سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید

بەشی شانزە

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان، ئەم کتێبە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕاوەو لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیشدا لە قووتابخانەکان دەخوێنرێت. جگە لەوەش ئەم کتێبە چەندینجار کراوەتە فیلم و شانۆ و چەندین خەڵاتی جیهانی لەسەر وەرگیراوە. تاوەکو ئێستا دە جار کراوەتە فیلم و دوایین جاریش ساڵی 2016 بوو، کە لە جیهاندا بەیەکێک لە فیلمە سەرکەوتووکان دانرا.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە باس لە حکایەتی تراژیدیای گەلی جوولەکە دەکات لە سایەی رژێمی نازی ئەڵمانیدا، لەهەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆیی ئەو سیستەمە فاشیستە دەخاتە ڕوو، کە جوولەکەی کردبووە ئامانج و هەوڵی پاکتاوکردنی دەدان. بەگشتیش ئەم چیرۆکانە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بۆئەوەی لە ئەزموونی گەلانی جیهان فێربین، لە هەمانکاتیشدا گرنگە بزانین چۆن ئەوان توانیویانە مەسەلەی پاکتاوکردنیان بە جیهان بناسێنن. ئێمەی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان، چەندینجار رووبەروی پاکتاوی نەژادی بوینەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەماتوانیوە وەکو جوولەکە و ئەرمەنییەکان، ئەو حکایەتە پڕ ئازارانەمان بۆ جیهان بگێڕینەوە.
ئانا فرانک، لە ١٢ / ٧ / ١٩٢٩ لە دایک و باوکێکی جوولەکە، لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین)، لەدایک بووە، ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ دایکوباوکی لەدەست نازییەکان بەرەو ئەمسته‌ردام هەڵهاتوون، پاش ئەوەی سوپای نازییەکان لەساڵی ١٩٤٠ هۆڵەندایان داگیرکرد، پاشانیش لەساڵی ١٩٤٢ رێکاری زۆر توندوتیژیان بەرامبەر بە جوولەکەکان نا، بنەماڵەی فرانک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان لە دیوی پشتەوەی باڵەخانەیەکدا لە گەڕەکی (پرنسنگراخت) لە ئەمستەردام، خۆیان پەنادا. هەموو ئەوانەی لەو پەناگەیەدابوون لە ئابی ١٩٤٤ لەلایەن سیخوڕی نازییەکانەوە دەستگیرکران و بەرەو (ئاوسشڤیتز) پەلکێشکران. ئانا فرانک لە ئاداری ١٩٤٥ لە شاری (بێرگن بێلزن) مرد،)رۆژی مردنەکەی بەتەواوی نازانرێت). لە ئێستادا ئەو ماڵە بۆتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتەکانی ئانا فرانک و خانەوادەکەی تێدا پارێزراوە.
ئانا فرانک لە ١٢/٦ /١٩٤٢ ه‌وە تاکو مانگی ئابی ١٩٤٤ یاداشتەکانی نووسیوە. ئەو تاکو سەرەتای ١٩٤٤ لەشێوەی نامە تەنها بۆ خۆی دەینوسین، تاکو رۆژێکیان لە پەخشی رادیۆی لەندەن گوێی لە وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا دەبێت کە ئەویش لەوێ پەنابەرە وباسی لەوە کردووە، پاش کۆتایی جەنگ هەموو ئەو نوسینانەی دەربارەی بەسەرهات و نەهامەتی خەڵکی هۆڵەندی لە ژێر زەبری داگیرکاریی ئەڵمانیادا نوسراون، کۆدەکاتەوە وبڵاویان دەکاتەوە، لەوانە بۆ نموونە ئەو یاداشت و یادەوەرییانەی خەڵکی نوسیونین. ئەم قسانەی وەزیر کاردەکەنە سەر ئانا فرانک، بڕیار دەدا پاش تەواو بوونی جەنگ بیانکا بە کتێبێک وبڵاوی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتەکانی دەکاتە بەردی بناغەی کتێبەکە.
لە رووی شێوازی نوسینیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسان نووسراون و گوزارشت لە تێڕوانین و دونیابینی کچێکی مێرد منداڵ دەکات.
ئەم کتێبە لەلایەن وەرگێڕی هێژامان کاک کەریم مەلا رەشید لەزمانی ئەڵمانییەوە، واتە لە زمانی یەکەمەوە کراوەتە کوردی. ئێمەش لە کوردستانی نوێ، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵ دەدەین بە ئەڵقە ئەم کتێبە گرنگە بخەینە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزمان.

کوردستانی نوێ-ی هەفتانە

شەممە، ٤/٣/١٩٤٤
باشترین کیتی!
ئەوە چەندین مانگ تێدەپەڕن، تێدا ئەم رۆژی شەممەیە تەنها رۆژە، جیا لە شەممەکانی رابردو، بارگران و خەمگین و وشکەڵان نەبێ. هەڵبەتە لە (پیتەر) بەولاوە هیچ هۆکارێکی تر نییە. ئەم بەیانییە پاش ئەوەی دەسماڵەکانم لەسەربان هەڵخست، باوکم پرسی ئاخۆ دەمەوێ بمێنمەوە بۆئەوەی هەندێک بە زمانی فەڕەنسی بئاخڤین. من زۆرم بێخۆشبو. سەرەتا بە فەڕەنسی دواین و هەندێک شتم بۆ روونکردنەوە، پاشان بە زمانی ئینگلیزیەوە گلاین. باوکم بەشێکی لە کتێبەکەی (دیکنز) بۆ خوێندینەوە، من لەخۆشیان شاگەشکەبوم چونکە لەسەر تەختەکەی باوکم شانبەشانی پیتەر دانیشتبوم. یازدە چارەک کەم چومە خوارێ. یازدەونیو چومەوە سەرێ، ئەو لەسەر پلیکانەکان چاوەڕێی دەکردم. تاکو یەک چارەککەم قسەمان کرد. پاشان پێی گوتم: پاش خوان، ئەگەر بۆت رەخسا و کەس سوسەی نەکردی، وەرەوە سەرێ «رۆژباش، تادوایی، ئانا!»
