سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » یه‌كه‌مجار مام جه‌لالم بینی، له‌ ماڵی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ باره‌ی‌ دۆخی كوردستان قسه‌مان كرد

عه‌بدولره‌زاق كۆیی:

یه‌كه‌مجار مام جه‌لالم بینی، له‌ ماڵی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ باره‌ی‌ دۆخی كوردستان قسه‌مان كرد

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی سازكراوه‌، عه‌بدولره‌زاق كۆیی لێپرسراوی نوسینگه‌ی‌ یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان له‌دیمه‌شق. سه‌ربرده‌و مێژوویه‌كی گرنگی كوردو بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان ده‌گێڕێته‌وه‌. به‌تایبه‌ت باسی هه‌وڵی تیرۆركردنی مامجه‌لال، یان هه‌وڵی تیرۆركردنی عه‌بدوڵلا ئۆجالان، هه‌روه‌ك هاوكاریی سوریا بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ چه‌كداریی كورد، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كانی دۆخی سوریا. هه‌وڵده‌ده‌ین له‌چه‌ند ئه‌لقه‌یه‌ك وه‌كوخۆی بیخه‌ینه‌ روو.

دیدار: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

به‌شی یه‌كه‌م

*كه‌ی‌ هاتیه‌ سوریا؟
-من له‌ئابی 1976 هاتومه‌ته‌ سوریا.

*كه‌ هاتی كێی‌ لێ بوو؟
-ئه‌و حزبه‌ كوردییانه‌ی‌ ئه‌وكات كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌بوون، حزبی دیموكراتی پێشكه‌وتنخوازیی حه‌مید ده‌روێش، حزبی دیموكراتی كورستانی هه‌بوو. سۆسیالست لێره‌بوون، چه‌ند حزبێكی دیكه‌ هه‌بوون، به‌ڵام ناوه‌كانم باش بیر نه‌ماوه‌. حزبه‌ كوردییه‌كانی عیراق، كه‌سیان لێره‌ نه‌بوون.

*كه‌سایه‌تی؟
-به‌س ئه‌وانه‌ی‌ یه‌كێتی لێره‌بوون، وه‌ك سه‌رۆك مامجه‌لال كاك نه‌وشیروان د. فوئاد ، عادل موراد، د. خدر مه‌عسوم، ژماره‌یه‌كی زۆر پێشمه‌رگه‌ له‌وانه‌ حه‌سه‌ن خۆشناو، مولازم جه‌مال، فوئاد چه‌له‌بی، عه‌دنان موفتی، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی‌ گه‌نجی سلێمانیی.. تد شوێنێك هه‌بوو پێیان ده‌گوت ته‌جه‌موعی وه‌ته‌نی عیراقیی، له‌وێ‌ كۆده‌بوینه‌وه‌و یه‌كترمان ده‌بینی.

