سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » شێخ مارف بەرزنجی و كەركوك

شێخ مارف بەرزنجی و كەركوك

1
شێخ مارف بەرزنجی شاعیرو نوسەرو نیشتمانپەروەری كورد،ناوێكە لە ناوە دیارەكانی دیرۆكی كەركوك، كەم لێ‌ جوامێرانە ژیا،خەمی گەورەی ئەو ئەوە بوو گەلەكەی وەك سەرجەم گەلانی دیكەی دنیا بە خەونی خۆی بگات، داخی ئەو پەرت بوون و پارچە پارچە بوونە ئازاری ئەدا بۆیە بە دەنگی بەرز هاواری لە گەلەكەی دەكردو دەیگوت:
ئەی گەلی جێماووپەرت و لەت و پەت
هەی بەش بەش كراو لە چوار پێنج دەوڵەت
نەزان و هەرزەو سەربەستی نەدیوو
بوون بە ئاغای تۆ چەند حیزو هەتیوو
لەم سەدە بەرزەی زانست و فەنا
هەر تۆ خنكاوی لە ناو بۆگەنا
بەو جۆرە رەخنەلە گەلە دواكەوتوەكەی دەگرێت و داوای هەستان و راپەڕینیان لێدەكات، شێخ مارف لە ژیانی كورتی خۆیدا زۆر خەمی ئەوەی بوو كە پێكهاتەكانی كەركوك بەیەكەوە بە ئاشتی بژین، بەڵام دیارە وەك چۆن ئێستا دەستی تێكدان لە سەرو كەركوكیەكانەوە دەگەڕێ‌ ئەودەمیش هەروابووە.

2
شێخ مارف وەك مەلا عەلی بەشێكی زۆری شیعرەكانی لە زیندانا وتووە،ئەوەش لەبەر ئەوەی بە ناهەق و لە تەك دەستەیەك تێكۆشەرو ئازادیخوازی دیكەدا خرابوونە زیندانەوەو، دواتریش لە سێدارە دران، مارف بەرزنجی لە 1921 لە دایك بوەو دوای 42 ساڵ تەمەن لە ساڵی 1963 لە سێدارە درا، چیرۆك و شیعروشانۆگەری و وتاری نوسیوە، جگە لە وەرگێڕانی شیعر نوسینی رۆژنامەوانی و بابەتی رەخنەی ئەدەبیشی هەیە دیكە، لە شیعرێكا بۆ قادركەرەمی ژیانزەدەی دەڵێت:
ئەی قادر كەرەم لانەی مناڵیم
تۆماری ژینی گشت خۆشی و تاڵیم
شیعرەكە یەكێكە لە شیعرە جوانەكانی شێخ مارف و تێیدا زۆر دیمەنی قادركەرەمی نیشانداوە.

3
مارف بەرزنجی لە ناخەوە كەركوكی خۆش ویستوەو هەمیشە بە ئومێدی ئەوە بووە ئەو شارە دوور بێت لە كێشەو گیرو گرفت،لە وتارێكی رەخنە ئامێزو زۆر جوانا باسی كەركوك دەكات و دەڵێت « شەوانی كەركوك كە سەیری ئاسمان ئەكەی ئەبینی گڕێكی سور لای ژوورووی خۆرئاوای گرتوە « تا دەڵێت « ئەوە بڵێسەی ئاگرەكەی كۆمپانیای نەوتە زەوی و ئاسمانی سور كردووە «
هەروەها دەڵێت « هەوای جارانی كەركوك بەناوبانگ بوو، بەڵام ئەوەتەی ئەم كۆمپانیایەی تیا كەوتەوەتە كار ئەو هەوا سادەو پاكەی جارانی نەماوە «بەگشتی رەخنە لە كۆمپانیا ئینگلیزیەكە دەگرێت و گلەی ئەوەش دەكات خەڵكیش ئێستا بۆ نزای كوڕ ناچنەئەوێ‌ و بۆ تكاوپاڕانەوەی دامەزراندنی كوڕەكانیان دەچن وكوڕەكانیان ئەبەخشن بە كۆمپانیاو بە ئینگلیزەكان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*