەوێ. ئەویش لە وه‌ڵامدا گوتی ئەو شتانە هەموو بەسەردەچن و دەگۆڕێن، بەڵام من پێم وانییە بگۆڕێن. من لەگەڵ دایکمدا هەرگیز هەڵناکەم، زۆر لەخۆم دەکەم بۆ ئەوەی لەبەرامبەریدا هێمن وبێدەنگ بم. تەنانەت بۆی هەبووە شاپێکی تێسرەوم. نازانم بۆچی هێندەم رک لێدەبێتەوە. بابم گوتی، کاتێ ئەو بێزار بوو یا سەری ئێشا، پێویستە لەسەرم خۆبەخۆ یارمەتی دایکم بدەم. بەڵام من ئەوە ناکەم، چونکە خۆشم ناوێ، جگەلەوەی هەستەم بۆی نابزوێ. خۆ من چاک دەزانم رۆژێک دێ دایکم دەمرێ. بەڵام پێم وانیە بتوانم بەرگەی مردنی باوکم بگرم. ئەوە شتێکی زۆر نابەجێیە که‌ لەمندایە، بەڵام ئەوە هەستی منە. هیوادارم ئەم رستانە و ئەو شتانەی دیکە، هەرگیز نەکەونە بەردەستی دایکم وبیانخوێنێتەوە.
ئەم کاتانە بڕێک زیاتر رێگام پێدەدرێ بۆ خوێندنەوەی کتێبی تەمەن گەورەکان. من ئێستا «لاوێتی ئیڤا» لە نووسینی «نیکۆ ڤان سوختلن» دەخوێنمەوە. جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان کتێبی تایبەت بە کچان وئەم کتێبە بەدی ناکەم.
(ئیڤا) پێیوایە، مناڵ وەکوو سێو بەدارەوە دەبن، کاتێک فراژی دەبن حاجی لەقلەق لێیان دەکەنەوە و بۆ دایکان دەیانبەن. بەڵام پشیلەکەی مناڵی بووە، ئەو بێچولانە لە خودی پشیلەکەوە دەرهاتوون. ئینجا ئیڤا پێی وایە، پشیلە وەکوو مریشک وایە، هێلکە دەکات و بەسەریانەوە کڕ دەکەوێ. جا ئەو دایکانەی مناڵیان دەبێ، چەند رۆژێک پێشتر دەچنە ژووری نوستن، لەوێ هێلکە دادەنێن و بەسەریاندا کڕدەکەون. کاتێ مناڵەکە دێت، دایکەکان هێشتا بێهێزن چونکە ماوەیەکی زۆرە کڕکەوتوون. ئێستاش ئیڤا خۆی منداڵی دەوێت. ملپێچێکی خوریچن دەهێنێ، لەسەر زەویی دایدەنێ بۆ ئەوەی هێلکەی لەسەر بکات، لەسەرچنچک لەسەری دادەنیشێ و زۆر لەخۆی دەکا، بەڵام هێلکە نایەتە دەرێ. سەرئەنجام دوای چاوەڕوانیەکی دوورودرێژ، شتێکی لێوە دێتەدەرێ، بەڵام ئەو شتە هێلکە نەبوو، بەڵکو سۆسێچ بوو. بەوەش ئیڤا زۆر شەرمەزاربوو، وایدەزانی نەخۆشە. ئەمە گاڵتە جاڕییە، ئەی وانییە؟ لە کتێبەکەدا لەوبارەیەوە شتی دیکەش نووسراون وەکوو ئەوەی کە ژنان لەشی خۆیان لەسەر شەقامەکان دەفرۆشن بۆ ئەو کارەش پارەیەکی یەکجار زۆر لەپیاوان داوادەکەن. جا خۆ من لەشەرماندا لەڕووی ئەو پیاوە دەمرم. هەروەها لەکتێبەکەشدا هاتووە، گوایە ئیڤا سووڕی مانگانەی بۆ هاتووە. من خۆم زۆر بە په‌رۆشەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکەم، لانی کەم بەوە دەبمە مرۆڤێکی رەسیدە.
باوکم دەستی بە پرتەوبۆڵە کردۆتەوە، هەڕەشەی ئەوەم لێدەکات کتێبی یادداشتەکانم لێ بستێنێ. ئای کە دەترسم! ئینجا خۆ لەمەولا دەیشارمەوە.
ئانا فرانک

چوارشەممە، ٠٧/ ١٠ /١٩٤٢
من ئێستا وای دادەنێم کە …
دەچم بۆ سویسرا. من و باوکم لە ژوورێک دەنوین، لە کاتێکدا ژووری کوڕەکانیش (مەبەستی لە ژووری هەردوو ئامۆزاکەیەتی، بێرنهارد و شتێفان) دەدرێتە من، لەوێ پێشوازی لە میوانەکانم دەکەم. جا بۆ دڵنەواییم، مۆبلی تازەیان بۆ کڕیبووم، مێزی نووسین، مێزی چاخواردنەوە، قەنەفەیەک و دیوانێک ، شتی زۆر دانسقە ونایاب. پاش چەند رۆژێک باوکم ١٥٠ خولدن-م دەداتێ، (بێگومان بەپێی دراوی هۆڵەندی، چونکە من هەر ئەو دراوە بەکاردەهێنم)، داوام لێدەکا هەموو پێداویستییەکانی خۆمی پێ دابین بکەم. (پاش ئەوەش هەفتەی یەک خولدن-م دەداتێ، بەوەش هەرچیم بوێ دەیکڕم). دوای ئەوە لەگەڵ (بێرنهارد) بەڕێدەکەوم بۆ کڕینی پێداویستییەکانم، ئەوانەش بەم جۆرەن:
٣ کراسی هاوینە دانەی بە نیو خولدن واتە یەک خولدن و نیو.
٣ پانتۆڵی هاوینە دانەی بە نیو خولدن واتە یەک خولدن و نیو.
٣ کراسی زستانە دانەی بە سێچارەک واتە دوو خولدن و چارەکێ.
٣ پانتۆڵی زستانە دانەی بە سێچارەک واتە دوو خولدن و چارەکێ.
٢ پۆشاکی ژێرەوە، هەریەک بە نیو خولدن واتە یەک خولدن.
٢ ستیان (نمرەی هەرە بچوک) هەریەک بە نیو خولدن واتە یەک خولدن.
٥ بیجاما هەریەک بە خولدنێک واتە پێنج خولدن.
١ تەنورەی هاوینی بۆ به‌یانیان، بە دوو خولدن و نیو.
١ تەنورەی زستانی بۆ به‌یانیان، بە سێ خولدن.
٢ چاکەتی بچووک بۆ کاتی نوستن، هەریەک بە سێچارەکە خولدنێک واتە یەک و نیو خولدن.
١ سەرینی بچووک بە یەک خولدن.
١ جووت نەعلی هاوینە بە یەک خولدن.
١ جووت نەعلی زستانە بە یەک خولدن.
١ جووت پێڵاوی هاوینە ( بۆ قوتابخانە) بە یەک خولدن و نیو.
١ جووت پێڵاوی هاوینەی (چاک) بە دوو خولدن.
١ جووت پێڵاوی زستانە (بۆ قوتانخانە) بە دوو خولدن و نیو.
١ جووت پێڵاوی زستانەی (چاک) بە سێ خولدن.
٢ کۆڵوانە دانەی بە نیو دەکا یەک خولدن.
٢٥ دەستەسڕی کاغەز بە یەک خولدن و نیو.
٤ جووت گۆرەوی ئاوریشم جووتی بە سێچارەک دەکا سێ خولدن.
٤ جووت گۆرەوی تا ئەژنۆ، جووتی بە نیو دەکا دوو خولدن.
٤ جووت پووزەوانە جووتی بە چارەکە خولدنێک دەکا یەک خولدن.
٢ جووت گۆرەوی ئەستوور جووتی بە خولدنێک دەکا دوو خولدن.
