سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » ده‌زانم، به‌ڵام ….پەڕە 3

ده‌زانم، به‌ڵام ….

لەو ڕۆژانە لەگەڵ هاوڕێیەكی ئازیز باسی سەردەمی كاری رێكخستن و ئیدیۆمە سیاسیەكانی ئەوكاتمان دەكرد، هاوڕێكەم گوتی: كاتی خۆی ئەندامێكی رێكخستن داوای دەكرد ناوی بنێین ئۆپۆرتیونیست (Opportunist)، كاتێك پێی دەڵێن: ئاخر ئەوە ماناكەی جوان نییە، بە هەلپەرست، ئینتیهازی دێ، دەڵێ:
كێشە نیە وشەكە جوانە!
كاتی خۆی لە دواناوەندی هێرۆ لە هەولێر كچێكی زۆر نەرم و نیانم لەگەڵ بوو، لە پۆلی چوار لەسەر یەك تەختە دادەنیشتین، خەڵكی شارێكی تر بوو، كچەكە زۆر وشەی بە هەڵە دەردەبڕی، زۆر لە دڵم گران بوو، كە هاوپۆلەكانمان پێی پێدەكەنین،
بڕیارمدا بێ برینداركردنی دەستبكەم بە ڕاستكردنەوەی وشەكان بۆی:
مەڵێ فامیلە، بڵێ فانیلە
جامتا نیە، جانتایە
ئینتحان یا ئینتحام نییە، ئیمتحانە
دەوعەت نییە، دەعوەتە
رۆژێك هاتە دەنگ، بە دەنگێكی نەرم گوتی:
كچێ جا خۆ دەزانم (بەڵان) ئەوها خۆشترن لەزاری.
گوتم: بەڵانیش نیە، بەڵامە
ئیتر زانیم، خۆی نایەوێ هەڵەكانی راست بكاتەوە و منیش چیتر گلەیی لەخۆم ناكەم كە یارمەتیم نەداوە.
لەو سەفەرەی هاوینم بۆ كوردستان، هاوڕێیەكی دێرین و ئازیزی خۆمم بینی، لە كۆنەوە تا ئێستاش بە پاك و باشم زانیوە و لەسەر ئەو بنەمایەش، لێمپرسی:
دەزانیت ئەو كوتلەیەی تۆ بەسەریدا ساغ بویتەوە پۆخڵەواتی چەند زۆرە و چۆن كار دەكەن و دەژین، ناترسیت رۆژێك لەگەڵ خۆیان ژێرئاوت بخەن؟
گوتی: بەڵێ، باش دەزانم، بەڵام چارم چییە، ئەگەر بەلایاندا نەكەوم لەوشارە لەهەموو شتێك رێگریم دەكەن!
ئێمە هەموومان هەڵەكانی خۆمان دەزانین، بەڵام بەشێكمان ناچارین وابژین و چاو بنوقێنین، بەشێكیشمان دەزانین هەڵەین، بەڵام وا خۆشە و ئاسانە و ڕاهاتووین، بەشێكیشمان مێشكی خۆمان قفڵ داوە، هەر حەزناكەین ڕاستیەكان بزانین!

print

 113 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*