سەرەکی » ئابووری » پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمتر دەبێتەوە

داوای چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا دەكرێت

پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمتر دەبێتەوە

ئا: پشتیوان محەمەد – چەمچەماڵ

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرماو سۆڵە و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، خواستی بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە زیادی كردووە و بازاڕی فرۆشتنی ئامێرە كارەبایەكانی گەرمكەرەوەش گەرمە.
هاوكات بەهۆی دابین نەكردنی سووتەمەنی بۆ پڕۆژە وەبەرهێنەرەكانی كارەبا و پێنەدانی قەرزەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، چاككردنەوە و سیانەكردنەوەی یەكە لەكاركەوتووەكانی كارەبا وەستێنراوە، ئەوەش وایكردووە بڕی پێدانی سەعاتەكانی كارەبا كەمبكرێتەوە.

گلەیی هاووڵاتیان
رەمەزان محەمەد، كە هاووڵاتییەكی نیشتەجێی قەزای چەمچەماڵە وتی: «پێویستە حكومەتی هەرێم پڕۆژە سەرەتاییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و بەتایبەت كارەبا. هاوكات دەبێت لەوە زیاتر ناهەقی بەرامبەر هاووڵاتیانی چەمچەماڵ نەكرێت كە پێویستە هەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان لەكوردستان بوونی هەبێت سودی بۆ سنووری جوگرافیای كارگەكە هەبێت ئەوكات هەناردەی شوێنی تر بكرێت».
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: «سەیرە كە هەرێمی كوردستان خاوەن چەندین بیرە نەوت و غازە، كەچی هاووڵاتیان بێ نەوت و غازن. دەیان وڵات هەیە كە خاوەنی سەرچاوەی سروشتیش نین، بەڵام بوونەتە وڵاتێكی سەرمایەدار».

خەڵك پشوو درێژ بووە
لای خۆیەوە، سەردار عەزیز كە دانیشتتوویەكی دیكەی شارەكەیە پێیوایە، لەهەرێمی كوردستان بەرپرسی دڵسۆز و خەمخۆر كەمە، چونكە ئەگەر تەواوی بەرپرسانمان دڵسۆز بوونایە، ئەو هەموو كیشەیەمان نەدەبوو.
وتیشی: «تا بەرپرسی دڵسۆز كەم بێت، خەڵك لە خۆشی و ئاسوودەییدا ناژێت، بۆیە دەبێت بەپرسیانی خەمخۆر دەسەڵات بگرنەدەست بۆئەوەی خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بكەن، چونكە خەڵك زۆر پشوو درێژ بوو بەرامبەر بە نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و بەتایبەت كارەبا».
بەرهەمهێنانی كارەبا بەردەوامە
بەوتەی بەڕێوەبەری وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای چەمچەماڵ، ئێستا وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ وەك مانگی رابردوو كارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام بڕێكی زۆر پارەیان لای حكومەتەو هاوكات سوتەمەنیشیان بۆ دابین ناكرێت تا تەواوی یەكەكانی كارەبا كار بكەن و ئەوانەشی پێویستیان بە چاككردنەوە هەیە سیانە بكرێتەوە.
وتیشی: «ئەگەر حكومەت هاوكاریان نەبێت، ئەوا سەرجەم یەكەكان لەكار دەكەون و دۆخی كارەباش بەرەو خراپتر دەچێت».

هۆشداری دەدەن
ئارام سەعید، بەڕێوەبەری وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای چەمچەماڵ، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوان وەكو وێستگە تەنها لەتوانایاندا هەیە كەرەبا بەهەمبهێنن و لەڕێگەی حكومەت و فەرمانگەكانی دابەشكردنی كارەبا، رۆژانە كارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت.
وتیشی: «وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ لەسەرئاستی كوردستاندا پلەیەكی باشی گرتووە لە وەبەرهینانی كارەباو پابەندبوون بەكاركردنەوە، بۆیە لەئێستادا وەك مانگی پێشوو كارەبا بەرهەم دەهێنێت و كێشەی نییە. هاوكات رێژەیەكی پارەی زۆرمان لای حكومەتە كە پێویستە حكومەت بۆمانی بگەڕێنێتەوە و ئەگەرنا پێدەچێت وێستگەكە لەكاربخەین، تا چارەسەر كردنی كێشەو قەیرانەكانمان».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*