سەرەکی » ئابووری » توركیاو نەوتی كوردستان: ئایا كۆمپانیای تۆپراش لەكاردەكەوێت؟

توركیاو نەوتی كوردستان: ئایا كۆمپانیای تۆپراش لەكاردەكەوێت؟

بەهرۆز جەعفەر

پەیوەندی توركیا بە كەركوكەوە لە دوای ریفراندۆم، پەیوەندی توركیا بە سعودیەوە دوای كێشە سیاسیەكانیان، پەیوەندی توركیا بە ئێرانەوە دوای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا، پەیوەندیی حكومەتی توركیا بە ئاستی پێداویستیەكانی ئەو وڵاتە بۆ نەوت‌و غازی سروشتی، پەیوەندییە خراپەكانی توركیا بە هۆی مەسەلەی قوبرسەوە بە قوبرسی یۆنانیەوە، دووری رووبەری جوگرافی توركیا لە روسیاوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەچاو ساڵانی رابردوو، هەمووی گەواهی ئەوەیە توركیا تووشی هەڵاوسانێكی ئابووریی دەبێت:
یەكەم: توركیا لە ساڵی 2016 بایی 60 ملیار دۆلار نەوت‌و غازی سروشتی كڕیوە، بەپێی پەیمانگەی ئاماری توركی (TÜİK) توركیا لەساڵی 2017دا 37,19 ملیار دۆلاری بۆ هاوردەكردنی وزە (نەوت و غاز) سەرفكردووە. لەساڵی (2018)دا (42,99) ملیار دۆلاری بۆ ئەو بوارە خەرجكردووە، ئەمەش دەكاتە (19,2%)ی بودجەی ئەو وڵاتە. بەگشتی توركیا ساڵانە لە نێوان (50 – 60) ملیار دۆلاری پێویستە بۆ هاوردەكردنی غازی سروشتی بە پلەی یەك‌و ئینجا نەوت لەهەر یەكە لەڕوسیا كە (52,94%)ی پێدوایستی غازی توركیا پێكدەهێنێت‌و پڕی دەكاتەوە، دوای ئەو ئێران (16,62%)ی پێداویستی غازی توركیا (ئەمە بێجگە لە نەوت) پێكدەهێنێت، هەروەها ئازەربایجان‌و نەیجیریاش بەشێكن لە پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی وزەی توركیا.

دەبێت كۆمپانیای ئۆپراش هەڵوەشێنێتەوە
لەساڵی (2019)دا پێشبینی دەكرێت بڕێكی زۆر زیاتر لە بودجەی توركیا بۆ كڕینی نەوت‌و غاز بێت لەدەرەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە خواستە نێوخۆییەكانی بۆ سوتەمەنی‌و بەنزین‌و كارپێكردنی كارگەكانی‌و تادوایی زیادیكردووە، هەروەها نرخی نەوتیش بەرزبۆتەوە.
دووەم: لەسەروبەندی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان تێكچوو، بەڵام نەوت‌و غازی سروشتی كوردستان تاكە ڕێگەیەكی نزیك‌و گونجاوە بۆ ئەوەی جێگەی نەوتی ئێرانی بۆ بگرێتەوە بۆ؟. چونكە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە توركیا كردووە لە بری ئێران ئەو بڕە لە سعودیەو ئیمارات بكڕێت، ئێ توركیا كێشەی سیاسیی قووڵی لەگەڵ سعودیەو ئیمارات هەیە!. ناتوانێت وا بە پەلەش هێڵێكی وا درێژ و بەڕووبەرێكی دوور لەڕوسیاوە رابكێشێت، پاشان هێنانی نەوتی ئۆراڵی قورسی روسیا بۆ دابینكردنی نەوتی خاو لە توركیا گرانتر دەكەوێت، ئەی چۆن جێگەی ئەو 150 هەزار بەرمیل نەوتە قورسە پڕ بكاتەوە كە رۆژانە لە ئێرانەوە هاوردەی دەكات؟. تەنها نزیكترین رێگەیەك هاوردەكردنی نەوتی مامناوەندی‌و قورسی هەرێمی كوردستانە.
سێهەم: كۆمپانیای تـۆپراشی توركی (Tüpraş) كە تەواوی پاڵیۆگە نەوتیەكانی توركیای دیزاین كردووەو بەڕێوەی دەبات، ئەو پاڵیوگانەی وا دروستكردووە كە تەنها نەوتی قورس بپاڵێون، ئەگەر توركیا ناچار بكرێت هەر جۆرێكی تر لە نەوت هاوردە بكات دەبێت كۆمپانیای ئۆپراش هەڵوەشێنێتەوە یان سەرلەنوێ جێگیری بكاتەوە (ئەوجا لەم كاتەدا كە لەناوخۆدا ئەردۆگان چەندە ناحەزی لەناو پارتەكەی خۆی‌و ئۆپۆزسیۆن بۆ قووت بونەتەوە دیار نییە چی تر لەمەدا دەردەكەوێت!؟).

