سەرەکی » وتار » سه‌ربه‌ست جیهاد‌ » ئه‌دى سزاكان!

ئه‌دى سزاكان!

له‌ ده‌ستوورى عيراقدا هيچ ده‌قێك نيه‌ دژى ريفراندۆم بێ، دياره‌ هيچ مادده‌يه‌كيش نيیه‌ پشتيوانى بكا، كه‌چى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى هه‌رێمى ئێمه‌ كه‌وته‌ به‌ر حوكمى دادگاى ده‌ستوورى و به‌ بيانگه‌ى ناده‌ستوورى بوونيه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنرايه‌وه‌ .
راستى قه‌رارى دادگاى فيدراڵى چاوه‌ڕێ كراو بوو، چونكه‌ ئه‌و دادگايه‌ش وه‌كو هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى ديكه‌ى عيراق، له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆى ته‌وژمى دژه‌ سه‌ربه‌خۆيى هه‌رێمى كوردستاندا، ده‌رفه‌تى بێلايه‌نى له‌به‌رده‌مدا نه‌ما، ئه‌گه‌رچى ئه‌و دادگايه‌ ده‌سه‌ڵاتى فه‌صلى هه‌يه‌ و له‌ رووى شكليشه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆيه‌ .
دادگاى ده‌ستوورى له‌ باره‌ى ناده‌ستوورى پرۆسێسى ريفراندۆم روون و راشكاو بڕيارياندا، به‌ڵام له‌ سه‌ر پاكه‌تى سزاكانى كه‌ به‌ بيانووى ريفراندۆمه‌وه‌ دژى گه‌لى ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تى فيدراليه‌وه‌ ده‌رچوون، كه‌ قورسترينيان مانه‌وه‌ى ناچارييانه‌يه‌ له‌ عيراقدا ئینجا سزادانى ترى ئابوورى و ئيدارى و له‌شكرى، تاكه‌ ووشه‌يه‌كيان ( ليكه‌وته‌كان ) له‌ پاشكۆدا داناوه‌، كه‌ ديار نيیه‌ مه‌به‌ستيان چيه‌ و روويان له‌ كێيه‌ .
چونكه‌ دادگاى فيدراڵى ته‌نيا ته‌ماشاى شكاتى چه‌ند كه‌سێكى عه‌ره‌ب و توركمانى كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێزان مه‌سعود بارزانى و نه‌جمه‌دين كه‌ريم و رێبوار تاڵه‌بانى تۆمار كراوه‌، ئاسان نيه‌ بزانين ئيلغا كردنه‌وه‌ى لێكه‌وته‌كانى ريفراندۆم لابردنى سزايه‌ له‌سه‌ر ئه‌و 3 به‌ڕێزه‌ يانه‌كو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى سزاكانى ديكه‌ى گه‌مارۆ دان و له‌شكر كێشى و عقوبه‌ى ئابوورى و سياسيشه‌.
ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رۆك و هه‌يئه‌تى دادگا بپرسى بۆچى ته‌نيا لاى ناده‌ستوورى ريفراندۆميان ته‌ماشا كردووه‌ و ناده‌ستوورى سزاى مه‌نعى فڕين و داخستنى سنوور و به‌كارهێنانى سوپا و حه‌شديان له‌ ناكۆكيه‌كانى ناوخۆدا ناديده‌ گرتووه‌ ، وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ كه‌ هيچ ده‌عوايه‌ك له‌و به‌ستێنه‌دا و له‌سه‌ر هيچ كه‌س و ده‌سه‌ڵاتێك نه‌جوڵێندراوه‌ تا ره‌ئى يان بڕيارى له‌باره‌وه‌ بدده‌ن له‌م وه‌ڵامه‌ خه‌وش و كه‌م و كورتى نيه‌ ، ‌ ته‌ره‌فى دووه‌مى كه‌يسه‌كه‌ به‌ هۆى ئه‌و هێدمه‌يه‌ى دواى ريفراندۆمه‌وه‌ يان نه‌يويويستووه‌ يان بۆى نه‌لواوه‌ ساكاڵا له‌و دادگايه‌ دژى سزاكان بكا .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسياره‌ له‌ منى هاووڵاتى بكرێ ، كه‌ مافى سه‌ربه‌خۆ ژيان و سه‌ربه‌خۆ بڕياردانم لێ زه‌وت ده‌كرێ ، به‌وه‌نده‌ش لێم قايل نابن و رزق و رۆزيم ده‌بڕن و قشون و سه‌رباز ده‌نێرنه‌ سه‌رم ، گه‌ر له‌ منێكى هاونيشتيمانى بپرسن، گه‌ر له‌ منى ‌ بێ ده‌ره‌تان بپرسن كه‌ قورسايى سزاكان ده‌روون و جه‌سته‌م ئازار ده‌دا، وه‌ڵامم شتێكى ديكه‌ ده‌بێ. تێكه‌ڵه‌يه‌ك له‌ نائومێدبوونى هه‌تا هه‌تايى له‌ پێكه‌وه‌ ژيانى ئاشتيانه‌ و ده‌رفه‌ت و ئه‌رك و مافى يه‌كسان و ترسى داسه‌پاندنى نه‌مه‌تێك له‌ سێستمى سياسى نادڵخواز و فه‌رزكردنى يه‌كيه‌تى خاكى عيراق به‌ قه‌هر و زۆردارى ده‌ستوور و قووه‌تى سوپا و پۆليس ، نه‌ك هه‌ر ناده‌ستووريه‌ ، به‌ڵكو ئه‌وپه‌ڕى نا ئينسانيه‌ ,
دادوه‌رانى به‌ڕێزى دادگاى به‌رزى ووڵات ، وه‌كى هه‌ر خۆ به‌ عيراقى زانێكى دى لاگرى يه‌كپارچه‌يى عيراقن ، يه‌كپارچه‌يى به‌ زۆر داسه‌پاو ، كه‌ نزيكى سه‌ده‌يه‌كه‌ جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تى هيچ موژده‌ و هيوايه‌كى نه‌به‌خشيوه‌ ، ئێستاش كه‌ ئه‌و حاكمانه‌ بڕيارى قه‌تعى له سه‌ر ناده‌ستوورى جيابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆيى ده‌ده‌ن ، پێ بزانن يان نه‌زانن موحاكاتى ئه‌و رۆژڕه‌شيانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستانى گه‌وره‌ و بچووكى ئه‌م ووڵاته‌ نه‌گبه‌ته‌ به‌سه‌ر ئێمه‌ى خه‌ڵكى كوردستانيان هێناوه‌ .
عيراق به‌ كيان و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ زاده‌ و له‌ دايكبووى هه‌لومه‌رجێكى نێونه‌ته‌وه‌يى و قه‌رار و رێككه‌وتنێكى ده‌وليه‌ ، تا ئه‌و كاته‌ى به‌ بڕيارێكى ئومه‌مى يان به‌ گۆڕانێكى دراماتيكى هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ ، ده‌بێ هه‌ميشه‌ پێشبينى بڕيارى له‌و جۆره‌ى مه‌حكه‌مه‌ى ئيتيحادى و سزادانى به‌ كۆمه‌ڵ بكه‌ين .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*