سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » پێویست بوو پرسی كورد زووتر چاره‌ كرابا و ره‌گه‌زنامه‌یان پێبدرایه‌ تا بیانوو به‌ده‌ست نه‌یارانه‌وه‌ نه‌مێنێت

خه‌لیل مه‌شهه‌دی‌

پێویست بوو پرسی كورد زووتر چاره‌ كرابا و ره‌گه‌زنامه‌یان پێبدرایه‌ تا بیانوو به‌ده‌ست نه‌یارانه‌وه‌ نه‌مێنێت

دیداری: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

له‌چوارچێوه‌ی‌ (دیداری شام)دا زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی سازكراوه‌، كه‌ یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ خه‌لیل مه‌شهه‌دی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عسی سوریا و پارێزگاری پێشووی لازقییه‌یه‌، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ كوردستانی نوێ باس له‌گرفتی لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زنامه‌ له‌كورد و چاره‌سه‌ركردنی پرسی ئه‌و میله‌ته‌ له‌سوریا ده‌كات، ئه‌و پێیوایه‌ سوریا به‌رگه‌ی‌ ئه‌و پیلانگێڕییه‌ی گرت و هه‌موو ئه‌و خاكانه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ توركیا داگیری كردوون.

*هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ سوریا بۆ ناو كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی، سوریا ئاماده‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌؟
– پێموایه‌ ده‌رچوونی سوریا له‌كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی بڕیاری‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیی نه‌بوو، هیچ بیانویه‌ك بۆ دورخستنه‌وه‌ی‌ سوریا له‌كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی نه‌بوو، به‌ڵكو چه‌ند وڵاتێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیراده‌و ویستی خۆیان و له‌سه‌ر خواستی وڵاتانی زلهێز ئه‌و بڕیاره‌یاندا. ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر سوریایان جێبه‌جێكرد به‌سه‌ر وڵاتانی دیكه‌ش جێبه‌جێ ده‌بوو وه‌كو میسر و تونس و لیبیا، به‌ڵام نه‌یانكرد، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر سوریایان جێبه‌جێكرد خواستی وڵاتانی زلهێز بوو.

*كه‌وایه‌ ده‌ستوه‌ردان هه‌بوو؟
– گومانی تێدانییه‌، به‌ڵگه‌ش بۆ قسه‌كه‌م پێداگریی هه‌ریه‌كه‌ له‌سعودیه‌ و قه‌ته‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، له‌كاتێكدا وڵاتانی دیكه‌ی‌ عه‌ره‌بی دژی ئه‌و بڕیاره‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی بوون، چونكه‌ پێویسته‌ بڕیارێكی ئاوهای كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌كۆی ده‌نگ بدرێت، كه‌چی ئه‌و بنه‌مایه‌ جێبه‌جێنه‌كرا.
راسته‌ سوریا ده‌ركرا، به‌ڵام به‌راستی كاریگه‌ری‌ نه‌بوو، من نامه‌وێ‌ بڵێم زۆر گرنگ نییه‌ بۆ سوریا، به‌ڵام من پێموایه‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی بێ‌ سوریا لاوازو كه‌موكوڕی هه‌یه‌.

* باشه‌ بۆ سعودیه‌و قه‌ته‌ر ئاوها پێداگریان كرد؟
– له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سه‌ری‌ ماره‌كه‌ واته‌ رابه‌ری‌ پیلانگێڕانی عه‌ره‌بی بریتین له‌ سعودیه‌ و قه‌ته‌ر، دواتر توركیاش هاته‌ ئه‌و نێوانه‌ و ئه‌ویش كه‌وته‌ پیلانگێڕان له‌ سوریا. ره‌نگه‌ من پرسیار بكه‌م بڵێم باشه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ چییه‌ مه‌به‌ستم قه‌ته‌ر و سعودیه‌ و توركیا له‌ده‌ركردنی سوریا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی.