دەرهێنانی غازی سروشتی
چوارەم: نەوتی كەركوك بۆ توركیا جێی مەبەستە، پێش لە 14ی ئۆگەستی 2014وە تا 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەموو رۆژێك لە كەركوكەوە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرا، بەڵام لەسەرەتای 2019وە تائێستا هەناردەی نەوتی كەركوك لەنێوان 40 بۆ 100 هەزار بەرمیلدا بووە. هەرچەندە پێشووتر توركیا كارئاسانی بۆ هەرێمی كوردستان دەكرد نەوتەكەی لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بكات، بەڵام ئەوە تەنها رێپێدانێكی رێژەیی بوو، چونكە توركیا نەیدەویست حكومەتی عیراق لەخۆی توڕە بكات.
پێنجەم: توركیا لەزاری وەزیری دەرەوە «مەولود چاوشئۆغلۆ» لە 26ی فێبریوەری 2019 رایگەیاند، لەبەرئەوەی قوبرسی یۆنانی گوێیان لێ ناگرێت، ناچارن ئەوانیش تاكلایەنە لەسنوری قوبرسە توركیە دەست بكەن بەدەرهێنانی غازی سروشتی، تەنانەت وتیشی «پێشتر كەشتیمان بۆ دەریای رەش دەنارد، لەمەولا بۆ دەریای سپی» (لەوە دەچێت سەردەمی خەیرەدین پاشا بێت كە وەزیری دەریاوانیەكەی دەوڵەتی عوسمانی «باربارۆس» ناونرابو جیهادی دەریایی‌و فەتحی ناوچە ئاوییەكانی دەكرد!). دیارە وەك پێنج ساڵە ئێمە لەهەرێمی كوردستان باسی گرنگی جیۆستراتجی‌و حەوزەی وزەی نێوان قوبرس- ئیسرائیل- میسر- یۆنان دەكەین. ئەوا لە 2019دا ئەم بابەتە بۆتە جێی مشتومڕ و تەواو پێگەیوە، لەمەشدا توركیا ئاوت دەكرێت.

ئابووریی توركیا لەساڵی 2019
شەشەم: لەڕۆژئاوای كوردستان (باكووری سوریا) بەتایبەتیش باكوری رۆژهەڵاتی سوریا كە پیش سەرهەڵدانی جەنگی سوریا رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، توركیا دوای داگیركردنی عفرین، ئێستا بەڕێگەی جۆراو جۆر لەهەوڵدایە لەناو ئەو شارانەدا ریفراندۆم ئەنجام بدات، تا لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیە ئیدارییەكانەوە لەئایندەیەكدا بڕێك نەوتی لەو ناوچەیە دەست بكەوێت. بەڵام بەبێ چارەسەركردنی گرفتی قوبرس‌و بەبێ رەزامەندی ئیسرائیل توركیا هیچ رۆلێكی لەوناوچانە نابێت كە دەكەونە سەردەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە).
كەواتە: ناسەقامگیری بازاڕی وزەی توركیاو هەڕەشە رۆژانەییەكانی ئەردۆگان لەملاولاو ناوخۆی پارتەكەی‌و درێژە كێشانی شەڕی پەكەكە وادەكات ئابووریی توركیا لەساڵی 2019دا دووچاری داتەپین ببێتەوە، هەروەك پێشبینیكراوە ئاستی ئابوورییەكەی بەڕێژەی (-3 %) داببەزێت.

  • سەرۆكی ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

زیاتر لە ملیارێك دینار بۆ كەسوكاری شەهیدانی سلێمانی خەرجكراوە

ئا: سامان فەریق لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019دا نزیكەی ...