سەرەکی » وتار » نڤیسکار » دەردە دڵپەڕە 2

دەردە دڵ

جاران ده‌گوترا نه‌ته‌وه‌ی ته‌واو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاریفه‌كه‌ی ره‌فیق ستالینی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت، به‌ڵام له‌ راستیه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ته‌واو ئه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ر وێستگه‌یه‌كی ژیانی ده‌فته‌ر و به‌ڵگه‌ و ئاماژه‌یه‌كی دێرینبوونی خۆی له‌ هه‌گبه‌دا هه‌بێت.
ئه‌وانه‌ كامڵی كۆنینه‌یی و شایه‌تی مێژوون كه‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناتوانێ خۆی بێ و خۆی پێ بسه‌لمێنێ ئه‌گه‌ر نه‌یبێ. كایه‌ی هونه‌ر و ئه‌رشیفسازی هونه‌ری و میدیایی به‌شێكی گرنگی نه‌ته‌وه‌سازی ئه‌مڕۆ پێكده‌هێنێت.
رۆژئاوا سه‌دان سه‌دان هه‌زار فۆتۆ و كتێب و خه‌زینه‌ی هونه‌ری و روناكبیری و میدیایی له‌سه‌ر رابردووی خۆی هه‌یه‌.كه‌ چمكێكی مێژووی به‌رجه‌سته‌ ده‌كا و وه‌ك خۆی چۆنه‌ بێ مه‌زنده‌ و لێكدانه‌وه‌ و فاڵگرتنه‌وه‌ ده‌یانگێڕێته‌وه‌. ئێمه‌ ره‌سمێكی نالی و حاجیمان نییه‌ به‌رجه‌سته‌ی ئه‌دگاریان بكات و به‌و ره‌سمه‌ له‌ شێخ ره‌زا و خانای قوبادی و خانی و سالم جیایان بكه‌ینه‌وه‌.
بۆ دوور بڕۆین. میسری هاوسێی رۆژهه‌ڵاتیمان سه‌د ساڵه‌ سینه‌مای هه‌یه‌ و قۆناغێكی گرنگیان نیه‌ به‌ فیلم و سینه‌ما و فۆتۆ وێنه‌ی ستایلی ژیان و ستایلی جلوبه‌رگ و خواردن و جاده‌ و شه‌قام و باخچه‌یان نه‌گیرابێت. بۆ ئه‌وه‌ی بزانین میسرییه‌كان له‌ بیسته‌كان و سی و چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو چۆن ژیاون و چیان كردووه‌ و له‌به‌ر بووه‌ ستۆدیۆی دروستكراو و ئه‌ندێشه‌ی مه‌زه‌نده‌یان ناوێت، به‌و خه‌زێنه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ هه‌موو شتێكیان ده‌گێڕنه‌وه‌ و هه‌ر ماوه‌ كاره‌كته‌رێك یان ستۆدیۆیه‌ك وه‌ك خۆی چۆنن به‌رجه‌سته‌یان بكاته‌وه‌. ئێستا ئه‌وه‌شیان تێپه‌ڕاندووه‌. خودی ئه‌رشیفه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ته‌وزیف یان هه‌ر وێنای ده‌كه‌نه‌وه‌.
له‌م رۆژانه‌دا شه‌وه‌ درامایه‌كی میسریم ته‌ماشا ده‌كرد كه‌ باسی خۆشه‌ویستییه‌كی قه‌دیمی نێوان ژن و پیاوێك ده‌كرد. له‌ فلاشباكی دراماكه‌ و بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سی ساڵی پێشووی چیرۆكی عیشقی هه‌ردوولا دراماكه‌ ناچار نه‌بوو دوو گه‌نج بێنیی كه‌ رۆڵی گه‌نجێتی هه‌ردوو عاشق به‌رجه‌سته‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ڵكو:
عومه‌ر حه‌ریری و زیزی بەدراوی خۆی رۆڵه‌كه‌یان گێڕا. به‌ڵام نه‌ك به‌ ماكیاج و خۆنواندنی گه‌نجانه‌ و به‌زۆر په‌ستێنراو. به‌ڵكو چه‌ند گرته‌ی هه‌ردووكیان به‌ گه‌نجی و له‌ فیلمی قه‌دیمی هه‌ردووكیان فلاش باكه‌كه‌ی به‌ فیعلی به‌رجه‌سته‌كرده‌وه‌. هه‌ردووكیان 2 سكرین فیلمیان هه‌یه‌ و هی ئه‌وه‌ بوو جارێكی تر له‌ درامایه‌كی تردا ته‌وزیف بكرێنه‌وه‌.
له‌ گۆشتی رانی خۆیان بخۆن باشتره‌ له‌ منه‌تی قه‌ساب. ئه‌مه‌ فیلمی خامه‌ و بۆ درامای تازه‌ بابه‌ت خراوه‌ته‌ گه‌ڕ. نه‌ته‌وه‌ی وا كامڵه‌ و زیندووه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كانی ره‌فیق ستالین و باوكه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی بیری نه‌ته‌وه‌یی بۆرژوازییان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نه‌بێت.

نڤیسکار

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*