*تۆ له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان لێره‌ بووی؟
-نه‌خێر من له‌سه‌ره‌تاوه‌ لێره‌ نه‌بووم. پێش ئه‌وه‌ من له‌كوردستان خۆت ده‌زانی رێكخستنێكی دیكه‌ دامه‌زرا بزوتنه‌وه‌ی‌ سۆسیالستی كوردستان له‌به‌غدا دامه‌زرا، ئه‌وكاته‌ من ئاگاداری ئه‌وه‌بووم، من یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی‌ نامه‌كانیانم ده‌هێناو ده‌برد، له‌به‌غداوه‌ بۆ رومادی بۆ روفاعییه‌ بۆ هه‌رشوێنێك بوایه‌.
یه‌كه‌م نامه‌یان دا به‌من چووم بۆ روفاعییه‌ بۆ لای شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری‌، براده‌ران كاك عومه‌ر ده‌بابه‌، شه‌هید د. خالید، ره‌سول مامه‌ند، سه‌عدی گچكه‌، ئه‌وانه‌ هه‌موو خۆیان ئاماده‌كربوو بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. مه‌فره‌زه‌ په‌یدا ببون له‌شاخ، ئه‌وانیش ده‌بو په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌وانه‌وه‌. نامه‌یه‌كیان دا به‌من بیبه‌م بۆلای شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری‌ له‌ روفاعیه‌. من له‌بیرمه‌ ئه‌ورۆژه‌ 14ی ته‌مموزی 1976 بوو. من قه‌ت نه‌چوبوومه‌ ئه‌و شوێنه‌، چومه‌ روفاعییه‌ ویستم بیبینمه‌وه‌، له‌شه‌قامێك دوو كوردم بینی خه‌ڵكی بادینان بوون، ماڵی شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ریم لێ پرسین؟ پێشانیاندام.
كه‌چوومه‌ ماڵی شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری، ئه‌و به‌ته‌نها له‌ماڵه‌وه‌ بوو. نامه‌كه‌م راده‌ستی كرد و خوێندیه‌وه‌، دوای كه‌مێك دانیشتن و پشودان، له‌وه‌ختی عه‌سر وتی هه‌سته‌ بڕۆ. وتم ئه‌ی‌ وڵامی نامه‌كه‌؟ وتی نامه‌كه‌ وڵامی نییه‌، به‌ڵام به‌ براده‌ران بڵێ‌ زووه‌! وتم ئه‌ی‌ بۆ نامه‌یه‌كیان بۆ نانوسی؟ وتی ئاخر كوڕی خۆم ئێستا لێره‌ ده‌چیته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌گیرێیت، ئه‌گه‌ر گیرایت بڵێ‌ ئه‌وه‌ هاتووم بۆ لای كاك عه‌لی داخوازیی كچی خزمێكی ئه‌و بكه‌م. وتی كچه‌ برایه‌كم هه‌یه‌، بڵێ‌ چومه‌ته‌ داخوازی ئه‌و كچه‌.
ئیدی من له‌ روفاعیه‌ چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ هێزێكی تایبه‌ت ده‌وره‌یان گرتم و وتیان ئه‌وه‌ تۆ چیت ده‌كرد لای عه‌لی عه‌سكه‌ری؟ منیان پشكنی هیچم لانه‌بوو! وتیان تۆ چیت ده‌كرد له‌وێ‌؟ مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ گیڕانه‌وه‌ كه‌ من هاتووم بۆ داخوازیی كچێك! ئیدی به‌ریاندام. من سه‌عات هه‌شت و دره‌نگتربوو گه‌یشتم، نه‌چومه‌وه‌ تا كات بووه‌ 12ی شه‌و، كه‌ چوومه‌وه‌ له‌ماڵی شه‌هید د. خالید، ره‌حمه‌تی عومه‌ر ده‌بابه‌ له‌باخچه‌ی‌ ماڵه‌كه‌ زۆر بیتاقه‌ت بوو، كه‌ منی بینی زۆر قسه‌ی‌ پێ وتم!! به‌ڵام كه‌ چیرۆكه‌كه‌م بۆ گیڕایه‌وه‌ ده‌ستخۆشی لێكردم. منیش نامه‌كه‌م گه‌یاند كه‌ شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری‌ وتویه‌تی هێشتا زووه‌.
بۆ رۆژی 3ی 1976 ئاب واته‌ دوو هه‌فته‌یه‌ك دواتر، بۆ سه‌عات 6 ده‌بوو ئێمه‌ بچین بۆ فرۆكه‌خانه‌، كاك كه‌مال محێدین هات وتی كاك عه‌لی عه‌سكه‌ری‌ هاتووه‌. من منداڵه‌كانی شه‌هید د. خالیدیشم له‌گه‌ڵ بوو. به‌منیان گوت ئێوه‌ تازه‌ ده‌بێ بڕۆن ناتوانن سه‌فه‌ره‌كه‌تان دوابخه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌وانه‌یه‌ چه‌ند رۆژێك دواكه‌وین، كه‌چی ئه‌وان دوای‌ ئێمه‌ به‌ئۆتۆمبێل گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان.
من له‌ 9ی ئاب گه‌یشتمه‌ دیمه‌شق، چووم بۆلای سه‌رۆك مامجه‌لال، ئه‌و له‌ماڵه‌وه‌ بوو. خۆم ناساندو وتم له‌لای براده‌ران هاتووم، دوای هه‌واڵپرسین، وتم له‌وانه‌یه‌ براده‌ران دوابكه‌ون هه‌تا كاك عه‌لی خۆی ئاماده‌ ده‌كات. مامجه‌لال له‌مه‌ زۆر توڕه‌بوو، وتی من دووسێ‌ جار هه‌واڵم بۆ عه‌لی عه‌سكه‌ری‌ ناردووه‌ نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. براده‌ران خۆیان به‌عه‌لی ده‌به‌ستنه‌وه‌و ئێستا ئێوه‌ هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و ئاشكرابوونه‌و له‌وانه‌یه‌ هه‌موو ده‌ستگیركرابن. وتی لێره‌ بوه‌سته‌، سه‌ره‌وه‌ خه‌لكی لییه‌ ناتوانین قسه‌بكه‌ین، دوایی دیمه‌ خوارێ و ده‌چینه‌ شوێنێك داده‌نیشین.
كه‌ هاته‌ خوارێ‌ ره‌حمه‌تی عادل مورادی له‌گه‌ڵ بوو، كه‌ منی بینی، ووتی ئه‌وه‌ چی ده‌كه‌ی‌ لێره‌؟ وتم ته‌واوی بكه‌ ته‌واوی بكه‌.. كاك عادل موراد ره‌حمه‌تی لێبیت خۆی لێپرسراوی یه‌كێتی قوتابیان بوو، منیش له‌لقی 5 بووم، هه‌مووجارێ‌ منی ده‌بینی ده‌یگوت چۆنی جه‌لالی! وتم ده‌بێ‌ ته‌واوی بكه‌ی‌.. وتم مامه‌ ئه‌وه‌ هه‌مووكات ده‌یگوت من جه‌لالیم، ئێستا بزانم كاممان جه‌لالین؟ مام وتی كوڕی خۆم ئه‌و (مه‌به‌ستی عادل موراد بوو) هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ جه‌لالی بووه‌.
مام وتی ماڵه‌وه‌ زۆر قه‌ره‌بالغه‌ به‌كه‌ڵك نایه‌ت خه‌ڵكی زۆری لێیه‌، بۆیه‌ باشتره‌ بچینه‌ شوێنێكی دیكه‌ قسه‌بكه‌ین، ئه‌وه‌بوو چوینه‌ ماڵی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌وێ‌ دانیشتین و قسه‌كانمان ته‌واو كرد.

