سەرەکی » ئابووری » سه‌رچنار ته‌نیا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ گه‌شتیارییه‌

یاساشكێنی‌ و زیاده‌ڕۆییی‌ سیمای‌ گه‌شتیارییان شێواندووه‌

سه‌رچنار ته‌نیا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ گه‌شتیارییه‌

به‌دواداچونی‌: شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین

ناوچه‌ی‌ سه‌رچنار، كه‌ ئێستا كه‌وتووه‌ته‌ ناوشاری‌ سلێمانی‌، یه‌كێكه‌ له‌ هاوینه‌هه‌واره‌ دێرینه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌، تا كۆتایی‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانیش سه‌ره‌كیترین سه‌یرانگا بوو له‌ نزیك شاره‌كه‌. جوانی‌ سروشته‌كه‌ی‌ و بوونی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئاو و دارستان و هه‌روه‌ها چه‌ند پاركێكی‌ گه‌شتاری‌ و یانه‌ی‌ شه‌وانه‌ و هۆتێل و كافتریا وایانكردووه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ بنه‌ره‌تی‌ سلێمانی‌ وه‌ك ناوچه‌یه‌كی‌ گه‌شتیاری‌ ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌هۆی‌ چه‌ندین كه‌مته‌رخه‌می‌ و چاوپۆشی‌ ورده‌ ورده‌ سیما گه‌شتیارییه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ست ده‌دات و ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بێت، له‌ چه‌ند ساڵی‌ داهاتوودا سیمای‌ گه‌شتیاری‌ له‌ده‌ست ده‌دات. به‌تایبه‌تیش به‌ هۆكاری‌ به‌فیرۆدانی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ زه‌ویه‌ گه‌شتیارییه‌كان به‌هۆی‌ ته‌رخان كردنی‌ چه‌ندین پارچه‌ زه‌وی‌ به‌ ناوی‌ پرۆژه‌ی‌ گه‌شتیارییه‌وه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ ده‌ ساڵ‌ دا ته‌نیا چه‌ند دیوارێكیان له‌سه‌ر زه‌ویه‌كان هه‌ڵچنیوه‌ و هیچ پرۆژه‌یه‌كیان له‌سه‌ر زه‌ویه‌كان دروست نه‌كردووه‌ كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ گه‌شتوگوزار و راكێشانی‌ گه‌شتیاران، هه‌روه‌ها تاپۆ كردنی‌ به‌شێك له‌ دارستان و زه‌ویه‌كانی‌ ناو چه‌می‌ سه‌رچنار و قلیاسان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك كه‌ بوونه‌ته‌ موڵكی‌ تایبه‌تی‌ و له‌ موڵكی‌ گشتی‌ و گه‌شتیاری‌ ده‌رچوون, سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش ناوچه‌كه‌ چه‌ندین بازاڕی‌ میللی‌ تێدا كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ عه‌ره‌بانه‌ و كه‌پری‌ فرۆشتنی‌ سه‌وزه‌ و میوه‌ن هه‌م سیمای‌ ناوچه‌كه‌یان شێواندووه‌ و هه‌م زیاده‌ڕۆییان له‌سه‌ر شۆسته‌ و شه‌قامه‌كان و رێگرن له‌ هاتوچۆی‌ خه‌ڵك و گه‌شتیاران. هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ مه‌یدانێكی‌ وه‌ستانی‌ كرێكاران هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ندی‌ تر سیمای‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ی‌ شێواندووه‌، دوا خاڵیش كه‌ جێی‌ سه‌رنجه‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆیه‌ له‌ وه‌ستانی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئۆتۆمبیل له‌به‌رده‌م یانه‌كانی‌ شه‌وان له‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك جار هاتوچۆ ئه‌سته‌م ده‌كات.

پۆلیسی‌ هاتوچۆ لێپرسنه‌وه‌ ناكات
هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ ئێواران تا دره‌نگانی‌ شه‌و ده‌یانه‌وێ‌ به‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ی‌ سه‌رچناردا گوزه‌ر بكه‌ن، توشی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ شه‌قام و ئه‌سته‌می‌ هاتوچۆ ده‌بن و ئه‌و قه‌ره‌باڵغیه‌ له‌ چه‌قی‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌دا هاراسان و ماندوویان ده‌كات. هۆكاری‌ ئه‌مه‌ش ته‌نیا هه‌ست نه‌كردن به‌ به‌رپرسیارێتی‌ و یاساشكێنی‌ ژماره‌یه‌ك شوفێره‌ كه‌ له‌سه‌ر چه‌قی‌ شه‌قامه‌كه‌دا له‌به‌رده‌م دووكانه‌كانی‌ سارده‌مه‌نی‌ و به‌تایبه‌تیش له‌به‌رده‌م یانه‌كانی‌ شه‌وان و باڕه‌كانی‌ ئه‌و شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌دا ئۆتۆمبیل پارك ده‌كه‌ن و نیوه‌ی‌ ته‌واوی‌ هه‌ر یه‌ك له‌ سایده‌كانی‌ شاقامه‌كه‌ داده‌خه‌ن و هاتووچۆی‌ تێدا په‌ك ده‌خه‌ن و ته‌نیا نیو ساید ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هاتوچۆی‌ ئۆتۆمبیل.
رۆژ ئه‌نوه‌ر، 31 ساڵ‌، نیشته‌جێی‌ گه‌ره‌كی‌ قوله‌ره‌یسیه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ خۆرئاوای‌ سه‌رچنار، ده‌ڵێ‌: خۆم و به‌شێك له‌ دراوسێكان و دانشتوانی‌ گه‌ره‌كه‌كه‌مان به‌هۆی‌ پارك كردنی‌ ئۆتۆمبیل له‌ قه‌راغ شه‌قامه‌كه‌ی‌ سه‌رچنار له‌ ئێواره‌وه‌ تا دره‌نگانی‌ شه‌و، ناچار بووین هاتووچۆ له‌و شه‌قامه‌وه‌ ته‌رك بكه‌ین و له‌و كاتانه‌دا ناچارین بچینه‌وه‌ ناو گوندی‌ قلیاسان و له‌وێوه‌ له‌ كۆتایی‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌وه‌ بێینه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامی‌ سه‌رچنار.
ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌ڵێ‌: ئه‌و شۆفێرانه‌ی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ئۆتۆمبیل پارك ده‌كه‌ن به‌ ئاشكرا یاسا شكێنی‌ ده‌كه‌ن و شه‌قامه‌كه‌ داگیر ده‌كه‌ن, له‌ كاتێكدا له‌و ناوچه‌یه‌ پاركێكی‌ گه‌وره‌ی‌ راگرتنی‌ ئۆتۆمبیل دروست كراوه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پاركه‌ جوان و زۆر باشه‌كانی‌ پارك كردن. شورای‌ هه‌یه‌ و هه‌موو قیرتاو كراوه‌, « شوفێرانی‌ خۆپه‌رست سوود له‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ و نه‌بوونی‌ لێپێچینه‌وه‌ی‌ یاسایی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆ وه‌رده‌گرن و ئۆتۆمبیل نابه‌نه‌ ئه‌و پاركه‌».
ره‌نج مه‌نسور، هاوڵاتییه‌كی‌ دیكه‌یه‌ كه‌ گله‌یی‌ له‌ قه‌ره‌باڵغی‌ ئه‌و شه‌قامه‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێ‌» شه‌وان به‌و شه‌قامه‌دا هاتوچۆ بكه‌ی‌ وا هه‌ست ده‌كه‌ی‌ له‌م شاره‌ ده‌زگایه‌ك نییه‌ تایبه‌ت بێت به‌ رێكخستنی‌ هاتوچۆ، ئه‌گه‌ر پۆلیسی‌ هاتوچۆ غه‌رامه‌ی‌ تاكسی‌ و ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ی‌ تر بكات كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ ده‌وه‌ستن، بێگومان دۆخه‌كه‌ به‌و جۆره‌ هه‌راسانكه‌ر نه‌به‌ده‌بوو».
ڕێكان جه‌مال، ته‌مه‌ن 20 ساڵ، شۆفێری‌ پاس له‌ هێڵی‌ سه‌رچنار-قوله‌ره‌یسی‌، ده‌ڵێ‌» چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌ فولكه‌كه‌، له‌نێو بازاڕی‌ سه‌رچنار پۆلیسی‌ هاتووچۆ به‌رده‌وام هه‌بێت و ڕێگه‌ نه‌دات ئوتومبیل پارك بكرێت»

پۆلیسی‌ هاتوچۆ وه‌ڵام و پاساویان هه‌یه‌
وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ هۆكاری‌ نه‌بوونی‌ لێپرسنه‌وه‌ له‌ سه‌رپێچیه‌ یاساییه‌كانی‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ی‌ سه‌رچنار بۆ كه‌می‌ كارمه‌ندی‌ هاتوچۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئاماه‌نه‌بوو هیچ ئامارێك له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ هاتوچۆ له‌ فولكه‌و شه‌قامه‌كانی‌ ناوشار بخاته‌ روو.
رائید كاروان محه‌مه‌د سدیق، وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆ له‌ سلێمانی‌، سه‌باره‌ت به‌ قه‌ره‌باڵغی‌ ناو سه‌نته‌ری‌ بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ سه‌رچنار به‌هۆی‌ سه‌رپێچی شۆفێران، له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستانی‌ نوێ‌، وتی‌: جگه‌ له‌ سه‌رچنار، له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی‌ تری‌ شاری‌ سلێمانی‌ هه‌مان كێشه‌و گرفت هه‌یه‌، كه‌ هۆكاره‌كانی‌ به‌ یه‌ك كاژێر قسه‌كردن ته‌واو نابێت.
وتیشی‌» كۆمه‌ڵێك سه‌رپێچی‌ وه‌ك پارك كردن و ڕاگرتنی‌ ئوتومبیل له‌ شوێنی‌ قه‌ده‌غه‌ كراو، تا ڕاده‌یه‌ك بووه‌ به‌ دیارده‌، به‌ڵام به‌و ژماره‌ كه‌م و تایبه‌ته‌ی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆ كه‌ هه‌یه‌، به‌پێی‌ پێویستی‌ و گرنگی‌ شوێنه‌كان دابه‌شكراون «.
وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆ له‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێ‌: گرفته‌كه‌ له‌ هۆشیاری‌ شۆفێران و هێنانی‌ ئوتومبیلی‌ زۆرو پێشێلكردنی‌ یاسایه‌. ئه‌ویش به‌ پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ زیاتر بكرێت و ده‌ڵێ‌: پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ زیاتر ته‌كسی‌ ڕاگرتن له‌ شه‌قامه‌كان بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌چاره‌سه‌ر» به‌ وته‌ی‌ ئه‌و « زیاد كردن و كه‌می‌ كارمه‌ند به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ فراوان بوونی‌ شارو ته‌واو بوونی‌ هه‌ر شه‌قامێك، پێویستیان به‌ ژماره‌ی‌ زیاتر له‌ كارمه‌ندان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دامه‌زراندن نییه‌،جگه‌ له‌ لادان و دانان».

بازاڕێكی‌ په‌شێو له‌ ناوچه‌یه‌كی‌ گه‌شتیاری‌
دروست بوونی‌ بازاڕێكی‌ میللی‌، كه‌ له‌سه‌ر شۆسته‌ و شه‌قامه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ دروست كراون، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ زه‌قه‌كانی‌ شێواندنی‌ سیمای‌ گه‌شتیاری‌ سه‌رچنار. ئه‌وگه‌شتیار و رێبوارانه‌ی‌ ده‌چنه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ئاستی‌ بازاری‌ سه‌رچنار دیمه‌نی ئه‌و بازاره‌ میلله‌ی‌ فرۆشتنی‌ سه‌وزه‌ و میوه‌ سه‌رنجیان راده‌كێشێت و سیمای‌ گشه‌تیاری‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌یان له‌به‌ر چاو ده‌خات، بوونی‌ ژماره‌یه‌ك كه‌پری‌ فرۆشتنی‌ سه‌وزه‌ و میوه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر شۆسته‌كانی‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ چه‌ندین ساڵه‌ دروست كراون و شۆسته‌كه‌ و به‌شێك له‌ شه‌قامه‌كه‌شیان داگیر كردووه‌.
كه‌پره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ره‌مه‌كی‌ و له‌ نایلۆنی‌ ره‌نگاو ره‌نگ و پلێت و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ نا شارستانی‌ دروست كراون و سه‌لامه‌تی‌ هاتوچۆی‌ رێبوارانیان خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ چونكه‌ رێبوار به‌هۆی‌ داگیر كردنی‌ شۆسته‌كانه‌وه‌ ناچاره‌ به‌ ناوه‌راستی‌ شه‌قامه‌كه‌دا هاتۆچۆ بكات.
سه‌رباری‌ ناشرین كردنی‌ سیمای‌ شارستانی‌ و گه‌شتیاری‌ و بوونه‌ته‌ هۆی‌ دروستكردنی‌ كێشه‌ بۆ ئۆتۆمبیل و خه‌ڵكی‌ پیاده‌ و سیمای‌ گه‌شتیاریشان ته‌واو شێواندووه‌.