ئای کە شادم! ئاخۆ ئەویش خەریکە بمپەسنێ؟ هەرچۆنێک بێت ئەو کوڕێکی بەسۆزە، جا کێ دەزانێ لەوانەیە پێکەوە زۆر کۆک بین.
خاتوو (ڤان دان) پێی خۆشە پێکەوە دەمانبینێ. بەڵام ئەمڕۆ بەگاڵتەوە لێی پرسیم، «ئاخو دەکرێ متمانەتان پێبکەم کاتێ لەسەرەوە بەتەنیا بن؟»
منیش بەده‌نگێکی ناڕەزا پێمگوت: «بێگومان، دەتەوێ بەو پرسیارە بمڕوشێنی؟»
لەبەیانی تا ئێوارێ، دیدەنی (پیتەر) چاوم روندەکاتەوە.
ئانا م. فرانک-ی تۆ

دووشەممە، ٦/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
من لەروخساری (پیتەر) ئەوە بەدیدەکەم کە ئەویش، وەکو من هەمان تێڕوانینی بۆم هەبێ، دوێنێ ئێوارێ زۆر نیگەران بوم کاتێ دایکی بەتەوسەوە پێی گوت «ئەو بیرمەندە!» پیتەر بەوە سورهەڵگەڕا ودۆشداما، منیش خەریکبو شەق بەرم. خۆ دەکرێ خەڵکی زاری خۆیان بگرن! زۆر ناخۆشە دەستەوسان لە دیمەنێکێ لەوجۆرە بڕوانی. (پیتەر) زۆر بێکەسە. من بەو روداوانە زۆر ئاشنام و دەڵێی خۆمی تێدام، دەزانم ئەویشی پێ دڵەڕاوکێ دەبن، کاتێ ناوبەناو ئاوا بەگژیدادەچن. ئای (پیتەر)ی داماو، چەندت پێویست بە سۆز وخۆشەویستییە!
زۆر نیگەران بوم کە گوتی، من هیچ پێویستیم بە هاوڕێ نییە. هەڵبەتە ئەو زۆر هەڵەیە! منیش پێموانییە مەبەستی ئەوە بێت. ئەو خۆی خستۆتە نێو کەوانەی پیاوەتی وتەنیایی وبەڕواڵت بێباکە، تەنها لەبەرئەوەی رۆڵی خۆی لەدەست نەدات نەبادا هەستونەستی دەربڕێ. جا تاکەی دەتوانێ ئەو رۆڵە بگێڕێ؟ ئایا ئەو فشارە مرۆڤ بەزێن وتواناپڕوکێنە هەڵچونێک بەدوای خۆیدا ناهێنێ؟ ئۆە (پیتەر)، ئەگەر توانیبام وبۆم هەبایە کۆمەکت بکەم! ئەوکات هەردوکمان پێکڕا تەریکیمان دەڕەویەوە!
من زۆر بیردەکەمەوە و کەم دەردەبڕم. بە بینینی ئەو شاد دەبم چ جای ئەوەی هەتاویش بجۆشێ. دوێنێ کاتێ سەرم دەشۆری، زۆر دڵخۆش بوم! دەمزانی ئەو لەژورەکەی تەنیشتەوەیە. دەرهەق بەوە دەستەوسانم، هەرچەند لەناخەوە هێمن وکۆششکاربم، بەو ئەندازەیەش لەدەرەوە گیزوهوڕ دەکەم. ئاخۆ دەبێ کێ یەکەم کەس بێت بتوانێ ئەو قلغانە دیوەدەر بکات؟
هەڵبەتە شتێکی چاکە کە مالباتی (ڤان دان) کچیان نییە! چونکە داگیرکردنی دڵ ‌هێندە سەخت و جوان و بەچێژ نەدەبو ئەگەر توخمەکەی دی ئاوا سەرنج راکێش نەبوایە!
ئانا م. فرانک

تێبینی: تۆ دەزانی من هەموو شتێکت بێ پێچوپەنا بۆ دەنوسم. بۆیە دەبێ ددان بەوەشدابنێم کە من لە دیدارێکەوە بۆ دیدارێکی تر تێدەپەڕێنم، هەمیشەش هیوا دەخوازم ئەوەیش وەکو من چاو لەرێگام بێت، من لەناخەوە دەگەشێمەوە کاتێ ئەو تۆزە دۆشدامانەی بەدیدەکەم. ئەو هەر وەکو من زۆری پێخۆشە رازونیازەکانی دەربڕێ، لەهەمان کاتیشدا نازانێ کە بێ دەسەڵاتییەکەی ئاوا کارم تێدەکات.

