سەرەکی » راپۆرت » داوێنی‌ هاجه‌ر گه‌ڕان به‌ دوای‌ به‌ڵگه‌یه‌كدا له‌سه‌ر شۆڕشه‌كه‌ی‌

داوێنی‌ هاجه‌ر گه‌ڕان به‌ دوای‌ به‌ڵگه‌یه‌كدا له‌سه‌ر شۆڕشه‌كه‌ی‌

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

ده‌ستگیر كردن‌و حوكمدانی‌ هاجه‌ر ئه‌لریسۆنی‌ رۆژنامه‌نووس له‌ مه‌راكیش هه‌رایه‌كی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ نایه‌وه‌، هاجه‌ری‌ ته‌مه‌ن 28 ساڵ رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌خبار ئه‌لیه‌وم‌و به‌ تۆمه‌تی‌ سێكس له‌گه‌ڵ ده‌زگیرانه‌كه‌ی‌‌و له‌باربردنی‌ كۆرپه‌له‌كه‌ی‌ زیندانی‌ كراوه‌، به‌ڵام رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ نیگه‌رانی‌ ئه‌وه‌ كه‌ ئازادی‌ تاكه‌كه‌سی‌ له‌ مه‌راكش له‌و په‌ڕی‌ مه‌ترسدایه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ كۆی‌ گشتی‌ رووداوه‌كه‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ هاجه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ رۆژنامه‌یه‌ك كار ده‌كات كه‌ سه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆنه‌‌و ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌گرێت، رێكخراوه‌كانی‌ ژنانیش نیگه‌رانی‌ ئه‌وه‌ن پیاوسالاری‌‌و سوكایه‌تی‌ كردن به‌ ژن به‌ یاسا رێكخراوه‌‌و یاسا له‌ پشتیه‌تی‌. ئه‌م رووداوانه‌ وایان كرد، رێكخراوه‌كان‌و كه‌سانی‌ ئازادیخوازی‌ وڵاته‌كه‌‌و ژنان بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قام‌و ناڕه‌زایی ده‌رببڕن، چونكه‌ ده‌ستگیر كردنی‌ هاجه‌ر رووداوێكی‌ ئاسایی نه‌بووه‌، ئه‌و گێچه‌ڵی‌ پێكراوه‌، له‌ كاتی‌ ده‌ستگیر كردنیدا ئه‌منه‌كان وێنه‌ی‌ ڤیدیۆییان گرتووه‌، پاشان بردوویانه‌ به‌ زۆر داوێنیان پشكنیوه‌‌و بۆ به‌ڵگه‌یه‌ك گه‌ڕاون بیسه‌لمێنێت منداڵی‌ له‌ سكدا بووه‌‌و كۆرپه‌له‌كه‌ی‌ له‌بار بردووه‌.
له‌گه‌ڵ ده‌ستگیر كردنی‌ هاجه‌ردا پزیشكێك‌و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی‌‌و سكرتێره‌كه‌ی‌‌و ده‌زگیرانی‌ هاجه‌ریش ده‌ستگیر كراون، تۆمه‌تی‌ ستافی‌ پزیشكه‌كه‌ به‌شداری‌ كردنه‌ له‌ له‌باربردنی‌ منداڵ‌و تۆمه‌تی‌ ده‌زگیرانه‌كه‌ی‌ هاجه‌ریش گه‌نده‌ڵی‌ ئاكاره‌، گوایه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌وه‌ی‌ سێكسی‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگیرانه‌كه‌ی‌ خۆیدا كردووه‌.
هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌نووس‌و چاودێری‌ سیاسی‌ پێیان وایه‌ حكومه‌تی‌ مه‌راكیش به‌م كرده‌وه‌یه‌ی‌ ویستییه‌تی‌ به‌ به‌ردێك دوو چۆله‌كه‌ ئه‌وه‌كه‌ بكات، واته‌ له‌لایه‌ك گورزێك له‌ ئازادی‌ تاكه‌كه‌س‌و ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ بوه‌شێنێت‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌ی‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا هه‌یه‌ چاوترسێن بكات.
