سەرەکی » دۆسێ » ره‌وته‌كان » گواستنەوەی ساعدی بۆ وەزارەتی بەرگری..

״لەچوارچێوەی گەمە سیاسییەكاندایە״

گواستنەوەی ساعدی بۆ وەزارەتی بەرگری..

گواستنەوەی ساعدی بۆ وەزارەتی بەرگری ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

گواستنەوەی فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆری عیراق بۆسەر میلاكی وەزارەتی بەرگری لەسەر ئاستی سیاسی و میدیایی و میللی، ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە، هەنگاوەكەش بە سزا لە بری پاداشتی ئەو كەسێتییە سەربازییە لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەندێك لە بۆچوونەكان بە پێیانوایە، گواستنەوەكە پەیوەندی بە گرێبەستێكی سیاسی نێوان لایەنە دەستڕۆیشتووەكانەوە هەیە.
عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عیراق، لابردنی لە پۆستەكەی بە سوكایەتی زانیوە و رایگەیاندووە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق پێی گوتووە:» چیت لەگەڵ مندا هەیە؟»
فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆری عیراق لە 27ی ئەیلولی 2019 رایگەیاندبوو»گواستنەوەی بۆسەر میلاكی وەزارەتی بەرگری كارێكی ناڕاستە»، بڕیارەكەش بە بڕیاری عادل عەبدولمهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە نازانێت.
بە گوتەی ساعدی»بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانەوە كردووە و پێی گوتووە» هیچ شتێكت لەگەڵ مندا هەیە؟ ئەویش پێی گوتووە، بەپێچەوانەوە تۆ ئەفسەرێكی لێهاتووی».
ساعدی بە عەبدولمەهدی گوتوە «ئەگەر باشم ئەمە پاداشتی باشییەكەمە؟».
ساعدی گواستنەوە و لابردنی لە دەزگای دژە تیرۆری عیراق بە سوكایەتی بۆ پلە سەربازییەكەی وەسفكردووە، و وەك خۆی دەڵێت «ئەمە سوكایەتییە بۆ پلەكەم و سوكایەتییە بۆ هەموو ئەو ئەفسەرانەی مەشقی پێ كردوون».
فەریق روكن، عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری عیراق لە پۆستەكەی دورخرایەوە و گواسترایەوە بۆ نێو وەزارەتی بەرگری، ئەم هەنگاوەش لەنێوەندە سیاسی و میدیایی و میللییەكان ناڕەزایی لێكەوتەوە.
لە 27ی ئەیلولی 2019، میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، كە لە جێگەی ساعدی ئەفسەرێكی تر ئەو پۆستە وەردەگرێت، بەبێ‌ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرابكرێت.
دوای بڕیارەكەش عەبدولوەهاب ساعدی نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند كە لە جیاتی خەڵاتكردن و وەرگرتنی میدال سەركەوتن و ئازایەتی، نازانێت بۆچی سزا دەدرێت.
ساعدی داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق كردبوو، لەبری گواستنەوەی خانەنشین بكرێت.
هەر لەو بارەیەوە بەرپرسێكی حكومەتی عیراقی رایگەیاندبوو، دوو گروپی حەشدی شەعبی «گوشارییان كردووە» بۆ دوورخستنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی.
بەرپرسەكە كە نەیویستبوو ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندبوو»بیرۆكەی سەرەكی دوورخستنەوەی ساعدی و دانانی كەسیًَكی تری نزیك لە ئێران، ئەو ئاستەنگانە دژە تیرۆەوە لەبەردەم ئەو گروپانەدا دروستیكردبوو، رادەماڵێت».
چەند سەرچاوەیەك بە ئاژانسی (فرانس پرێس)یان راگەیاندووە»بڕیارەكە پرسیارە لەبارەی پرۆسەی (پاككردنەوەی بەرپرسانی) نزیك لە واشنتۆن دروستدەكات».
دوای بڕیارەكە چالاكوانان لە بەغدا و بەسرە و «موسڵ»، داوای خۆپیشاندانی ناڕەزاییان كردبوو بەرانبەر بە بڕیاری لابردنی ساعدی كە تائێستاش پەردە لەسەر پەیكەرەكەی لانەدراوە لە شارەكە كە بە پاڵپشتی هەندێك لە لایەنگرانی دروستكرابوو.
ساعدی كە چەند دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی لەپاش بڕیارەكە ئەنجامدا»بڕیارەكەی بە سوكایەتی و قبوڵنەكراو» وەسفكردبوو.
ساعدی رەتیكردبووەوە مل كەچی بڕیارەكە ببێت «تەنانەت گەر ژیانیشی لەسەر دانابێت».
غالب شابەندەر سیاسەتمەداری عیراقی لەبارەی بڕیارەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ گواستنەوەی ساعدی رایگەیاندووە»ئەوەی دوایین لێدانە لە جەستەی عیراق و سەرەتای تێكشكانی سوپای عیراق و رادەستكردنییەتی بە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و هێزە چەكدارەكانی».
ساعدی رۆڵی گەورەی هەبوو لەكاتی ئۆپەراسپۆنەكانی تێكشكاندنی رێكخراوی داعش. ئەو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی بێجی و تكریت بوو لە ساڵی 2005، پاشان شەڕەكانی فەللوجە لە ساڵی 2016 كە لێوەی هێندەی تر ئەستێرەی رووی لە درەوشانەوە كرد.
لە سەرەتای ساڵی 2017 كرایە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی شاری موسڵ، بۆیە لەلایەن زۆرێكەوە بە «ئایكۆنی سەركەوتن» لەقەڵەم دەدرێت.
ساعدی لە چەند هەوڵێكی تیرۆر قوتاری بوو كە كایەك بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، كایەكی تر لەڕێی قەناس بەدەستەكان لەكاتی سەركردایەتیكردنی شەڕەكانی دژی بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا تەوژمێكی توڕەیی بەرانبەر بە بڕیاری دوورخستنەوەی بڵابووەوە، لایەنگرانی ساعدی سەدان وێنە و ڤیدیۆی ئەوییان لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردندا بڵاوكردەوە و زیاتر جەختییان لەسەر لایەنی مرۆیی ئەو فەرماندە سەربازییە كردەوە كە لەكاتی شەڕەكاندا رۆڵی بەرچاوی لە رزگاركردنی منداڵان و بەساڵاچووەكاندا هەبوو.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق، لای خۆیەوە رەخنەی لە بڕیارەكە گرتبوو، لە تویتێكیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»دەوڵەت بەو شێوەیە خەڵاتی ئەو جەنگاوەرانەی ناكات كە بەرگرییان لە نیشتمان كردووە»، پرسیاریشی كردبوو»ئایا فرۆشتنی پۆستەكان گەیشتە دامەزراوە سەربازی و ئەمیینەكان؟».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، خالید عوبێدی وەزیری بەرگری پێشووتری عیراق رەخنەی لە شێوازی دوورخستنەوەی «فەرماندەیی مەیدانی ئازا و پیشەگەر» گرتبوو كە «گۆڕەپانەكانی شەڕەكان لە دژی چەكدارە تیرۆریستەكان گەواهی بۆ دەدەن».
هەر لەو بارەیەوە هیشام هاشمی، شارەزا لە كاروباری گروپە جیهادییەكان رایگەیاندبوو»جەنگی دژ بە داعش تائێستاش بەردەوامە، و دوورخستنەوەی سونبوڵەكانی سەركەوتنیش لەئێستادا كەلێنێكی گەورەیە، و زیاتر ورەی دوژمن بەرزدەكاتەوە، و متمانەی هاووڵاتیش بە بڕیارەكانی سەركردایەتی سەربازی لاوازدەكات».
هەر لە بارەی گواستنەوەی فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆری عیراقی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاندبوو، ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە گەڕانەوەی فەریق ڕوكن عەبدولوەهاب ساعدی بۆ پۆستی پێشووی بڵابوونەتەوە، دوورن لە راستییەوە.
بەپێی دوایین پەرسەندنیش، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە 29ی ئەیلولی 2019 لەگەڵ ژمارەیەك لە رۆژنامەوانانی عیراقدا كۆبووەتەوە و رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو دەنگۆیانە بە ڕۆژنامەوانان داوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا، عەبدولمەهدی رایگەیاندووە»گۆڕینی بەرپرسە ئەمنییەكان كارێكی ئاساییە و ئەو بەرپرسانە پێویستە فەرمانەكانی سەروو خۆیان جێبەجێ‌ بكەن”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...