سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » مه‌حمود ده‌ورێش: هه‌رچی كردم كاریگه‌ر نه‌بم به‌ سه‌لیم به‌ره‌كات (سه‌لیمۆ) به‌ڵام نه‌متوانی!

ناسراوترین نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندانی دیمه‌شق كوردن

مه‌حمود ده‌ورێش: هه‌رچی كردم كاریگه‌ر نه‌بم به‌ سه‌لیم به‌ره‌كات (سه‌لیمۆ) به‌ڵام نه‌متوانی!

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

به‌شی هه‌شته‌م

دیمه‌نی كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كی كوردان له‌بری دڵرفێن و جوان و سه‌رنج راكێش بێت، ده‌یبردیته‌وه‌ نێو دیمه‌نی ئاواره‌یی و ناخۆشییه‌كانی گه‌لی كورد به‌درێژایی مێژوو. سیمای خه‌ڵكه‌كه‌و بێ‌ ره‌نگی شه‌قامه‌كان و خراپی رێگاوبانه‌كانی، ده‌یبردیته‌ ناو مێژویه‌كی پڕ ناخۆشیی و ئازاری میلله‌تێكی خاك پارچه‌ پارچه‌كراو، كه‌ تائێستا له‌هیچ پارچه‌یه‌كی نه‌یتوانیوه‌ ئارامبگرێت و خه‌می كوشتن و بڕین و ئاواره‌یی نه‌بێت! بگره‌ ئاواره‌یی و ئاینده‌ی‌ نه‌وه‌كانی بۆته‌ مۆته‌كه‌یه‌ك به‌رده‌وام به‌دوای‌ هه‌موو ئه‌و میلله‌ته‌یه‌وه‌یه‌.
بیرم ده‌كرده‌وه‌ میلله‌تێك له‌نێو ئه‌و هه‌موو ئازاره‌دا بتوانێت هه‌م بمێنێته‌وه‌و هه‌میش بتوانێت ته‌حه‌دای ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌پساوه‌ ناخۆشه‌ بكات و رۆڵی كاریگه‌ر له‌نێو ئه‌و هه‌موو سته‌مه‌ بگێڕێت، ئه‌وا ئازایه‌تییه‌كی بێوێنه‌یه‌. بۆیه‌ ده‌بینین سه‌رباری چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام، كه‌چی له‌سوریا به‌گشتیی و له‌شام به‌تایبه‌تی، كه‌ڵه‌پیاوی دیاری مێژوویی سه‌دان هونه‌رمه‌ندو نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس و ده‌ستڕه‌نگینی لێ‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌.
له‌نێو گۆڕستانی شێخ خالد كه‌مێك گه‌ڕام تا سه‌ركێڵی گۆڕه‌كان بخوێنمه‌وه‌ بزانم كێی‌ دیكه‌ی‌ ناسراوی لێیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ گۆڕه‌كان یان كێله‌كانیان هیچی له‌سه‌ر نه‌نوسرابوو، یان زۆر كۆن بوون و نوسینی سه‌ر كێله‌كان كاڵ ببونه‌وه‌و نه‌ده‌خوێندرانه‌وه‌ ئه‌وا نه‌متوانی هیچ سوود ببینم.
بونی سێ‌ ملیۆن كورد له‌سورریا كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ به‌پێی‌ دوایین ئاماری 2017 كه‌متره‌ له‌ 18 ملیۆن كه‌س، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ دروستده‌كات.
له‌ماوه‌ی‌ دوای‌ دروستبونی ده‌وڵه‌تی سوریا له‌دوای‌ 1920، ده‌یان و سه‌دان كه‌سایه‌تی ناسراوی سیاسی و سه‌ربازیی و ئه‌دیب و شاعیرو ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌شی كورد له‌سوریا هه‌ڵكه‌وتوون. بۆنمونه‌ محه‌مه‌د عه‌لی عابد، یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری سوریا له‌ 1932 – 1936. شوكری قوه‌تلی سه‌رۆك كۆماری‌ سوریا له‌ 1943-1949 به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورده‌. حوسنی زه‌عیم سه‌رۆك كۆماری‌ سوریا كه‌ له‌ڕێی‌ كوده‌تا له‌ 1949 هاته‌ سه‌ركارو هه‌مان ساڵ له‌كارخرا. فه‌وزی سلۆ سه‌رۆك كۆماری سوریا له‌ 1951 تا 1953. ئه‌دیب چیچه‌كلی سه‌رۆك كۆماری‌ سوریا له‌ 1953 -1954..تد.