هاجه‌ر به‌ یه‌ك ساڵ زیندانی‌ حوكم دراوه‌، ره‌فعه‌ت ئه‌لئه‌مین كه‌ ده‌زگیرانیه‌تی‌ به‌ هه‌مان شێوه‌، ئێستا هاجه‌ر له‌ زیندانی‌ ئه‌لعه‌رجاتی‌ ناوچه‌ی‌ سێلای‌ ده‌وروبه‌ری‌ ریباتی‌ پایته‌خت زیندانییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ گوایه‌ هه‌ردوو مادده‌ی‌ 454‌و 490ی‌ یاسای‌ تاوانه‌كانی‌ مه‌راكیشی‌ پێشێل كردووه‌، له‌ راستیدا به‌ڵگه‌ی‌ راسته‌‌وخۆ‌و راست‌و دورستیش له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ كه‌ ئه‌و ماددانه‌ی‌ پێشێل كردبێت. دامه‌زراوه‌ی‌ كلونی‌ دادپه‌روه‌ری‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ بڵاو كرده‌وه‌‌و تیایدا به‌ پشت به‌ستن به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ پارێزه‌رانه‌وه‌ ده‌ستی‌ كه‌وتبوو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ حوكمدانی‌ هاجه‌ر پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌ هه‌ندێك به‌ڵگه‌ی‌ لاواز، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ گوایه‌ له‌ كاتی‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ لای‌ پزیشك ره‌نگی‌ زه‌رد بووه‌، یان ناوبانگی‌ ئه‌و كلینیكه‌ی‌ لێی‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ گوایه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ ژنان رووی‌ تێده‌كه‌ن بۆ له‌باربردنی‌ منداڵ، لێره‌دا ده‌سته‌ی‌ پارێزه‌ران ده‌پرسن، ئه‌گه‌ر ئه‌و كلینیكه‌ رۆژانه‌ ده‌یان ژن سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن بۆ له‌باربردنی‌ منداڵ، بۆچی‌ به‌ ته‌نیا هاجه‌ر ده‌ستگیر كرا؟
محه‌مه‌د جه‌مال بلقه‌زیز ئه‌و پزیشكه‌ی‌ هاجه‌ر سه‌ردانی‌ كردووه‌، له‌ ساڵی‌ 2015دا خه‌ڵات‌و مه‌دالیای‌ شا محه‌مه‌دی‌ شه‌شه‌می‌ وه‌رگرتووه‌، ئێستا به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ له‌باربردن بۆ منداڵی‌ هاجه‌ر دوو ساڵ زیندانه‌‌و ده‌بێ 500 درهه‌میش غه‌رامه‌ بدات، دوای‌ ته‌واوبوونی‌ حوكمه‌كه‌شی‌‌و ئازادبوونی‌ تا دوو ساڵ بۆی‌ نییه‌ پیشه‌ی‌ پزیشكی‌ بكات.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا هێشتا هیوا ماوه‌، ئه‌و هیوایه‌ش بزوتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایی ته‌نیا له‌ دوای‌ چه‌ند سه‌عاتێك له‌ حوكمدانی‌ هاجه‌ر دروستی‌ كرد، رۆژی‌ 30ی‌ ئه‌یلولی‌ 2019 خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌‌و رێكخراوه‌كانی‌ ژنان‌و مافی‌ مرۆڤ‌و مافپه‌روه‌ران‌و پارێزه‌ران‌و پزیشكان‌و رۆژنامه‌نووسان بڕیاریان دا رووداوه‌كه‌ی‌ هاجه‌ر بقۆزنه‌وه‌‌و بیكه‌نه‌ ده‌ستپێك بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌یان، تا له‌ دۆخی‌ به‌رگرییه‌وه‌ هه‌نگاو بنێن به‌ره‌و دۆخی‌ هێرش بردن له‌ پێناو گۆڕینی‌ مادده‌ قانونییه‌ كۆنه‌كان، ئه‌و یاسایانه‌ی‌ مافی‌ تاكه‌كه‌سی‌ پێشێل ده‌كه‌ن، بزوتنه‌وه‌كه‌ ئیدانه‌ی‌ حوكمی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ هاجه‌ر‌و هاوه‌ڵه‌كانی‌ كرد، به‌ حوكمێكی‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ی‌ دانا كه‌ پشتی‌ به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ته‌واو‌و سه‌لمێنه‌ر نه‌به‌ستووه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش پاڵنه‌ری‌ پشت حوكمه‌كه‌ش گوماناوییه‌‌و زیاتر له‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ ده‌چێت له‌ هاجه‌ر‌و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی‌‌و شێوازی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی‌ كه‌ پشتیوانی‌ كردن بوو له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایی، هه‌روه‌ها تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ بووه‌ له‌ میراتی‌ سیاسی‌ خێزانه‌كه‌ی‌‌و سلێمان ئه‌لریسۆنی‌ مامی‌ هاجه‌ر كه‌ سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌خبار ئه‌لیه‌وم بوو.
بزوتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایی تا ئێستاش سوورن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن هاجه‌ر‌و سه‌رجه‌م هاوه‌ڵه‌كانی‌ ئازاد بكرێن، چونكه‌ نیگه‌رانن له‌ ره‌فتاری‌ ده‌وڵه‌ت‌و كاردانه‌وه‌كانی‌ كه‌ مافی‌ تاكه‌كه‌سییان پێشێل ده‌كات، ئه‌وان له‌وه‌ ده‌ترسن جه‌سته‌یان بێڕێزی‌ پێ بكرێت وه‌ك چۆن جه‌سته‌ی‌ هاجه‌ر بێڕێزی‌ پێ كرا له‌و كاته‌ی‌ كه‌ به‌ زۆر‌و به‌ بێ ره‌زامه‌ندی‌ خۆی‌ پشكنین بۆ دامێنی‌ یان بۆ ناوگه‌ڵی‌ ده‌كرا.
هاجه‌ر ئه‌لریسۆنی‌ رۆژی‌ 31ی‌ ئابی‌ 2019 ده‌ستگیر كرا، له‌گه‌ڵ ده‌زگیرانه‌كه‌ی‌‌و ئه‌و پزشكه‌ش كه‌ چاره‌سه‌ری‌ بۆ كردبوو، تۆمه‌تباره‌كان هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان ره‌ت كرده‌وه‌، ئه‌و پزیشكه‌ی‌ هاجه‌ری‌ چاره‌سر كردبوو رایگه‌یاند، هاجه‌ر پێویستی‌ به‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تووشی‌ خوێنبه‌ربوون بووه‌، ئه‌ویش به‌ په‌له‌ چاره‌سه‌ری‌ كردووه‌، به‌ڵام هیچ كارێكی‌ له‌باربردنی‌ منداڵی‌ ئه‌نجام نه‌داوه‌، هاجه‌ریش هه‌مان قسه‌ی‌ دووباره‌ كرده‌وه‌‌و وتی‌: ره‌فعه‌ت ئه‌مین ده‌زگیرانیه‌تی‌‌و له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا لێك ماره‌ كراون، ته‌نیا چاوه‌ڕێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ژن‌و مێردایه‌تییان ده‌كه‌ن له‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ سودان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌زگیرانه‌كه‌ی‌ سودانیه‌.
هاجه‌ر به‌ پارێزه‌ره‌كانی‌ راگه‌یاندبوو، ئه‌و له‌ ناو كلینیكی‌ پزیشكییه‌كه‌دا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ شه‌ش پیاوی‌ ئاسایش به‌ جلوبه‌رگی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ هاتوون‌و به‌ ڤیدیۆ وێنه‌یان گرتووه‌‌و ده‌ستگیریان كردووه‌‌و پاشان به‌ زۆر بردوویانه‌ته‌وه‌ ناو كلینیكه‌ پزیشكییه‌كه‌‌و ناچاریشیان كردووه‌ ته‌له‌فۆن بكات بۆ پزیشكه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بێت، كه‌ هاتووه‌ ئه‌وشیان ده‌ستگیر كردووه‌. خراپییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ هاجه‌ر نادادپه‌روه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا كراوه‌، 48 سه‌عات ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ بێئه‌وه‌ی‌ بتوانێ پارێزه‌ره‌كه‌ی‌ ببینێت، له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌بێ ویستی‌ خۆی‌‌و به‌بێ بڕیاری‌ دادوه‌ر پشكنینی‌ بۆ كراوه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش سكاڵای‌ تۆمار كردووه‌ له‌ سه‌ریان.
له‌و رۆژه‌وه‌ دۆسێی‌ هاجه‌ر بووه‌ بابه‌تێكی‌ گشتی‌‌و وروژا، له‌ رێگه‌ی‌ سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ خه‌ڵك پشتیوانییان لێكرد، به‌ ناونیشانی‌ هاشتاگ ئازادی‌ بۆ هاجه‌ر زۆر به‌ خێرایی بڵاو بۆوه‌، یان به‌ ناونیشانی‌ هاشتاگی‌ هاجه‌ر تاوانبار نییه‌. كۆمه‌ڵه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ مه‌راكیش له‌و باریه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئه‌م دۆسێیه‌ی‌ هاجه‌ر نیشانه‌ی‌ مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ماف‌و ئازادییه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌دا، داواشی‌ كرد ده‌ستبه‌جێ هاجه‌ر ئازاد بكرێت، سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ مه‌راكیشیش ئیدانه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو سوكایه‌تییه‌ی‌ كرد كه‌ به‌ هاجه‌ر كراوه‌‌و پشتیوانی‌ خۆیشی‌ بۆ هاجه‌ر ده‌ربڕی‌.
به‌ مه‌زنده‌ی‌ چاودێران، له‌ مه‌راكیش رۆژانه‌ له‌ نێوان 600 بۆ 800 نه‌شته‌رگه‌ری‌ تایبه‌ت به‌ له‌باربردنی‌ منداڵ ده‌كرێت، به‌ڵام دۆسێكه‌ی‌ هاجه‌ر بابه‌تی‌ ئازادی‌ تاكه‌كه‌سی‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا وروژاند، به‌ تایبه‌تیش ئازادی‌ ژنان له‌ خاوه‌ندارێتی‌ جه‌سته‌ی‌ خۆیاندا دوور له‌ راسپارده‌‌و داب‌و نه‌ریت، پێشتریش له‌ ساڵی‌ 2015دا به‌ فه‌رمانی‌ شا پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسای‌ له‌باربردندا كرا، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ته‌وه‌، لیژنه‌كه‌ش گه‌یشته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی‌ رێگه‌ به‌ له‌باربردن بدرێت ئه‌گه‌ر كۆرپه‌له‌كه‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر ژانی‌ دایكه‌كه‌ هه‌بوو، یان ئه‌گه‌ر سكپڕبوونه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ده‌ستدرێژی‌ بوو، یاخود ئه‌گه‌ر پزیشكه‌كان تێبینییان كرد شێواویی زكماك هه‌یه‌ له‌ منداڵه‌كه‌دا، یان نه‌خۆشی‌ ترسناك له‌ منداڵه‌كه‌دا هه‌یه‌، پڕۆژه‌كه‌ تا ئێستاش ئه‌مده‌ستاوده‌ست ده‌كات له‌ به‌ینی‌ لیژنه‌ی‌ داد‌و په‌رله‌ماندا.
د. شه‌فیق ئه‌لشه‌رایبی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ له‌باربردن له‌ مه‌راكیش رایگه‌یاند، رێكخراوه‌كه‌یان په‌یوه‌ندی‌ به‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌یه‌‌و ئه‌وانیش دڵنیایان كردۆته‌وه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، كه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ له‌باربردنی‌ منداڵ رۆژانه‌ له‌ مه‌راكیش له‌ 600 كه‌س تێده‌په‌ڕێ، له‌ كاتی‌ له‌باربردنیشدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌ نهێنی‌ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌لوپه‌ل‌و ده‌رمانی‌ ئه‌وتۆ به‌كار دێت كه‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر ته‌ندروستی‌ ژنان دروست ده‌كات.
عه‌بدولمولی‌ ئه‌لمارۆری‌ پارێزه‌ری‌ هاجه‌ر سه‌باره‌ت به‌ حوكمه‌كه‌ی‌ دادگا رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی‌ دادگاییه‌كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی‌ نییه‌. هاوكات ئه‌لمه‌عتی‌ مونجیب مێژوونووسی‌ مه‌راكشی‌ كه‌ له‌ دانیشتنی‌ دادگاییه‌كه‌دا ئاماده‌بوو وتی‌: بابه‌ته‌كه‌ سه‌ركوتكردنی‌ سیاسی‌‌و سه‌ركوتكردنی‌ بیر‌وڕای‌ ئازاد‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵباتی‌ هاجه‌ر.
ئه‌حمه‌د بن شه‌مسی‌ به‌رپرسی‌ هیومه‌ن رایتس ۆچ له‌ ئه‌كاونتی‌ خۆی‌ له‌ ماڵپه‌ڕی‌ توێته‌ر نووسیویه‌تی‌: سته‌مێكی‌ ئاشكرایه‌، پێشێلكارییه‌كی‌ ئابڕوبه‌رانه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤه‌، هێرشێكی‌ راسته‌وخۆیه‌ بۆ سه‌ر ئازادی‌ تاكه‌كه‌س، حوكمدانی‌ هاجه‌ر رۆژێكی‌ ره‌شه‌ بۆ ئازادی‌ له‌ مه‌راكیش.
رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی‌ له‌ مه‌راكیش رووی‌ داوه‌ گورزێكی‌ كاریگه‌ره‌ بۆ سه‌ر مافی‌ ژن له‌و وڵاته‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ستبه‌جێ سزاكه‌ی‌ سه‌ر هاجه‌ر هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌‌و به‌ زووترین كات ئازادی‌ بكه‌ن.
ئیبتسام له‌شكر له‌ رێكخراوی‌ هاوبه‌شی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئازادی‌ تاك به‌ر له‌ ده‌رچوونی‌ حوكمه‌كه‌ وتبووی‌: ئێمه‌ زۆر باش ده‌زانین بابه‌ته‌كه‌ سیاسییه‌، به‌ڵام وه‌ك رێكخراوێكی‌ ژنان له‌ پاڵنه‌ره‌كانی‌ پشت رووداوه‌كه‌‌و بڕیاری‌ دادگا نیگه‌رانین، چونكه‌ له‌ هه‌موو رووداوێكی‌ تایبه‌ت به‌ داواكاری‌ مافی‌ ئازادی‌ ژنان ده‌بنه‌ قوربانی‌.
له‌یلا ئه‌لسلێمانی‌ ژنه‌ نووسه‌ری‌ به‌ناوبانگی‌ مه‌راكیشی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ خه‌ڵاتی‌ كۆنكۆره‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆسێكه‌ی‌ هاجه‌ر وتی‌: دڵته‌نگه‌ بۆ مه‌راكیش‌و بۆ كه‌سوكاری‌ حوكمدراوه‌كان، كه‌ ره‌نگه‌ ژیانی‌ هه‌ندێكیان وێران بكات. پاشان ده‌ڵێ: من وه‌ك هاووڵاتی‌‌و وه‌ك ژنیش سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئافره‌ت ده‌بێ خاوه‌نی‌ جه‌سته‌ی‌ خۆی‌ بێت، وه‌ك دیموكراتخوازێكیش دڵته‌نگم بۆ هاجه‌ر‌و ده‌زگیرانه‌كه‌ی‌‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستگیر كراون.
هاجه‌ر ئه‌لریسۆنی‌ خۆی‌ ده‌ڵێ: پۆلیس له‌ كاتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا پرسیاریان له‌ باره‌ی‌ كه‌س‌و كار‌و خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ لێكردووه‌، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی‌ نووسینه‌كانییه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌خبار ئه‌لیه‌ومدا پرسیاریان لێ كردووه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌یسه‌كه‌یه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵام دیاره‌ بابه‌ته‌كه‌ سیاسییه‌، چونكه‌ سلێمان ئه‌لریسۆنی‌ كه‌ مامی‌ هاجه‌ره‌ نووسه‌رێكی‌ ناسراوه‌ له‌ بواری‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ حكومه‌تدا، ئه‌حمه‌د ئه‌لریسۆنی‌-ش سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پێشووی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ یه‌كگرتن‌و چاكسازییه‌.
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ له‌ دۆسێی‌ هاجه‌ردا، له‌ مه‌راكش واباوه‌ كاتێك له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ له‌باربردندا یاسا پێشێل ده‌كرێت‌و منداڵێك له‌بارده‌برێت، ئه‌و ستافه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت كه‌ كاری‌ له‌باربردنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات، زۆر كه‌م هه‌ڵده‌كه‌وێ نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌ستگیر بكرێت، ئه‌مه‌ش رێكخراوی‌ هیومه‌ن رایتس ۆچ پشتڕاستی‌ كردۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كه‌یسی‌ هاجه‌ردا سه‌ره‌تای‌ خۆی‌ ده‌ستگیر كراوه‌ كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌یه‌‌و دواتر ستافه‌كه‌ ده‌ستگیر كراون.

ئاژانسه‌كان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*