سەرەکی » ئابووری » بەنداوی بەردەسوور پێویستییەكی ژیارییە بۆ سەرتاسەری گەرمیان

بەنداوی بەردەسوور پێویستییەكی ژیارییە بۆ سەرتاسەری گەرمیان

رەحیم حەمید عەبدولكەریم*

بێگومان گەرمیان تا رادەیەكی باش خاوەن ژێرخانێكی دەوڵەمەندە لە داهاتی ئاو و بەتایبەتی ئاوی سەرزەوی، لە هەرێمی كوردستانیش شەش رووبار بوونی هەیە سێ لەو رووبارانە لە گەرمیان و گەرمەسێرن (سیروان، ئاوەسپی، ئەڵوەن)، رووباری سیروان یەكێكە لە رووبارە گەورەكانی كوردستان‌و بەنێو جەرگەی گەرمیان‌و بەتەنیشت شاری كەلاردا گوزەر دەكات، داهاتی ساڵانەی ئاوەكەی بە نزیكەی 50 ملیار مەتری سێجا مەزەندە دەكرێت، لەو بڕە تەنها ئەم پڕۆژە ئاودێریانە پێشتر دروست كراون: (پڕۆژەی ئاوی سەلام ، قەرەتەپە، شێخ لەنگەر، كەشكەوڵ، مەینەتاوا، قەرەبڵاخ‌و چەند جۆگەیەكی تر لە نزیك گوندی كوڵەجۆ).

زەویەكانیان بە پیت‌و تەختن‌
ئەمانە هەموویان نزیكەی 15 مەتر سێجا لە چركەیەدا ئاو تیایاندا تێپەڕ دەبێت، وهەروەها (پرۆژەی ئاوی باڵاجۆ )كە 5 مەتری سێجا لە چركەیەكدا ئاو تیایدا تێپەڕ دەبێت، هەموو ئەو پڕۆژانەش نزیكەی 150 هەزار دۆنم بە كرداری بەراو دەكات (50 هەزار دۆنمیان دەكەوێتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە)، دەنا ئەو هەموو داهاتەی تری ئاوی رووباری سیروان بەفیڕۆ بەرەو خوارەوە گوزەر دەكات‌و دەڕژێتە بەنداوی حەمرینەوەو لەناوەڕاست‌و خوارووی عیراق سوودی باشی لێدەبینرێت.
ناوچەی بەرفراوان‌و بەرینی گەرمیان لە ئەمبەر و ئەوبەری رووباری سیروانەوە تامەزرۆی بە بەراوكردنن، زەویەكانیان بە پیت‌و تەختن‌و بۆ هەموو جۆرەكانی كشتوكاڵ شیاون، بۆ مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئاوی سیروان، وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو و لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەكانەوە، دەمێكە پڕۆژەیەكی تێر و تەسەلی ئامادە كردووە بە نەخشەو دیزاین‌و تێچووەوە بۆ ئەوەی بەنداوێك لەسەر رووباری سیروان لە نزیك شاری كەلار و بەدیاریكراوی لە بەردەسوور بەناوی (بەنداوی بەردەسوور)ەوە ئامادەكردووە، بەپێی نەخشەكە بەرزی بەنداوەكە (26) مەترەو درێژییەكەشی (885) مەترە‌و توانای گلدانەوەی (170 ملیۆن مەتری سێجا) ئاوی هەیە، لەگەڵ پردێكی پەڕینەوە بۆ ئەوبەری رووبارەكە، بەنداوەكەش توانای بەرهەمهێنانی 60 مێگاوات كارەبای هەیە و تێچووەكەی نزیكەی 300 ملیار دینارە.

گرنگی بەنداوەكە لەوەدایە كە:
1 – لەڕێگای دروستكردنی كەناڵی ئاودێری بە سەدەها هەزار دۆنم بەراو دەكات لە ناوچەكانی دەشتی بنكورە تا نزیك قەزای خانەقین‌و هەروەها دەشتەكانی كەلار و سەید خەلیل‌و گۆبان لە قەزای كەلار و دەشتەكانی شاكەل‌و كارێزە و كەوا چەرموو و..تد سەر بەناحیەی سەرقەڵای قەزای كفری، بەم شێوەیە هەرسێ قەزاكە بە پشتێنەیەكی سەوزی ئابووری دەبەستێتەوە.
2 – گەرمیان‌و گەرمەسێر ناوچەیەكی باشووری كوردستانە بە بەراو كردنی ناوچەكە مەترسی بەبیابانبوون تا رادەیەكی زۆر دەڕەوێنێتەوە، چونكە گەرمیان بەرەی پێشەوەی كوردستانە، ئێستاش ئاراستەكان‌و پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن كە بیابان بوون لە عیراقدا وردە وردە لە ناوەڕاستی عیراقەوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكات.
3 – هەڵگرتنی ئاو بۆ ساڵەكانی كەمئاوی وەكو ستراتیجێك بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەویی.
4 – بەستنەوەی ئەمبەر و ئەوبەری سیروان بەیەكەوەو ئاسانكردنی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی قەرەباڵغی لەسەر شاری كەلار.
5 – بەرهەمهێنانی وزەی كارەباو زیادكردنی سامانی ماسی‌و زیادكردنی ئاوی ژێر زەوی، هەروەها دەبێتە شوێنێكی گەشتیاری‌و زیادكردنی هەلی كار بۆ هاوڵاتیانی ناوچەكە.

وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئەركی خۆی جێبەجێكردووە
لەبەر ئەوەی هەموو دیزاین‌و ئامادەكارییەكانی ئەم بەنداوە ستراتیجییە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوەوە ئاماد كراوەو تەنها كاری تەندەرینی پێویستە، بۆیە حەقی خۆیەتی‌و پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم پڕۆژەیە دوانەخات‌و بیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەتی كە پڕۆژەی وا چەندین ساڵی پێویستە تاوەكو تەواو ببێت، بۆیە تێچووەكەشی بەهەمان شێوە دابەش دەبێتە سەر ساڵەكانی ئەنجامدانی پڕۆژەكەو قورساییەكی ئەوتۆی نابێت، بە ئەنجامدانی ئەم بەنداوە كوردستان دەبێتە خاوەن كۆگایەكی باشی ئاو و لە پاشەڕۆژدا ئابووریی هەرێم پتەوتر دەكات، رۆڵی گەورەش دەبینێت لە ململانێی ئاودا كە هەموو توێژینەوە زانستییەكان پێشبینیی سەرهەڵدانی دەكەن.

* بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دراوی دڵـنیاكەر و تـارمـایـی داچـوونـی ئـابـووری

فەیسەل عەلی* مەترسییەكانی روودانی بێبازاڕی ئابووریی جیهانی فراوان روو لە ...