سەرەکی » ئاراستە » قادرکه‌ره‌م..مه‌ڵبه‌ندی‌ ئه‌نفال ‌و ناحێیه‌كی‌ په‌راوێزخراو

قادرکه‌ره‌م..مه‌ڵبه‌ندی‌ ئه‌نفال ‌و ناحێیه‌كی‌ په‌راوێزخراو

ئا: بارام سوبحی‌ تاڵه‌بانی‌

ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م ده‌كه‌وێته‌ ناوجه‌رگه‌ی‌ گه‌رمیانه‌وه‌، نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زار كه‌سی‌ دانیشتوی‌ سنوری‌ ناحیه‌كه‌ به‌ر شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفال كه‌وتون‌و بێسه‌رو شوێن كراون. له‌ ده‌می‌ ئه‌نفاله‌وه‌ تا روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ ساڵی‌ (2003) سنوری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م ناوچه‌یه‌كی‌ قه‌ده‌غه‌كراو بووه‌. له‌ئێستاشدا به‌شێكی‌ زۆر له‌ گونده‌كانی‌ له‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بێبه‌شن.
كتێبی‌ ئه‌نفالی‌ ناوچه‌ی‌ قادركه‌ره‌م له‌ ئاماده‌كردنی‌ محه‌مه‌د قه‌یتولی‌ یه‌، له‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوانی‌ سلێمانییه‌، ساڵی‌ (2014) چاپكراوه‌‌و (226) لاپه‌ڕه‌یه‌. كتێبه‌كه‌ جگه‌له‌ تۆماركردنی‌ ناوی‌ ئه‌نفالكراوان‌و ته‌مه‌ن‌و ره‌گه‌زیان به‌پێی‌ گونده‌كان، وێنه‌ی‌ به‌شێك له‌ ئه‌نفالكراوانیشی‌ له‌خۆگرتوه‌.
نوسه‌ر له‌ پێشه‌كی‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م یه‌كێكه‌ له‌و ناحیه‌یانه‌ی‌ كه‌ له‌ ئه‌نفالدا گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵكوژی‌ به‌ركه‌وت، گونده‌كانی‌ سه‌ر به‌م ناحیه‌یه‌ رووخێنران‌و سوتێنران، ژماره‌یه‌كی‌ بێشوماری‌ خه‌ڵكی‌ گونده‌كانی‌ ئه‌نفال كران، به‌شێكی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ ئۆردوگای‌ شۆڕش له‌ شارۆچكه‌ی‌ چه‌مچه‌ماڵ. له‌م كتێبه‌دا ئاماری‌ ئه‌نفالكراوانی‌ هه‌موو گونده‌كانی‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م ده‌نوسمه‌وه‌. تائێستا گونده‌كانی‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م له‌ كه‌مترین خزمه‌تگوزاری‌ بێبه‌شن، پڕۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و ئاوه‌دانی‌ وه‌كو پێویست بۆ سنوری‌ گه‌رمیان نه‌كراوه‌ كه‌ شایسته‌ی‌ ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ بێت.

ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م
ده‌كه‌وێته‌ باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌، په‌نجا كیلۆمه‌تر له‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ دووره‌. له‌لای‌ باكورییه‌وه‌ شارۆچكه‌ی‌ چه‌مچه‌ماڵه‌، باكوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناحیه‌ی‌ سه‌نگاوه‌، لای‌ باشوری‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ سنوری‌ شارۆچكه‌ی‌ كه‌لاره‌، لای‌ باشوره‌وه‌ ناحیه‌ی‌ نه‌وجول‌و شارۆچكه‌ی‌ خورماتوه‌، لای‌ رۆژئاواوه‌ ناحیه‌ی‌ له‌یلانه‌. روبه‌ری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م (7.5%) كۆی‌ روبه‌ری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك پێكده‌هێنێت. به‌پێی‌ ئاماری‌ ساڵی‌ (1957) ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م‌و گونده‌كانی‌ (13429) كه‌س بووه‌، ئه‌وكاته‌ قادركه‌ره‌م (94) گوندی‌ له‌سه‌ر بووه‌.
قادركه‌ره‌م سه‌ره‌تا گوند بووه‌، له‌ ساڵی‌ (1866) دروستكراوه‌. به‌پێی‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك گوایه‌ دوو برا به‌ناوه‌كانی‌ (قادر و كه‌ره‌م) گونده‌كه‌یان دروستكردوه‌، بۆیه‌ ناونراوه‌ قادركه‌ره‌م. ساڵی‌ (1931) كراوه‌ به‌ ناحیه‌و سه‌ر به‌ لیوای كه‌ركوك بووه‌. له‌ (1951) خراوه‌ته‌ سه‌ر قه‌زای‌ خورماتوو. ساڵی‌ (1976) ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م‌و قه‌زای‌ خورماتوو له‌ كه‌ركوك دابڕێنراون‌و خراونه‌ته‌ سه‌ر پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین (تكریت). ساڵی‌ (1987) قادركه‌ره‌م خرایه‌ سه‌ر قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ.
ساڵی‌ (1935) قوتابخانه‌ی‌ تێدا دامه‌زراوه‌. ساڵی‌ (1968) مۆلیده‌ی‌ كاره‌با هێنراوه‌ته‌ قادركه‌ره‌م‌و له‌ ساڵی‌ (1970) خرایه‌ كارو قادركه‌ره‌م به‌ ته‌زوی‌ كاره‌با روناك كرایه‌وه‌. خاكه‌كه‌ی‌ به‌ نه‌وت‌و غاز ده‌وڵه‌مه‌نده‌. له‌ سه‌روه‌ختی‌ شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفاله‌وه‌ تا روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ ساڵی‌ (2003)، ناوچه‌كه‌ كرایه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ قه‌ده‌غه‌كراوو كرایه‌ سه‌ربازگه‌.