له‌پاڵ سیاسه‌تدا، ده‌یان و سه‌دان هونه‌رمه‌ندو شاعیرو ده‌ستڕه‌نگین له‌سوریا به‌گشتیی كورد بوون، یان كوردن. بۆنمونه‌ محه‌مه‌د كورد عه‌لی بیرمه‌ندو ئه‌ده‌بدۆست كه‌سایه‌تی ناسراوی دیمه‌شق، سه‌رۆكی كۆزانستی زمانی عه‌ره‌بی بوو له‌ 1919 تا 1953، یه‌كه‌م وه‌زیری په‌روه‌رده‌و زانیاریی بوو، داكۆكیارێكی سه‌رسه‌ختی زمانی عه‌ره‌بی بوو!
خالید تاجا كه‌ ئه‌ستێره‌ یان ناسراوترین هونه‌رمه‌ندی سوریا بوو له‌ 2012 كۆچی دواییكرد. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ مه‌حمود ده‌روێشی شاعیری عه‌ره‌ب ناوینابوو ئه‌نتۆنیۆ كوینی عه‌ره‌ب، ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌توانایی و لێهاتوییه‌وه‌ له‌نواندن و هونه‌ردا.
سه‌لیم به‌ره‌كات گه‌وره‌ رۆماننوسی سوریا، یه‌كێكه‌ له‌دیارترین رۆماننوس به‌زمانی عه‌ره‌بیی، ئێستا له‌ئه‌وروپا ده‌ژیت. عه‌بدوره‌حمان ئال ره‌ش، ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌ناسراوترین هونه‌رمه‌ندانی سوریاو له‌ 2014 كۆچی دواییكرد.
ته‌لحه‌ت حه‌مدی، یه‌كێكه‌ له‌ناسراوترین هونه‌رمه‌ندانی سوریا، له‌ گه‌ڕه‌كی كوردان له‌دایكبووه‌ (1946- 2012 ).
له‌نه‌وه‌ی‌ نوێی‌ هونه‌رمه‌ندان: كاریس به‌شار، وائیل ره‌مه‌زان، مونا واسف، نیهاد قه‌لعی كوردی، عه‌بیر شه‌مس، سوزان نه‌جم، به‌سام مه‌لا كوردی (ده‌رهێنه‌ر). هه‌روه‌ك له‌هونه‌ری‌ ته‌شكیلیدا ده‌بینین له‌نه‌وه‌ی‌ نوێ و كۆندا كورد باڵاده‌ست بووه‌، وه‌كو عومه‌ر حه‌مدی، به‌هره‌م حاجۆ، به‌شار عیسا، سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د كه‌ له‌دایكبوی عه‌فرینه‌، ئه‌وانه‌ ناسراوترین هونه‌رمه‌ندانی ته‌شكیلی سوریان و هه‌ندێكیان له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش ناسراون.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ باسمكردوون، یان كوردبونی خۆیان ئاشكرا نه‌كردووه‌، یان ته‌نها له‌نوسینی ژیاننامه‌یاندا نوسراوه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردن، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌یان به‌ڕونی وتویانه‌ ئێمه‌ كوردین و به‌شێك له‌به‌رهه‌مه‌كانیشیان باسی خه‌م و ئازاری گه‌لی كوردی له‌سوریا كردووه‌.
پرسی نوسینی نوسه‌رانی كورد له‌ پارچه‌كانی كوردستان به‌زمانی كوردی و له‌سه‌ر پرسی كورد، قسه‌ی‌ زۆری له‌باره‌وه‌ كراوه‌، هه‌روه‌كو چۆن له‌باسی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبییدا مشتومڕی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ڵاحه‌دین كورده‌ یان نا؟ چونكه‌ نه‌ كاری بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد كردووه‌و نه‌ له‌سه‌ر خاكی كوردستان كاربه‌ده‌ست بووه‌و نه‌شتێكی بۆ كورد جێهێشتوه‌ مۆركی كوردایه‌تی پێوه‌بێت.
