سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״لە دوو مانگی داهاتوودا بودجەی 2020 دەگاتە نوێنەران״پەڕە 3

״لە دوو مانگی داهاتوودا بودجەی 2020 دەگاتە نوێنەران״

ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عیراق دەبێتە پرسێكی گەرم و بەپێی لێدوانی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش «پێویستە لە دوو مانگی داهاتوودا پڕۆژەیاساكە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران».

كۆبوونەوەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەردەوامە
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەپێی یاسا پێویستە لە مانگی دەی هەموو ساڵێكدا، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق لەلایەن حكومەتەوە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئەمساڵیش چاوەڕوان دەكرێت لەوكاتەدا پڕۆژەیاساكە بگاتە نوێنەران بۆ ئەوەی پێش كۆتایی ئەمساڵ دەنگی لەسەر بدرێت. وتیشی: ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عیراق لەكاتێكدایە تائێستا هەرێمی كوردستان و بەغدا نەگەیشتوونەتە رێكەوتنی كۆتایی، بەڵام كۆبوونەوەكانی نێوانیان بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی تایبەتمەند پێكهێنراوە. راشیگەیاند: زۆر گرنگە لەو ماوەیەدا هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق بگەن بە رێكەوتن.

هەماهەنگیی لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا بكرێت
پەیوەست بەو بابەتە، دلێر عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یاسای بودجەی 2019ی عیراق بڕگەیەكی باشی تێدایە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێكەڵ بە كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا نەكراوە، بۆیە هیوادارین بۆ بودجەی ساڵی داهاتووش هەمان بڕگە دووبارە پەسەند بكرێتەوە. وتیشی: پێویستە هەرێمی كوردستان هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا بكات، بۆ ئەوەی بەیەكەوە بەرگریی تەواو لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

چارەسەركردنی كێشەی نەوت و گاز پێویستە
سامان خەلیل ئابووریناس لەبارەی پرسی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عیراقەوە، «چارەسەركردنی كێشەی نەوت و گاز لەنێوان بەغدا و هەرێم» بەپێویست دەزانێت و رایگەیاند: زۆر گرنگە كێشەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا و سەرهەڵدانەوەی قەیرانی دارایی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*