سەرەکی » راپۆرت » فەرەنـسا پشتیـوانە

راپۆرتە هەواڵ:

فەرەنـسا پشتیـوانە

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەسەردانێكیدا بۆ عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و دیداری لەگەڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار‌و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
رۆژی 17/10، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەبەغدا پێشوازییكرد لە ژان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا‌و وەفدی هاوڕێی‌و لەدیدارێكدا، جەختیكردەوە لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ پشتوانیكردنی ئاسایش‌و سەقامگیریی عیراق‌و رێگەنەدان بەگروپە تیرۆریستییەكان بۆ دووبارە خۆڕێكخستنەوەیان، تا جارێكی دیكە نەبنە مەترسی بۆ سەر ناوچەكەو جیهان، بەتایبەتی كە عیراق هێشتا لەژێر كاریگەریی تاوان‌و وێرانكارییەكانی گروپی تیرۆریستیی داعش، دەربازی نەبووە. سەبارەت بەلەشكركێشیی توركیاش بۆ سەر خاكی سوریا، رایگەیاند: ئەو لەشكركێشییە، دەبێتە هۆكاری شكستپێهێنانی هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر، لەوڕووەشەوە جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی راگرتنی بەپەلەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیاو بەهاناوەچوونی هاووڵاتیانی سڤیل لەو ناوچانەی، كە روبەڕوبونەوەی سەربازییان تێدایە.

قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كرد
لەسەردانیشیدا بۆ هەرێمی كوردستان، هەمان رۆژ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌ بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم‌و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنساو وەفدی هاوڕێی كرا.

دیداری سەرۆكی هەرێم‌و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
پاشان، هەمان رۆژ، لەدیدارێكدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دۆخی عیراق‌و گفتوگۆو بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی هەولێر‌و بەغدا، گرنگیی سەقامگیریی سیاسی‌و ئەمنی‌و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لەعیراق، پەیوەندییەكانی هەرێم‌و عیراق لەگەڵ فەرەنساو بەرەوپێشبردنیان، تاوتوێكرد.
لەكۆبوونەوەكەدا، كە جێگرانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ‌و باڵیۆزی فەرەنسا ئامادەیبوون، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دووپاتیكردەوە كە سەردانیان لەم كاتەدا پیشاندانی پشتگیریی سەرۆك ماكرۆن‌و فەرەنسایە بۆ عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و بۆ ئاگاداربوونیشە لەبارودۆخی ناوچەكەو مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش‌و پێشهاتەكانی سوریاو هەوڵەكان بۆ راگرتنی شەڕ.
لای خۆیشییەوە، سەرۆكی هەرێم، سوپاسی هەرێم‌و گەلی كوردستانی بۆ فەرەنساو سەرۆك ماكرۆن دووپاتكردەوە كە لەكاتە سەختەكاندا هاوكارو پشتگیریی هەرێمی كوردستان بوون.

كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەت‌و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا

لەلایەكی دیكەوەو رۆژی 18/10، لەكۆبوونەوەیەكدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، پرسە گرنگ‌و جێبایەخەكانیان تاوتوێكرد، بەتایبەت دواگۆڕانكارییەكانی عیراق‌و سوریا‌و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا‌و لەوبارەیەشەوە سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: هەموو ئامادەییەكمان دەربڕیوە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن‌و چەندین پێشنیازیشمان خستۆتەڕوو، ئومێدەواریشین حكومەتی فیدراڵ هەنگاوی زیاترو جددیتر بنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور.
وەزیری دەرەوەی فەرەنساش، لەپاڵ دەربڕینی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان، جەختیشیكردەوە كە»پێویستە هەموو هەوڵەكان چڕبكەینەوە لەپێناوی رێگەگرتن لەدووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، كە ئێستا لەچەند ناوچەیەكی عیراق خۆی رێكدەخاتەوەو مایەی هەڕەشەیە».
لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان‌و باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لەگرژبوونی بارودۆخەكەو دروستبوونی تووندوتیژی دەربڕی، كە بۆتەهۆی ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆر، كە بەشێكیان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان. جەختیشكرایەوە كەپێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری حكومەتی هەرێم بێت لەیارمەتیدان‌و لەخۆگرتنی ئاوارەكان. لەوبارەیەشەوە سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە لەگەڵ راگرتنی شەڕو دۆزینەوەی چارەسەرن كە لەبەرژەوەندیی دانیشتووانی ناوچەكەدا بێت‌و وتیشی: «هەر پێشهات‌و گۆڕانكارییەك رەتدەكەینەوە كەببێتەهۆی گۆڕینی دیموگرافی لەناوچەكەدا».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*