سێشەممە، ٧/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
کاتێ بیر لەژیانی سەروبەندی ساڵی ١٩٤٢ دەکەمەوە، بەخەون وخەیاڵ دەبینم. ئەو ژیانە خوداوەندئاسایە (ئانا فرانک)ێکی تر دەیگوزەراند، ئەوەی ئێستا والێرە ژیر و سەلارە. ژیانێکی فەراهەم بوو بەڵام بەسەرچو. هەر قامکێک پێنج رێزبەندی هەبو، نزیکەی بیست هاوڕێ وناسیاو، لەلای زۆربەی مامۆستاکان لەهەموان خۆشەویستر، دایکوباب نازیان هەڵدەگرت، شیرینییەکی زۆر، پارەیەکی باش – مرۆڤ چی دەوێ لەوە زیاتر؟
بێگومان ئێستا لێم دەپرسی، چۆن ئەو هەموو خەڵکانەم لە قامکەکانم ئاڵاندوە. (پیتەر) دەڵێ بە «هێزی راکێشان»، بەڵام ئەوە بەتەواوی دروست نییە. مامۆستاکان وەڵامە زیرەکەکانم، روخساری بەخەندەم ونیگای رەخنەگرانەم، هەمویان لەلا پەسن، کەنیناور وسەرنجڕاکێش بون. لەوەبەولاوە هیچی تر نەبو تەنها عەیار وقسەخۆشبوم. چەند خەسڵەتێکی چاکیشم هەبوو تاڕادەیەک پێیان بەهرەمەندبوم، لەوانە کردوکۆشش، سەرڕاست و دڵاوا. هەرگیز دەستم بەڕووی هێچ کەسێکدا نەدەنا هەرچ كەسێک بوبێ، شیرینیم بەدەستی واڵا دەبەخشییەوە، قەد لەخۆبایی نەبوم. ئاخۆ ئەو هەموو پەسن وستایشانە وایانلێکردم کە زۆرداربم؟ بەڵام بەختی بێدارم هۆشی هێنامەوە بەر، لەکاتێکدا لەترۆپکی لوتکەشدابوم، کتوپڕ بەسەر راستیەکاندا کەوتم، ساڵێک پتری خایاند تا خۆم لەسەر ئەوە راهێنا لە هێچ لایەکەوە چاوەنواری ستایشکردن نەبم.
بە چ نیگایەک لە قوتابخانە لێیان دەڕوانیم؟ بە سەرهەنگی هەموو جۆرە گاڵتەوگەپێک، لەوەدا هەمیشە سەرمەشق بوم و هەرگیز مڕومۆچ وگرینۆک نەبوم. مایەی سەرسوڕمانە کە هەموان بەخۆشحاڵی دەبونە هاوڕێگام یاخۆ هەوڵیان دەدا سەرنجم بۆخۆیان رابکێشن؟
من ئێستا ئەو (ئانا فرانکە) بە کەسێکی باش وقسەخۆش دادەنێم بەڵام کچێکی روکەش بوو ئەمڕۆ هیچ شتێکی بەمنەوە گرێناخوات. جا لەبارەی من (پیتەر) راستی کردوە کە گوتێتی: «هەرکاتێک تۆم دەدی، هەمیشە دوو سێ کوڕ وکۆمەڵێک کچ لێت ئاڵابون. تۆش هەردەم پێدەکەنیت وببوی بەچەقی بازنەکە!»
ئەو (ئانا فرانک)ە چی لێماوەتەوە؟ بەدڵنیایی زەردەخەنە و وەڵامدانەوەکانی لەبیر نەکردوە و هێشتا بەو گوڕەی جاران بەڵکو چاکتریش دەتوانم رەخنە لە مرۆڤ بگرم، جگەلەوانەش هەروەکو جاران دەتوانم چاوبازی بکەم، ئەویش ئەگەر بمەوێ …
تاسەی ئەوەم کە جارێکی تر بۆ ئێوارانێک، یا چەند رۆژێک، بۆ هەفتەیەک، بەبێ خەم و بە بەختەوەری بژیم. پاش هەفتەکە هێزم لەبەرنامێنێ و دەبمە یەکەمین کەس کە باشترین سوپاسگوزار بێت وبەڕێکی قسەت لەگەڵدا بکات. من فێرکەرم ناوێ بەڵکو هاوڕێم دەوێ، ستایش وبزەی درۆم ناوێ بەڵکو کەسێکم دەوێ سەنگ بۆ کەسایەتی و کاراکتەرم دابنێ. من زۆرباش دەزانم کە بازنەیەکی زۆر بچوک دەورەی داوم، بەڵام ئەوە رێگر نییە لەبەردەم ئەوەی چەند کەسێکی راستگۆیان تێدا دەسکەنە بکەم.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش، لە ساڵی ١٩٤٢ شدا بەختەوەرییەکی بێگەردم نەبوو. زیاتر هەستم دەکرد فه‌رامۆش کراوم، بەڵام چونکە لەبەیانی تا ئێوارێ سەرقاڵ بوم، بیرم لێنەدەکردەوە وبەپێکەنین دەمگوزەراند. بەئاگایی یاخود بەبێ ئاگا خۆم هەوڵمدەدا ئەو کەلێنە بە گاڵتەوگەپ پڕکەمەوە.
ئێستاش کاتێ ئاوڕ لەژیانی رابردوم دەدەمەوە بڕگەیەکی تێدا بەدیدەکەم کە بەبێ چەندوچون دییزەبەدەرخۆنەکراوە، ئەویش: رۆژانی بێخەمی وبێباکی قوتابخانەیە کە هەرگیز ناگەڕینەوە و منیش بەپرۆشەوەی نیم، چونکە ئەو تەمەنەم تێپەڕاندوە. من چیتر ناتوانم کاری گەوج ئەنجامدەم، چونکە بەشێکم هێشتا ماکی بێگردی وسەرڕاستی تێدایە.
تا سەروبەندی ١٩٤٤ بەزەڕەبینێکی تیژبین دەڕوانمە ژیانم. لەماڵەوە ژیانێکی پڕ لەهەتاو، پاشان هاتنمان بۆ ئێرە لە ١٩٤٢، گۆڕانێکی کتوپڕبو تێکەڵ بە بەگژداچون وخەتابارکردن. لەتوانای من بەدەربو، دەرفەتیان لێگرتوم وتەنها بەزماندرێژی توانیم بەرگری لەخۆم بکەم.
پاشان نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٤٣: پەنابردن بۆ گریان، تەنیایی، بەکاوەخۆ درککردن بە هەڵە وکەموکوڕییەکان، ئەوانەی گەورەبون بەڵام دووچەندانە گەورەتر دەردەکەوتن. بەرۆژەوە خۆم لەقەرەی باسکردنیان نەدەدا وهەوڵمدەدا (پیم) بێنمە تای خۆم. ئەوە سەری نەگرت. بەتەنیا لەگەڵ ئەرکێکی سەختدا بەرەوڕوبومەوە ئەویش بریتی بوو لەوەی خۆم بەئاوایەک بگۆڕم کە بە هیچ جۆرێک گلەوگازندم بەگوێدا نەێی، چونکە ئەوان تا ئاستی داڕوخانم فشاریان بۆدەهێنام.
نیوەی دووەمی ساڵەکە، نەختێک باشتربو. وەکو گەورە کیژێک زیاتر گوێڕایەڵ بوم. لێکدانەوەم دەکرد، دەستم بەنوسینەوەی چیرۆک کرد، سەرەنجام چومە ژێرباری ئەوەی کە ئەوانی تر هیچ پەیوەندییان بەمنەوە نییە چیتر رێگانادەم تۆپتۆپێنم پێبکەن. ویستم پێبەپێی خواستەکانم خۆم بگونجێنم. بەجۆرێکی بنەبڕ لەوە گەیشتم کە چیتر پێویستیم بەدایکم نەماوە. ئەوەش زۆری ئازاردام، بەڵام ئەوەی لەوە بەئازارتربو ئەوەبو کە باوکم چیتر ناتوانێ ببێ بە جێگای موتمانەم. جگە لەخۆم هیچ کەسێکی تر جێگای بڕوا وموتمانەم نییە.
پاش هاتنی ساڵی تازە، دووەمین وەرچەرخان بەرپابوو، ئەویش خەونە … بەهۆیەوە تاسەی کوڕەلاوێک بوم، تاسەی هاوڕێتی کچێک نەبوم، بەڵکو هاوڕێتی کوڕێک. بەختەوەریم لەناخی خۆمدا دۆزییەوە، دەرەوەشم بە روکەشی و روخۆشی قەڵغان کرد. هەنگاو بەهەنگاو هێورتر بومەوە. ئێستا من تەنها بە (پیتەر) دەژیم، هەموو ئایندەشم بەوەوە گرێیان خواردوە.
ئێواران کاتی دەنوم نوێژ و نزاکەم بەم وشانە تەواودەکەم: «من سوپاست دەکەم بۆ هەمو چاکە و خۆشەویستی و جوانییەک» بەوەش دەگەشێمەوە. پاشان بیر لە «چاکەکان» دەکەمەوە: دەرفەتی خۆشاردەوەمان، تەندروستیم و خودی خۆم. پاش ئەوە بیر لە «خۆشەویستی» دەکەمەوە: ئەوەش (پیتەر) و ئەو پەیوەندییە ناسک وهەستیارەی کە هیچمان ناوێرین ناوی خۆشەویستی، دوارۆژ و بەختەوەریی لێ بنەین. دوایی بیر لە «جوانی» دەکەمەوە، مەبەست لە دونیایە، جیهان، سروشت و جوانی هەموو شتەکانە، تێکڕای جوانییەکان پێکڕا. بیر لەو هەموو هەنگامەیەی تێداین ناکەمەوە، بەڵکو بیر لەجوانی دەکەمەوە، ئەو جوانیەی هێشتا نەشێواوە. لێرەدا بەشێکی گەورەی ئەو جیاوازییەی نێوان من ودایکم دەردەکەوێ. ئامۆژگاری ئەو بۆ کەسێکی خەمبار وخەمۆکی ئەوەیە کە: «بیر لە هەموو هەنگامە وکارەساتەکانی جیهان بکاتەوە وخۆشحاڵ بێ بەوەی کە خۆی تێدانییە.» ئامۆژگاری منیش بریتییە لە: «دەرچۆ دەرەوە بۆ نێو پێدەشت و شینایی، بەر سروشت وهەتاو. بچۆ دەرەوە وهەوڵدە بەختەوەری لەناخی خۆتدا بدۆزیتەوە. بیر لەو جوانیانە بکەوە کە لە خۆت ودەوروپشتتدان، بەوانە بەختەوەربە!»
بەبڕوای من ئامۆژگارییەکەی دایکم دروست نییە، باشە تۆ چیدەکەی ئەگەر بەخۆت لەنێو کارەساتەکە بیت؟ هەڵبەتە وندەبیت. پێچەوانەی ئەوە من پێموایە لەهەموو خەم و پەژارەیەکیشدا شتێکی جوان هەر دەمێنێتەوە. ئەگەر مرۆڤ بڕوانێ هەردەم خەمڕەوێنێک بەدیدەکات بۆئەوەی پارسەنگی خەمەکەی پێ بداتەوە. ئەوەی بەختەوەربێت خەڵکی تریش بەختەوەر دەکات. ئەوەی ورەی بەرزبێت و بڕوای بەخۆهەبێت لەنێو خەموپەژارەدابێت ئەوا نسکۆ ناهێنێ!
ئانا م. فرانک

شەممە، ١١/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
بەمدواییە وای لێهاتوە گۆشتم بەلاسمتەوە نەمێنێ هێندە دەچمەسەرێ ودێمەوەخوارێ. زۆرم حەز لە دەمەتەقێی (پیتەر)ە، بەڵام هێشتا دپرینگێمەوە نەبادا هەراسانی بکەم. بڕێکی لەبارەی رابردوی خۆی ودایکوبابی بۆ گێڕاومەتەوە، بەڵام هێشتا پێم کەمە وناوبەناو لەخۆم دەپرسم ئاخۆ چۆن دەتوانم زیاتری پێبدرکێنم. پێشتر یەکترمان بەلاوە خوێن تاڵ وناپەسن بو. من ئێستا بۆچونم لەمەڕ ئەو گۆڕاوە، دەبێ ئەویش هەر بەهەمان شێوە بێ؟ بەڵێ پێموایە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئێمە هاوڕێتیەکەمان زۆر پتەوە، ئەگەرچی بارگرانی ئەم دابڕانەی لەسەر سوکترکردوم. من نامەوێ سەرلەخۆم بشێوێنم، من زیاد لەپێویست خۆم بەوەوە خەریک کردوە، با چیتر سەری تۆشی پیوە نەهێشێنم چونکە خۆمی لە پەلوپۆ خستوە؟

یەکشەممە، ١٢/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
مانەوەمان چەند زیاتر بخایەنێ، هەموان ئەوەندەی تر شێتگیر دەبن. (پیتەر) لەدوێنێوە تەماشام ناکات، پێدەچێ لێم زویر بوبێ. ئەگەرچی پێم سەختە، منیش هەوڵدەدەم بەدوایدا نەچم و تا بۆم بکرێ کەم دەیدوێنم. باشە، چی وایلێدەکا ئاوا بەزۆری لێم دووربکەوێتەوە، یا بەزۆری ناچارم بێت؟ لەوانەیە ئەو بەوجۆرە نەبێ وتەنها من وای ببینم. لەوانەشە ئەو دەمدەم بێت و سبەی رۆژ هەمو شتەکان وەکو خۆیان لێبێتەوە.
سەخترین شت ئەوەیە کە ئەگەرچی خەمباریش بم، نابێ دەریببڕم. دەبێ هەردەم کۆمەک بکەم، لەگەڵ ئەوانی تر قسەبکەم و پێکەوە دانیشین، وێرای هەموو ئەوانەش، دەبێ بەختەوەری بنوێنم! من زۆر تامەزرۆی سروشتم ولەجیگایەکدا تا بۆم بکرێ بتوانم بەتەنیا دانیشم. پێموابێ هەمووشتەکانم تێکەڵوپێکەڵ کردون وبەتەواوی پەشۆکاوم. لەلایەکەوە زۆر بەپەرۆشەوە پەرێشانم بۆ بینینی، لەژورەکەم ئۆقرە ناگرم بەبێ ئەوەی تەماشایەکی سەرەوە نەکەم، لەلایەکەی ترەوەش لەخۆم دەپرسم بۆچی هێندە بەباکم، بۆچی ناتوانی خۆت هێمن بکەیتەوە!
پاشنیوەڕۆی دوێنێ بەهۆی زنجیرە هەواڵێکی خەماوی کە لە دەرەوە پێمان گەیشتن، سەرەگێژەم گرت ولەسەر قەنەکەم راکشام. ویستم بنوم بۆ ئەوەی بیر لەهیچ نەکەمەوە. تاکو کاژێری چوار نوستم پاشان ویستم بچمە ژورەکەی دایکوبابم. زۆرم بەلاوە سەخت بو وه‌ڵامی پرسیارەکانی دایکم بدەمەوە، هەروەها پاساوێک بۆ هۆی نوستنەکەم بۆ باوکیشم بدۆزمەوە. ژانەسەرم کرد بە پاساو، خۆ درۆ نەبو، چونکە بەڕاستی سەرم دەهێشا … بەڵام لەناوەوە!
مرۆڤی ئاسایی، کچانی ئاسایی، کیژۆڵەی وەکوو منیش، لەوانەیە منیان بەلاوە شێتۆکە بێت بەو هەموو گلەوگازندانەی لەخۆمیان دەکەم. بەڵی ئەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە من هەرچ رازونیازێک لەدڵمدابێت هەر هەمویانت پێدەڵێم، پاش ئەوە بە دریژایی رۆژەکە خۆم بەلەسە ودڵشاد دەکەم وبەئاگا دەبم بۆ ئەوەی تا دەتوانم خۆم لەپرسیارەکانیان لابدەم، بەڵام لەناوەوەش خۆم دەخۆمەوە.
مارگۆت زۆر دڵبەرە وحەزدەکا متمانەی پێبکەم، بەڵام من ناتوانم هەموو شتێکی لا بدرکێنم. ده‌بوایە ئەو سادەتر بوایە. ئەو منی زۆر بە هەند وەرگرتوە، زیاد لەپێویست، هەروەها زۆر لێکدانەوە بۆ خوشکە شێتەکەی دەکات. زۆر لەقسەکانم ورد دەبێتەوە وهەڵیاندەسەنگێنێ ودەپرسێ: «ئەرێ ئەوە کۆمیدیایە، یا قسەکانت بەڕاستی مەبەستە؟»
ئێمە ئێستا بەردەوام پێکەوەین، بەڵام من ناتوانم جێ متمانەکەم هەمیشە لە نزیکم بێت.
ئاخۆ کەی لە ئاشوبی ئەم بیرکردنەوانە رزگار بم؟ کەی هێمنی وئاشتی لەناخمدا دەگیرسێنەوە؟
ئانا-ی تۆ

سێشەممە، ١٤/٣/١٩٤٤
لەوانەیە تۆ بەجۆشەوە (هەڵبەتە من کەمتر لەتۆ) گوێ بیستی ئەوە بیت ئەمڕۆ چی دەخۆین. ئەو ژنەی خاوێندەکاتەوە هێشتا لەخوارەوەیە، بۆیە من لەگەڵ خاتو (ڤان دان) لەسەر مێزی دەسماڵشۆری دانیشتوم، دەستەسڕێکێ بۆنداری نایابی سەردەمی پێش خۆشاردنەوەکەم پێیە، بەدەم ولووتەوە دەنرێت. پێموانیە بە ئاسانی لەمەبەستم تێبگەی، کەواتە «لەسەرەتاوە دەسپێدەکەین».
لەبەرئەوەی ئەوکەسانەی بەقاچاخ پسولەی خۆراکیان بۆدەهێناین، دەستگیرکراون، ئێمە لە پێنج پسولە بەولاوە چیترمان نەماوە، جگەلەوەی کە رۆنیشمان نەماوە. هەروەها لەبەرئەوەی (میپ) و(کلایمان) نەخۆشن، (بیپ) ناتوانی بۆمانی پەیدابکات.
جا چونکە بارودۆخەکەمان لێشێواوە، خواردنەکەشمان بەهەمان دەرد چوە. لە سبەینێوە نە ڕۆن نە کەرە یا هەرچەورییەکی ترمان نییە. بۆ ژەمی بەیانیان تەنانەت پەتاتەی سورکراوەش لێنانرێ (بۆ ئەوەی دەستمان پێوە بێت)، بەڵکوو تەنها پەلولە هەیە، لەبەرئەوەی خاتو (ڤان دان) پێیوایە توشی برسێتی دێین بۆیە بەڕەش شیری زیادمان کڕی. ژەمی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شلەی کەلەرمی نێو گۆزەڵە پێکهاتبو. ئا لیرەوە پێداویستی دەستەسڕە بۆندارەکە سەریهەڵدا. سەرت سوڕدەمێنێ گەر پێت بڵێم ئەو کەلەرمەی چەندین ساڵە هەڵگیراوە چ بۆنێکی بۆگەنی لێدێت! ژوروەکان بۆنی، تێکەڵەیەک لە هەڵوژە وکۆنسێرڤی گەنیو وهێلکەی پیسیان لێدێت! پیاە! من تەنانەت کاتێ بیر لەخواردنی ئەو شتە دەکەمەوە، هێڵنج ده‌ده‌م! سەرباری ئەوانەش، پەتاتەکانمان توشی دەردێکی سەیربونە و لە دووبەش بەشێکی فڕێدەدرێ. ئێمەش لەکاتی پاککردنیاندا، بۆ گاڵتە، نەخۆشی جیاوازیان ناو لێدەنێین وەکو شیرپەنجە، ئاوڵە و سیرۆژە. ژیانی پەناگە لەچوارەم ساڵی جەنگدا زۆر ئەستەمە. خۆزگە لەم بەدبەختییە دەربازدەبووین!
ئەوەی راستی بێ، خواردنم بەلاوە گرینگ نەدەبو، ئەگەر ئێرە تۆزقاڵێک دڵگیر بایە. گرفتەکە لەوەدایە سەختی ئەم ژیانە بارگرانییەکی قورسی خستۆتە سەر ئەستۆمان. ئەمەش بۆچونی هەرپێنج گەورکەی پەناگەیە لەباری بارودۆخی ئێستامان (مناڵان بۆیان نییە بۆچونیان هەبێ، ئەمجارەیان منیش ئەوەم پەیڕەوکرد):
خاتوو (ڤان دان): «دەمێکە ئارەزوم لە کاری کابانی تۆراوە، دانیشتنیش بەبێ کار بێزارییە. کەواتە چێشت لێدەنێم، بەڵام چێشت لێنان بەبێ چەوری مەحاڵە. من بەو بۆن وبەرامە قێزەوەنانە تێکدەچم. هاتوهاوار و پێنەزانینیش هەردەم پاداشتی ماندوبونەکەمە. وەکو مەڕە رەشەی نێو مێگەل هەمیشە دیارم و لەهەموو شتێکدا تاوانبارم. جگەلەوانەش من چومەتە ژێرباری ئەوەی کە ئەم جەنگە بەرەوپێش هەنگاو نانێ و سەرئەنجام ئەڵمانەکان دەیبەنەوە. من تۆقیوم لەوەی لێرە توشی قاتوقڕی ببین، خۆڕانییە من بەگژ هەمواندا دەچم کاتێ بێزاردەبم»
بەڕێز (ڤان دان): من دەبێ جگەرە بکێشم، بکێشم وبکێشمەوە، پاش ئەوە ئینجا خواردن وسیاسەت، ئەوکات بێزارییەکەی (کێرلی) شتێکی ئەوتۆ نییە و ئەو ژنێکی باشە. ئەگەر جگەرەم نەمێنێ، نەخۆش دەکەوم، ئەوسا پێویستم بە گۆشت دەبێ وژیانمان تێکدەچێ چونکە گۆشت کەمە، ئینجا دەبێتە هەراوبەزم و (کێرلی) خان دەبێتە ژنێکی گەوج وخراپ»
خاتوو (فرانک): «خواردن هێندە گرینگ نییە. ئێستا بۆ لەتێ نانی جۆ زۆر پەرێشانم چونکە زۆرم برسییە. ئەگەر لەجێگەی خاتو (ڤان دان) باما دەمێک بو جگەرەم بەمێردەکەم فڕێدابو. ئێستاش زۆرم پێویست بە جگەرەیەکە بۆ ئەوەی ئارام ببمەوە. ئینگلیزەکان هەڵەیان زۆرە، جەنگ رووەو پێشە. من پێویستم بە قسەکردنە و دڵخۆشم بەوەی کە ئێستا لە ولاتی پۆڵەند نیم»
بەڕێز (فرانک): «من هەموو شتەکانم بەلاوە هەموارن. هیچم پێویست نییە. هەردەم ئارام ولەسەرخۆبن، کاتمان زۆر بەدەستەوەیە. بەشە پەتاتەکەی خۆم بدەنێ وبڕێکی بۆ (بیپ) وەلانێن. سیاسەت هەنگاودەنێ، من گەشبینم»
بەڕێز (دوسێل): دەبێ ئەرکەکانم لەکاتی خۆیاندا جێبەجێبکەم. سیاسەت لەوپەڕی چاکیدایە، دۆزینەوەی ئێمە لەم شوێنە مەحاڵە، من، من، من …!» ئانا-ی تۆ

چوارشەممە، ١٥/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
پیاە، تۆزێک لە تاری دیمەنەکان ئازادبوم! ئەمڕۆ هیچی ترم گوێی لێنەبوە زیاتر لەوەی: «ئەگەر ئەم یا ئەوە پێشهات، ئێمە توشی ئاستەنگی دەبین، ئەگەر ئەو نەخۆشکەوێ، ئەوا ئێمە لەم جیهانەدا بەتەنیا دەمێنینەوە … هەروەها ئەگەر …هتد»
خۆ تۆ کۆتاییەکەی دەزانی. پێموایە تۆش لانیکەم ئەوانەی پەناگە باش دەناسی ومەزەندەی بۆچونەکانیان بەچاکی دەکەی.
هۆی وروژاندنی ئەو «ئەگەر و مەگەرانە»، بریتی بوو لەبانگهێشکردنی بەڕێز (کوگلەر) بۆ راپەڕاندنی کارگوزاری خزمەتی نیشتمانی، (بیپ) هەڵامەتی گرتوە ولەوانەیە بەیانیش لەماڵەوە بمێنێتەوە، (میپ) توشی ئەنفلۆنزا بوە، جارێ ماوێتی هەڵسێتەوە، (کلایمان)یش خوێن لەبەر گەدەی دەڕوا وبێهۆشی کردوە. هەر هەمان ئەو بەیت وبالۆرە خەماوییەیە لێمان دوپات دەبێتەوە.
کارگەرانی کۆگا بۆ یەک رۆژ پشو دراون، (بیپ) لەبیرۆ بەتەنیایە. جا ئەگەر (ئەوەش ئەگەرێکی تر) لەماڵەوە بمێنێ، دەرگاکان بەداخراوی دەمێننەوە وئێمەش دەبێ ورتەمان لێوە نەێیت نەبادا دراوسێکان گوێیان لێمان بێت. (جان) کاژێری یەک ئێمەی تەریکدراو بۆ نیوکاژێر بەسەردەکاتەوە، لێرەدا ئەو رۆڵی وەک بڵێی پاسەوانێک دەگێڕێ کە لە باخچەی ئاژەڵان کاردەکا.
ماوەیەکی زۆرە بۆ جاری یەکەم، نیوەڕۆی ئەمڕۆ، (جان) باسی جیهانی بێپایانی بۆکردین. دەبوایە تۆش بیبینی چۆن هەر هەشت کەسەکەمان گوێی قوڵاخ لێی ئاڵابووین، کتومت بە ئەوانەی نێو تابلۆکەی (کاتێ دایەپیرە دەگێڕێتەوە) دەچووین. ئەو باسی لە سەدان و هەزاران خەڵکی سوپاسگوازار کرد لەڕیزی پێشەوە بۆ دابینکردنی خۆراک. ئێمە داوای زانیاریمان لەبارەی پزیشکەکەی (میپ) لێکرد، ئەویش پرسی:
«پزیشک؟» «چیتان لە پزیشک داوە؟» من ئەم بەیانییە تەلەفۆنم بۆکرد، کەچی یەکێک لە بەردەستەکانی وەڵامی دامەوە، داوای راچێتێکم بۆ نەخۆشی ئەنفلۆنزا لێکرد، ئەویش پێی گوتم دەتوانم لەنێوان کاژێری هەشت ونۆدا بچم وەریگرم. ئەگەر مرۆڤ ئاوا بەخەستی تووشی ئەنفلۆنزا بوبێ، دەبێ پزیشکەکە بەخۆی بێتە سەرخەت وداوای لێبکات زمانی دەربێنێ! بڵێ ئاەەە! ئەویش بڵێ، گوێم لێبو تۆ گەروت ئاوساوە. راچێتێک بۆ بەڕێزتان دەنوسم بۆ ئەوەی لەدەرمانخانەکە دەواکەی پێوەرگری. رۆژباش بەڕێزم، دوعاوسەلام. ئاوا دەبێ نۆرینگەی پزیشکی لێوەشاوە، ئەی وانییە؟ خزمەتگوزاری بەڕێگای تەلەفۆنەوە!» بەڵام من لە پزیشکەکان بە گلەوگازندە نیم، سەرئه‌نجام هەمو مرۆڤێک تەنها دوو دەستی هەیە، ئەمرۆش بەڕێژەو نەخۆش هەن وپزیشکیش دەگمەن.
سەڕای ئەوە ئێمە دەبوایە پێبکەنین کاتێ (جان) بەسەرهاتەکەی بۆ دوپات کردینەوە. دیارە راستی دیمەنی ژوری چاوەڕانکردنم لای پزیشکەکان نایه‌تە بەرچاو ئێستا چۆنن. نەخۆشی خاوەن کارتی تەندروستی چیتر ئاوڕیان لێنادرێتەوە. ئەوکەسانەی زۆر ناساغ نین و دەچنە ئەوێ لەخۆیان دەپرسن: کورە تۆ چیت ونکردوە لێرە، جا کەی نۆرەت بەر دەکەوێ؟ خەڵکی زۆر ناساخ لەپێشترن!
ئانا م. فرانک-ی تۆ

پێنجشەممە، ١٦/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
ئاوهەوا بەجۆرێکی لەباس نەهاتو خۆشە. بەدڵنیای ئێستا دەچمە سەرەوە.
من بۆم دەرکەوت بۆچی من وەکو پیتەر ئارام نیم. ئەو ژوری تایبەتی خۆی هەیە، تێدا کاردەکا، خەون دەبینی، بیردەکاتەوە و دەخەوێ. منیش لە سوچێکەوە بۆ ئەوی تر دەمڕەتێنن. لە ژوورە دابەشکراوەکەمدا هەرگیز بەتەنیا نەبومە و زۆریش پەرۆشی تەنیاییم. ئەوەش هۆیەکە واملێدەکا هەمیشە پەنا بۆ سەربانێ بەرم. تەنها لەوێ و لەگەڵ تۆدا (کیتی) دەتوانم بۆ کورتە ماوەیەک، ئەویش زۆر کورت، تەنیا بم. بەڵام من لێرەدا نامەوێ بنوزێمەوە، بەپێچەوانەوە، دەمەوێ ئازا و بوێر بم!
خۆشبەختانە ئەوان هیچیان درک بە هەستونەستەکانم ناکەن، تەنها ئەوە نەبێ کەمن هەر رۆژە و زیاتر لەدایکم سارد دەبمەوە، لەگەڵ باوکم نەرمونیانیم کەمتر بۆتەوە و لەلای (مارگۆت)یش هیچ نادرکێنم. من ئێستا بەتەواوی داخراوم. پێویستە رواڵەتم بپارێزم، هیچ کەسێک بۆی نییە بزانێ لەناخمدا، هێشتا هەر، جەنگ زاڵ وبەرپایە. جەنگ لەنێوان خواست و ئاوەزم کە تائێستا نسکۆی نەهێناوە، بەڵام ئاخۆ تاکەی بەرگری دەکات؟ جاروبار دەترسم نەبادا نسکۆ بهێنێ، هەندێک جاریش ئاوات دەخوازم کە بهێنێ!
نەدرکاندن بەرامبەر (پیتەر) کارێکی زۆر سەختە، بەڵام دەزانم پێویستە ئەو دەستپێشخەربێت. ئەستەمە بۆمن ئەو هەموو گفتوگۆیانەی لەخەونەکانمدا لەگەڵی دەیانکەم بەرۆژەوە لەسەریان بەردەوام نەبم وهەروا بەئاسانی بێهودە بەبادا بچن. بەڵێ کیتی! ئانا شێتۆکەیە، بەڵام ئەو سەردەمەی تێدا دەژیم ئەویش هەر شێتە، لەهەموان شێتریش ئەو بارودۆخەیە کە تێی کەوتوین!
من زیاتر زۆر شادم بەوەی کە دەتوانم هەست و بیروبۆچونەکانم لانی کەم بنوسمەوە، ئەگەرنا بەتەواوی دەخنکام.
دەبێ (پیتەر) بۆچونی لەمەڕ ئەم هەموو شتانەوە چی بێت؟ هەردەم پێموایە رۆژێک دێ بتوانم لەگەڵیدا قسەیان لەبارەوە بکەم. هەڵبەتە ئەو شتێکی تێدا مەزەندەکردوم، چونکە ئەو ئانا-یەی تائێستا ئەو بەڕواڵەت ئاشنای بوە، ئەوە نییە کە ئەو دەیەوێ! ئەوێک هێندە خولیای هێمنی وئارامی بێ، چۆن سۆزی بۆ منی هەڵەپاس وبزێو دەبێ؟ ئاخۆ ئەو تەنها کەس ویەکەمین کەس بێت بەری ئەودیوی دەماکە بەردینەکەمی بینیبێ؟ ئاخۆ بەمزوانە بچێتە ئەودیوی؟ ئەی قسەیەکی پێشینان نییە کە دەڵێ خۆشەویستی لە هاودەردییەوە هەڵدەقوڵێ و پاشان هەردوکیان لەبۆتەیەکدا دەتوێنەوە؟ ئەی ئەوە منیش ناگرێتەوە؟ خۆ من و ئەو لەزۆر شتدا هاودەردین، بەهەمان شێوەی ئەو هاودەردییەی لەگەڵ خودی خۆمدا هەمە!
لەڕاستیدا نازانم بە چ وشەیەک باسەکەی لەگەڵدا بکەمەوە. جا ئەو چۆن دەتوانێ دەستپێخەر بێت ئەگەر گرفتی لەقسەکردندا هەبێت؟ ئەگەر توانیبام بە نوسین بۆی دەربڕم! ئەوکات لانیکەم دەمزانی کە ئەو بە بیروڕاکانم ئاشنایە، بەڵام دەربڕینیان بە وشە هەر زۆر سەختە!
ئانا م. فرانک

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەولێر، دیوانە شیعری (زمانی باڵندەم دەزانی) بڵاوكرایەوە

لەڕۆژانی رابردوودا لەبنكەی سەنتەری ئاڵا بۆ كاری رۆشنبیری لەهەولێر، كۆڕێكی ...