سەرەکی » زانست » ‎خێزانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌

‎خێزانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌

‎ڤینۆس تۆفیق

‎ئه‌دێڵ و مات دایك و باوكێكن له‌ شاری برایتۆن-ی هه‌رێمی سه‌سكسی باشوری خۆرهه‌ڵاتی به‌ریتانیا نیشته‌جێن و خاوه‌نی كوڕێكی پێنج ساڵ و كچێكی یه‌ك ساڵن، دوای به‌شداریی كردنیان له‌به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ئای تی ڤی- به‌ریتانیدا بینه‌رێكی زۆریان توشی شۆك كرد ئه‌و كاته‌ی به‌ووردی باسی شێوازی به‌خێوكردنی منداڵه‌كانیان كرد.. ئه‌و دایك و باوكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ریتانیدا به‌ (دایك و باوكی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌) ناویان ده‌ركردوو له‌ میانی دیداره‌كه‌دا مناڵه‌كان خه‌ریك بوو ستۆدیۆكه‌یان بار ئه‌كرد.. ‎مات و ئه‌دێڵ شێوازێكی سه‌یر و تایبه‌تیان هه‌یه‌ له‌ به‌خێوكردنی منداڵه‌كانیاندا به‌جۆرێك كه‌ تا ئێستا كوڕه‌ پێنج ساڵانه‌كه‌ و كچه‌ یه‌ك ساڵییه‌كه‌ شیری دایكیان ئه‌خۆن به‌ هیچ جۆرێك دایبی به‌كارناهێنن، هه‌ربۆیه‌ له‌كاتی به‌رنامه‌كه‌دا كچه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی ستۆدیۆ كه‌ له‌به‌رچاوی دایكی و باوكی میزی كرد به‌خۆیدا و قاچ ئه‌خسته‌ میزه‌كه‌و به‌ناو ستۆدیۆ كه‌دا هاتووچۆی ده‌كرد، خه‌مساردیی باوكی مناڵه‌كه‌ كه‌ له‌و ده‌قه‌یه‌دا چاوی له‌ كچه‌كه‌ی بوو بینه‌رانی توڕه‌كرد و سه‌دان كۆمێنت و تویت-ی توند و ڕه‌خنه‌ ئامێز بۆ ئه‌و دایك و باوكه‌ نارد ، ئه‌مه‌ و تا دیداره‌كه‌ ته‌واو بوو كوڕه‌كه‌ به‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه‌ی ژێر دایك و باوكی دا هه‌ڵبه‌زودابه‌زی كرد، یه‌كێك له‌ بینه‌ره‌كان نوسیبووی تكایه‌ مناڵه‌كه‌ت دانیشێنه‌ با وا له‌و قه‌نه‌فه‌یه‌ نه‌كات چونكه‌ ئه‌وه‌ ماڵی میلله‌ته‌… ‎ئه‌دێڵ تا ئێستا هیچ ده‌رمانێكی بۆ مناڵه‌كانی به‌كارنه‌هێناوه‌و ده‌رزی كوتانیشی لێنه‌داون، كه‌ تا-یان لێ دێت ئاوی لیمۆیان ده‌داتێ و كه‌ توشی هه‌وكردنیش ده‌بن شیری خۆیان بۆ ده‌كاته‌ چاویانه‌وه‌. ‎ئه‌دێڵ و مات و منداڵه‌كانیان له‌ یه‌ك ژووردا ئه‌خه‌ون و به‌ پێویستی نازانن هه‌ركه‌سه‌و له‌ ژووری تایبه‌ت به‌خۆی بخه‌وێت.. ‎كوڕه‌ پێنج ساڵانه‌كه‌ی ئه‌دێڵ تا ئێستا نه‌چۆته‌ هیچ قۆناغێكی خوێندن له‌ كاتێكدا منداڵانی به‌ریتانیا له‌ ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه‌ ده‌چنه‌ باخچه‌ی ساوایان و له‌ته‌مه‌نی پێنج ساڵیدا فێری زۆربه‌ی شته‌كان بوون، به‌ڵام ئه‌م دایكه‌ پێی باش نییه‌ وا له‌ زووه‌وه‌ مێشكی منداڵه‌كان هیلاك بكرێن.. ‎ئه‌م خێزانه‌ چوار كه‌سییه‌ زۆربه‌ی كاته‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌و له‌به‌ر هه‌تاو و له‌هه‌وای پاكدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن ”بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیان كرێمی دژه‌ خۆر به‌كاربهێنن” مناڵه‌كان به‌ پێی په‌تی به‌ناو باخ و داروبه‌ردو ئاو دا ده‌ڕۆن ، مات و ئه‌دێڵ مناڵه‌كانیان فێركردووه‌ له‌كوێ گه‌ڵای نه‌عنایان بینی لێی بكه‌نه‌وه‌و بیخۆن.. ‎سه‌یرترین شت كه‌ ئه‌دێڵ و مات باسیان كرد له‌ به‌رنامه‌كه‌دا ئه‌وه‌بوو: كاتێك كه‌ منداڵی دووه‌میان له‌ دایك بووه‌ وێڵاشی منداڵه‌كه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌و به‌ شێوازێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌رمانێكی تایبه‌ت هه‌ڵیانگرتووه‌ تا خۆی ووشك بۆته‌وه‌و له‌ناوچووه‌.. ‎ئه‌مانه‌و چه‌ندین شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی تر له‌ ژیانی ئه‌م خێزانه‌دا له‌به‌رنامه‌كه‌دا گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و بێژه‌ره‌كان و بینه‌ره‌كانی تووشی سه‌رسورمان كردو خه‌ڵكانێكی زۆر له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا نووسیبویان”به‌ڕاستی ئه‌م دایك و باوكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی خێزاندان”

‎له‌ ده‌یلی مه‌یل-ه‌وه‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*