سەرەکی » مانشێت » مەڵبەندی دووی یەكێتی: هەمیشە كەركوك بە قودسی كوردستان دەمێنێتەوە

مەڵبەندی دووی یەكێتی: هەمیشە كەركوك بە قودسی كوردستان دەمێنێتەوە

ساڵیادی سەركەوتنە گەورەكە لەسەر دەستی یەكێتی لە هەموو لایەك پیرۆز بێت
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، مەڵبەندی دووی رێكخستنی کەرکوکی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە، ئەمە دەقەکەیەتی:

خەڵكی بەشەرەفی كەركوك
‎شارە دڵسۆز و بەئەمەكەكەی كوردستان
‎كەس‌وكاری سەربەرزی شەهیدان
‎ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ئەمڕۆ ساڵێكی تەواو بەسەر هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕ دەبێت بەشاری كەركوكی شكۆداریشەوە، كە هەمیشە سەرمان پێی بەرزە و پیرۆزترین خاكی كوردستانە لەدڵماندا.
لەم رۆژەداو ساڵێك پێش ئێستا جەماوەرە بەئەمەك و كوردپەروەرەكەی كەركوك وەك هەموو جارەكانیتر دڵسۆزی و وەفاو چاكەی خۆیان بۆ لیستی یەكێتی و لیستەكەی مام جەلال دووپات كردەوەو وەك هەموو جارەكانیتر قەرزاری لوتف و پەرۆشی خۆیان كردین.
خرۆشانی كەركوكییەكان بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان و سەرخستنی لیستی یەكێتی، لەكاتێكدا بوو كە ئەم شارە بەبارودۆخێكی هەستیار و ئاڵۆزو پڕ مەترسیدا گوزەری دەكردو لەزۆر لاوە چارەنوسی ئەم شارە بەجێهێڵرابوو بۆ قەدەری نادیاری خۆی، ئەمەش وێستگەیەكی گرنگی خەباتی نەتەوەییمانە لەناو شاری كەركوك و بەدڵنیاییەوە مێژوو بەئاوی زێڕ دەینوسێتەوە.
لەقەیرانی كەركوكدا یەكێتی بڕیاریدا بمێنێتەوە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو ڕكابەری بكات و ئەوەبوو بەپاڵپشتی جەماوەرە دڵسۆزەكەی بڕوانامەیەكیتری لەسەر كوردستانیبوونی شارەكە بەدەستهێنا لەرێگای بەدەستهێنانی شەش كورسی بەتەنها لەنوێنەرایەتیكردنی كەركوك لەپەرلەمانی عێراق.
كوردستانیان، ئەوەی یەكێتی كردی شاندانە بەر بەرپرسیارێتییەكەی گەورەو هەستیار بوو.. لەیەك كاتدا جگە لە هێزە عێراقییەكان لەهەندێ لایەنی كوردستانیشەوە گوشار و شەڕی دەروونی و میدیایی لەسەر بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی كەركوك لای یەكێتی چارەنوس و ئایندەشە، لەناو شار مایەوەو لە 12ی ئایاری 2018دا نەبەردییەكی تری سیاسی و یاسایی تۆماركرد و جارێكیتر سەلماندییەوە كەركوك و یەكێتی ئاوێزانی یەكترن و كوردانی ئەم شارە شەرەف و ئەركی نوێنەرایەتیكردنی خۆیان بە كاندیدەكانی یەكێتی بەخشی.
هەرچی بوترێت لەسەر خەم‌و ژان‌و ئازاری كەركوكییەكان لەم دوو ساڵەی دواییدا هەر كەمەو هەرچیش بكرێت بۆ قەرەبووكردنەوەیان لەئاستی بەخشینی ئەواندا نییە، بەڵام بەدرێژایی مێژوو میللەتی ئێمە لەنسكۆو سەردەمە تاریكەكانەوە بەردی بناغەی رزگاریی داڕشتوەو سەرباری هەموو پیلان و گەلەكۆمەكان، هەر بەسەربەرزیی و نەبەردی ماوەتەوە و بەدڵنیایی ئایندەی ئەم شارەش هەروا دەبێت.
ئێمە جارێكیتر ئاڵای كوردستانمان گێڕایەوە بۆ كەركوك، ملمان بۆ هاوكێشەی سەپێنراوی پارێزگاكە نەداو لەگەڵ لیستە عێراقییەكان بەتەنها چووینە ركابەریی هەڵبژاردن، بەردەوام بەرگریی ئەكەین لەشوناس و پێگەو ئەو پۆست و پایانەی لەساڵانی ڕابردوودا بەر پێكهاتەی كورد كەوتوون و ئەمەش بەئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین بەوپێیەی ئەم شارە ئەمانەتی سەرۆك مام جەلال و ئەو قودسەیە كە ئەو بۆی دیاری كردوین.
كە یەكێتی ئەو سەركەوتنە پەرلەمانییە گەورەیەی بەدەستهێنا، گومان و تەمومژی زۆر دروستكران بۆ ڕاگرتن و پاشقول لێگرتنی و رێگا نەما بۆ ئەمە نەخرێتە گەڕ، بەڵام لەمەشدا ویست و ئیرادەی كەركوكییەكان و شوناسی كوردانەی ئەم شارە بەڕابەرایەتی یەكێتی سەركەوت و جارێكیتر بەسەركەوتویی لەو تاقیكردنەوانە دەرچووین و ئەوەتا ئێستا ئاهەنگ بۆ ساڵیادی سەركەوتن دەگێڕین.
ئەم دۆخەی ئێستا لەكەركوك هەیە هێشتا بەدڵی ئێمە نییە، بەڵام بۆ ساتێكیش كەمتەرخەمی لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی كەركوك و مافەكانی كورد لەم شارە ناكەین و هەمیشە خوێنی ڕژاوی شەهیدان لەپێناو ئەم شارەدا مەشخەڵی رێگامانەو رێگای سەختمان بۆ ڕووناك دەكاتەوە.
یەكێتی كە ئێستا بەرپرسیارێتی قانونی و ئەخلاقی نوێنەرایەتی كەركوكی لەئەستۆدایە، باش باش لەگلەیی و دڵشكانی كەركوكییەكان دەگات و هەر ئەویشە درێغی ناكات لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان و نوێنەری ئەوانە بۆ دامودەزگا یاسایی و دەستورییەكانی بەغداو بەردەوامیش دەبێت بۆ ئەوەی هەوڵەكان بەرەوپێشچون بەدەستبهێنێت تاكو ئایندەمان گەش بێت بەدڵنیایی لە رۆژگاری داهاتووشدا پێشهاتی خۆشتر لەڕێگایە.
ئێمە، كە خوێندكارو درێژەپێدەری رێبازی مام جەلال-ین خۆمان بە قەرزاری كەركوك و كەركوكییەكان دەزانین و بەڵێن دووپات دەكەینەوە هیچ كات و لە هیچ هەلومەرجێكدا لە ژێر هیچ پاساوێكدا دەستبەرداری كەركوك نابین و بۆ هەمیشە لە هزری ئێمەی یەكێتیدا كەركوك بەقودسی كوردستان دەمێنێتەوەو ساڵیادی سەركەوتنی گەورەی نوێنەرایەتی كوردیش لەم شارە لەسەر دەستی یەكێتی لەهەموولایەك پیرۆز بێت.
‎بژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
‎بەرزو پیرۆز بێت ئاڵای كوردستان

ئاسۆ مامەند
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوك

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەلا بەختیار: ئەوەی گەرەنتییە، تەنها و تەنها تەبایی كورد خۆیەتی

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، جەختیكردەوە كە لەئێستاو رابردووشدا ئەوەی ...