سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » كڕینی سیستمی موشەكیی ئێس 400 ناكۆكیی زیاتری بەدوادا دێت

سەرۆکی تورکیا شتێك دەڵێ ‌و بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ شتێكی تر

كڕینی سیستمی موشەكیی ئێس 400 ناكۆكیی زیاتری بەدوادا دێت

لەو كاتەوەی ئەنقەرە دەیەوێت سیستمی موشەكیی ئێس 400 لە مۆسكۆ بكڕێت، گرژیی كەوتۆتە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا‌و ئەمریكا‌و بەرپرسانی ئیدارەی كۆشكی سپی جەخت دەكەنەوە كە نابێت ئەنقەرە ئەو سیستمە بەرگرییە لە روسیا بكڕێت، لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی ئەنقەرە سوورن لەسەر كڕینی. بەوتەی بەرپرسانی ئەنقەرە‌و كرملین، روسیا بەم نزیكانە سیستمەكە رادەستی توركیا دەكات. لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی توركیاشدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڕەشەی لە توركیا كرد بە پێنەدانی فڕۆكەی F35 ‌و راگرتنی مەشقی سەربازانی توركیا لەسەر ئەو فڕۆكە پێشكەوتووە.

دیداری نێوان ترەمپ ‌و ئەردۆغان لە ژاپۆن
سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە كە دوای دیداری نێوان ترەمپ‌و ئەردۆغان لە پەراوێزی كۆبوونەوەی G20 لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە ژاپۆن، وتووێژیان لەسەر ئەو بابەتە كردووە‌و دوای دیدارەكەش سەرۆكی توركیا رایگەیاند: لە كاتی وەرگرتنی سیستمی بەرگریی S400ی روسی لە چەند رۆژی رابردوودا، وڵاتەكەی لەلایەن واشنتۆنەوە دووچاری سزادان نابێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ «لەكاتی گفتوگۆكەیاندا، هەرچەندە رۆژنامەوانان چەند جارێك ئەو پرسیارەیان لێكردووە، بەڵام سەرۆكی ئەمریكا قسەی لەسەر سەپاندنی سزا نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا رایدەگەیەنن كە لانیكەم تائێستاش ئیدارەكەیان دەیەوێت سزای توركیا بدات، ئەگەر سیستمی S400ی روسی بكڕێت‌و لەو رووەشەوە كۆتایی بە بەشداریكردنی توركیا دەهێنن لە بەرنامەی فڕۆكەی جەنگیی F35».

لەناوبردنی دوژمنانی ئەمریكا
ئاژانسەكانی هەواڵ لە زاری مۆرگن ئۆرتیگاس وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە كە ئیدارەی كۆشكی سپی بە بەردەوامی‌و بە راشكاویی تەئكیدیكردۆتەوە كە ئەگەر توركیا ئەو سیستمی بەرگرییەی روسیا بكڕێت، ئەوا دووچاری سزای راستەقینە‌و خراپ دەبێتەوە، لەوانە، هەڵپەساردنی فرۆشتن‌و هاوبەشی پێكردنی لە بەرنامەی F35‌و بەپێی یاسای لەناوبردنی دوژمنانی ئەمریكا، سزادان دەگرینەبەر.
میدیاكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە كۆلۆنێل مایك ئاندرۆز وتەبێژ بەناوی هێزی ئاسمانیی سەر بە پنتاگۆن دەڵێت: «هیچ شتێك نەگۆڕاوە». ئەوەش وەكو ئاماژەو ئەنجامی دیدارەكەی ترەمپ‌و ئەردۆغانە لە ژاپۆن. روونیشیكردۆتەوە: كڕینی سیستمی بەرگریی S400ی روسی لەلایەن توركیاوە، لەگەڵ بەرنامەی F35 یەكناگرێتەوە‌و رێگەنادەین ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی هەردوو سیستمەكە.

سەرچاوە: رۆژنامەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״سه‌دان ئیخوانیی میسر، كوێت جێده‌هێڵن״

دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کوێت رایانگەیاند کە «باندێکی تیرۆریستیی سه‌ر ...