*به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ چییه‌ له‌وه‌دا؟
– یه‌كه‌م له‌رووی ستراتیژییه‌وه‌ كێ‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ عه‌ره‌بی به‌وانه‌ی‌ پێشكه‌وتنخوازن یان كۆنه‌پارێزن دژ ئه‌و سیستمه‌ عه‌ره‌بییه‌ن؟ ئێستا وڵاتانی وه‌كو میسر و جه‌زائیر و لیبیا هه‌ڵوێستی پێشكه‌وتنخوازیان هه‌یه‌ به‌راورد به‌و وڵاتانه‌ی‌ كۆنه‌پارێزن، سوریا تێگه‌یشتنی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ پرسه‌ جیاوازه‌كان، هه‌ر له‌پرسی فه‌له‌ستینه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ ئازادكردنی تاكی عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ك تێگه‌یشتن بۆ پرسه‌ جیاوازه‌كانی وه‌كو كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوریی و سیاسی، ئه‌مانه‌ بێگومان ره‌نگدانه‌وه‌و لێكه‌وته‌ی‌ هه‌یه‌.
من پێموایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی سوریا پرۆژه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ تێده‌په‌ڕێنێ كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌ن، یان ئه‌و وڵاتانه‌ چۆن ده‌یانه‌وێ‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، یان چۆن پیلان بگێڕن ئیدی هه‌ر له‌ ناكۆكییه‌كانی كه‌نداوه‌وه‌ بگره‌ تاوه‌كو پرسه‌كانی دیكه‌ وه‌كو ئه‌و كارانه‌ی‌ قه‌ته‌ر له‌ لیبیا ده‌یكات یان ئه‌و كارانه‌ی‌ له‌سوریا كردونی، ئه‌مانه‌ هه‌مووی راستی پیلانگێڕی له‌سه‌ر سوریا ده‌سه‌لمێنێت، به‌به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی 1963 و دوای بزوتنه‌وه‌ی‌ راستكردنه‌وه‌ و تا ده‌گاته‌ یه‌كگرتنی نێوان سوریا و میسر ده‌بینین هه‌میشه‌ پیلانگێڕیی نێوده‌وڵه‌تی و عه‌ره‌بی له‌سه‌ر سوریا هه‌بووه‌!
ئه‌و كوده‌تایانه‌ی‌ له‌سوریا بووه‌ هه‌ر له‌و كوده‌تایه‌ی‌ حوسنی زه‌عیم تا ده‌گاته‌ شكلی حه‌ناوی .. تد به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی وه‌ك ئه‌مریكا و ئینگلیز و له‌ڕێگه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ بووه‌، به‌كورتی له‌وه‌ته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ تائێستا پیلانگێڕیی له‌دژی سوریا نه‌وه‌ستاوه‌، ئه‌مه‌ش به‌به‌ڵگه‌ی‌ جیابونه‌وه‌ی‌ میسر و سوریا كاتێك یه‌كیان گرت، ئه‌مه‌ سه‌رباری‌ بوونی هۆكاری‌ بابه‌تی بۆ جیابونه‌وه‌كه‌..تد حزبی به‌عس تێگه‌یشتنی روونی بۆ ئه‌و پرسه‌ هه‌بوو. ده‌بینین دوای‌ جیابونه‌وه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی‌ له‌پشت ئه‌و جیابونه‌وه‌یه‌ بوو سعودیه‌ و توركیا بوون.

*باشه‌ بۆ توركیا پیلانگێڕی له‌دژی سوریا ده‌كات؟
– توركیا خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، بۆ نمونه‌ تائێستا پێیانوایه‌ حه‌له‌ب به‌شێكه‌ له‌خاكی توركیا، یان موصڵ و كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌خاكی توركیا.

* پێشنیار یان جۆرێك له‌كرانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڕووی سوریا، باشه‌ ده‌وڵه‌تی سوریا هیچ ئه‌جێندایه‌كی هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیاره‌؟
– له‌دوایین وتاریدا سه‌رۆك وتی ئێمه‌ ئاوڕ له‌دواوه‌ ناده‌ینه‌وه‌ تا بزانین كێ‌ نه‌یارمانه‌، واته‌ كه‌س تا سه‌ر نه‌یارمان نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام بێت له‌نه‌یارییكردنی سوریا ئه‌وا بیه‌وێت یان نا ده‌بێ‌ باجی نه‌یارییه‌كه‌ی‌ گه‌لی سوریا بدات، ده‌بێ‌ باجی ئازاردانی مێژویی گه‌لی سوریا بدات، كه‌ به‌هۆی ئه‌و پیلانگێڕییه‌ زیانیان به‌خه‌ڵكی سوریا گه‌یاند.
ده‌رچوونی سوریا له‌و بارودۆخه‌ی‌ ئێستا ته‌نها سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازیی نییه‌ كه‌ بێگومان سه‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو سه‌ركه‌وتنه‌ به‌سه‌ر تیرۆر و به‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستان هاوكاربوون. پێموایه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ سوریا ده‌بێته‌ نموونه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، له‌و سه‌ركه‌وتنه‌دا سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د رۆڵی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی بینی، ئه‌گه‌رچی بارودۆخێكی ناهه‌موار له‌ناوخۆی سوریادا هه‌بوو و لایه‌ن هه‌بوو جیابوه‌وه‌ هه‌بوو چووه‌ پاڵ هێزی دیكه‌، به‌ڵام سه‌رۆك توانی به‌رگه‌ بگرێت و سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وت.

*بۆ ئه‌و به‌ره‌یه‌ی‌ له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب بوو نه‌یاربوون له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و قه‌ته‌ر نه‌یانتوانی هه‌وڵی ئه‌و دوو وڵاته‌ دژی سوریا بوه‌ستێنن؟
– له‌رووی پرۆتۆكۆلیه‌وه‌ بڕیارێكی ئه‌وها پێویستی‌ به‌كۆده‌نگی وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌یه‌، نه‌ك كۆده‌نگی نه‌بوو به‌ڵكو ده‌بینین عیراق و لوبنان و میسر و جه‌زائیر به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌گه‌ڵی نه‌بوون تا سوریا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام چۆن ده‌نگ درا ئه‌وه‌ دیاره‌ چۆن بوو، واته‌ به‌پێی‌ په‌یره‌وی ناوخۆی رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی كارنه‌كرا، له‌كاتێكدا پێشتر بۆ كێشه‌ی‌ هاوشێوه‌ كۆده‌نگی پێویست بووه‌.
له‌بیریشمان نه‌چێت هه‌ندێ‌ وڵات له‌كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌توانین بڵێن به‌ته‌واوی ده‌سته‌مۆ كراون و بڕیار لای خۆیان نیه‌، وه‌كو مه‌غریب و سوان و ئوردن، یان هه‌ندێ له‌وڵاتانی كه‌نداو. ئه‌وانه‌ ئیراده‌یان له‌ده‌ست خۆیاندا نییه‌. فه‌رمان له‌ئه‌مریكاوه‌ دێت و كه‌س ناتوانێ به‌ری‌ لیبگرێت.
پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سوریا بۆ ناو كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ندێ رێكاری رۆتینی پێویسته‌ و ده‌توانین بڵێن به‌ناچاری ده‌بێ‌ بیگێڕنه‌وه‌، سوریا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام په‌له‌ی نیه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌و مه‌رجی كه‌سیش قه‌بوڵ ناكات، بوونمان له‌كۆمه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتیوانییه‌ بۆ ئه‌و رێكخراوه‌. دیمه‌شق ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وا وڵاتانی عه‌ره‌بی قازانج ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وا سوریا زیانی لێناكه‌وێت به‌تایبه‌ت سوریا وڵاتێكی به‌هێزه‌ و ئه‌وه‌ی‌ له‌و ماوه‌یه‌ كردویه‌تی و به‌رگریی كردووه‌، هیچ كام له‌و وڵاتانه‌ ناتوانن و به‌رگه‌ی‌ ناگرن..

*به‌هاوكاریی روسیا بێگومان؟
– بێگومان به‌هاوكاری روسیا، ئه‌وه‌ عه‌یب نییه‌ ئه‌گه‌ر باسی بكه‌م یان گوناهێك نییه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر پرسیار بكه‌ین بۆ روسیا له‌ لیبیا نه‌هاته‌ پێش و ده‌ستی له‌بارودۆخه‌كه‌ وه‌رنه‌دا، له‌كاتێكدا چه‌كی لیبیا روسی بوو، سیستمی سوپاكه‌ی‌ به‌هه‌مان شێوه‌؟

*به‌بۆچونی تۆ بۆچی؟
– چونكه‌ ناتوانێت بچێته‌ وڵاتێك و هاوكاری وڵاتێك شكستخواردوو بكات! كه‌ ناتوانێت به‌رگه‌ بگرێت و روبه‌رووی نه‌یارانی ببێته‌وه‌، روسیا له‌ 2015 هاته‌ سوریا واته‌ سوریا 4 ساڵ بوو به‌رگریی ده‌كردو روبه‌رووی نه‌یاران ده‌بویه‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوكاریی له‌هیچ وڵاتێكه‌وه‌ پێبگات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی ستراتیژیی له‌نێوان سوریا و روسیا هه‌یه‌ بۆ پارێزگاریی هاوبه‌ش ئه‌وه‌ش مافی سوریایه‌ و هیچ كێشه‌ نییه‌.