قۆناغی‌ سێهه‌می‌ ئه‌نفال
ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م له‌ قۆناغی‌ سێیه‌می‌ ئه‌نفالدا په‌لاماردرا. ئه‌م قۆناغه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی‌ (7/4/1988) ده‌ستی‌ پێكرد، عه‌مید روكن (بارق عه‌بدوڵا) سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌م قۆناغه‌ی‌ ئه‌نفالی‌ ده‌كرد. ئه‌و هێزه‌ی‌ له‌م قۆناغه‌دا شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفالی‌ ئه‌نجامدا، هێزێكی‌ زه‌به‌لاح بوو، پێكهاتبوو له‌: فه‌یله‌قی‌ یه‌ك، چه‌ندین لیوای‌ مغاویری‌ فه‌یله‌قی‌ دوو، هێزه‌كانی‌ پارێزگاری‌ نه‌وت، چه‌ندین فه‌وجی‌ تایبه‌ت‌و مغاویر، كه‌تیبه‌كانی‌ تانك‌و زرێپۆش‌و یه‌كه‌كانی‌ تۆپخانه‌، چه‌ندین فه‌وجی‌ جاش، به‌ پشتیوانی‌ ده‌یان فڕۆكه‌ی‌ جه‌نگی‌.
ئه‌م قۆناغه‌ خوێناویترین قۆناغی‌ ئه‌نفاله‌، ته‌نها له‌ رۆژی‌ چوارده‌ی‌ نیساندا له‌ گوندی‌ (مله‌سوره‌) زیاتر له‌ بیست هه‌زار كه‌س له‌ ژن‌و منداڵ‌و پیاو به‌ره‌و قۆره‌توو بران‌و بێسه‌رو شوێن كران، بۆیه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رۆژی‌ (14/4) هه‌موو ساڵێكی‌ دیاریكردوه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نفال. حكومه‌تی‌ به‌عس له‌ رۆژی‌ (20/نیسان/1988) له‌ رۆژنامه‌كانیدا كۆتایی‌ قۆناغی‌ سێهه‌می‌ ئه‌نفالی‌ بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌نفالی‌ قادركه‌ره‌م
له‌م كتێبه‌دا ئاماری‌ ئه‌نفالكراوانی‌ ناوه‌ندی‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م‌و په‌نجاو دوو گوندی‌ تێدایه‌. كۆی‌ گشتی‌ (1824) كه‌س ئه‌نفالكراون. له‌و ژماره‌یه‌ (1581) كه‌س له‌ ره‌گه‌زی‌ نێر بووه‌و (243) كه‌س له‌ ره‌گه‌زی‌ مێ‌ بووه‌. چوارده‌ گوندی‌ سنوره‌كه‌ (20 – 30) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، (13) گوند (1 – 20) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، ده‌ گوند (40 – 50) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، حه‌وت گوند (30 – 40) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، سێ‌ گوند (50 – 60) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، دوو گوند (80 – 90) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌.
ئه‌و گوندانه‌ی‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، به‌م جۆره‌یه‌: گوندی‌ قه‌یتول (151) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ هه‌ڕێنه‌ (103) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ قه‌شقه‌ (99) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ عه‌زیزبه‌گ (88) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ وه‌ستا خدر (82) ئه‌نفالكراو. گوندی‌ گۆلباخی‌ خواروو (67) ئه‌نفالكراو. گوندی‌ قیرچه‌ (57) ئه‌نفالكراو. گوندی‌ مامیسك كه‌مترین ئه‌نفالكراوی‌ هه‌یه‌ كه‌ ته‌نها یه‌ك ئه‌نفالكراوه‌.

قوربانییانی‌ ئه‌نفال
ئه‌و گوندانه‌ی‌ له‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م (40 – 60) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، به‌م شێوه‌یه‌یه‌: گوندی‌ برایم غوڵام (54) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ كۆشكی‌ گه‌وره‌ (51) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ عه‌لی‌ مسته‌فا (49) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ كه‌ریم باسام (46) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ گۆلباخی‌ سه‌روو (45) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ كانی‌ قادر سه‌عدون (44) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ وێڵه‌ (43) ئه‌نفالكراو، ناوه‌ندی‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م‌و گوندی‌ ئاوباریك هه‌ریه‌كه‌و (41) ئه‌نفال، گوندی‌ شێخ حه‌مید چل ئه‌نفالكراو.
ئه‌و گوندانه‌ی‌ له‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م (30 – 40) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، به‌م شێوه‌یه‌یه‌: گوندی‌ ژاژ (39) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ بنه‌كه‌ (38) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ كانی‌ قادر شێخ محه‌مه‌د (37) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ خدر رێحان (36) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ به‌كر باجه‌ڵان (35) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ چه‌م سورخاو (33) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ كۆرمۆری‌ بچوك (32) ئه‌نفالكراو.
ئه‌و گوندانه‌ی‌ له‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م (20 – 30) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، به‌م شێوه‌یه‌یه‌: گوندی‌ به‌گزاده‌ (29) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ قه‌ڵا میكایلی‌ خواروو (27) ئه‌نفالكراو، گونده‌كانی‌ قه‌ڵا میكایلی‌ سه‌روو گۆله‌مه‌ هه‌ریه‌كه‌و (26) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ قایته‌وه‌نی‌ گه‌وره‌ (25) ئه‌نفالكراو، گونده‌كانی‌ گه‌ڕاوی‌‌و ته‌په‌سپی‌‌و قایته‌وه‌نی‌ بچوك‌و سۆفی‌ ره‌زا هه‌ریه‌كه‌و (24) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، گوندی‌ كۆرمۆری‌ گه‌وره‌ (23) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ تازه‌شار (22) ئه‌نفالكراو، گونده‌كانی‌ ئاوایی‌ جه‌لال‌و چنگنی‌ هه‌ریه‌كه‌و (21) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ كۆشكی‌ سه‌روو (20) ئه‌نفالكراو.
ئه‌و گوندانه‌ی‌ له‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م (11 – 20) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، به‌م شێوه‌یه‌یه‌: گوندی‌ دارتووی‌ گل (18) ئه‌نفالكراو، گونده‌كانی‌ ته‌خته‌ مینای‌ سه‌روو قه‌ره‌چێوار هه‌ریه‌كه‌و (15) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ كۆشكی‌ ناوه‌ند (12) ئه‌نفالكراو، گوندی‌ شاوك (11) ئه‌نفالكراوی‌ هه‌یه‌.
ئه‌و گوندانه‌ی‌ له‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م (1 – 10) ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌، به‌م جۆره‌یه‌: گوندی‌ داربه‌سه‌ره‌ ده‌ ئه‌نفالكراو، گونده‌كانی‌ ئالیاوه‌و نه‌ورۆز هه‌ریه‌كه‌و هه‌شت ئه‌نفالكراو، گوندی‌ پاریاوڵه‌ شه‌ش ئه‌نفالكراو، گونده‌كانی‌ له‌ك‌و دارتوو ته‌خته‌ مینای‌ خواروو هه‌ریه‌كه‌و چوار ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌. گوندی‌ چاڵه‌دوانه‌ سێ‌ ئه‌نفالكراو، گوندی‌ مامیسك یه‌ك ئه‌نفالكراوی‌ هه‌یه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵمه‌تبه‌ری‌ شاخ و پارێزه‌ری‌ ئارامیی شار

ئالان حه‌مه‌جه‌زا سه‌وڵجانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشگێڕترین حزبه‌ كه‌ زۆرترین ...