به‌شێك له‌نوسه‌رانی كورد، له‌توركیا یان سوریا یان ئێران، ته‌نانه‌ت له‌عیراقیش كه‌ ماوه‌یه‌كی درێژه‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد كه‌مێك له‌پێشتره‌، به‌كوردی نه‌یاننوسیوه‌و له‌نوسینه‌كانیشیان باسی كوردیان نه‌كردووه‌! هه‌یشه‌ به‌كوردی نه‌ینوسیوه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ته‌رخانكردووه‌ بۆ باسكردنی ئازاری نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌، بۆنمونه‌ یه‌لماز گۆنای گه‌وره‌ترین ده‌رهێنه‌رو فلمسازی توركیا كه‌ نه‌یده‌توانی به‌كوردی قسه‌بكات، به‌ڵام فلمه‌كانی باسی ئازارو مه‌ینه‌تی گه‌لی كوردی ده‌كرد، هاوكات سه‌لیم به‌ره‌كات كه‌ گه‌وره‌ترین رۆماننوسی كورده‌ به‌زمانی عه‌ره‌بیی ده‌نوسی و له‌به‌شێك له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا باسی ئازاری كوردی كردووه‌.
یه‌كێك له‌گرفته‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی نوسین به‌زمانی دایك له‌سوریا، ئه‌و بارودۆخه‌ ته‌نگ و پڕ ئاسته‌نگه‌ بووه‌ كه‌ رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی سوریا به‌سه‌ر گه‌لی كوردیان سه‌پاندووه‌، به‌جۆرێك له‌هه‌موو مافێكی قه‌ومی بێبه‌شی كردوون و ته‌نانه‌ت تا چه‌ند ساڵی دوایی رژێمی سوریا نكۆڵی له‌بونی كورد ده‌كرد، چجای زمان و كلتورو مافی نه‌ته‌وه‌یی. به‌تێپه‌ڕبونی ده‌یان ساڵ و نه‌بونی خوێندن و فێربونی زمانی كوردی و هیچ داموده‌زگایه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌و رۆژنامه‌ی‌ كوردی و رێگری كردن له‌هه‌ر نوسینێك كه‌مۆركی كوردی پێوه‌بێت، بێگومان نه‌وه‌یه‌ك به‌رهه‌مدێت ره‌نگه‌ نه‌ك نه‌توانێت به‌كوردی بنوسێت، بگره‌ ناتوانێت به‌زمانی دایكی قسه‌بكات. بۆیه‌ سه‌لیم به‌ره‌كات له‌ده‌ربڕینێكی كورتیدا له‌باره‌ی‌ بێتوانایی له‌نوسین به‌زمانی كوردیدا ده‌ڵێت نوسه‌رانی كورد له‌سوریا، بونه‌ته‌ دیلی زمانی عه‌ره‌بی! واته‌ ناچارن به‌زمانی عه‌ره‌بی بنوسن چونكه‌ زمانی خوێندن و نوسین بووه‌و ناتوانن به‌كوردییه‌كی ره‌وان و كاریگه‌ر بنوسن، له‌كاتێكدا سه‌لیم به‌ره‌كات كه‌ كورد پێی‌ ده‌ڵێن (سه‌لیمۆ) به‌زمانێكی عه‌ره‌بی وه‌ها ده‌نوسێت، ئه‌دۆنیس شاعیری گه‌وره‌ی‌ عه‌ره‌ب له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: سه‌لیم به‌ره‌كات ئه‌و كورده‌ی‌ كلیلی زمانی عه‌ره‌بی له‌گیرفانیه‌تی! به‌ومانایه‌ی‌ به‌زمانێكی عه‌ره‌بی جیاواز ده‌نوسێت. مه‌حمود حوسنی ره‌خنه‌گری دیاری عه‌ره‌ب ده‌ڵێت ئه‌و زمانه‌ی‌ سه‌لیم به‌ره‌كات پێی‌ ده‌نوسێت سامانێكی گه‌وره‌ی‌ زمانه‌وانیی زمانی عه‌ره‌بییه‌! ته‌نانه‌ت مه‌حمود ده‌روێش كه‌ شاعیرێكی گه‌وره‌و ناسراوی عه‌ره‌به‌، ده‌ڵێت زۆرم هه‌وڵدا به‌ سه‌لیم به‌ره‌كات كاریگه‌ر نه‌بم!! به‌ومانایه‌ی‌ نه‌متوانی كاریگه‌ر نه‌بم.
له‌پاڵ ئه‌و هونه‌رمه‌ند و نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسانه‌ی‌ كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بیی نوسیویانه‌و له‌سه‌ر ئاستی سوریا زۆر ناسراون، ده‌بینین ده‌ستڕه‌نگینی راسته‌قینه‌ی‌ كورد له‌رۆژئاوای كوردستان كه‌م وێنه‌یه‌. ده‌بینین ئۆسمان سه‌بری و جه‌لاده‌ت به‌درخان، كامه‌ران به‌درخان..تد. له‌ماوه‌ی‌ دوای 1991 واته‌ دوای‌ راپه‌ڕینی باشوری كوردستان بزوتنه‌وه‌یه‌كی كزی سیاسی و ئه‌ده‌بی له‌رۆژئاوای كوردستان دروستبوو، بۆنمونه‌ گۆڤاری ئاسۆـ گولستان، یان گورزه‌ گول به‌زمانی كوردی به‌نهێنی ده‌ركراون، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئه‌ركی شه‌خسی و دوور له‌هاوكاری حزبیی، به‌ڵام درێژه‌یان نه‌كێشاوه‌ له‌به‌ر باری سیاسی و دارایی.
