سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » بەرژەوەندییەكان لە گەروی هورمز وڵاتان كۆدەكاتەوە

بەرژەوەندییەكان لە گەروی هورمز وڵاتان كۆدەكاتەوە

دوای پەلاماردانی كەشتییەكی نەوتهەڵگری سعودیە ‌و كەشتییەكی بارهەڵگری ئیماراتی ‌و نەرویجی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ‌و هەروەها دوای مانگێكیش پەلاماردانی دوو كەشتیی نەوتهەڵگری ژاپۆنی ‌و نەرویجی لە گەروی هورمز، كە ئێران بە ئەنجامدەری ئەو پەلامارانە تۆمەتبار كرا ‌و حكومەتی تارانیش لای خۆیەوە رەتیكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ گفتۆگۆ لەگەڵ وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیدا لە گەروی هورمز دەربارەی پێكهێنانی هێزێكی دەریاییە لە ناوچەكەدا، بۆ پاراستنی كەشتییە نەوتهەڵگر ‌و بارهەڵگرەكان.
ئەوەبوو لەسەر داوای ئەمریكا، نوێنەرانی زیاتر لە 50 وڵات لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی گەروی هورمز ‌و پێكهێنانی هێزێكی دەریایی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیە كۆبوونەوە، ئێستا وردە وردە سیماكانی ئەو هاوپەیمانێتییە دەردەكەون ‌و تاكو ئێستا چەند وڵاتێك رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ بەشداریكردن تیایدا، چاوەڕوانیش دەكرێت وڵاتانی دیكەش بچنە ریزی وڵاتە بەشداربووەكانەوە.

ئوسترالیا بەشداریی خۆی راگەیاند
حكومەتی ئوسترالیا رەزامەندیی لەسەر داوایەكی ئەمریكا دەربڕی، بۆ بەشداریكردن لە پێكهێنانی هێزێكی نێودەوڵەتی لە گەروی هورمز، بۆ پاراستنی كەشتییە نەوتهەڵگر ‌و بارهەڵگرەكانیان.
سكۆت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند: لەپێناوی پاراستنی بەرژوەندییەكانیان و پاراستنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە هەڕەشەكانی ئێران، وڵاتەكەی بەشدار دەبێت لە پێكهێنانی هێزێكی نێودەوڵەتی لە گەروی هورمز، چونكە هەر جۆرە ئاڵۆزییەك زیان بە بەرژوەندییەكانی ئوسترالیا دەگەیەنێت. وتیشی: ئوسترالیا بە كەشتییەكی سەربازیی فڕۆكە هەڵگر ‌و هێزێكی دەریایی پاڵپشتیكەر بەشداریی دەكات.

پێشتریش بەریتانیا
ماوەیەك لەمەوبەریش، حكومەتی بەریتانیا بەشداریكردنی لەو هێزە نێودەوڵەتییە راگەیاند ‌و ئاشكرایكرد: بەئامانجی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانیان لە گەروی هورمز، بەشداریی لەو هاوپەیمانێتیە نێودەوڵەتییەدا دەكات كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكات، بەڵام لەگەڵ سەپاندنی سزا نییە بەسەر ئێراندا.

ژاپۆنیش دەیەوێت
هەفتەی رابردووتریش، حكومەتی ژاپۆن ئاماژەی بەوەكرد كە دەربارەی ئەو دۆسێیە، حكومەتی وڵاتەكەی لەگەڵ حكومەتی واشنتۆن لە پەیوەندیدایە. لەو بارەیەوە كوجی یامازاكی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزەكانی ژاپۆن رایگەیاند: چەند بابەتێكی پەیوەست بە گەروی هورمز هەیە ‌و ژاپۆن و ویلایەتە یەكگرتووەكان لە پەیوەندیدان، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێ بە گواستنەوەی سووتەمەنی. وتیشی: حكومەتی ژاپۆن چاودێریی وردی مەترسییە هاوبەشەكانی وڵاتانی پەیوەست بەو كێشەیەوە دەكات. ئەمە لەكاتێكدایە كە گەورە بەرپرسێكی ئەو وڵاتە رایگەیاند: تائێستا لەبارەی ئەو هاوپەیمانێتییەوە هیچ داواكارییەكیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە پێنەگەیشتووە.

هەوڵەكانی ئەمریكا بەردەوامە
بەبۆچوونی شارەزایانی بواری سیاسی، ویلایەتە یەكگرتووەكان پەیوەندیی بەهەموو ئەو وڵاتانەوە دەكات، كە بەرژەوەندییان لە ناوچەی كەنداو هەیە ‌و دەیانەوێت گرەنتی گواستنەوەی نەوت بكەن لە گەروی هورمز. دەشڵێن: وڵاتانی وەكو كۆریای باشوور، یابان، هیندستان، تەنانەت پاكستان ‌و رەنگە چین ‌و هەندێك لەوڵاتانی ئەفریقا، لەو وڵاتانە بن كە ئەمریكا پەیوەندییان پێوە دەكات، بۆ بەشداریكردن لەو هێزە نێودەوڵەتییەدا كە بۆ پاراستنی كەشتییە نەوتهەڵگر ‌و بارهەڵگرەكانیان لەگەروی هورمز، پێكدەهێنرێت.

ئاژانسەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دان بەخۆداگرتن، یان یاریکردن بە ئاگر؟

رۆژنامە عەرەبییەكان بەهەردوو بەشی ئەلیكترۆنی‌و كاغەزەوە بابەتیان لەسەر سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكانی ...