سەرەکی » راپۆرت » له‌ یادی 42 ساڵه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌مه‌غه‌فور ئاغجه‌له‌ریدا

له‌ یادی 42 ساڵه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌مه‌غه‌فور ئاغجه‌له‌ریدا

ئاوات كۆكه‌یی

كاك حه‌مه‌غه‌فووور ئاغجه‌له‌ری ناوێكی ئاشنایه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازری گه‌له‌كه‌ماندا، یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ ناودار و به‌ ئه‌زموونه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول و سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌یه‌كی دیاری شۆڕشی نوێش بوو.
ئه‌گه‌رچی گوڵی ته‌مه‌نی له‌م شۆڕشه‌دا زوو هه‌ڵوه‌ری و هه‌ر له‌ قۆناغی مه‌فره‌ سه‌رتاییه‌كاندا شه‌هید كرا، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ جێپه‌نجه‌ی به‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی یه‌كێتی و شۆڕشه‌ نوێكه‌وه‌ دیاره‌.
كاتێك ئه‌و چه‌ند مه‌فره‌زه‌كه‌مه‌ی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی نوێ كه‌ هه‌بوو دابه‌شكران به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا، كاك حه‌مه‌ غه‌فوور بۆ ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیار و پڕ مه‌ترسی دانرا، ئه‌گه‌رچی له‌و رۆژگاره‌دا كه‌ رژێمی ئه‌وسای عیراق زۆر به‌هێزبوو و ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستانی كۆنتڕۆڵ كردبوو، شوێنێك نه‌بوو ئاسان و بێ مه‌ترسی بێت بۆ پێشمه‌رگه‌و خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی، به‌ڵام ناوچه‌كه‌ی كاك حه‌مه‌ غه‌فوور یه‌ك له‌ مه‌ترسیدارترین و ئاڵۆزترین ناوچه‌ بوو كه‌ رژێمی به‌عس و هێزه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كه‌ی، زووتر له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیكه‌، ده‌ستی پێڕا ده‌گه‌یشت، كه‌ ئه‌ویش ناوچه‌كانی كه‌ركوكه‌.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌و سه‌ركرده‌ ژیره‌ توانی شان بداته‌ به‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌ و پایه‌كانی شۆڕش له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌هێزو پته‌و بكات، به‌داخه‌وه‌، ته‌نیا خۆفرۆشان و دوژمنی هار هه‌میشه‌ به‌دوایه‌وه‌ بوون و به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵگرتنی شوێنپێی دابوون تا له‌داوی بخه‌ن، هه‌وڵه‌كه‌شیان سه‌ری گرت و ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌یان له‌ ئاسمانی كوردایه‌تی كوژانده‌وه‌.

گیانی به‌ره‌نگاری
شه‌هید حه‌مه‌غه‌فوور تا قۆناغی‌ ناوه‌ندی‌ خوێندووه‌و هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ كه‌سایه‌تیێكی‌ هۆشیارو جیاوازو به‌تواناو هه‌ڵسوڕاوی‌ لێبه‌دی‌ ده‌كرا، هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ جیاوازانه‌ش بوو وایكرد شه‌هید غه‌فور جیاوازتر ده‌ركه‌وێ‌ له‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی‌ خۆی‌.
هه‌ستی‌ نیشتمان په‌روه‌ری‌ و هۆشیاری‌ سیاسی‌ وای‌ له‌م لاوه‌ خوێن گه‌رمه‌ی‌ كه‌ركوك كرد تێكه‌ڵاوی‌ كاری‌ سیاسی‌ و ڕێكخراوه‌یی‌ ببێت بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانێ‌ له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت به‌نیشتمانه‌ داگیركراو و گه‌له‌ چه‌وساوه‌كه‌ی‌ بكات، ئه‌وه‌بو هه‌ر زوو په‌یوه‌ندی‌ به‌ڕیزه‌كانی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ پارتی‌ دیمۆكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ كردو به‌زوویش بووه‌ كادیرێكی‌ هۆشیارو به‌توانای‌ پارتی‌.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا بۆ سه‌ركوردستان، شه‌هید غه‌فور له‌پێشمه‌رگه‌ یه‌كه‌مه‌كانی‌ شۆڕش بوو، له‌به‌ر لێهاتوویی و ئازایه‌تی‌ و توانای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كردنی‌، هه‌رزوو پله‌كانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ ده‌بڕێت تا ده‌گاته‌ فه‌رمانده‌ی‌ به‌تالیۆن و سه‌ركردایه‌تی‌ چه‌ندین شه‌ڕو چالاكی‌ گه‌وره‌ی‌ دژ به‌دووژمن كردووه‌ ،له‌وانه‌؛ شه‌ڕی‌ سێ‌ ڕۆژه‌ی‌ داخستن و كۆنتڕۆڵكردنی‌ جاده‌ی‌ گشتی‌ نێوان كه‌ركوك – سلێمانی‌ و چه‌ندین چالاكی‌ تر.
شه‌هید غه‌فور له‌دوای‌ هه‌ره‌سهێنانی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول ده‌چێته‌ ئێران و هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ی ده‌دا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خۆی‌ له‌گه‌ل هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ هاوهه‌ڵوێست بكات كه‌وا نیه‌ت و ڕوحی‌ مقاوه‌مه‌ت و چه‌كدانه‌نان و ته‌سلیم نه‌بوونیان تێدایه‌، به‌هۆی‌ هاوسه‌نگه‌ری‌ و هه‌ڤاڵێتی‌ نزیكی‌ شه‌هید غه‌فور له‌گه‌ڵ شه‌هیدی‌ سه‌ركرده‌و پیاوی‌ ئازای‌ خه‌باتی‌ كوردایه‌تی‌ عه‌لی‌ عه‌سكه‌ری‌ ،خۆی‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ناوبراو و له‌ كۆبوونه‌وه‌ و ڕێكخستنی‌ بیروڕای‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌شداری‌ ده‌كات كه‌وا ده‌یانه‌وێ‌ به‌رگریكردن و ته‌سلیم نه‌بوون هه‌ڵبژێرن، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ وێستگه‌یه‌كی‌ تری‌ ژیانی‌ شه‌هید غه‌فور ئاغجه‌له‌ری‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی‌ ڕێكخراوی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ سۆسیالیستی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌شداری‌ ده‌كات و وه‌ك یه‌كێ‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ ڕێبه‌رایه‌تی‌ كردنی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ تازه‌یه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێ‌.
شه‌هید حه‌مه‌غه‌فور و هاوڕێكانی
له‌گه‌ل لێدانه‌وه‌ی‌ چه‌خماخه‌ی‌ شۆڕش شه‌هید غه‌فور ده‌بێته‌ فه‌رمانده‌ی‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی و ئه‌ركی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك پێده‌سپێردرێ‌، هه‌رزوو گه‌شه‌ به‌ هه‌رێمه‌كه‌ی‌ ده‌دات له‌ڕووی‌ چه‌ندایه‌تی‌ و چۆنایه‌تی‌ و هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بۆ درێژه‌دان به‌ شۆڕش و به‌رگریكردن له‌ خاكی‌ كوردستان.