-*سه‌باره‌ت به‌گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و خاكه‌ داگیركراوانه‌ی‌ سوریا له‌لایه‌ن توركیاوه‌، پێتوایه‌ سوریا توانای هه‌بێت؟
– توركیا ده‌یه‌وێت به‌شه‌ ماڵی هه‌بێت له‌سوریا، به‌وپێیه‌ی‌ سوریا وه‌ك میرات یان غه‌نیمه‌ دابه‌شده‌كرێت، سه‌ره‌تا هه‌ریه‌كه‌ له‌وڵاتانی رۆژئاوا و ئه‌مریكا و توركیا و سعودیه‌..تد، پێیانوابوو ده‌توانن به‌شێك له‌و كێكه‌یان به‌ركه‌وێت گوایه‌ له‌سوریا ده‌ستده‌كه‌وێت، یان قازانجێك له‌سوریا ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت سوریا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕێیان ده‌كردو سوریا سه‌ركه‌وت له‌و دۆخه‌ی‌ هاته‌پێشه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ مایه‌وه‌ ده‌رچونی ئه‌و وڵاتانه‌ بوو به‌كه‌مترین زیان.

* باشه‌ زه‌مینه‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی توركیا؟
– بێگومان ده‌توانرێت ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربكرێن، هه‌روه‌ك چۆن له‌ناوچه‌كانی حه‌له‌ب و ده‌وروبه‌ری‌ ده‌ركران، مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها كاته‌و هیچیتر، سوریا رێنادات هیچ هێزێكی بیانی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی‌ بمێنێت به‌هه‌ر بیانوێك بێت. بیرمان نه‌چێت ده‌وڵه‌تی سوریا له‌ 80%ی ئه‌و خاكه‌ داگیركراوانه‌ی‌ كۆنترۆڵكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ روداوه‌كانی 2011 هاته‌ پێش و سوریا روبه‌رووی داگیركاریی بویه‌وه‌. توركیا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و.. تد ده‌زگای موخابه‌راتی هه‌موو دونیا له‌سه‌ر خاكی سوریا بوو، كاتێك توانامان هه‌بێت سه‌رباری‌ ئه‌و هه‌موو پیلانگێڕییه‌ سه‌ربكه‌وین، كه‌وایه‌ هه‌موو ئه‌و خاكه‌ داگیركراوانه‌ كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

* باشه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی سوریا ده‌ستپێشخه‌ری‌ چاره‌سه‌ری دۆزی كورد له‌سوریا ناكات، به‌رله‌وه‌ی‌ ئاڵۆز ببێت، تا لانیكه‌م به‌ڕه‌ له‌بن پێی‌ نه‌یارانی ده‌ربكات؟
– پرسی كورد له‌سوریا ئاڵۆزه‌، له‌وكاته‌وه‌ له‌ 1963 ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ سه‌رژمێری كرا، ئه‌وكاته‌ نزیكه‌ی‌ 100 هه‌زار كه‌س له‌هاوڵاتیان یان برایانی كوردمان بێبه‌ش بوون له‌ره‌گه‌زنامه‌ی‌ سوریا، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ مافی خۆیان بوو وه‌ك هه‌ر هاوڵاتییه‌ك ره‌گه‌زنامه‌یان هه‌بێت.

* كه‌وایه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌بوو؟
– بێگومان هه‌ڵه‌بوو. چۆن ده‌كرێت من ره‌گه‌زنامه‌م هه‌بێت تۆ نه‌تبێت! له‌كاتێكدا به‌یه‌كه‌وه‌ بژین. ئه‌وانه‌ مافی ره‌گه‌زنامه‌یان هه‌یه‌و ده‌بوو زۆر زووتر ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ركرابا، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ بیانوو یان به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی‌ نه‌یاران ده‌هاته‌ ده‌رێ‌ تا كێشه‌ی‌ كورد به‌كارنه‌هێنن. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیابیت كه‌ ده‌وڵه‌تی سوریا دژی كورد نه‌بووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێز ئۆجالان لێره‌ بوو خه‌باتی ده‌كرد.

*به‌ڵام ئۆجالان خه‌ڵكی سوریا نه‌بوو تا ئه‌وه‌ بكه‌یته‌ بیانوو؟
– به‌ڵێ‌ ده‌زانم، به‌ڵام ئه‌وه‌م بۆیه‌ هێنایه‌وه‌ تا بڵێم ده‌وڵه‌تی سوریا دژی كورد نییه‌. یان بڵێین ده‌وڵه‌تی سوریا دژی كورد نییه‌ چ له‌عیراق بێت یان له‌توركیا یان له‌سوریا. له‌كۆنگره‌ی‌ حزبی به‌عس ساڵی 2005 من ئه‌وكاته‌ بڕیارده‌ری كۆنگره‌ بووم، كۆنگره‌ بڕیاریدا مافی ره‌گه‌زنامه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ بگێڕدرێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی‌ 1963 لێیان سه‌ندرابویه‌وه‌. من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ ساڵی 1965 یان 1970 چاره‌كرابا ئێستا زۆر باشتر بوو، كێشه‌كان كه‌ڵه‌كه‌ نه‌ده‌بوون.

*باشه‌ بۆر ژێمی سوریا وه‌ك پێویست ئه‌و بڕیاره‌ی‌ جێبه‌جێنه‌كرد؟
– ئه‌گه‌ر جێبه‌جێنه‌كرابێت وه‌ك پێویست ئه‌وا په‌یوه‌ندی به‌هه‌یمه‌نه‌و كۆنترۆڵكردنی هه‌ندێ ناوچه‌وه‌ بوو كه‌ نه‌توانراوه‌ مامه‌ڵه‌ رۆتینیه‌كه‌ بكرێت، یان ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی سوریا كه‌وتنه‌ ژێر بارودۆخێكی تایبه‌ت.

*بۆ ده‌وڵه‌تی سوریا هه‌وڵی نه‌دا به‌رله‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ كورد له‌سوریا ئاڵۆز بێت خۆی چاره‌سه‌ری‌ بكات و كورد بكات لایه‌نگری خۆی نه‌ك نه‌یار؟
-له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت له‌بارودۆخێكی خراپدا بوو، زۆر سه‌رقاڵ بوو به‌و شه‌ڕو ئاڵۆزییه‌ی‌ روبه‌رووی ببۆوه‌، وه‌ك ده‌وترێت ئه‌گه‌ر تۆ ناوماڵت زۆر شپرزه‌ بێت له‌وانه‌یه‌ نه‌پرژێیه‌ سه‌ر هه‌ندێ بارودۆخ.

*بۆ ئه‌وه‌ی‌ كورد هه‌ست به‌بوونی خۆی بكات، خۆ لانیكه‌م ده‌بێ‌ به‌چاوێكی یه‌كسان ته‌ماشا بكرێت، نه‌ك جیاوازیی بكرێت له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ی‌
دیكه‌؟
– ئه‌وه‌ گومانی تێدا نییه‌.

*ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت زوو دۆزی كوردی چاره‌كردبا ئێستا دۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا نه‌ده‌بوو، ئێستا تا دێرزۆر به‌ده‌ست كورده‌وه‌یه‌؟
– له‌ ره‌ققه‌و دێره‌زۆر گرفتێك نییه‌ له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و كورد، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌وناوچانه‌ ده‌گوزه‌رێت ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كورد ده‌یه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت. ئه‌مریكاییه‌كان ده‌یانگوت ئێمه‌ ته‌یاره‌و موشه‌ك و چه‌كمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر زه‌وی چه‌كدار و شه‌ڕكه‌رمان نییه‌، یان كه‌سمان نییه‌ شه‌ڕه‌كه‌مان بۆ بكات، باشترین هێز له‌سه‌ر زه‌وی كوردبوو ئه‌و كاره‌ی‌ بۆ ئه‌مریكا كرد.

*باشه‌ بۆ وڵاتانی كوردستانیان داگیركردووه‌، یان كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌، دۆزی كورد چاره‌ناكه‌ن تا ئاڵۆز ده‌بێت و گرفتی گه‌وره‌ به‌دوایخۆیدا دێنێت؟
– ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ چاره‌ی‌ ناكه‌ن؟ ئینجا چ له‌عیراق بێت یان له‌ئێران و توركیا. پێموایه‌ ئه‌گه‌ر له‌سوریا ره‌گه‌زنامه‌ بدرابا به‌كوردان ئه‌وا شه‌قامی كوردی وه‌ك ئێستا نه‌ده‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و بیانوه‌مان له‌بار ده‌برد كه‌ ره‌نگه‌ له‌لایه‌ن هێزی ده‌ره‌كییه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت.
ئه‌گه‌ر له‌من ده‌پرسی كورد سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت ئه‌وا من پێموایه‌ نایه‌وێت، چونكه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافیاكه‌ی‌ ئاوایه‌ زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت به‌سه‌ربه‌خۆیی بژێیت و به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ك ده‌بینین له‌سوریا ئاسان نییه‌، چونكه‌ تێكهه‌لكێشێكی جوگرافیی ئاڵۆز هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ ده‌بینین له‌حه‌له‌ب كورد هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌وتۆته‌ ناوچه‌یه‌ك دابڕاوه‌، له‌شوێنه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و گرفته‌ هه‌یه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*