سەرەکی » ئاراستە » له‌ چلەی كۆچی دوایی هەڤاڵ دارای جیهازدا

پێشمه‌رگه‌ و راگه‌یاندنكار بوو

له‌ چلەی كۆچی دوایی هەڤاڵ دارای جیهازدا

ئاوات كۆكه‌یی

ئه‌مڕۆ چل رۆژ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر كۆچی دوایی پێشمه‌رگه‌ی دانه‌بڕواوو و تێكۆشه‌ری دێرین ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د یاسین كه‌ ناسراوه‌ به‌ دارا.
كاك دارا پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیاری ده‌زگای بێسمی شۆڕش بوو، پێش راپه‌ڕین و دوای راپه‌ڕینیش ناوێكی دره‌وشاوه‌ی تێكۆشانی خه‌باتی چه‌كداری و رۆشنبیری و راگه‌یاندن بوو.
نمونه‌بوو بۆ له‌ خۆبووردووی و دڵسۆزیی بۆ ئه‌ركه‌كه‌ی، كاك دارا له‌ كارو باره‌كانی سه‌رشانیدا خۆ نه‌ویستانه‌ تێكۆشاوه‌، ئه‌وكاته‌ی له‌ په‌یمانگه‌ی كادیرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو له‌ هه‌ولێر، به‌ ئۆتۆمبێل و خه‌رجیی سه‌رشانی خۆی مامۆستایانی زانكۆو وانه‌بێژانی لێهاتووی په‌یداده‌كرد و ده‌گواسته‌وه‌ بۆ په‌یمانگه‌ بۆ وانه‌ وتنه‌وه‌.
له‌سه‌رده‌می شاخدا چه‌ندینجار چ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی چه‌كدار و چ وه‌ك (عدد جهار) به‌كارهێنه‌ری جیهاز به‌شداریی شه‌ڕو نه‌به‌ردییه‌كانی كردووه‌، هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ دایك و باوكی دووچاری راوه‌دوونان بوونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌.
به‌گشتی كاك دارا وه‌ك سه‌ربازی ون وابوو، زۆرترین ئیش و كه‌مترین قسه‌و ده‌ركه‌وتنی هه‌بوو.
له‌بواری خێزانیشدا هاوسه‌رێكی باش و باوكێكی میهره‌بان بوو، له‌گه‌ڵ نه‌سرین خانی هاوسه‌ری زۆر خۆیان ماندوو كرد تا توانیان هه‌ر دوو منداڵه‌كه‌یان ( ژینۆ، راز) به‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندرووست په‌روه‌رده‌ بكه‌ن و تا دواجار خوێندنی زانكۆیان ته‌واوكرد.