جوڵه‌و چالاكییه‌كانی‌ شه‌هید حه‌مه‌غه‌فور ئاغجه‌له‌ری‌ وایكرد ببێته‌ جێگای‌ نیگه‌رانی‌ و ترسی‌ ڕژێمی‌ به‌عس، بۆیه‌ ده‌زگا ئه‌منی‌ و سیخوڕیه‌كانی‌ به‌عس هه‌میشه‌ به‌دوای‌ شه‌هید غه‌فوره‌وه‌ بوون تا گورزێكی‌ لێ بوه‌شێنن و شه‌هیدی‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ گرتن و ئازاردانی‌ خێزان و كه‌س و كاره‌كه‌ی‌، به‌ڵام مخابن دواجار دووژمنی‌ به‌عس له‌ ڕێگه‌ی‌ چه‌ند خۆفرۆش و جاشێكی‌ نیشتمان فرۆش په‌ی‌ به‌شوێنی‌ شه‌هید غه‌فور ده‌به‌ن و ڕۆژی‌ 23ی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ 1977 له‌گوندی‌ «كانی‌ بی‌»ناوچه‌ی‌ ده‌شتی‌ كۆیه‌ له‌شیرینی‌ خه‌ودا ده‌رفه‌ت له‌و سه‌ركرده‌ به‌تواناو فه‌رمانده‌ جوامێره‌ی‌ شۆڕشی‌ نوێ ده‌به‌ن و له‌گه‌ڵ شه‌ش پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌ڤاڵانی‌ شه‌هید ده‌كرێت . ئه‌وانیش بریتی بوون له‌(ئه‌‌نوه‌‌ر كه‌ریم عه‌لی‌ به‌یانی‌، عه‌بدوڵڵا تۆفیق، حامید مه‌لا ئه‌حمه‌د، كه‌ریم مه‌لا ئه‌حمه‌د، سه‌عیدعومه‌ر، ڕه‌زا عومه‌ر) .

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ محه‌مه‌د غه‌فوور ئه‌حمه‌د ناسراو به‌ حه‌مه‌غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری‌، ساڵی‌ 1939 له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ دیارو كوردپه‌روه‌ری‌ شارۆچكه‌ی (ئاغجه‌له‌ر)ی‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ڵاسێوكه‌ی‌ سه‌ربه‌پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌دایكبووه‌، هه‌رله‌وێ‌ چۆه‌ته‌ به‌رخوێندن و تا پۆلی‌ سێیه‌می ناوه‌ندیی خوێندووه‌.
ساڵی‌ 1961 و له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولدا بۆته‌ پێشمه‌رگه‌و كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی‌ به‌تالێون، هه‌میشه‌ رۆڵی دیاری‌ هه‌بووه‌ و كه‌سێكی ئازا و خۆڕاگربووه‌ به‌رامبه‌ر دوژمنی كورد.
شه‌هید حه‌مه‌ غه‌فوور یه‌كێك بووه‌ له‌هاوڕێ نزیك و متمانه‌ پێكراوه‌كانی شه‌هید عه‌لی‌ عه‌سكه‌ری‌ و تێكه‌ڵاو زۆریان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا.
ساڵی‌ 1974 پاش شكستی گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی‌ ئه‌وسای عیراق و شۆڕشی كورد و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ، شه‌هید حه‌مه‌غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی و فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ زیاتر له‌جاران كه‌وته‌خۆ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی هێزی داگیركه‌ر، بۆیه‌ هه‌رئه‌وكاته‌ توانی داستانێك له‌به‌رگریی تۆماربكات و بۆماوه‌ی‌ سێ‌ ڕۆژ له‌ده‌ربه‌ندی بازیان ڕێگه‌ی‌ نێوان كه‌ركوك- سلێمانی‌ كۆنتڕۆڵكرد، ئه‌وه‌ بوو له‌وشه‌ڕه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی حه‌مه‌ غه‌فوور فڕۆكه‌یه‌كی‌ جه‌نگیی‌ حكومه‌ت پێكراو له‌گوندی‌ (كه‌ڵه‌ شێره‌)ی‌ چه‌می‌ ڕێزان كه‌وته‌ خواره‌وه‌، دوژمنیش ناچار كرا پاشه‌ كشێ بكات.
هه‌روه‌ها هه‌رله‌شۆڕشی‌ ئه‌یلولدا چه‌ندین چالاكی‌ و نه‌به‌ردیی گه‌وره‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌، وه‌ك: شه‌ڕی‌ كۆلكه‌ ڕه‌ش، شه‌ڕی‌ دانه‌سۆفی‌ ناوچه‌ی‌ شوان، شه‌ڕی‌ شاخی‌ قه‌ره‌سردو زۆری دیكه‌
دوای‌ ئیمزاكردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیری‌ ساڵی‌ 1975، شه‌هید حه‌مه‌غه‌فوور هه‌روه‌ك كۆمه‌ڵێك له‌هه‌ڤاڵه‌كانی‌ چووه‌ ئێران و له‌ساڵی‌ 1976دا بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان و بووه‌ یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ شۆڕشی‌ نوێ‌ له‌سنووره‌كانی‌ كه‌ركوك و چه‌مچه‌ماڵ و به‌ری‌ كۆیه‌.
