سەرەکی » ئاراستە » سروشێ لە گوندەکانەوەپەڕە 17

سروشێ لە گوندەکانەوە

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا

سروشت هێند جوان و بێ وێنە بوو، هیواکان هێند بڵند بوون دەگەیشتنە لای خودا، چیا سەرکەش و پڕ ورەو پاڵپشت و پەناگەی هەمووان بوو .. گوند چراخان، مەشخەڵ بە دەست لانەی پڕسۆز، ماڵی هەمووان، دایکی هەمووان بوو، پەناگەی پڕ ئارامی مەڵبەندی خۆسازدان و خۆرێکخسنەوەی بەرەنگاری بوو، ئەمە سروشتەکانی گوند و ناوچە گوند نشینەکان بوون .. هەربۆیە ئەو دەمەی زیندانی کرام و پاش ئازادبوونم ملمنا بەرەو ترووسکاییەکانی ئازادی، بەرەو گوند و چیاکان، نیشتمانی شۆڕش و پڕخۆشەویستی. ئاخر ئەوێندەر پڕپڕ بوون لە هەڵمەتی ئازاری تۆکمە و پۆڵای بەرەنگاری بوون، لەوێ هەمووان ئارام بووین، ئاسوودە بووین.
بە درێژایی مێژووی کوردان، گوند و گوندنشینان، دووچاری کاولکاری و دەربەدەری و ماڵ سووتان و ئەنفال و کوشتنی بەکۆمەڵ بوونەوە، داخم ناچی و هەرگیز ئەو وێنە تۆمارنەکراوانەم دەبینی بەدیاریانەوە هەڵدەکوڕمام، ئاخر چ گوند و دێیەکی سووتاو و وێرانکراو نەبوو پڕ نەبێت لە قیژەو هات و هاوارێکی بێدەنگی سامناک، منداڵ و ژن و پیاو و نەخۆش و پەککەوتە رادەکەن، هاوار دەکەن، خۆیان لە بەر رووناکی چاوەزەقەکانی جاش و بینینە بێ بەزەییەکانی سەرباز و ئەفسەرانی رژێمدا حەشار دەدەن .. کێ هەیە هەناسەیەکی قووڵ هەڵنەکێشێ بەدیار پاشماوەی مزگەوتی گوندێکەوە و پیاوانی ئایینی و گوندنشینان بێ سۆراخ نەبینێتەوە و دوودوو سێ سێ سەریان کردووە و بەیەکدا و باسی دین و ژیان و بواری کۆمەڵایەتی، هەندێک لە گاڵتەو گەپەکانی هێزی پیاوەتی پاش پەنجاساڵییەوە دەکەن .. لەولاوە کانی ژنان دەبینی، توولە رێێ نێوان گوند و کانی، ئێستاش چڵ و گوڵ و درەختەکانی ئەملاوئەولای رێ، گۆرانی بۆ کیژان و کوڕانی عاشقی دەم ژوانەکانی لاڕێ دەچڕن، هێشتا بۆنی سمڵ و رەیحانەکان هەرماوە و مەست و حەیرانی دەکردین، رێگەی ناو دێ تەپوتۆزی لێ هەڵدەستێ، ئەوە سیمفۆنیاکانی دەنگی کارژیلە و باڕە و گارەی مەڕ و بزن و گۆلکن بۆ ناو دێ دەگەڕێنەوە، ئەوەش کیژۆڵە پەمەییەکانی کوێستانی کوردەوارین چاوەروانی مەڕدۆشینن، دەمەو ئێوارانێکیش دووکەڵی ئاگری ژێر مەنجەڵی برنج و بۆنی شێوە گەرمەکانی ماڵان لە بۆنی میسک و عەنبەر و یاسەمین خۆشتر بوون.
خۆ گەر بچیتەوە ناو ئەو گوندانە، بڕوادارم ئەمێستاش دیمەنەکان خۆیان نیشان دەدەنەوە، هەموو ئەمانەش، توێشوی بڕوایەکی پتەو بوون لە ناخ و بازووی چەک هەڵگری پێشمەرگەدا، هەموو ئەمانە، شوورایەکی بڵندی بەرزی پۆڵاییان بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی تر سازاندبوو .. لەوێندەر خۆشەویستیمان لە ژوانێکی ئەنفالکراو و هەرەوزێکی بەکۆمەڵی زیندەبەچاڵکراو و لە هۆرەیەکی بەجێماوی نێو چیانکاندا وەردەگرت، ئەوە مێژووی گوندنشین و گوندەکانمانە .. کوژران و رووخێنران و پاڵپشت و پەناگەی شۆڕشیش بوون.
هەربۆیە دەکرێت بوترێت ئەوان چیان کرد بۆ هەمووان و ویژدانی هەمووانیش چی بۆ کردوونەوە..؟!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نه‌بوونی هێماكانی‌ هاتوچۆ له‌ گونده‌كاندا

رەوا محەمەد وه‌ك زۆربه‌ی‌ ڕێگاوبانی شار و شارۆچكه‌كانیتر له‌ كوردستان، ...