سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!پەڕە 18

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی پانزەهەم

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

ماوەی نێوان دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لە ١١-٩-١٩٩١ و دەست بەکاربوونی بەندە وەك بێژەر لە تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان لە ساڵی ١٩٩٥، زۆرترین و پڕ جموجۆڵترین ماوەی هەموو ئەو کارەکتەرانەی گۆڕەپانی سیاسی و پەرلەمانی و پێشمەرگایەتی و رۆژنامەوانی و حوکمڕانی و بواری ئەدەب و هونەری شانۆ و سینەماو میوزیك و ..هتد بوو. هەرکەس و گروپ و لایەن و هێزێك لەراستی خۆیەوە دەستی بە جموجۆڵ و چالاکی نواندنی خۆی دەکردو زوومی دوروبەرو دونیاش لەسەر هەولێر بوو، بەوپێیەی پایتەختی ئەزموونێکی نوێیە کە بەرەی کوردستانی خەبات و فۆرمی جولانەوەکەی لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە گۆڕی بۆ خەباتی پەرلەمانی و هەمووان لە سەر چەمکی» دیموکراسی و مەدەنیەت و سەروەری یاسا و دادپەروەریی»وەك ئەزمونێکی زۆر تازە کێبڕکێیان بوو، بەڵام لەراستیدا کێبڕکێکە «گاگۆلکێ» بوو؟!. لە لایەکی تریشەوە چاوی زۆرینەی بینەرو هەوادارانی سینەما و شانۆ ومیوزیك زیاتر لەسەر سلێمانی گەرم و گوڕ بوو، هەتا لەپڕ هەواڵی بەرهەمهێنانی فیلمێکی سینەمایی لە بادینان دەنگی دایەوەو بەوە گەیشت کە یەکێك لە نووسەرو رۆژنامەنووسانی هونەریی رۆژنامەی کوردستانی نوێ سەرسامی خۆی بەو کارە دەربڕی و نووسیبووی؛ لەهەمووی گرنگتر یەکەمجارە ئافرەتێك دەست دەداتە دەرهێنانی سینەمایی. بیرمە هەر رۆژی دواتر بوو رۆژنامەی کوردستانی نوێ پۆزشی هێنابۆوە کە ئەو دەرهێنەرە لە رەگەزی مێ نیە بەڵکو نێرەو ناویشی هونەرمەند جوان بامەڕنی -یە و فیلمەکەیشی بەناوی» وەژبیر ناکەین»بوو کە ساڵی ١٩٩٣ لە رێگای مەڵبەندی چواری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بادینان بەرهەم هێنرابوو.
گەرچی ئەزموونی حوکمڕانی کوردیی خۆکردیی تەمەنی زۆر کورت بوو، هەمووان لە ناو قەیرانەکان و ئازادییەکاندا نوقم بووبووین و هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئەوەبوو هەرجی زووە ئەو دۆخە زوو بکەوێتە سەرپێ، لە راستیشدا زۆر زوو کەوتە سەرپێ، بەڵام زۆر بەزووییش چاوی دووژمنەکانی چووەسەرو زۆری پێنەچوو لاوازیی نێوخۆیی وایکرد « لولەی تفەنگی برا روویکردە براکەی»و لەگەڵ دەرچوونی یەکەم فیشك کار لەکار ترازا؟!.
مخابن ئەو رۆژانەمان زۆر کورت بوون، وەکو زنجیرەی تیڤی یەك مانگەی رەمەزانان زوو کۆتاییان هات و بۆ ئێمە کە تازە خەریکی خۆ دامەزراندن بووین وەکو تێکچوونی هێلانەی چۆلەکەو کۆترو پەرەسێلکە وابوو، لێنەگەڕان سکێچی خانۆچکەمان دابڕێژین و واژۆی پرۆتۆکۆلی درووست کردنی لەسەر بکەین، تێکدرا.

مۆدێل و فۆتۆگرافی
لەکاتی بێ ئیشی، یان باشتر وایە بڵێم دوای ئیشی کێڵان و ئاودانی بەروبووم، بەشێکی کاتەکەمان دوای مامۆستایەتی، کاری وێنەگرتن بوو. لەگوندی وەسان وەك زۆربەی گوندو شوێنەکانی دیکە، خەڵك بە کامێرای فۆتۆگرافی ئاشنایەتیان پەیداکردبوو، بەڵام هەمووان خودان کامێرای خۆیان نەبوون. بەندە بەو پێیەی کەسێکی دیاری ئەو گوندەمان بووم، زۆرجار برادەران و خزمان لەدەورم کۆدەبوونەوەو بەشێکی کاتەکانمان بە وێنەگرتن دەبردە سەر. لەگەڵ وێنەی ناو زەوی وزارو رایکردنی کاروباری کشتوکاڵی، شایمان دەهاتێ کە بە جل وبەرگی پیشمەرگایەتیی وێنەی جوانی سینەماییانە بگرین و بیانخەینە ناو ئەلبوومی یادگاریی. لەزۆربەی وێنەگرتنەکاندا کە بەخۆم دەبوومە مۆدێل، خۆم پێڕانەدەگیرا ئەگەر گۆشەو نیگای کامێرام کۆنتڕۆڵ نەکردبایە. بۆیە ئەو کاتانەمان زیاد لە پێویست خۆش و مایەی پێزانین و کات بەسەربردنی گەنجانەی لادێ بوو.

تووتن و تراکتۆر و دەرگا
دوای راهاتن لەگەڵ لادێ و دەستپێکردنی وەرزی کێڵان و چاندنی شەتڵ و نەمام، وردە وردە ئەو متمانەیەمان پێدرا کە توانای ئەوەمان هەیە دەست بدەینە «تووتن»چاندن و بەخێوکردنی. بەرهەمهێنانی تووتن وەکو بەخێوکردنی منداڵ وابوو، بۆیە ئاسان نەبوو کارکردن و راهاتن لەگەڵ ئەو بەروبوومەدا، لە ماوەی سێ مانگدا بەردەوام لەناو ئەو زەویەدا کاری ئاودان و بژارو رشاندنی تووتنمان دەکرد بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا، بەشانازییەوە کیسەی بەر کەمەرو باخەڵمان بخەینە بەردەم کریاران و پێان بڵێین: بفەرموون لەو کیسەیە جگەرەیەکی پەڕە سیغار تێبکەن بزانن بۆندارە یان نا؟!.
ئەو ساڵانە بۆ من ئەزموونێکی زۆر خۆش بوو، لەلادێ هەموو ئیشێکم بە ئاسانی راییدەکرد، تەنها لە دوو ئیش خۆم دەدزییەوە، دروێنەو کاکوتان.
کە بانگ دەکرام بۆ هەرەوەزی، بە هۆی ئەوەی مامۆستای زۆربەی ئەو قوتابیانەبووم کە ئەوانیش زۆربەیان دوای خوێندن لەگەڵ دایك و باوک و خوشک براکانیان وەكو ئێمە لەسەر زەویەکانیان بوون و خزمەتیان دەکردو بەشداری هەرەوەزیان دەکرد ئەگەر بە چا گێڕان و ئا دابەشکردن بووبێت یان کاری قورسیی نێو هەرەوەزییەکە، لاکاردابوون و زۆر جار ئەوان رێگر دەبوون لەوەی من ئەو کارە لەگەڵ ئەوان و بۆ ئەوان بکەم.
بەندە لەسەرەتای بەهاردا زۆربەی هەرە زۆری زەویەکانی خۆمان و ئی هەندێك لەخزمانیشم دەکێڵا، تازە فێری تراکتۆر بووبووم، زۆر کەیفم پێدەهات و بەردەوام لەناو زەویەکان بووم و لەبەرباران و کەش و هەوایەکی هێندە سازگار زەویم دەکێڵا هەرچی گۆرانیەك بهاتبایە سەر زارم نەمدەگێڕایەوەو بەدەنگی بەرز دەمگووت.
هەر بەو تراکتۆرە لە سەر زینی دۆڵی باڵەییان تا دەگاتە ماونان و نزیک پرێ سمۆرێ، (٤٠)رۆژ بەخۆم و بە کۆمپرێسەرێکەوە کە بۆ رێکخراوێکی بریتانی کارمان دەکردوو ئەوان رێگای (قەسرێ –دۆڵی باڵەییان)یان هەڵگرتبۆوە بۆ درووست کردنی ئەو رێگایەو دواجار قیرتاوکردنی. لەو سەرەتایەدا دەیان شاخ و چیای سەر رێگامان تەقاندەوە بۆ خاتری ئەوەی جادەیەکی رێکوپێك، دۆڵی باڵەییان بە قەسرێ ببەستێتەوە کە ئەو شارۆچکەیەش دەیبردینەوە سەر رێگای هاملتۆن بەرەو هەولێر و بەمەش ماڵی باوکم لە هەولێر تاوەکو ماڵی باوکم لە گوندی وەسان (١٥٥) کیلۆمەتر لەیەکترییەوە دوور بوون.
یەکێکی تر لەو کارانەی دوای مامۆستایەتی دەمکرد، دروست کردنی دەرگا بوو. وابزانم بۆ زۆربەی خەڵکی ئاوایمان لەو دەرگایەمان درووست کرد کە هەموویان سەرقاڵی نۆژەن کردنەوەو دروست کردنی خانووی «قوڕ»بوون، ئەوەبوو زۆربەی ماڵە خزمان داوایان لێدەکردم بەو کەرەستانەی ئەو کات لە سەرەتای ئاوەدانکردنەوە لە هاوپەیمانان و یونیسێف کۆمک دەکران، دەرگایان بۆ دروست بکەم، دیارە هەر دەرگایەكم بەرۆژێك تەواو دەکردو بە تەنها داوەتێکی خۆشی گۆشت و هەندێکجاریش مریشك کە هەموویان خۆماڵی بوون بێ ئێوەناخۆش، نۆشم دەکرد؟!.

کابینەی یەکەم و یەکەم فیلمی تەلەفزیۆنیم
بە پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمەش خوازیاربووین ژیانێکی تەواو جیاوازتر دەستپێبکەین، ئەوەبوو بەسەر فیلمێکدا کەوتم کە ئێستاو ئێستاش چەندی ئەیهێنم و ئەیبەم بیرم ناکەوێتەوە کە ئەم فیلمە چۆن و کەی و لەکوێ بەرهەمهات و کێ بوو ئەو کەسەی فیلمەکەی درووست کرد؟!، بەڵام برادەرێکی ئەزیز بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی فیلمەکەو ناردنی فیلمەکە، وەك فلاش باگ بۆی رونکردمەوە کە ئەو کارە چۆن کراوە.
ناوی فیلمەکە» نامە»یەو ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن کاروان خەتاب دەرهێنراوەو هونەرمەندی رەوانشاد تەها ئاغا جان و کاک دەشتی بەرزەواری فۆتۆگرافەر و بەندەو چەند ئەکتەرێکی تر بەشداریان تێکردووەو لەگەڵ ئەوەی فیلمەکەو فۆتۆکەش دەریدەخەن کە کراس سپیەکە بەندەیە، کەچی هەر بیرم ناکەوێتەوە ئەو کارەمان چۆن و لەکوێ بەڕێکردووە؟!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*