*ئه‌وكاته‌ ئۆپۆزسیۆنی عیراقیی هاوكاری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بوون؟
-بێگومان، ئۆپۆزسیۆنی عیراقیی كێ‌ بوون؟ به‌عسییه‌كان و شیوعییه‌كان هه‌بوون.

*شیعه‌كان له‌وێ‌ هه‌بوون؟
-ئه‌وكاته‌ حزبی ئیسلامیی شیعه‌ نه‌بوون.

*عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وكاته‌ شیوعی بوو؟
-ئه‌وكاته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ماركسی بوو.

*دواتر چیتان كرد.؟
•-مامجه‌لال وتی ئێوه‌ نابێت كه‌س بتانبینێت. بۆیه‌ ماوه‌ی‌ 10 رۆژێك كه‌س ئێمه‌ی‌ نه‌ده‌بینی، ته‌نها د. خدر نه‌بێت ئاگادار بوو. وتی خدر به‌س تۆ بیزانه‌، ئه‌وكاته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدیش زانی. دوای‌ 10 رۆژێك محه‌مه‌دی د. فوئاد نامه‌یه‌كی هێنا، ده‌ڵێت براده‌ران گه‌یشتنه‌ شاخ و كاك عه‌لی عه‌سكه‌ریش گه‌یشتۆته‌ شاخ له‌گه‌ڵیان. ئینجا ئێمه‌ ئازادبووین.
له‌دوای ئه‌وه‌ ده‌ستكرا به‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌، كادری پارتی كۆن و پێشمه‌رگه‌ كۆنه‌كانی پارتی و سه‌ده‌ها كوڕی كورد له‌ئێرانه‌وه‌ هاتن بۆ سوریا. كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری سوپای عیراق بوون، له‌وانه‌ ئیبراهیم عه‌زۆ و گروپێك، حه‌سه‌ن خۆشناو، فوئاد چه‌له‌بی، ملازم جه‌مال. سه‌ربازگه‌یه‌كیان بۆ كردنه‌وه‌ له‌قامیشلی كه‌ له‌لایه‌ن سوریاوه‌ بۆیان كرابویه‌وه‌.
من هه‌ر له‌وێ‌ بووم دوای‌ نزیكه‌ی‌ مانگ و نیوێك، د. مه‌حمود عوسمان به‌ خۆی و ماڵ و منداڵی هات، دوای‌ ماوه‌یه‌ك رێكخستنێكی دروستكرد به‌ناوی (الحركه‌ التصحیحیه‌ للحزب الدیمقراگی الكردستانی) شتێكی له‌و بابه‌ته‌ حه‌ره‌كه‌ی‌ ته‌سحیحیان پێده‌گوتن. د. مه‌حمود بوو، عه‌دنان موفتی بوو، فوئاد چه‌له‌بی چووه‌ پاڵ ئه‌وان.. تد، مامجه‌لال هاوكاریی كردن. سه‌ره‌تا مامجه‌لال له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بوو د. مه‌حمود بێته‌ ناو یه‌كێتی، به‌ڵكو حزبێكی دیكه‌ دروستبكات به‌ناوی (الحزب الدیمقراگی الكردستانی – حركه‌ تصحیحیه‌).
بۆ ساڵی داهاتوو، ژماره‌یه‌ك كادری كۆمه‌ڵه‌ به‌پێ‌ هاتنه‌ قامیشلی و هاتنه‌ دیمه‌شق له‌وانه‌ سه‌ڵاح چاوشین، دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید، شه‌هید ئه‌نوه‌ر عه‌بدولا، مامۆستا ئه‌نوه‌ر، ئه‌سكه‌نده‌ر عه‌قراویی، ئاوات قاره‌مانیی، ئازاد حه‌مه‌ غه‌ریب و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ بوون. هاتن لێره‌ مه‌شقیان كرد لای جه‌بهه‌ی‌ دیموكراتی فه‌له‌ستینی جه‌ماعه‌تی نایف حه‌واتمه‌، دوای ماوه‌ی نزیكه‌ی‌ ساڵێك، له‌و ماوه‌یه‌ شه‌هید د. خالید و عومه‌ر ده‌بابه‌ هاتن، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ مه‌سعود بارزانیش هاته‌ دیمه‌شق. دوای شه‌هیدكردنی ئیبراهیم عه‌زۆ و هاوڕێیانی بوو.
ئه‌وكاته‌ ژماره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌كرا، نامه‌یه‌كیان بۆ مه‌سعود بارزانی نارد، ئه‌و هاته‌ دیمه‌شق. رێككه‌وتنێكیان كرد كه‌ رێگری له‌پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی نه‌كرێت و به‌یه‌كه‌وه‌ شۆڕش ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌، ورده‌كاری رێككه‌وتنه‌كه‌ نازانم، به‌ڵام له‌ماڵی مامجه‌لال ئیمزاكرا. ئه‌وه‌ی‌ له‌بیرمه‌ مامجه‌لال و د. خالید دانیشتبون، وتی مامجه‌لال تا كاك مه‌سعود لێره‌یه‌ فرسه‌ته‌ با كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ بنێرین.
حه‌سه‌ن خۆشناو و مولازم جه‌مال و كۆمه‌ڵێكیان نارد، كه‌چی دیسان له‌ڕێگه‌ رێیان لێگرتن و شه‌هیدیان كردن، ئیدی رێككه‌وتنه‌كه‌ تێكچوو! رێگا سه‌خت بوو براده‌ران كه‌ بڕیاربوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ له‌دیمه‌شق مانه‌وه‌. دواتر نازانم به‌چ رێگه‌یه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان.
هاوینی ساڵی 1977 هێرۆخان دوو گیان بوو به‌قوباد، كاتی منداڵ بوونی بوو، مامجه‌لال علی‌ اساس له‌گه‌ڵ هێرۆخان چۆته‌ لوبنان بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێ‌ منداڵی ببێت، ماوه‌یه‌كی درێژی پێچوو. براده‌ران و كادرانی یه‌كێتی بێتاقه‌ت بوون و كه‌وتنه‌ جموجۆڵ و بۆڵه‌ بۆڵ، كه‌ مامجه‌لال چی ده‌كات له‌ لوبنان و بۆچی بۆ ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاوها چۆته‌ لوبنان و ..تد.
كه‌چی دوای ماوه‌ی‌ مانگ و نیوێك و بۆڵه‌ بۆڵ زیادی ده‌كرد، رۆژێك له‌ژورێك دانیشتبوین كه‌مال خۆشناو هاته‌ ژورێ و وتی مژده‌یه‌كتان بده‌مێ‌، گوتمان چییه‌؟ گوتی مامجه‌لال گه‌یشته‌ كوردستان!! گوتمان باشه‌ ئه‌ی‌ مامجه‌لال له‌ لوبنان نه‌بوو؟ وتی كاكه‌ ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو نهێنییه‌كه‌ ئاشكرا نه‌بێت ئه‌گینا مامجه‌لال بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كوردستان دیمه‌شقی جێهێشت مه‌سه‌له‌ی له‌دایكبونی كوڕه‌كه‌ی‌ نه‌بوو، ئێمه‌ ئه‌و پرۆپاگه‌نده‌یه‌مان بڵاوكرده‌وه‌. دوای‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌هه‌فته‌یه‌ك ئینجا قوباد له‌دایك بوو.
مامجه‌لال گه‌یشته‌ كوردستان و دواتر ورده‌ ورده‌ پێشمه‌رگه‌كانی له‌قامیشلی مه‌شقیان ده‌كرد ده‌نێردرانه‌وه‌ كوردستان.

*باشه‌ سوریا ته‌نها مه‌شقی پێده‌كردن؟
-نا چه‌كێكی زۆریشی به‌یه‌كێتی ده‌دا. بێگومان پاره‌ش.

*تۆ مایته‌وه‌ له‌وێ‌؟
-من خێزانی شه‌هید د. خالید و پێنج منداڵی كه‌ گه‌وره‌كه‌یان پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی بوو سه‌رپه‌رشتیم ده‌كردن، چونكه‌ خزمی خۆم بوو، كوڕی پورم بوو. مامجه‌لال گوتی ده‌بی سه‌رپه‌رشتیان بكه‌یت. من نزیكه‌ی‌ حه‌وت ساڵ له‌گه‌ڵیان مامه‌وه‌، ئیشی مه‌كته‌بی یه‌كێتیشم ده‌كرد وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌ب. ئه‌وكاته‌ من لێپرسراوی چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆش و برینداران بووم كه‌ له‌كوردستانه‌وه‌ ده‌هاتن، هه‌ر له‌دابینكردنی شوێن بگره‌ تا چاره‌سه‌ر. نه‌ك بۆ ئه‌وان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن. مامجه‌لال نوسراوێكی بۆمن كردبوو به‌ناوی یه‌كێتیه‌وه‌ من سه‌رپشك بووم بۆ دابینكردنی شوێن بۆ ئه‌وانه‌ی‌ روویان له‌دیمه‌شق ده‌كرد، ته‌نانه‌ت من یه‌كه‌م خانووم بۆ عه‌بدوللا ئۆجالان به‌كرێگرت.