ژیاننامه‌كه‌ی
تێكۆشه‌ری كۆچكردوو ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د یاسین ناسراو به‌ دارای جیهاز، ساڵی 1959 له‌شاری كه‌ركوك له‌ دایكبووه‌.
قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی و ئاماده‌یی له‌كه‌ركوك ته‌واو كردووه‌، ساڵی 1981 بڕوانامه‌ی دبلۆمی له‌ په‌یمانگای ته‌كنه‌لۆژیی میسان به‌ده‌ست هێناوه‌، هه‌مان ساڵ په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ له‌ كه‌رتی رێكخستنی چه‌مچه‌ماڵ.
ساڵی 1983 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری له‌ سه‌ر ده‌زگای بێ سیم كاری كرد.
له‌ مانگی 8/ 1986 بۆ ماوه‌ی 45 رۆژ له‌ شاری كرماشان له‌ ئێران خولێكی عه‌سكه‌ریی له‌ سه‌ر موشه‌كی سام 7 و كاتیۆشاو هاوه‌ن بینی، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ده‌زگای بێ سیم له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ بوو كه‌ له‌ سێ قۆڵه‌وه‌ موشه‌ك بارانی دام و ده‌زگا نه‌وتییه‌كانی بابا گوڕگوڕ و جه‌وه‌ڵبۆر و چه‌مه‌ بۆری كرد، هه‌روه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ده‌زگای بێسیم له‌گه‌ڵ تیپه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوكدا به‌شدار بوو له‌ گرتنی شارۆچكه‌ی ئاغجه‌له‌ر.
پاش دامه‌زراندنی مه‌ڵبه‌ندی بادینان له‌ ساڵی 1987، دوای رێككه‌وتنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌كۆتایی به‌ هاردا له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ی كه‌ شه‌هید ئازاد هه‌ورامی رابه‌رایه‌تیی ده‌كرد، له‌ دۆڵی جافایه‌تییه‌وه‌ به‌ره‌و بادینان به‌ڕێكه‌وت.
له‌مانگی ئابی ساڵی دواتردا، له‌گه‌ڵ هێزه‌كه‌ی بادینان گه‌ڕایه‌وه‌ و ئه‌ركی پاراستنی رێگای نێوان دۆڵی باڵه‌كایه‌تی و شوێنی گردبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی 3ی هه‌ولێریان پێ سپێردرا.
له‌ مانگی2/ساڵی 1989دا وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ده‌زگای بێ سیم گوێزرایه‌وه‌ بۆ تیپی 37ی شارباژێر، مانگی 6ی شه‌مان ساڵ گوێزرایه‌وه‌ بۆ چاپخانه‌ی برایم عه‌زۆ له‌شاری سه‌قز و له‌وێ وه‌ك مۆنتێر كاری كرد.
ساڵی 1991 له‌گه‌ڵ ده‌زگای راگه‌یاندن گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هه‌رێم و به‌شدار بوو له‌ دانانی باره‌گای ده‌زگای راگه‌یاندن له‌ گه‌ڵاڵه‌ له‌ ساڵی 1991.
هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ وه‌ك دیزاینه‌ر و سه‌رپه‌ریشتیاری چاپ كاری خولی حه‌وته‌می رۆژنامه‌ی ((رێبازی نوێ)) دا كرد. له‌ مانگی نیسانی ساڵی 1992 وه‌ك دیزاینه‌ر و لێپرسراوی به‌شی هونه‌ری له‌ گۆڤاری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی كاری كرد.
سه‌رباری كاركردنی له‌ گۆڤاری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی، له‌ مانگی 6دا گوێزرایه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بی رێكخستن و تا ساڵی 2007 وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی په‌یمانگای كادیران له‌ هه‌ولێر و سلێمانی كاری كرد.
نیسانی ساڵی 1997 له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا به‌شدار بوو له‌ ده‌ركردنی گۆڤاری (تایم) كه‌ خۆی بووه‌ سه‌رنوسه‌ری، خاوه‌نی ئیمتیازه‌كه‌شی پارێزه‌ر نزار خه‌سره‌و بوو، ساڵی 1998 پاش ئه‌وه‌ی 8 ژماره‌ی لێ ده‌رچوو، گۆڤاره‌كه‌ له‌ به‌ر گرفتی دارایی راگیرا.
ساڵی 2006 پڕۆژه‌ی (تایم) زیندوو كرایه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ به‌شێوه‌ی رۆژنامه‌ ده‌رچوو، خۆی سه‌رنوسه‌ری بوو، سۆران داودی جێگری سه‌رنوسه‌ر و پارێزه‌ر نزار خه‌سره‌و خاوه‌نی ئیمتیازی بوو، تا ژماره‌ 23 كه‌ له‌ 19/6/ 2002 ده‌رچوو، سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌كه‌ بوو، پاشان ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌ سۆران داودی جێی گرته‌وه‌.
ساڵی 2010 بووه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی سه‌نته‌ری لێكۆڵنه‌وه‌ی ستراتیجی كوردستان. ساڵی 2012 خانه‌نشین كرا، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ی كۆچی دوایی كرد، له‌ خزمه‌ت و كاره‌كانیدا به‌رده‌وام بوو.
به‌داخه‌وه‌، سه‌عات 12:30شه‌وی 7\8/5/2019 كتوپڕ دڵی له‌لێدان كه‌وت و گیانی پاكی به‌ كوردستان سپارد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شه‌هید لوقمان بێریاتی‌

شه‌هید لوقمان عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌حمه‌د ئیسماعیل له‌ خانه‌واده‌یه‌كی‌ كوردپه‌روه‌رو دڵسۆزی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان ...