سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » رانیە، لەنێوان خوێندگا و پەرستگادا!

رانیە، لەنێوان خوێندگا و پەرستگادا!

جاران، هەر دێیەک یا چەند گەڕەکێک یەک مزگەوتی هەبوو.
مزگەوت شوێنی خواپەرستی و خوێندگا بۆ فەقێ و پەنا و لانەی حەوانەوەی خەڵکی لاییدە و کاروانچی و پێشمەرگەبوو.
خەڵکی دێ بێ بەرانبەر، هاوکاری و خزمەتی مزگەوتیان ئەکرد، لە زستان سەربانە قوڕەکەیان بە باگردان ئەگێڕا و دار و پەرتوویان چاک ئەکردەوە و ڕایەخیان بۆ ئەگۆڕی و نەوت و دارییان بۆ دابین ئەکرد.
لەگەڵ ئەو هەموو بایەخەی خەڵک بە مزگەوت و سوودی مزگەوتیش، قوتابخانە و خوێندگاکان ئاوەدان بوون، ئەگەر کۆنکرێت یا خۆڵ بووبێ بەڵام بەقەد پێویستی خەڵک بوون، کاتێکیش ڕژیم مامۆستا و هاوکاریان لەسەر قوتابخانەکان ئەبڕی، شۆڕش بەڕێوەی ئەبردن و نەیاندەهێشت مناڵان پەکیان بکەوێ، ئەوە لە گوند; لەشاریش هەرگیز لەسەر زەوی دانەنیشتین و خۆمان کتێب و قەلەممان نەکڕی و مەلزەمە و خول و مامۆستا و وانە و خوێندگای تایبەت و ئەهلیشمان پێویست نەبوو و ژەمە خواردنێکیشیان ئەداینێ!
ئێستا، دێ هەیە زیاد لە مزگەوتێک و لە شار و شارۆچکەکانیش هەر گەڕەکە و چەند مزگەوتێکی هەیە کە لە جوانترین و گرانترین دیزایین و دیکۆر و کەل و پەل دروستکراون.
مزگەوتی وا هەیە، بۆ نوێژێک 50 کەسی بۆ ناچێ، نێوان هەر دوو مزگەوت کیلۆمەترێک نابێ، کە بانگ ئەدەن دەنگی مەلا و خەڵک تێکەڵ ئەبێ، ئنجا بۆ ململانێی ڕەوتە ئیسلامیەکان و تاڕاددەیەکی زۆریش پێگەیاندنی خەڵکی توندڕەو بەکاردێن.
دەوڵەمەند مزگەوتی لەسەر چەقی ڕێگای گشتی دروستکردووە بۆ سپیکردنەوەی پارەی پیس یا دەستگرتن بەسەر زەویەکە و پەردەپۆشکردنی دزی و تاڵانی بە دروستکردنی مزگەوتێک!
لە دەستەڕاستی دەروازەوەی ڕانیە; دووسێ مزگەوتی زل و زەبەللاح بەدوای یەکەوەدێن، هەر کیلۆمەترێکیش وەرە سەرەوەتر بۆ گەڕەکی نەورۆز، چەندین ساڵە کابینە کراوە بە خوێندگا.
کەس و کاری خوێندکاران داوائەکەن مانگی 10 خوێندگاکان بکرێنەوە، لەترسی گەرما و پڕووکانی مناڵەکانیان لە کابینە و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست!!
ئەو سیستمە سویدیە کەی ڕێک ئەخرێ؟!!
کوا لە سوید مناڵ لە کابینە ئەخوێنێ؟!!
کوا لە سوید پرسیاری تاقیکردنەوەی سەری ساڵی پۆلی 9 و 12 بەهەڵە دێنەوە و وەزارەتی پەروەردەش خۆی لەگێلی ئەدا؟!!
کوا لە سیستمی سویدی ساڵێ سەدان دێر شیعر و بڕگەی ئایینی و لێکدانەوە بە قوتابیان و خوێندکاران لەبەرئەکرێ؟!!
کوا لە سوید ڕێژەی پەرستگا لە خوێندگا زیاترە؟!!
کوا لەوێ بۆ سپیکردنەوەی پارەی پیس خەڵک پەرستگا دروست ئەکا؟!!
ناوی سیستەمەکە بنێن ئەفغانی، ئەوکات یەک گلەییمان نابێ، لەڕێی خوای بیگۆڕن با چیتر نەبنە گاڵتەجاڕ!

print

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*