٣ گڵۆڵە خوری سپی رەنگ بۆ (کڵاو، پانتۆڵ) بە یەک خولدن و نیو.
٣ گڵۆڵە خووری ئاوی رەنگ بۆ (بلوز، تەنوورە) بە یەک خولدن و نیو.
٣ گڵۆڵە خووری رەنگاورەنگ بۆ (کڵاو، ملپێچ) بە یەک خولدن و نیو.
ملپێچ، پشتێن، دوگمە و توول، بە یەک خولدن و چارەکێک.
لەگەڵ ئەوانەشدا دوو پۆشاکی قوتابخانە (هاوینە)، دوو پۆشاکی قوتابخانە (زستانە) دوو پۆشاکی چاک (هاوینە) دوو پۆشاکی چاک (زستانە) یەک تەنوورەی هاوینە، یەک تەنوورەی چاکی زستانی، یەک تەنوورە بۆ قوتابخانە، پالتۆیەکی بارانی، یەک پاڵتۆی هاوینی، یەک پاڵتۆی زستانی، دوو شەپقە و دوو کڵاو. ئەمانە هەموویان بایی ١٠٨ خولدنن.
دوو جانتا، یەک پۆشاکی بەفرین، جوتێک پێڵاوی خلیسکانێ، یەک کارتۆن لەم پێکهاتانە: (پۆدرە، کرێم، پۆدرەی کرێمی، کرێمی ئارایشت، کرێمی هەتاو، لۆکە، پاکەتێک کەرەسەی تیمارسازی، رووش، سووراو، قەڵەمی ئەبرۆ، خوێی خۆشۆرین، پۆدرە بۆ جەستە، کۆلۆنیا، سابوون، ئەسفەنج).
پاشان، چوار بلووزی دیکە دانەی بە خولدن ونیوێک، چوار کراس دانەی بە خولدنێک، چەندین شتی تر بایی دە خولدن، کتێب و چەند دیارییەک بایی چوار خولدن و نیو.

هەینی، ٠٩/ ١٠ /١٩٤٢
کیتی گیان!
ئەمڕۆ لە هەواڵی جەرگبڕ و دڵتەزێن بەولاوە چیترم پێ نییە. جولەکە ناسیاوەکانمان تێکڕا بە گروپ و کۆمەڵ دەستگیر دەکرێن. هێزەکانی گیستاپۆ زۆر بێ بەزییانە لەگەڵ ئەو مرۆڤانەدا هەڵسوکەوت دەکەن. بە ڤاگۆنی تایبەت بە گواستنەوەی رەشەوڵاخ بەرەو (وێستەربرۆک) بۆ کامپێکی گەورەی جوولەکان لە (درێنتە) دەیانگوێزنەوە. (میپ) لە زاری یەکێک لە هەڵاتووەکانی (وێستەربرۆک) دەگێڕێتەوە، گوایە ئەوێ زۆر ترسناکە. مرۆڤەکان هیچی وەهایان بۆ خواردنەوە نادرێتێ چ جای خواردەمەنی. بەرۆژەوە، هەزاران کەس تەنها یەک کاژێریان کات هەیە بۆ ئاوخواردنەوە و چوونە سەر یەک تاکە ئاودەست و تاقە دەستشۆرێک. ژنان و پیاوان، هەر هەموو بەسەریەکەوەیە دەنوون، مناڵەکانیش هەموویان قژیان هەڵوەریوە. دەربازبوونیشیان کێوی مەحاڵاتە. مرۆڤەکانی ئەوێ هەموو دیارن، یا بەهۆی ئەوەی سەریان پاک تاشراوە یا بەهۆی ئەوەی بە روخسار لە جوولەکە دەچن.
جا ئەگەر دۆخەکەیان لە وڵاتی هۆڵەند ئاوا خراپ بێت، ئاخۆ دەبێ لە پۆلەندا چۆن بێت؟ پێمانوایە زۆربەی ئەو مرۆڤانە دەکوژرێن. پەخشی رادێوی ئینگلیزی باس لە گازباران کردنیان دەکات، لەوانەیە ئەوە خێراترین میتۆدی لەناوبردن بێت.
