سەرەکی » کەلتوور » لە كەركوك، پانێلێك بۆ پێكەوەژیان لە نێوان توركمان‌ و عەرەب‌ و كورد سازكرا

«پانێلەكە بە زمانی عەرەبی پێشكەشكرا»

لە كەركوك، پانێلێك بۆ پێكەوەژیان لە نێوان توركمان‌ و عەرەب‌ و كورد سازكرا

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد
ئێوارەی رۆژی 17/11/2017، ژمارەیەك لەرۆشنبیرانی كەركوك پانێلێكیان لەژێر ناونیشانی (چەمكی هاووڵاتی بوون‌و پێكەوەژیان‌و ئازادییەكانی تاك) لەناوەندی رۆشنبیریی‌و هونەریی دیالۆگ رێكخست.
بەڕۆیشتنی حیزبەكان كەركوك تێك نەچووە
نووسەرو روناكبیر زاهیر شكور هاوكات خاوەنی ناوەند رۆشنبیریی‌و هونەریی دیالۆگ، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: «لەدوای گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی كە بەسەر ناوچەكەدا هات بەتایبەتی شاری كەركوك، بەباشمانزانی پانێلێك‌و مێزگردێك بۆ پێكەهاتەكانی كەركوك رێكبخین‌و قسەی جددی بكرێت لەسەر پێكەوەژیانی نەتەوەكانی شارەكە، پانێلەكەش دوربوو لەقسەی حیزبی‌و دونیا بینینی حیزبەكان، جا لەعیراق بێت یاخود لەكوردستان، بۆیە لەپانێلەكەدا تەنیا قسە لەسەر «چەمكی هاووڵاتی بوون‌و پێكەوەژیان‌و ئازادی تاك»و تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا كەوتە بەرباسی جددی، هەروەها گەڕان بەدوای رێگەچارەیەك بۆ دۆخەكە، چونكە ئێستا دانیشتوانی كەركوك لەدەسەڵاتی سیاسی حیزبەكان نیگەرانن، چونكە پێش 16ی ئۆكتۆبەر سیاسەت چووبووە ناو جومكەكانی ژیانەوە بەتایبەتی دانیشتوانی كەركوك، بۆیە ئێستا پێویستمان بەهەڵسانەوەیەكی دیكەیە، بەڵام نەك هەڵسانەوەیەك لەمەفهومی حیزبایەتیەوە بێت، دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین‌و رێكخراوەكان‌و كۆمەڵگای مەدەنی بێنینە قسە لەسەر ئەو تێگەیشتنانە كە وا هەست نەكرێت بەڕۆیشتنی ئەو حیزبانە دۆخی ئێستای كەركوك تێكچووە، بەڵكو شارەكە شاری سەرجەم پێكهاتەكانە، بۆیە لەپانێلەكەدا دەگەڕاین بەدوای ئەو پردە هاوبەشەدا كە هەر هەموومان بەیەكەوە گرێدەدات بۆئەوەی نموونەیەكی جوان پیشانی جیهان بدەین‌و تاكی كەركوك هۆشیار بكەینەوەو بڵێن ئێمە پێكەوە جوانین».
هەر شتێك رووبدات كەركوكیەكان
باجەكەی دەدەین
د. ئومێد مەجید ئەلموهەندیس مامۆستای زانكۆ‌و سەرۆكی گرتبوونەوەی رۆڵەكان-ی كەركوك، كە بەنەتەوە توركمانە، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: «من وەک توركمانێك‌و مامۆستای زانكۆ لەپانێلەکەدا بۆچۆنی خۆم خستەڕوو، ئامانجی من ئەوەبوو كە كوردو عەرەب‌و توركمان وەك برا لەشاری كەركوك گوزەرانی خۆیان بەسەربەرن‌و دووربكەونەوە لەنەتەوە پەرستی، چونكە دۆخی ئێستای كەركوك هەستیارەو دەبێت بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین‌و زیاتر لەیەكتر نزیك ببینەوە، لەپانێلەكەدا كەسانی رۆشنبیرو تێگەیشتوو ئامادبوون‌و داوام لێكردن دەبێت هەموومان كار بۆ ئەوە بكەین دوربكەوینەوە لەدووبەركی، هەروەها داوام لەحكومەتی عیراق كرد پارێزگاری لەسەرجەم نەتەوەكانی كەركوك بكات بەبێ جیاوازی، چونكە ئێستا دانیشوانەكەی لەدڵەڕاوێكدان ئەویش لەئەنجامی گشتپرسییەكەی ئەم دواییە روویدا، من هەمووكات خۆم وەكو خۆبەخشێك تەرخانكردووە لەسەر ئارامكردنی دۆخی كەركوك، چونكە هەر كارەساتێك لەشارەكە رووبدات تەنیا ئێمەی كەركوكی باجەكەی دەدەین».
هاوكات سیروان مستەفا محەمەد چالاكوانی مەدەنی‌و رێكخەری پانێلەكە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: «كەركوك بۆتە قوربانی دەرئەنجامی سیاسەتە چەوتەكانی حیزبەكان، چونكە لەبری پێكەوەژیان دوژمنایەتی‌و رق‌و قینە لەنێوان تەنەوەكانی كەركوك بڵاودەكەنەوە كە 100% دڵنیاشم كە ئەمكارە ئەجێندای دەرەكی لەپشتەوەیە، چونكە دانیشتوانی كەركوك هیچ كات ئەم جۆرە بیركردنەوەیان نەبووە، چونكە من لەگەڕەكێك نیشتەجێم درواسێكانم عەرەب‌و توركمانن‌و بگرە ژن‌و ژنخوازو خۆشی‌و ناخۆشیمان پێكەوە بووە، بۆیە ئامانج لەسازدانی پانێلەكە ئەوەبوو ئێمە كاتی خۆی پێكەوە ژیانە لەنێوانماندا هەبوو دەبێت برەوی پێ بدەینەوە‌و بەرەو پێشی بەرین».
وتیشی: «ئێمە نەك تەنیا بیرمان لەكۆڕو پانێل كردوتەوە، بەڵكو لەئایندەیەكی نزیكدا هەوڵ دەدەین ئاهەنگی گۆرانی وتن سازبكەین‌و هەروەها بیرمان لەوەكردۆتەوە خواردەمەنی جۆراوجۆر دروستبكەین لەنێوان نەتەوەكانی كەركوك، چونكە توركمان جۆرە خواردنێك دروست دەكات‌و عەرەب جۆرێكی تر‌و كوردیش جۆرێكی تر دروستدەكات، بۆیە دمانەوێت كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام بدەین‌و ئامانجیشمان تەنیا برەودانە بەپێكەوەژیانی سەرجەم نەتەوەكانی كەركوك بەبێ جیاوازی‌و بۆئەوەی بۆ هەموو دونیای بیسەلمێنین‌و سەلماندویشمانە كە دووبەرەكی لەكەركوك تەمەنی كورتەو تەمەنی پێكەوەژیان درێژبووە، ئێمە لەپانێلەكەدا ئەو رێچكەیشمان شكاندو پانێلەكەمان بەزمانی عەرەبی پێشكەشكرد، بەڵام ئامادەبوان ئازادبوون لەوەی بەهەر زمانێك گفتوگۆ دەكەن، چونكە ئێمە زۆرجار كۆڕەكانمان بەزمانی كوردی پێشكەشدەكرد لەبەرئەوەی كورد
زۆرینە بوون لەشارەكە».
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*