كاك حه‌مه‌ غه‌فوور ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان بوو كه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ باڵێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ی‌ هه‌رێمی‌ دووی‌ كه‌ركوكی‌ شۆڕشی نوێش. به‌پێی گێڕانه‌وه‌كان و سه‌رچاوه‌ مێژوویه‌كان، ئه‌م سه‌ركرده‌ شه‌هیده‌ چه‌نده‌ له‌بونیادیدا كه‌سێكی گه‌وره‌و به‌هێز و دامه‌زراو بوو، ئاوش كه‌سێكی ته‌واو ساده‌و خاكی بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا توانیویه‌تی خه‌ڵكێكی‌ زۆر بۆشۆڕش رێكبخات و بیانهێنێته‌ ناو ڕیزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌.
كاتێك هه‌واڵی‌ درووستبوونه‌وه‌ی‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ شۆڕشی‌ نوێ‌ ده‌گاته‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی‌ به‌عس، ئه‌وانیش هه‌موو تواناكانی‌ خۆیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ بۆدوورخستنه‌وه‌ی حه‌مه‌ غه‌فوور له‌شۆڕش، یان كوشتنی، سه‌ره‌تاش به‌ده‌ستگیركردنی‌ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی‌ و دایك و باوكی‌ و گواستنه‌وه‌یان بۆزیندانه‌كانی‌ خواروی‌ عیراق (شاری‌ ناصریه‌)، ئه‌وه‌بوو ماوه‌ی‌ زیاتر له‌یه‌ك ساڵ له‌زینداندا مانه‌وه‌ تاحه‌مه‌ غه‌فوور شه‌هیدكرا، ئینجا دوای 45 ڕۆژ له‌و رووداوه‌، ئازاد كران.
ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام هه‌وڵه‌كانی دوژمن بۆ شه‌هیدكردنی حه‌مه‌غه‌فوور و هاورێكانی شكستی ده‌خوارد، به‌ڵام دواجار له‌ڕێگه‌ی‌ چه‌ند خۆفرۆشێكه‌وه‌ ‌له‌به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی 23/7/1977 له‌‌گوندی‌ (كانی‌ بی‌)ی سه‌ر به‌شاری كۆیه‌ حه‌مه‌ غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری و هه‌ریه‌ك له‌: ئه‌‌نوه‌‌ر كه‌ریم عه‌لی‌ به‌یانی‌، عه‌بدوڵڵا تۆفیق، حامید مه‌لا ئه‌حمه‌د، كه‌ریم مه‌لا ئه‌حمه‌د، سه‌عید عومه‌ر، ڕه‌زا عومه‌ر) شه‌هید كران و گه‌یشتنه‌ كاروانی شه‌هیدان.
دیاره‌ به‌شه‌هیدبوونی‌ ئه‌وپۆله‌ پێشمه‌رگه‌یه‌و به‌تایبه‌تیش كاك حه‌مه‌غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری‌ فه‌رمانده‌ی‌ هه‌رێمی‌ دووی‌ كه‌ركوكی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان و ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ سۆسیالیستی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، زیانێكی‌ گه‌وره‌ به‌ر بزووتنه‌وه‌ی‌ ڕزگاریخوازی‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌وت، هه‌رچه‌نده‌ش ڕژێمی‌ به‌عس له‌ڕێگه‌ی‌ چه‌ند جاشێكه‌وه‌ توانیان حه‌مه‌غه‌فور ئاغجه‌له‌ری‌ و هه‌ڤاڵه‌كانی‌ شه‌هید بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی‌ به‌ر به‌ڕێبازه‌كه‌ی‌ بگرن و كۆتایی‌ به‌شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ بهێنن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...