من سەرم بەتەواوی لێ شێواوە. (میپ) ئەو هەموو بەسەرهاتە سامناک وترسناکانە بەجۆرێک باسدەکا، خۆی لەگەڵ گێڕانەوەیاندا هەڵدەچێ. بۆ نموونە، بەمدواییە چاوی بە پیرەژنێکی پەککەوتە کەوتووە، لەبەردەمی ماڵەکەیدا وەستاوە، دەبوایە چاوەڕوانی گیستاپۆ بکات، کە پێشتر لەلای بوونە و چوونە ئۆتۆمبێلێک بهێنن بۆ ئەوەی بیبەن. گوتی، ئەو پیرێژنە داماوە ئێکجار لە تەقەی دژە فرۆکە و بڵێسەی تیشکی ئەو پرۆجێکتەرانە دەترسا کە ئاسمانیان رووناک دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا (میپ) نەیوێرا لەگەڵ خۆی بیباتەوە ماڵێ، هەڵبەتە هیچ کەسێکیش ناوێری کاری لەوجۆرە بکات. چونکە بەڕێزانی ئەڵمان لەسزاداندا هەرگیز درێغی ناکەن!
(بیپ) تاوێ بیدەنگ بوو. چونکە کوڕەکەی هاوڕێی دەبێ بۆ بێگاری بەرەو ئەڵمانیا بچێت. ئەو هەموو جارێک دەترسێ نەوەک (گراوییەکەی) بەر تۆپ بارانی فڕۆکە بەریتانییەکان بکەوێ، ئەو فڕۆکانەی هەر یەک لە بۆمبەکانیان نزیکەی یەک ملیۆن کیلۆیە. ئەو نوکتە گەوجانەی وەکوو: «هەڵبەتە یەک ملیۆنی بەسەردا نابارێ» یاخود « ئەو تەنها یەک بۆمبی بەسە» بە کرچ وکاڵ دەبینم. بەڵام (گراوییەکەی) ئەو تەنها کەس نییە رەوانە بکرێ، رۆژانە، شەمەندەفەرەکان، لە کوڕەلاوان پڕ دەکەن ودەیانێرن. هەندێکیان خۆ دزینەوەیان بۆ دەڕەخسێ و هەڵدێن، بەتایبەتی کاتێ شەمەندەفەرەکە لە ئیزگەیەکی لاوەکی دەوەستێ، خۆیان دەشارنەوە. بەڵام رێژەیەکی کەم ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێت.
هەڵبەتە لاوانەوەی من هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە. تۆ تائێستا هیچت دەربارەی بە بارمتە گرتنی مرۆڤەوە بیستووە؟ ئەوان ئێستا ئەوەیان کردووە بە تازەترین رێبازی سزادان دژ بەو کەسانەی ئاژاوە وپشێوی دەنێنەوە. هەڵبەتە کاری لەوە ترسناکتر بە بیری هیچ کەسێکدا نەهاتووە. هاووڵاتیی ئاسایی بەرێز و بێتاوان دەستبەسەر دەکرێن بۆ ئەوەی چاوەڕوانی مەرگەساتیان بکەن. لەهەر جێگایەک پشێوی رووبدات و پشێویکاران ئاشکرا نەکرێن، ئەوا گیستاپۆ بە هەست وسۆزێکی پڕ لەئارامی پێنچ لەو بارمتانە لەپەنا دیوارێکی جێگای رووداوەکە گولەباران دەکەن. زۆربەی کاتیش ناوی کوژراوەکان لە رۆژنامەکاندا بڵاو دەکەنەوە. سەردێڕی تاوانکارییەکەش بە مانشێتی «چارەنووسێکی رەش» لە رۆژنامەکان بڵاودەکەنەوە.
ئەم ئەڵمانانە میللەتێکی زۆر سەیرن، خۆ رۆژێک لەرۆژان منیش لەوان بووم! بەڵام ئێستا نەخێر، هیتلەر دەمێکە ناسنامەی ئەو وڵاتەی لێ وەرگرتووینەوە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت، لە هیچ جێگایەکی ئەم جیهاندا دژایەتیەک نییە بارتەقای، دوژمنایەتی نێوان ئەڵمان و جوولەکە، بکا.
ئانا-ی تۆ

چوارشەممە، ١٤/١٠/١٩٤٢
کیتی گیان!
تابڵێی سەرقاڵم. دوێنێ بەشێکم لە کتێبەکەی «Labelle Nivernaise» وەرگێڕا و وشەکانم نوسینەوە. پاشان پرسیارێکی سەختی بیرکاریم ئەنجامدا، هەروەها سێ لاپەڕەی زمانی فەڕەنسی فێربووم. ئەمڕۆکەش نۆرەی وانەی مێژوو و فێربوونی زمانی فەڕەنسی بوو. پێموانییە بتوانم هەموو رۆژێک خۆم لە قەرەی بیرکاری بدەمەوە. باوکیشم زۆری خولیای نییە، هەندێک جار لەو باشتر دەرۆستیان دێم، خۆی لە بنەڕەتدا هەردووکمان چاکی لێنازانین و هەمیشە پەنا بۆ (مارگۆت) دەبەین. من لە فێربوونی ستینۆگرافدا چاپوکم، زۆریشم پێخۆشە، لە نێو هەرسێکماندا من زۆر لەوانی تر لەپێشترم. من کتێبی «De stormers» م خوێندەوە. بابەتێکی زۆر بەپێزبوو، بەڵام بەئەندازەی کتێبی «Joop ter Heul» خۆش نەبوو. شایانی گوتنە لە هەردوو کتێبەکەدا زۆرجار هەمان وشە بەکاردێن، هەڵبەتە هۆیەکەشی ئاشکرایە، چونکە هی هەمان نووسەرن. بەڕاستی «Cissy van Marxveldt» نوسەرێکی باڵادەستە. هەڵبەتە منیش دوارۆژ کتێبەکانی دەدەمە مناڵەکانم بۆ ئەوەی بیانخوێننەوە.
جگە لەوانە کۆمەڵێک کاری شانۆیی «Koerner»م خوێندەوە. من نوسینی ئەو پیاوەم زۆر پێ جوانە. بۆ نموونە «Hedwig»،»Der Vetter aus Bremen»، «Die Gouvernante»، «Der gruene Domino» … هتد.
من، دایکم و مارگۆت زۆر کۆکین، راستییەکەی ئەوەش زۆر باشترە. دوێنێ ئێوارێ من و(مارگۆت) پێکەوە لە سەر جێگاکەی من راکشابووین. شوێنەکە زۆر تەنگ بوو، هەربۆیە بوو بە سۆنگەی پێکەنینمان. داوای لێکردم ئەگەر بۆی هەبێ نامیلکەکانم بخوێنێتەوە. پێم گوت، بەڵام «تەنها چەند بڕگەیەک»، داوام لێکرد منیش ئەوانەی ئەو بخوێنمەوە. ئەویش رێگای پێدام.
پاشان چوینە سەر باسی دوارۆژمان، پرسیاری ئەوەم لێکرد دەیەوی ببێت بە چی. بەڵام ئەو نەیویست پێم بڵێ و کردی بە شتێکی قەبە و نهێنی. من هەستدەکەم ئەو حەزی بە مامۆستایی بێت. هەڵبەتە ئەوە تەنها مەزەندەیە و زۆر دڵنیانیم. لە ڕاستیدا نابێ من بۆ رازونیازی خەڵکی هێندە تاسەمەند بم.
ئەمڕۆ بەیانی لەسەر جێگاکەی (پیتەر) راکشابووم، پاش ئەوەی خۆیم لەوێ دەرپەڕاند. ئەو لێم زویر ببوو، بەڵام من بەهەند وەریناگرم. خۆ دەیتوانی هەندێک بە نەرمی قسەم لەگەڵدا بکا، چونکە دوێنێ ئێوارێ سێوێکم بە دیاریی داێی.
لە (مارگۆت)م پرسی، ئاخۆ ئەو منی بەلاوە پێ ناشرین بێت. گوتی گوایە من رووخۆشم و چاویشم جوانە. وه‌ڵامەکەی تۆزێک ئاڵۆزە، ئەی تۆش پێت وانییە؟
تا داهاتوو!
ئانا فرانک
تێبینی: ئەمڕۆ بەیانی هەموومان بۆ خۆکێشان چوینە سەر تەرازووەکە. (مارگۆت) ١٢٠ پاوەندە، دایکم ١٢٤، باوکم ١٤١، ئانا ٨٧، پیتەر ١٣٤، خاتوو (ڤان دان) ١٠٦، بەرێز (ڤان دان) ١٥٠. من لە ماوەی ئەو سێ مانگەی لێرە دەژیم ١٧ پاوەندم زیاد کردووە، زۆرە، وانیە؟

سێشەممە، ٢٠/ ١٠ /١٩٤٢
کیتی گیان!
سەرەڕای ئەوەی کە رووداوێکی تۆقێنەر دوو کاژێری بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام دەستەکانم هێشتا دەلەرزن. بۆ زانیاری تۆ، لەم باڵەخانەیەدا پێنج ئاگرکوژێنەوە هەن، چونکە ئەوانەی لە خوارەوە کار دەکەن، پێدەچێ زۆر ژیر و بە ئاوەز بن! کەسیان ئەوەیان بەبیردا نەهاتووە ئاگادارمان بکەنەوە لەوەی کە کرێکارێک، یا هەرچ ناوێکی تری لێدەنێن، دێتە ئێرە بۆ پڕکردنەوی ئەو ئاگرکوژێنەوانە. ئێمەش بێئاگا و دوور لەوەی بێدەنگی خۆمان بپارێزین، لەناکاو لەبەر دەرگا نهێنییەکە بوو بە تەقوهۆڕی چەکوچ وەشاندەن، لەوکاتەدا، بەڕێککەوت، من لەسەر پەیژەکانی بەرامبەر بەو دەرگایە بووم.
من دەم و دەس بیرم بۆ دارتاشی باڵەخانەکە چوو و یەکسەر (بیپ)م ئاگادارکردەوە، ئەوکات ئەو خەریکی نانخواردن بوو، نەکا بچێتە خوارێ، من و باوکم لەپشت دەرگاکەوە گوێمان هەڵخستبوو، چاوەڕوانی رۆیشتنی کابرا بووین. پاش چارەکە ساتێک کارەکەی جێبەجێ کرد، (ئێمە وامان هەستکرد!) چاکوچ و کەرەستەکانی تری لەسەر دۆڵابی بەر دەرگاکەمان دانابێ و لەدەرگاکە دەدا. رووخسارمان بەتەواوی سپی هەڵگەڕا! ئاخۆ دەبێ گوێی لە شتێکی ئێمە بووبێ و تەقەلای ئەوە بکا پەردە لەسەر ئەو نهێنیە مەزنەی پشتی دۆڵابەکەوە، هەڵماڵێ؟ وادیارە دەستبەرداری، لێدان، پاڵنان، کێشان و هەڵتەکانی دەرگاکە، نەبێ.
من لە ترسان خەریک بوو بێهۆش بم، لە بیری ئەوەدابووم ئەو پیاوە نەناس و دڕە بتوانێ حەشارگە جوانەکەمان ئاشکرا بکات. ئەو دەمە خۆزگەم بۆ ژیانێکی درێژخایانترم دەخواست. بەڵام لەناکاو دەنگی بەڕێز (کڵایمان)مان بەگوێدا هات، دەیگوت: «ئەو دەرگایە بکەنەوە، ئەوە منم.»
ئێمەش یەکسەر دەرگاکەمان واڵاکرد. ئێستاش بابزانین چی روویداوە؟ ئەو کەڵبەیەی دۆڵابەکەی بە دەرگاکەوە گرتبوو، گیرببو و لێک نه‌ترازا، هەر ئەوەش رێگری لێکردبوون لەوەی، پێشتر لەهاتنی کابرای دارتاش ئاگادارمان بکەنەوە. کابرا ئەوکات رۆیشتبوو، (کڵایمان)یش بەدوای (بیپ)دا هاتبوو، بەڵام دوڵابەکەی پێ لانەدرابوو. ناتوانم پێت بڵێم ئەوکات چەند ئاسوودە بووم. ئەو پیاوەی گوتمان بەنیازە بێتە ژوورێ، لە کەڵکەڵەی مندا کەسێکی کەتە و ەبەلاح دەهاتە بەرچاو، بەردەوام زلتر دەبوو تا دواجار فاشیستێکی بێ وێنەی خراپی لێ پەیدابوو. بەڵام خۆشبەختانە ئەمجارە بە باشی لێمان گوزەرا!
رۆژی دووشەممەمان بە خۆشی بەسەربرد. (میپ) و (جان) شەوێ لەلامان مانەوە. من و (مارگۆت) ئەوشەوە لەلای باوکودایکم نوستین، بەجۆرێک ماڵباتی (گیس) لە جێگاکەی ئێمە نوستن. سفرەوخوانی میوانەکان زۆر بەچێژ بوو. ناوبڕێکی بچووکی تێکەوت کاتێ لامپەکەی باوکم شۆرتی بە کارەبای ماڵەکە کرد، ئێمەش ناچار بەتاریکی ماینەوە. ئەی چی بکەین؟ لەگەڵ ئەوەی فیوزی تازەمان هەبوون، بەڵام دەبوایە بەتاریکی لە بەشی هەرە پشتەوەی لاگەرەکە بگۆڕدرێت، بە ئێوارانیش ئەوە کارێکی سانا نییە. بەڵام پیاوەکان جێبەجێیانکرد و پاش دە خولەک توانیمان مۆمەکان خامۆش بکەینەوە.
بەیانی زوو لەخەوێ رابووم. (جان) خۆی گۆڕیبوو، دەبوایە هەشتونیو بڕوا، بۆیە کاژێری هەشت نانی خوارد بوو و لەسەرەوە دانیشتبوو. (میپ)یش تازە خۆی گۆڕیبوو، کاتێ من چوومە ژوورێ کراسەکەی لەبەر کردبوو. ئەو هاوشێوەی ئەو پانتۆڵانەی ژێرەوەی منی لەپێدابوو کە من بۆ سواری پاسکیل لەبەرم دەکردن. پاش ژەمەخواردنێکی بەکاوەخۆ، (میپ) رۆیشتە خوارەوە. باران رەهێڵەی دەکرد. ئەو دڵخۆش بوو بەوەی لای ئێمە مایەوە و پێویستی بەوە نەکرد ئەمڕۆ بە پاسکیل بێتەوە سەر کارەکەی. من و باوکم پێکەوە نوێنەکانمان رێکخستنەوە، پاشان پێنچ دانە کرداری لادەر فێربووم. ئازام، وانیە؟
(مارگۆت) و (پیتەر) لە ژوورەکەی ئێمە سەرقاڵی خوێندنەوە بوون، پشیلە (ماوشی)یش لەلای (مارگۆت)ەوە لەسەر قەنەفەکە بوو. منیش پاش ئەوەی هەندێک کرداری دیکەی زمانی فەرەنسی فێربووم، چووم بۆلایان و دەستم بە خوێندنەوەی «Und ewig singen die Waelder» کرد، بەڕاستی کتێبێکی زۆر دانسقە و خۆشە، خەریکە تەواوی بکەم. هەفتەی داهاتووش (بیپ) بەنیازە شەوێ لەلامان بمێنێتەوە.
ئانا-ی تۆ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

زیندان و پێشمه‌رگایه‌تی له‌ كتێبی رستێك میروو دا

رانانی‌: خالد كاوێس قادر (جه‌نگاوه‌ره‌كان بۆگوڵ ده‌جه‌نگن، بێئه‌وه‌ی‌ فریای‌ بۆنكردنی‌ ...