سەرەکی » مانشێت » بودجەی گشتی ساڵی 2020 تاوتوێ‌ دەكرێت

«دەبێت بەغدا و هەولێر لەسەری رێكبكەون»

بودجەی گشتی ساڵی 2020 تاوتوێ‌ دەكرێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، بودجەی ساڵی داهاتوو تێناپەڕێنرێت، تا ئەو كاتەی بەغدا و هەولێر ڕێككەوتن لەسەر بڕگەكانی دەكەن، ئاماژە بەو توێژینەوە زانستیانەش دەكات كە لەلایەن وەزارەتی نەوت و ڕاوێژكارە پسپۆڕەكانەوە ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ بودجەی 2020، دیاریی بكەن.
جەمال ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”بودجەی ساڵی داهاتوو بەبێ‌ ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر تێناپەڕێنرێت، دەبێت لەمجارەشدا ڕێكەوتنەكە ڕاستەقینە بێت و هەریەك لە ناوەند و هەرێم پێوەی پابەندبن”.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی”ڕێنەكەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو، وا لە پەرلەمان دەكات متمانەی بە هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم نەمێنێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پابەندی یاسابن لە پاشماوەی ئەمساڵ بۆ ڕێككەوتن لەسەر بودجەی 2020″.
جەمال ئەحمەد دەڵێت”بودجەی ساڵی داهاتوو لە دوای توێژینەوەیەكی زانستی لەلایەن وەزارەتی نەوت و ڕاوێژكارانی پسپۆڕ لەو بوارەدا دادەنرێت، بە تایبەت كە نرخی بەرمیلێك نەوت لەنێوان 55-65 دۆلاردایە”.
پێشتر لیژنەی دارایی ڕایگەیاندبوو”كورتهێنان لە بودجەی ساڵی 2020 دەگاتە 72 ترلیۆن دینار، ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەیەكی زانستییە بۆ ئەژماركردنی نرخی بەرمیلێك نەوت لە بودجەی ساڵی داهاتوو”.
پێشتر ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بوونی كارەساتێكی گەورەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی داهاتوودا ئاشكرا كرد و رایگەیاندبوو كە خراپترین بودجە دەبێت لەمێژووی عیراقدا.
عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو» پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2020 كەئێستا ئامادەكاریی بۆ دەكرێت لەلایەن حكومەتەوە، رێژەی كورتهێنان تێیدا خراپترین دەبێت لەمێژووی عیراق، بەهۆی ئەوەی رێژەی كورتهێنان 70 ترلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت».
بە بۆچوونی عەبدولهادی سەعداوی»ئەوە یەكەمجارە لە پرۆژەیاسای بودجەدا ئەو شكستە گەورەیە ڕووبدات بەهۆی كورتهێنان و هۆكاری ئەوەی گەڕاندەوە بۆ حكومەتی ئێستای عیراق كە سیاسەتێكی دارایی پەیڕەوكردووە و رەچاوی پلاندانان و شارەزایی لە خەرجكردنی پارەكان ناكات».
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق پێیوایە، كاروبارەكان بەرەو خراپتردەچن و پێدەچێت حكومەت رایبگەیەنێت كە توانای دابینكردنی تەواوی پێداویستی و خزمەتگوزارییەكانی نەبێت لەبودجەی ساڵی داهاتوو.
لەلایەكی ترەوە سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەی گشتی ئەمساڵ، هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بەپێویستی دەزانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەكانی داهاتوودا ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا جێبەجێ‌ بكات، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە بودجەوە هەیە.
فازڵ جابر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، “هیواخوازن حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەكانی داهاتوودا رێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا جێبەجێ‌ بكات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بودجەوە هەیە و پابەندی ئەو رێككەوتنانە ببێت، كە ئیمزای لەسەركردوون، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە ئێمە هەنگاو بەرەو گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی ساڵی 2020 هەڵدەنێین».
پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح، ئاماژەی بەو سەردانانەش كردبوو، كە هەردوو وەفدی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بۆ بەغدا و هەولێر ئەنجامی دەدەن، ئەمەش بە بۆچوونی ئەو “هەلی باش دەڕەخسێنێت لەبارەی بەرەوپێشچوونی گفتووگۆكان و گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی».
بە گوتەی فازڵ جابر، “هیواخوازن بەر لە تاوتوێكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان، پابەند بێت بە هەموو ئەو بڕگانەی لە بودجەی 2019دا ڕێككەوتنیان لەسەركراوە».
بەپێی بودجەی گشتی 2019ی عیراق، دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر وەرگرتنی پشكی لە بودجەكەدا، كە مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە لەخۆدەگرێت، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی (سۆمۆ) بكردایە، بەڵام تائێستا هیچ بڕێكی لەو نەوتە ڕادەست نەكردووە كە لەگەڵ بەغدادا رێككەوتنی لەسەر كردبوو.
ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پشكە داراییەكان و نەوت لە یاسای بودجەی 2019، بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، وێڕای هەوڵی بەردەوامی هەردوولا بۆ چارەسەركردنیان، ئەمەش لەڕێی پێكهێنانی چەند لیژنەیەك كە پرسەكە تاوتوێ‌ دەكەن.
ئەم ناكۆكیانە گەر لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەمشێوەیەی چارەسەرنەكرێن، رەنگە لە بودجەی گشتی ساڵی داهاتوودا تەنگژەی گەورەتر بهێننەئارا و هەمان سیناریۆی ساڵانی رابردووی سەردەمی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵدا دووبارەبكەنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چەتری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە کلیکی ئەم لینکە بکە