سەرەکی » دۆسێ » ره‌وته‌كان » هێرشەكەی سەر ئارامكۆ لە عیراقەوە بوو

ریاز بەڵگەكانی رادەستی عەبدولمەهدی كردووە

هێرشەكەی سەر ئارامكۆ لە عیراقەوە بوو

بەرپرسێكی سعودیە: هێرشەكەی سەر ئارامكۆ لە عیراقەوە بوو

سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەیوەندییە گشتییەكانی سعودیە و ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، سەركردایەتی سعودیە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق، پتەوكردنی سنورەكانیان تاوتوێ‌ كردووە، تا ڕێگە لەو هێرش و پەلامارانە بگرن كە لە عیراقەوە دەكرێنە سەر سعودیە، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكاییش دەڵێت، ریاز بەرڵگەی تەواوەتی رادەستی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە، سەبارەت هێرشەكانی سەر كۆمپانیای (ئارامكۆ) كە بە گوتەی بەرپرسانی سعودی لە عیراقەوە بووە.
سەلمان ئەنساری، سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەیوەندییە گشتییەكانی سعودیە و ئەمریكا بە (RT)ی ڕاگەیاندووە”سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ سعودیە، لەكاتێكی گرنگدابوو كە تێیدا هەندێك لە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، خاكی عیراق بەكاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بۆسەر ئامانجە ستراتیژییەكان لە شانشینی عەرەبی سعودیە و بەتایبەتیش ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە نەوتەوە هەیە، ئەمەش نەك تەنیا هەڕەشەیە بۆسەر سعودیە، بەڵكو هەڕەشەیە بۆسەر هەموو جیهان”.
بە گوتەی ئەنساری”لە چاوپێكەوتنی سەركردایەتی سعودیە لەگەڵ عەبدولمەهدی، ئەو دۆسێ‌ گرنگە تاوتوێ‌ كرا، لەگەڵ تاوتوێكردنی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پەلامارەكەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆ، لەگەڵ ئەمەشدا ڕیاز ڕەچاوی زۆرێك لەو لایەنانە دەكات كە بە باشی لایەنی عیراقی دركی پێدەكات”.
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەیوەندییە گشتییەكانی سعودیە دەڵێت”ئەوەی مایەی سەرنجە لە سەردانەكەدا، جەختكردنەوەی سەرۆكی حكومەتی عیراقە لەسەر پێداگری وڵاتەكەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری شانشینی عەرەبی سعودیە و گرنگی ڕۆڵی ڕیاز لە سەقامگیری بازاڕەكانی وزەی جیهانی”.
لە كۆتاییدا ئەنساری ڕایگەیاندووە”هیوادارن سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ سعودیە بەمزوانە ئاكامی چاوەڕوانكراو بەدەستەوە بدات، چونكە هەموو لایەنە جیاجیاكان لە نێو عیراقدا درك بەوە دەكەن كە هەر زیانێك بەر ئاسایشی وزەی سعودیە بكەوێت، باجێكی گەورەی بەدوادێت بۆ دەستدرێژكار، یان ئەوانەی لە پشتییەوەن”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكایی بڵاوی كردبووەوە، دوای سەردانەكەی لە سعودییە سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بینیووە و لەسەر هێرشەكانی سەر سعودییە شەڕەقسە كەوتووەتە نێوانیانەوە.
ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە» بەڵگەی تەواو لە سعودییە دراوەتە سەرۆك وەزیرانی عیراق، كە هێرشەكەی ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی 2019 بۆ سەر كۆمپانیای”ئارامكۆ”ی سعودیە، لە عیراقەوە بووە و لە ڕێگەی فڕۆكەی”درون”ەوە ئاراستەی سعودیە كراوە.
ڕۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، عەبدولمەهدی هۆشداریداوەتە فەیاز كە هەرچی زووە دەست بە هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی بكات و بیانكات بە بەشێك لە هێزە چەكدارەكانی عیراق و ئەوەش لەلایەن فەیازەوە ڕەتكراوەتەوە.
بەهۆی رەتكردنەوەی داواكەی عەبدولمەهدی وەك (واشنتۆن پۆست) باسی دەكات، شەڕە قسە دروستبووە و فەیاز تەئیكدی كردووەتەوە، حەشدی شەعبی بە ئاسانی هەڵناوەشێتەوە و كۆنترۆڵناكرێت، ئەگەر بەشێوەیەكی ئارام مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، چونكە چەندین گروپی جیاواز لە خۆ دەگرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر سعودیە رایگەیاندبوو، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی لەبارەی هێرشەكەی سەر كۆمپانیا نەوتییەكانی وڵاتەكەی لە باشوور و یەمەنەوە نەبووە، بەڵكو هێرشەكە لە سنورەكانی باكووری وڵاتەكەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
دوابەدوای ئەوەش عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە سەردانێكی ناچاوەڕوانكراو، سەردانی ریازی كرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سعودی كۆبووەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...