جگه‌ له‌و كه‌پره‌ نایاسییانه‌ دووكانه‌كانیش به‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو زیاده‌رۆیی ده‌كه‌ن له‌ هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌كان و ئه‌وانیش به‌ته‌واوی‌ شۆسته‌كانیان داگیر كردووه‌. هه‌میشه‌ شه‌قامی‌ ناو بازاری‌ سه‌رچنار به‌ پانی‌ دوو تا چوار مه‌تر له‌ لایه‌ن دووكانداره‌كانه‌وه‌ داگیر كراوه‌. هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌م به‌دواداچوونه‌دا ده‌ست كه‌وتوون هه‌ندێك له‌ دوكانداره‌كان شه‌قامه‌كه‌ی‌ به‌رده‌م دوكانه‌كانیان كه‌ موڵكی‌ گشتییه‌ به‌ كرێ‌ ده‌ده‌نه‌ عه‌ره‌بانه‌كانی‌ فرۆشتنی‌ خوارده‌مه‌نی‌ و سه‌ندویج.
به‌ تێپه‌ڕبوونی‌ هه‌ر كه‌سێك به‌ نێو ئه‌م هاوینه‌ هه‌واره‌دا تێبینی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ لادروست ده‌بێت، كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی‌ حكومه‌ت چاودێری‌و لێپرسینه‌وه‌یان نییه‌، چونكه‌ به‌ ده‌گمه‌ن دوكاندار هه‌یه‌، زیاده‌ڕه‌وی‌ نه‌كردبێت.
وه‌هاب ساڵح، ته‌مه‌ن 25 ساڵ، كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ دانیشتووی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌، ئه‌و ده‌ڵێت « ئه‌گه‌ر شاره‌وانی‌ هه‌بوایه‌ چۆن وا ده‌بوو! دوكاندار به‌ ئاره‌زووی‌ خۆی، به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌وانی‌ شوێن پیاده‌ی‌ هاوڵاتیان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌.»
هاوڕێ‌ ئه‌رسه‌لان، دوكانی‌ شیره‌مه‌نی‌ هه‌یه‌، ده‌ڵێ‌:» ئه‌وه‌تا كه‌سێك له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌م عه‌ره‌بانه‌ی‌ ڕاگرتووه‌، كه‌ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵیت ئێره‌ سه‌رشه‌قامه‌و موڵكی‌ حكومه‌ته‌ نه‌ك تۆ، بۆیه‌ ئێمه‌ی‌ دوكاندار ناتوانین شه‌ڕی‌ حكومه‌ت بخه‌ینه‌ كۆڵی‌ خۆمان».
له‌ چه‌قی‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌دا، مه‌یدانێكی‌ وه‌ستانی‌ كرێكاران هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش وه‌ك چه‌ندین حاڵه‌تی‌ تر بووه‌ته‌ هۆی‌ شێواندنی‌ سیمای‌ گه‌شتیاری‌ سه‌رچنار.
فائق عه‌بدوڵا، ته‌مه‌ن 47 ساڵ، كه‌ به‌ وته‌ی‌ خۆی‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ ده‌ ساڵییه‌وه‌ به‌ كرێكارییه‌وه‌ خه‌ریكه‌، ده‌ڵێت» چه‌ند ساڵێكه‌ لێره‌ ڕاده‌وه‌ستین بۆ په‌یداكردنی‌ كار، تاكو ئێستا هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌هاتووه‌ بپرسێت خه‌ریكی‌ چین و بۆچی‌ لێره‌ ڕاده‌وه‌ستن».
حه‌بیب قادر ته‌مه‌ن 40 ساڵ، كرێكاری‌ ده‌كات و بۆ په‌یدا كردنی‌ كار له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌وه‌ستێت، ده‌ڵێ‌: ئاساییه‌ لێره‌ لاببرێین، به‌ڵام شوێنمان بۆ دابین بكه‌ن.
حه‌بیب وتیشی‌: بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كرێكاران له‌ سه‌رچنار چوومه‌ته‌ سه‌ندیكای‌ كرێكاران‌و، وتم وه‌ر ن بارودۆخی‌ كرێكاران له‌ سه‌رچنار ببینن, به‌ڵكو شوێنێكیان بۆ دیاری‌ بكرێت.