*مانای ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها هاوكاری كوردانی عیراقتان نه‌ده‌كرد؟
-ئه‌وكاته‌ بوو كه‌ په‌كه‌كه‌ هێدی هێدی په‌یدا ده‌بوون، یه‌كێتی هاوكاریی ده‌كردن. ئه‌وانیش رێگه‌یان بۆئێمه‌ پاكده‌كرده‌وه‌ واته‌ رێپێشانده‌ربوون، ساڵی 1977 – 1978 ئه‌وانه‌ ئاسانكارییان بۆ ده‌كردین به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌وان كوردی توركیان. كۆمه‌ڵێكیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ شه‌هید بوون، بیرمه‌ كوڕێكیان له‌گه‌ڵ بوو شه‌هید بوو ناوی موحته‌ره‌م بوو، كوڕێكی تا بڵێی‌ قۆز و موحته‌ره‌م بوو. ئه‌وكاته‌ په‌كه‌كه‌ و ئاڵای رزگاریی په‌یدا بوو، ئێمه‌ هاوكاریی ئه‌وانیشمان كرد.
*حكومه‌تی سوریا هاوكاریی ده‌كردن؟
-سه‌ره‌تا هاوكاریی نه‌ده‌كردن، دواتر په‌یوه‌ندیان دروستكرد و حكومه‌ت ده‌ستیكرد به‌هاوكاریكردنیان.

*تۆ تاكه‌ی‌ له‌دیمه‌شق مایته‌وه‌؟
-من تا ساڵی 1984 له‌دیمه‌شق مامه‌وه‌. كه‌ گفتوگۆی نێوان یه‌كێتی و حكومه‌ت ده‌ستی پێكرد، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر هاته‌ ئه‌ڵمانیا لێره‌ش د. فوئاد و دارای شێخ نوری چوونه‌ ئه‌وێ‌. هه‌ر له‌وماوه‌یه‌ خه‌ڵكێكی زۆریش هاته‌ دیمه‌شق له‌وانه‌ ئاوات عه‌بدولغه‌فور، عه‌بدوره‌زاق فه‌یلی ئه‌وه‌ بیرم چوو ئه‌ویش له‌سه‌ره‌تاوه‌ لێره‌بوو، سه‌ربه‌ست بامه‌ڕنی..تد ئه‌وانه‌ هه‌موو لێره‌ بوون.
د. فوئاد و دارۆی شێخ نوری چوونه‌ ئه‌ڵمانیا له‌وێ‌ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادریان بینیبو، فه‌ره‌یدون وتبوی ئێمه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق، كه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین دیاره‌ حكومه‌تی عیراق یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ پچڕاندنی په‌یوه‌ندی بوو له‌گه‌ڵ سوریا. ئه‌مه‌ راسته‌وخۆ نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماناكه‌ی‌ بوو. كه‌ هاتنه‌وه‌ بۆ دیمه‌شق، كۆبونه‌وه‌یه‌كیان پێكردین له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كاك عه‌بدوره‌زاق فه‌یلی و ئاوات عه‌بدولغه‌فور، نه‌رمین عوسمان، نازه‌نین عوسمان، د. به‌یان، ئاراس شێخ جه‌نگی، ئه‌سكه‌نده‌ر عه‌قراویی، سه‌ربه‌ست بامه‌ڕنی.. تد به‌شداربووین. كاك د. فوئاد قسه‌ی كردو وتی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق مفاوه‌زاتمان هه‌یه‌، بۆیه‌ نوسینگه‌ی‌ یه‌كێتی له‌دیمه‌شق چۆل ده‌كه‌ین. له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ ته‌نها من و ئه‌سكه‌نه‌ده‌ر بڕیارماندا بگه‌ڕێینه‌وه‌ كوردستان، ئه‌وانی دیكه‌ هه‌ریه‌كه‌ چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ی‌ هه‌ڵبژارد. زۆربه‌یان بڕیاریاندا بچنه‌ ئه‌وروپا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*