له‌دوای‌ 2003 واته‌ روخانی سه‌دام و دواتر له‌ 2011 وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری نوسه‌رانی كورد هه‌ر به‌زمانی كوردی و به‌پیتی لاتینی ده‌نوسن و پێشكه‌وتنێكی خێرا هاتۆته‌ دی. ئێستا زانكۆ به‌زمانی كوردی كراوه‌ته‌وه‌و خوێندنی كوردی كراوه‌ته‌ خوێندنی سه‌ره‌كیی له‌شاره‌كانی كوردستانی سوریا.
دره‌نگانی ئێواره‌ هاتینه‌وه‌ هیچ مه‌وعیدێكم نه‌بوو، ئه‌وانه‌ی‌ له‌گه‌ڵم بوون بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ گه‌ڕه‌كی كوردان لێم دابڕان و رۆیشتن. بۆ ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ چومه‌ بازاڕو شوێنه‌ قه‌ره‌بالغه‌كانی دیمه‌شق، مه‌به‌ستم بوو بچمه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ زیاتر ناسراو شه‌عبین.
پیاسه‌ی‌ ئێوارانی بازاڕی دیمه‌شق تامێكی تایبه‌تی هه‌یه‌. بازاڕێكی زیندوو به‌جوڵه‌یه‌، جا له‌لایه‌ك هاوارهاوار ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستگێڕو عه‌ره‌بانچیانی سه‌ر شه‌قامه‌كان بگره‌ تا پلارو توانجی به‌شێك له‌دوكانداران له‌ كچانی نازه‌نینی دیمه‌شق، تا ده‌گاته‌ بۆن و به‌رامه‌ی‌ دوكان و فه‌رموو فه‌رمووی شاگردانی خواردنگه‌و چێشتخانه‌كان! ئه‌مانه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێشه‌و هه‌ست به‌بێزاری گه‌ڕان و پیاسه‌ی‌ ئه‌و بازاڕانه‌ ناكه‌یت.
یه‌كێك له‌وشوێنانه‌ی‌ چووم گۆڕه‌پانی مه‌رجه‌ بوو، گۆڕه‌پانێكی گه‌وره‌ی‌ ماندوو بوو. ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ له‌ناوه‌ڕاستی دیمه‌شقه‌، ده‌وردراوه‌ به‌خواردنگه‌و شیرینی و دوكانی جلفرشتن و قاوه‌خانه‌ی‌ كۆن. وه‌ك گۆڕه‌پان و دیمه‌ن، شوێنێكی سه‌رنجڕاكێش و خوش بوو، به‌ڵام ماندوێتی ئه‌و وڵاته‌ بێگومان به‌روخساری ئه‌و بازاڕه‌شه‌وه‌ دیاربوو. له‌و گۆڕه‌پانه‌ مزگه‌وتی سه‌یفه‌دین یه‌لبه‌غا یه‌حیاویی لێیه‌ كه‌ مزگه‌وتێكی كۆنه‌ له‌مێژووی ئیسلامدا، له‌به‌رده‌م ئه‌و مزگه‌وته‌و له‌ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانی مه‌رجا، ده‌یان و سه‌دان كه‌س دانیشتون. ئه‌وه‌ی‌ سه‌رنجمدا ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر له‌وانه‌ی‌ دانیشتبوون عه‌ره‌بی عیراقیی بوون نه‌ك خه‌ڵكی دیمه‌شق. زۆربه‌یان به‌جلێكی شڕو سه‌روسیمای تۆزاوییه‌وه‌، هه‌ژاری به‌ڕه‌نگوڕویانه‌وه‌ دیاربوو!
له‌دوای‌ روخانی سه‌دام، ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر له‌ئه‌ندام و لێپرسراوانی باڵای به‌عس و هاوكارانی ئه‌و رژێمه‌ به‌تایبه‌ت له‌ عه‌ره‌بی سوننه‌و هاوكات ئه‌و كوردانه‌ی‌ به‌عسی بوون یان جاش بوون، یاخود هاوكاری رژێمی به‌عسیان كردبوو له‌ تیرۆركردن و شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه‌و هاونیشتیمانیانی كورد رویان له‌سوریا كرد.
