سەرەکی » ئاراستە » نارێن، دوا دێی كورد له‌ سنووری حه‌مریندا

شۆڕش بەم گوندەشدا تێپەڕی 17

نارێن، دوا دێی كورد له‌ سنووری حه‌مریندا

هه‌میشه‌ لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆیه‌ لادێ‌ و شۆڕش جمكانه‌ی یه‌كتری بوون و لێكجیانه‌كراونه‌ته‌و

گه‌وره‌ترین دێی سنووری شارۆچكه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌یه‌، 11 كم لێیه‌وه‌ دووره‌ و هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌ی هه‌مووی كوردن و له‌ هۆزی گێژن و نزیكترین دێی كورده‌ له‌ چیای حه‌مرینه‌وه‌، زۆرترین زه‌ویوزاری هه‌یه‌ و قه‌واڵه‌ی فه‌رمییان هه‌یه‌ و سه‌ر به‌ كه‌رتی 60و رووبه‌رێكی زۆری زه‌ویوزاری هه‌یه‌، كه‌ ته‌نیا 17 هه‌زار دۆنمی زه‌وی كشتوكاڵییه‌، كه‌ چه‌ندین جووتیاری له‌سه‌ره‌ و تاپۆی فه‌رمییان هه‌یه‌.
ئه‌م دێیه‌ به‌ پایته‌ختی گێژ ناوده‌برێت، به‌ فه‌رمی پێیده‌وترێت یاڵغوزئاغاج كه‌ وشه‌یه‌كی توركییه‌ به‌ واتای ته‌نیا داره‌كه‌، عه‌ره‌به‌كان پێیده‌ڵێن گێج و به‌هۆی ئه‌و چه‌مه‌ی پیاتێده‌په‌ڕێ‌ پێده‌ڵێن نارێن و عه‌ره‌به‌كان پێیده‌ڵێن ناری كه‌ گوڵێكی سووره‌ و له‌ ده‌شتوده‌ر ده‌ڕوێ‌.. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن زه‌ویوزاری ئه‌م دێیه‌ نه‌ڕوێنبووه‌ كه‌ جگه‌له‌ حوشترخۆر هیچیتری تیانه‌ڕواوه‌، یان وه‌كو ده‌وترێت نارێن له‌ ناوی ئه‌و دوو چه‌مه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌ دێی قوڕیچایی و ئه‌ویتریان له‌ دێی ئه‌بوعه‌له‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرن و ئیتر پێیانوتووه‌ نه‌هرێن و به‌سه‌ر زمانه‌وه‌ بووه‌ته‌ نارین، نارێن.
ئه‌م دێیه‌ له‌پێش ئه‌نفال زۆر ئاوه‌دانبووه‌، 162 به‌شداری كاره‌بای هه‌بووه‌ و ماڵه‌كانیشی زۆرتر له‌ 260 ماڵ بووه‌.. له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ پرۆژه‌ی كاره‌با و ئاو و دوو قوتابخانه‌ و مزگه‌وتی هه‌بووه‌.. له‌ ساڵی 1987 به‌عس سیاسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌كه‌ی به‌عه‌ره‌بكردنی له‌ ناوچه‌ی زه‌نگاباتدا ده‌ستپێكرد تا رێگه‌ له‌ جموجووڵی پێشمه‌رگه‌ بگرێ‌ كه‌ زۆرجار ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌و سنووره‌ دووره‌ و هه‌میش ناوچه‌كه‌ خه‌ڵكی عه‌ره‌بی تیانیشته‌جێبكات، بۆیه‌ نارێنیش له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دێهاته‌كانیتری زه‌نگاباتدا وه‌كو به‌شێك له‌ سیاسه‌تی دوورخستنه‌وه‌ی كورد و به‌عه‌ره‌بكردنی ده‌ڕووخێنرێ‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی ته‌رفه‌نه‌ی شاره‌كانی رومادی و هه‌ولێر و كفری و كه‌لار كران و ده‌یان ماڵیشیان له‌ قه‌ره‌ته‌په‌یه‌، دوای دروستكردنی ئۆردوگای سمود (رزگاریی ئێستا) به‌شی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵكی ئه‌م دێیه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌م ئۆردوگایه‌.
ساڵی 2003 رژێمی به‌عس رووخا و دیكتاتۆرییه‌تی سه‌دام حسێنی خوێتڕێژ نه‌ما، زه‌مینه‌ ره‌خسا سه‌رله‌نوێ‌ خه‌ڵكه‌ ده‌ربه‌ده‌ره‌كه‌ی نارێن بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خاپووركراویان و به‌شێك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ماڵه‌كانیان ئاوه‌دانبكه‌نه‌وه‌، ئێستا ته‌نیا 18 ماڵی تێدایه‌، هه‌ر رووناكی كاره‌بای بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن خێرخوازێكیشه‌وه‌ مزگه‌وتێكی بۆ كراوه‌، قوتابخانه‌شی تیاكراوه‌، تۆڕی ئاوی بۆ كراوه‌، به‌ڵام خراپبووه‌ و پێویستی به‌ده‌ستپێداهێناندا هه‌یه‌، پرده‌كه‌ی كه‌ 30 مه‌تره‌ ئاوبردوویه‌تی و چاكنه‌كراوه‌ته‌وه‌، رێگاوبانه‌كه‌ی كه‌ 5 كیلۆمه‌تره‌ خراپه‌ چاكنه‌كراونه‌ته‌وه‌، وه‌ك حكومه‌تی ناوه‌ندیی بایه‌خی نه‌داوه‌تێ‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاوڕێكی لێبدایه‌ته‌وه‌ و خانووبه‌ره‌ و هه‌ندێ‌ پرۆژه‌ی تیابكردایه‌ ئێستا زۆر ئاوه‌دانتر و قه‌ڵه‌باڵغترده‌بوو و گرنگیی خۆیشی له‌ڕووی بوونی كورده‌وه‌ له‌وسنووره‌دا هه‌بوو.. ئه‌م دێیه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوسنووری دێهات و دراوسێی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی: لهێب و بنعێز و حه‌دیدی و جبور و تاتران بووه‌ هه‌ندێجار ئاڵۆزی و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حه‌ره‌سقه‌ومییه‌كانی ئه‌و ناوه‌دا روویداوه‌، هه‌روه‌ها پێكادان له‌سه‌ر سنوور بووه‌ و خه‌ڵكیش كوژراوه‌، به‌ڵام دواتر پێكهاتوونه‌ته‌وه‌ و ئاشتبوونه‌ته‌وه‌.
بۆیه‌ هه‌میشه‌ گیانی كوردایه‌تی له‌ناوخه‌ڵكه‌كه‌یدا به‌هێزبووه‌، له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا رێكخستن و پێشمه‌رگه‌یان هه‌بووه‌، له‌ لێدانی شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌كه‌ی وێستگه‌ی كفری هاوكاربوون.. له‌ شۆڕشی نوێشدا یه‌كه‌م شانه‌ی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌تایبه‌تی رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان له‌ناو گه‌نجه‌كانی ئه‌م دێیه‌دا له‌ڕێگه‌ی شه‌هید بورهانی حه‌مه‌ی میناوه‌ ره‌گی داكوتابوو، دواتر ئه‌و گه‌نجانه‌ هه‌ندێكیان بوونه‌ پێشمه‌رگه‌ و رۆڵی به‌رچاویان له‌خه‌باتدا بینیوه‌ و چوار كه‌سیشیان شه‌هیدبووه‌، سیان له‌ شه‌هیده‌كانی ئه‌شكه‌وتی داریخله‌ی كاتی پارتیزانییه‌كه‌ی دوای كرده‌ڕه‌هاتی ئه‌نفال خه‌ڵكی نارێن بوون، هه‌روه‌ها له‌ لێدانی مونه‌زه‌مه‌ی حیزبی به‌عسی قه‌ره‌ته‌په‌ و گرتنی ره‌بایه‌ی پرده‌ڕه‌شدا چاوساغبوون.. ئه‌وكاتانه‌ی كه‌ كوڕه‌ سه‌ربازه‌كانی ئه‌م دێیه‌ ریزی سوپایان به‌جێهێشتووه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئاواییه‌كه‌یان بۆ پارێزگاریی له‌ خۆیان چه‌كیان هه‌بووه‌، چه‌ندینجار كه‌ هێزی سه‌ربازیی حكومه‌ت و حه‌ره‌سقه‌ومییه‌كان هێرشیانكردووه‌ته‌سه‌ریان، ئه‌وان رووبه‌ڕووی ئه‌و هێزانه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و راویانناون و خۆیان له‌هه‌ڵه‌ته‌كاندا قایمكردووه‌، ته‌نانه‌ت دوو ماڵه‌ سه‌ییدی عه‌ره‌ب له‌وێبوون داوایان لێكردوون یان خۆیان بكه‌نه‌ گێژ یان باربكه‌ن.. له‌ شه‌ڕی داعشدا چه‌ندین برینداریان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین زیندانی سیاسیشیان هه‌یه‌، جگه‌له‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌یان كه‌ ریزه‌كانی سه‌ربازییان به‌جێده‌هێشت له‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كاندا ده‌بوونه‌ پشتگیریی و له‌چالاكییه‌كاندا به‌شدارییانده‌كرد.
گوزه‌رانی خه‌ڵكی ئه‌م دێیه‌ له‌سه‌ر كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه‌، به‌هۆی چه‌مه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئاوی باشی هه‌یه‌ و به‌ شووتی به‌ناوبانگبووه‌، هه‌روه‌ها ماسیشی زۆربووه‌، جگه‌له‌وه‌ له‌زه‌وییه‌كانیدا خۆڵی گڵه‌سه‌ر هه‌یه‌ كه‌ له‌ پیشه‌سازی سابووندا به‌كارده‌هێنرێ‌، گه‌چیش بۆ كاروباری ناوخۆ به‌رهه‌مده‌هێنرێ‌، هه‌روه‌ها شوێنه‌واریشی تێدایه‌.
له‌م دێیه‌دا كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ركه‌وتوون كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا پێگه‌یان له‌به‌رچاوبووه‌، له‌ ساڵانی په‌نجاكاندا سێ‌ برا به‌ناوه‌كانی: فوئاد به‌گ و سوعاد به‌گ و مراد به‌گ كه‌ سێ‌ كه‌سایه‌تی دیاری هۆزی گێژبوون له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی عێراقدا شوێن و رێزیان هه‌بووه‌، كاتی خۆی توانیویانه‌ زه‌وییه‌كانی نارێن تاپۆبكه‌ن كه‌ كه‌مكه‌س ئه‌و كاره‌یان له‌ده‌ستهاتووه‌، هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی جووجكه‌هه‌ڵهێن و كێڵگه‌ی به‌خێوكردنی مریشك و ئاو و ئاشیان هێناوه‌ته‌ دێیه‌كه‌وه‌، كه‌ له‌هیچ دێیه‌كی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ئه‌مانه‌ نه‌كرابوو.. ئێستا خه‌ڵكی ئه‌م دێیه‌ خوێنه‌واری باش و نووسه‌ر و شاعیر و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرا و ماسته‌ر و مامۆستا و پزیشك و ئه‌ندازیاری تیاهه‌ڵكه‌وتووه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تریفه‌ی‌ مانگی‌ ئاكۆیان

ئازاد سه‌راوی شۆڕش هه‌ڵچون و داچونه‌، هه‌ندێك جاران ڕوبارێكی‌ به‌لرفه‌یه‌، ...