محه‌مه‌ه‌د عه‌لی‌، خاوه‌نی‌ دووكانێكی‌ سارده‌مه‌نیه‌ له‌ سه‌رچنار له‌ باره‌ی‌ بوونی‌ مه‌یدانی‌ كرێكاران له‌ سه‌نته‌ری‌ بازاڕی‌ سه‌رچنار ده‌ڵێت» به‌ڕاستی‌ بۆ ناوچه‌كه‌ دیمه‌نێكی‌ ناشیرین‌و نه‌گونجاویان دروست كردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ شوێنێكی‌ بۆ دابین بكرێت كه‌ هه‌م بۆ كرێكاران گونجاوتر بێت هه‌م بۆ خه‌ڵك و ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ پێویستیان به‌ كرێكار هه‌یه‌.
فه‌تاح حه‌سه‌ن حه‌مه‌ ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ زیاده‌ڕۆیی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌، له‌مباره‌وه‌ بۆ كوردستانی‌ نوێ‌، دواو وتی‌» ماوه‌ی‌ پێنج مانگه‌ غرامه‌كردنی‌ زیاده‌ڕه‌وی‌ له‌شاره‌وانییه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر لیژنه‌كانی‌ قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ سزای‌ مادیی‌ به‌رامبه‌ر به‌ كه‌پرو ده‌ستگێڕه‌كانی‌ سه‌رچنار له‌ (50) هه‌زار دینار تاكو(100) هه‌زار دینار بوو، به‌ڵام له‌ ئێستادا، له‌لایه‌ن قایمقامیه‌ت غرامه‌كه‌ زیاد كراوه‌ كه‌ له‌ (100)هه‌زار دینار ده‌ست پێده‌كات تاكو (500) هه‌زار دینار»
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ زیاده‌ڕۆیی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد» له‌ پاش سێ‌ جار له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ شۆفێران و كاسبكاران و دوكانداره‌كانی‌ بازاڕی‌ سه‌رچنار، به‌مزوانه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانی‌ شاره‌وانی‌ قایمقامیه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌، هه‌ڵمه‌تێك بۆ لابرنی‌ زیاده‌ڕۆییه‌كان و سزادانی‌ سه‌رپێچیكاران ده‌ست پێده‌كه‌ین»
گۆڕان قادر، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌، سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ بۆ كوردستانی‌ نوێ‌، وتی‌»ئێمه‌ ناتوانین لیژنه‌كانمان جێگیر بكه‌ین له‌و شوێنانه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ كه‌ سه‌ردانی‌ سه‌رچنار ده‌كه‌ین، كێشه‌ی‌ زیاده‌ڕۆیی‌‌و سه‌رپێچییه‌كان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵده‌ته‌كێنین، به‌ جۆرێك كه‌ ته‌واوی‌ ئیجرائاتی‌ یاسایی‌ ده‌گرینه‌ به‌رو سه‌رپێچی‌ كار ناچار به‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ به‌لێننامه‌ی‌ دادگا ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سنوری‌ كاركردن ده‌رنه‌چن و ئێمه‌ش بتوانین كۆنتڕۆڵی‌ دۆخه‌كه‌ بكه‌ین».
به‌هۆی‌ هه‌موو ئه‌و زیاده‌رۆیی‌ و سه‌رپێچی‌ و یاسا شكێنیانه‌، زاده‌رۆیی‌ نییه‌ كه‌ بوترێ‌ له‌ ئێستادا سه‌رچنار ته‌نیا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ گه‌شتیاری‌ بێگه‌رده‌، ده‌نا ئه‌وه‌ی‌ چاو ده‌یبینێت سیمای‌ گه‌شتاری‌ ناوچه‌كه‌ ته‌واو شێوێنراوه‌. ئه‌وه‌ی‌ ده‌توانێ‌ ببێته‌ فریاد ره‌سی‌ ئه‌و ناوچه‌ جوان و گه‌شتیارییه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ گه‌شت‌وگوزار، لیژنه‌كانی‌ زیاده‌رۆیی‌ قایمقامیه‌تی‌ قه‌زای‌ مه‌ركه‌ز و پۆلیسی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانین، هه‌ندێك به‌ڵینه‌كانیان جێی‌ ئومێدن و هه‌ندێكی‌ دیكه‌ش دان به‌ ده‌سته‌وستانی‌ خۆیاندا ده‌نێن له‌ هه‌مبه‌ر به‌هاناوه‌چوونی‌ سه‌رچنار.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*