سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » شەڕی گەندەڵكارە گەورەكان

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

شەڕی گەندەڵكارە گەورەكان

رووبەرووبوونەوەی «گەندەڵی» دەبێتە قۆناغێكی دیكە بەتایبەت لەو وڵاتانەی پشتیوانی ئابووریی و داراییان لەسەرچاوەی ئاڵتونی رەشەوەیە، بۆیە ئەم جەنگە لە سعودیەی عەرەبییەوە دەستیپێكردووە و سەرەتاكانیشی لە عیراقەوە دەركەوتووە، كە پێدەچێت ریسكەكەی لە كۆبووەنەوە سێقۆڵییەكەی (واشنتۆن، ریاز، بەغدا) چنرابێت، كەرۆژی 22/10 لە نێوان سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەرزیرانی عیراق و رێكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ریاز بەڕێوەچوو.
دوای ئەوە سعودیە یەكەم ئۆپەراسیۆنی «راوی گەندەڵی» لە شوێنە دروستەكەوە لەمیر و شازادەكانەوە دەستپێكرد، واتا تۆڕی ئەمجارە ماسیە گەورەكان دەگرێت، لە عیراقیش هێشتا لە قۆناغی شەڕی میدیا و ئاشكراكردنی ناوی گەندەڵكاران و دانانی ژمارە تەلەفۆنی (154) و ئیمەیلێكی تایبەتە كە لەلایەن دەستەی نەزاهەی عیراقەوە راگەیەندراوە و دەیەوێت خەڵك بەشداریی پێ بكات لە راوە گەندەڵیی دا، هاوتەریب خەڵیكش دەكاتە جەنگاوەری هێزێك بۆ چاودێریكردن بەسەر گەندەڵكارانەوە، هاوكاتیش نەزاهە والێدەكات دەستكراوەتر بێت و لانیكەم رەفەكانیان پڕبكرێت لە فایلی گەندەڵكاران،كە عەبادی هەردوو نیشانەكە بەتیرێك دەپێكێت!، نیشانەیەكیان بۆ لێدانە لە ئامانجی سەرەكی گەندەڵكاران و بەرەنگاربوونەوەیەتی كە خواستێكی سەرەكیی قۆناغەكەو عیراقییەكانە، نیشانەی دووەمیشیان پێكانی سیاسییە گەندەڵەكانە كە نەیاری سیاسییشن و بەوەش بەر لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو نابوتیان دەكات.
عیراق و لە ناویشیدا هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو وڵاتانەی دەردەداری گەندەڵییە بە جۆرێك سەرجەم كایە و جومگەكانی گرتۆتەوە هەر لە سێكتەری دارایی و نەوتەوە بۆ سێكتەری پەروەردەو ئایینیش!دیسان بە هەرێمیشەوە، كەم سێكتەر هەیە گەندەڵی تێدا نەبێت! بەڵام گەندەڵكارانیش قەبەتر و ئازادترن! هەرچەند نوێنەرانی عیراق ئازاتربوو ژمارەیەك بەرپرس و وەزیری لەسەر گەندەڵی لادا كە هەندێكیان «كورد»بوون!! لەو كاتەدا كە نوێنەرانی عیراق لێپێچینەوەی لە گەندەڵكاران دەكرد، هاوتاكەی كە پەرلەمانی كوردستان بوو لە سەر پرسی «كورسی» پەكخرابوو! بۆیە گەندەڵەكان هەرماون و لەگوڵ كاڵتریان پێنەوتراوە!.
گەندەڵكاران، فرەن، هەیانە لە پۆستی باڵادایە و ئەوانیش بەپێی پلەو پۆست و پێگەكەی لینكی بەگەندەڵییەوە گرێداوە و زۆرێكیشیان بە پێی سێكتەر و كەرتەكان گەندەڵی دەكەن، نێوانی تۆڕی گەندەڵكارانیش خۆشە بەجۆرێك تێیاندایە بەتیم و گروپ كار دەكەن، یاسا و دادگا لە بەرانبەریاندا بێهێزە، بەجۆرێك گەندەڵكاری وەها هەیە لەكاتی لێپێچینەوە لە تۆمەتی گەندەڵی، بەبێ سڵەمینەوە و ترس پەلاماری دادوەر دەدات و لێی دەدات، ئەمەش لە سلێمانی روویدا!.
جووڵەی دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە بە شۆڕشی لەناوبردنی گەندەڵی لە مانشێتی رۆژنامە و میدیاكاندا ناودەبرێت، پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەكیشی لە پشتە، بەتایبەت لە ریاز و هەروەها لە بەغداش، بەڵام هێشتا ئەم جوڵەیە لە هەولێر دا نییە و گەندەڵكارانیش لە جووڵە نەوەستاون!!، لەكاتێكدا لە هەموو قۆناغەكاندا «هەنجەتی چنراو» بۆ پەكخستنی بەرەنگاربوونەوەی لە هەرێم هەبووە، ئێستاش بیانوو ئامادەیە كە هەرێم لە دۆخی شڵەژانی سیاسیی و ئابووریی و دارایی و حوكمڕانیدایە!! بۆیە بۆ شەڕی گەندەڵیی ئامادە نییە!، لە كاتێكدا ئەم شەڕە، رەواترین شەڕێكە كە پێویستە لە هەرێم بكرێت، بۆئەوەی هەم بەجێ نەمێنێ، هەمیش كۆتایی بە رەگداكوتانی گەندەڵی بهێنێت، دیوێكی دیكەشی ئەوەیە پێویستە خۆی شەڕی گەندەڵی بكات و دروشم و تایتڵی خۆی هەبێت، نەك عەبادی بەدروشمی و تایتڵی عیراقییەوە، راوی گەندەڵكارە گەورەكانی كورد بكات، كە نیشانەكانی دیارە و ئێرەش دەگرێتەوە!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*