سەرەکی » وەرزش » نه‌یشنس لیگ به‌ کوێ گه‌یشت؟

نه‌یشنس لیگ به‌ کوێ گه‌یشت؟

نه‌یشنس لیگ یاخود خولی تۆپی پێی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا، دوا هه‌نگاوی خۆی ناو پاڵه‌وانی یه‌كه‌م خول ده‌ركه‌وت.
ئه‌م خوله‌ له‌به‌رنامه‌ی نوێی یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌وروپادا بۆ یه‌كه‌مجاره‌ رێكده‌خرێت، خولێكه‌ جیاواز له‌سه‌رجه‌م خوله‌كانی تری ئه‌وروپا به‌ خولی یانه‌و هه‌ڵبژارده‌كانیشه‌وه‌ پاڵاوتنی تیادا نییه‌ و سه‌رجه‌م هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپا له‌مپه‌ڕی به‌هێزترین هه‌ڵبژارده‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی لاوازترین هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌و كیشوه‌ره‌ به‌بێ جیاوازی به‌شداریی تایدا ده‌كه‌ن.
ئه‌م خوله‌ كاتی خۆی له‌ ستادیۆمدا راپۆرتێكی دورو درێژمان له‌سه‌ر بڵاو كرده‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوله‌كه‌ش كۆتاییهات و له‌ ژماره‌ی پێشووی ستادیۆمیشدا به‌ڵێنی ئه‌وه‌ماندا راپۆرتێكی له‌سه‌ر ئاماده‌ ده‌كه‌ین، وا جارێكی تر ئه‌م راپۆته‌ی تری له‌سه‌ر ئاماده‌ ده‌كه‌ینەوە.
سه‌ره‌تا ئه‌بێت ئه‌وه‌ بووترێت كه‌ سه‌رجه‌م هه‌ڵبژارده‌كان به‌سه‌ر چوار ئاستدا (ئه‌ی، بی، سی، دی) یان چوار خولدا دابه‌شكراون، دابه‌شكردنه‌كه‌شیان به‌پێی ریزبه‌ندییانه‌ له‌ ریزبه‌ندی فیفادا، هه‌ر ئاستێكیش چوار گروپ هه‌ڵبژارده‌ی له‌ خۆ گرتووه‌.
ئاستی یه‌كه‌م (خولی یه‌كه‌م)
ئه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ له‌ سێ خوله‌كه‌ی تر جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه،‌ یه‌كه‌م: پاڵه‌وانی ئه‌وروپای تیا ده‌رده‌كه‌وێت، دووه‌م: ئه‌وه‌یه‌ چوار هه‌ڵبژارده‌ بۆ خولی دووه‌م داده‌به‌زن.
ئه‌م خوله‌ یان ئه‌م ئاسته‌ چوار گروپ بووه‌، هه‌ر گروپه‌ سێ هه‌ڵبژارده‌ی له‌خۆ گرتبوو، له‌ ئه‌نجامی یارییه‌كانی قۆناغی گروپه‌كان:
-1هۆڵه‌نداو سویسسراو ئینگلته‌راو پورتوگال یه‌كه‌می گروپه‌كانیان بوون و بۆ قۆناغی چوارگۆشه‌ی زێڕینی خول یان ئاستی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتن.
-2هه‌رچوار هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ئیسپانیاو ئیتالیا و فه‌ره‌نساو به‌لجیكاش دووه‌می گروپه‌كان بوون و له‌خوله‌كه‌دا ماونه‌ته‌ووه‌.
-3هه‌ر چوار هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا و ئایسله‌نداو پۆڵه‌نداو كرواتیا سێیه‌میی گروپه‌كان بوون و بۆ ئاست یان خولی دووه‌می نه‌یشنس لیگ دابه‌زین.
چوارگۆشه‌ی زێڕین
له‌ ئه‌نجامی قورعه‌ بۆ هه‌ر چوار هه‌ڵبژارده‌كه‌ی یه‌كه‌می گروپه‌كان، دوو یاریی قۆناغی چوارگۆشه‌ی زێڕینی ئه‌م ئاسته‌ یان ئه‌م خوله‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌رچوو کە رۆژانی 5 و 6 ی ئه‌م مانگه‌ش دوو یارییه‌كه‌ كران و ئه‌نجامه‌كانیان به‌مجۆره‌ بوو:
*پورتوگال×سویسرا (3-1).
*هۆڵه‌ندا×ئینگلته‌را (3-1).
دەبێت دوێنێ یەکشەممەش پورتوگال و هۆڵەندا یاریی کۆتاییان کردبێت.

ئاستی دووه‌م (خولی دووه‌م)
له‌م ئاسته‌ یان خوله‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی ئاستی یه‌كه‌مه‌وه‌ ته‌نیا سه‌ركه‌وتن بۆ خولی یه‌كه‌م و دابه‌زین بۆ خولی پله‌ سێی تیا ده‌ركه‌وت به‌مجۆره‌:
-1هه‌رچوار هه‌ڵبژارده‌ی (ئۆكرانیاو سوید و بۆسنه‌و هه‌رسك و دانیمارك) بۆ ئاستی یه‌كه‌م یان خولی پله‌ یه‌ك سه‌ركه‌وتن و جێگه‌ی چوار هه‌ڵبژارده‌ دابه‌زیوه‌كه‌ (ئه‌ڵمانیا و ئایسله‌نداو پۆڵه‌نداو كرواتیا) یان گرته‌وه‌ و ساڵی ئاینده‌ له‌و خوله‌دا یاریی ده‌كه‌ن.
-2هه‌رچوار هه‌ڵبژارده‌ی (چیك و نه‌مساو روسیا و وێڵز) له‌ خوله‌كه‌دا مانه‌وه‌ چونكه‌ پله‌ی دووه‌می گروپه‌كه‌یان گرت.
-3هه‌ر چوار‌ هه‌ڵبژارده‌ی (سلۆڤاكیا و توركیا و ئایرله‌ندای باكوور و وێڵز) یش بۆ خولی پله‌ سێ دابه‌زین، چونكه‌ سێیه‌می گروپه‌كه‌ بوون.
ئاست یان دوو خوله‌كه‌ی تر
دیار ئه‌مه‌ی بۆ ئاست یان خولی دووه‌م وتمان بۆ ئاست یانه‌ هه‌ردوو خولی پله‌ سێ و چواریش راسته‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ خولی چواره‌م دابه‌زینی تیادا نابێت ته‌نیا سه‌ركه‌وتن نه‌بێت به‌مجۆره‌:
ئاستی سێیه‌م
-1سكۆتله‌نداو فنله‌نداو نه‌رویج و سربیا بۆ خولی پله‌ دوو سه‌ركه‌وتن.
-2ئه‌لبانیا و ئه‌ستۆنیا و سلۆڤینیا و لیتوانیاش بۆ خولی پله‌ چوار دابه‌زین.
-3هه‌ڵبژارده‌كانی تریش له‌ خوله‌كه‌دا مانه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ 7 هه‌ڵبژارده‌ (ئیسرائیل، هه‌نگاریا، یۆنان، بولگاریا، قوبروس، رۆمانیا، مۆنتینگرۆ) .
ئاستی چواره‌م
هه‌رچوار هه‌ڵبژارده‌كه‌ی جۆرجیاو بیلۆروسیا و كۆسۆڤۆ و مه‌كدۆنیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌می هه‌رچوار گروپه‌كه‌ی خۆیان بوون، بۆ خولی پله‌سێ سه‌ركه‌وتن و جێگه‌كانی ئه‌لبانیا و ئه‌ستۆنیا و سلۆڤینیا و لیتوانیا-یان گرته‌وه‌، هه‌ڵبژارده‌كانی تریش له‌ خوله‌كه‌دا مانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 12 هه‌ڵبژارده‌یه‌و لاوازترینی هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپان..

 89 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*