زۆرترین سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوانی به‌عس له‌دوای‌ روخانی سه‌دام، له‌سوریا مانه‌وه‌، بۆنمونه‌ محه‌مه‌د یونس به‌ئاشكرا له‌دیمه‌شق كۆبونه‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی به‌عسی ده‌كردو له‌وێ‌ پلانی كارو چالاكییه‌ تیرۆرییه‌كانی ناوخۆی عیراقیان داده‌ڕشت. به‌پێی‌ ئاماری ناڕه‌سمیی له‌گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕی ناوخۆی عیراق له‌دوای‌ 2003 ژماره‌ی‌ راكردووه‌كانی عیراق بۆ سوریا گه‌یشته‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س، به‌ڵام ئه‌و رێژه‌یه‌ هه‌مویان به‌عسی نه‌بوون، به‌ڵكو رێژه‌یه‌كی زۆریان به‌هۆی توندوتیژیی و شه‌ڕی نیوان شیعه‌و سوننه‌ له‌به‌غداو ده‌وروبه‌ری روویان له‌سوریا كرد.
زۆربه‌ی‌ به‌عسییه‌كان یان سوننه‌كانی عیراق له‌ناوچه‌ی‌ جه‌رمانا له‌ ده‌وره‌به‌ری‌ دیمه‌شق نیشته‌جێ بوون و ئێستا ده‌یان دوكان و بازاڕیان كردۆته‌وه‌و ئه‌گه‌ر سه‌ردانی جه‌رمانا بكه‌یت به‌ڕونی هه‌ست به‌بونی عه‌ره‌بی سوننه‌ی‌ عیراقی له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كه‌یت، ته‌نانه‌ت عیراقییه‌كان ناویان له‌جه‌ره‌مانا نابوو (كه‌ڕاده‌) وه‌ك چۆن كه‌ڕاده‌ له‌به‌غدا هه‌یه‌، هه‌روه‌ك ناویان له‌ ناوچه‌ی‌ سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب نابوو ئه‌عزه‌مییه‌.
له‌دوای‌ 2008 و كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق به‌پێی‌ رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت، هاوكات ئارامبونه‌وه‌ی‌ دۆخی ئه‌منی، زۆربه‌ی‌ ئه‌و عیراقیانه‌ی‌ رایانكردبوو گه‌ڕانه‌وه‌ عیراق و شاره‌ سوننه‌ نشینه‌كان.
كورده‌كانیش به‌تایبه‌ت مسته‌شارو جاشه‌ ناسراوه‌كانی به‌عس بیریان له‌ رووكردنه‌ ئه‌وروپا یان ئه‌مریكا نه‌كرده‌وه‌، چونكه‌ ده‌یانزانی روبه‌ڕووی ده‌ستگیركردن و راوه‌دونان ده‌بونه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ندێكیان چونه‌ ئوردن و له‌وێ‌ نیشته‌جێ بوون، هه‌ندێكیشیان به‌نهێنی گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان و ئێستا به‌بێده‌نگی دوور له‌بینین و ده‌ركه‌وتن ده‌ژین!.
دره‌نگانێك و دوای‌ رۆژئاوابوون من هه‌ر له‌ له‌گۆڕه‌پانی مه‌رجه‌و ده‌وروبه‌ری‌ بووم. دوكان و بازاڕ به‌ره‌به‌ره‌ داده‌خران، منیش به‌پیاسه‌ به‌پێ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ شوێنی مانه‌وه‌م. به‌لامه‌وه‌ سه‌یربوو زوو بازاڕ داده‌خرێت، چونكه‌ ئه‌وان به‌یانیان زۆر دره‌نگ بازاڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بوو دره‌نگ دایبخه‌ن، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو. منیش شه‌و مه‌وعیدم هه‌بوو له‌گه‌ڵ سالار ئه‌وسی، نه‌مده‌زانی بۆ كوێیه‌، به‌ڵام وه‌عدی دابومێ بمباته‌ شوێنێكی نوێ‌ و بۆمن تازه‌و سه‌رنجڕاكێش بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بوونی یه‌ك ملیۆن كورد ته‌نها ژماره‌ نییه‌…

بوونی یه‌ك ملیۆن كورد ته‌نها ژماره‌ نییه‌ به‌ڵكو كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌یان ...