سەرەکی » هەواڵ » ״كۆتاییهاتن بە شەڕ و چارەسەركردنی كێشەكان״

״كۆتاییهاتن بە شەڕ و چارەسەركردنی كێشەكان״

سەرۆكایەتیی هەرێم و حزب و لایەنە كوردستانییەكان تەئكید دەكەنەوە «دامەزراوەكانی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان هەموو توانا سیاسی و دیپلۆماسییەكانیان بخەنە‌گەڕ بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهاتن بە شەڕ و چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ كە زامنی مافەكانی تەواوی پێكهاتەكانی سوریا بێت».
دوای دەستپێشخەرییەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوە و میوانداریكردنی لووتكەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، دوێنێ لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سكرتێر و سەرۆك و نوێنەرانی حزبە بەشدارەكانی پەرلەمانی كوردستان، كۆبۆوە.
لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە «تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بریتیبوون لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، گرفت و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، كاریگەرییەكانی جموجۆڵی سەربازی لە سوریا و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و چۆنێتی مامەڵەكردنی هەرێم لەگەڵ رووداوەكاندا»، دەربارەی بارودۆخی سوریا و ئاڵۆزییە سەربازییەكانی ناوچەكەش «بە پەسەند زانرا سیاسەتێكی واقیعیانە بگیرێتەبەر كە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەل و خاكی هەرێمی كوردستان تێیدا پارێزراو بێت و دامەزراوەكانی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان هەموو توانا سیاسی و دیپلۆماسییەكانیان بخەنە‌گەڕ بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهاتن بە شەڕ و چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگاچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ كە زامنی مافەكانی تەواوی پێكهاتەكانی سووریا بێت».
شایانی باسە، رۆژی 9/10/2019، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی ی.ن.ك لە پەیامێكدا لەبارەی دۆخی رۆژئاڤاوە، رایگەیاند: دەستپێشخەریی كۆبوونەوە و میوانداریكردنی لووتكەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەخەمەڕوو بۆ پتەوكردنی تەبایی لایەنە سیاسییەكان و یەكڕیزیی گەلەكەمان و یەكخستنی هەڵوێستەكان و ئامادەكاریی بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*