سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » ژنبوون به‌ مانایه‌كی‌ تر

خورجە

ژنبوون به‌ مانایه‌كی‌ تر

1
نه‌سرین ده‌مێكه‌ داخت له‌ دڵمه‌
گیرۆده‌ی‌ به‌ندی‌ ژیانت زوڵمه‌
وا من پێت ئه‌ڵێم چونكه‌ له‌ سه‌رمه‌
هه‌سته‌ تێكۆشه‌ تا خوێنت گه‌رمه‌
سه‌رپۆش فڕێده‌ چ واده‌ی‌ شه‌رمه‌

فایه‌ق بێكه‌س به‌م جۆره‌ داوای‌ هه‌ستان و به‌شداری‌ ژنان ده‌كات له‌ تێكۆشان و ژیانا ، ئه‌مڕۆ ئیلهام ئه‌حمه‌د و چیچه‌ك كۆبانی‌ و په‌روین بابه‌كرو زۆری‌ دیكه‌ وه‌ڵامی‌ داخوازیه‌كه‌ی‌ فایه‌ق بێكه‌سیان داوه‌ته‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌و به‌ جۆرێك شه‌ڕی‌ بوون و مانه‌وه‌ی‌ نه‌ك خۆیان بگره‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ خۆیان و مرۆڤایه‌تیش ده‌كه‌ن ،راسته‌ ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌ ئه‌مه‌ریكا قسه‌ی‌ له‌ ته‌ك سۆزی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كاندا كرد ، به‌ڵام ئه‌ی‌ چی‌ بكات و چۆن قسه‌ بكات ، له‌ كاتێكا ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی‌ 50 ملیۆن مرۆڤی‌ بێ‌ شوناس ده‌كات ، نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌ درێژای‌ دیرۆك بۆ ئازادی‌ خۆی‌ و ئه‌وانی‌ تریش قوربانی‌ داوه‌ .

2
چیچه‌ك كۆبانی‌ بریتیه‌ له‌و ته‌واره‌ی‌ تا باڵی‌ فڕینی‌ هه‌بێت ناكه‌وێت ، به‌ڵام كاتێك به‌ برینداری‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست چه‌ته‌كانی‌ تاڵانی‌ ئه‌و زۆر ماندوانه‌و به‌ ده‌م و چاوێكی‌ پڕ ئازارو له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕ بڕواوه‌ له‌ ئاینده‌ ده‌ڕوانێت و چه‌ته‌كانیش به‌ بزه‌یه‌كی‌ پڕ له‌ ترس و نیگه‌رانیه‌وه‌ سێڵڤی‌ ده‌گرن ، وێنه‌ بڵاوكراوه‌كه‌ زۆر شتی‌ دیكه‌مان پێده‌ڵێت ، كه‌ مرۆڤ تا شه‌ڕوانه‌ كچه‌كان به‌ چاوی‌ خۆی‌ نه‌بینێت بڕوا به‌و ئازایه‌تیه‌ ناكات كه‌ پاتریس فرانچیسكێ‌ باسیان ده‌كات ، ئه‌وان بونه‌وه‌ری‌ ئاسمان و دنیایه‌كی‌ تر نین ، ئه‌وان ئه‌و كچه‌ كوردانه‌ن ، كه‌ په‌روه‌رده‌ ی‌ ئازادی‌ و خۆخاوه‌نی‌ شانه‌و ئاوێنه‌ی‌ پێداناون و تفه‌نگێكی‌ كردوه‌ته‌ شانیان ، ئه‌وان بونه‌وه‌ری‌ ئازادی‌ مرۆڤایه‌تین .

وه‌ك خوشك و برا ئه‌بێ‌ هه‌ردوكمان
قۆڵی‌ لێهه‌ڵكه‌ین بچینه‌ مه‌یدان
تا كورد به‌رینه‌ ریزی‌ میلله‌تان

3
په‌روین بابه‌كرخانم خاسێكی‌ باشوره‌ ، ئه‌و به‌ بێده‌نگی‌ و بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بیكات به‌ هه‌ڵا له‌ بواری‌ جیاجیادا خزمه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ و مرۆڤایه‌تی‌ ده‌كات ، وه‌ك خاتونێك ده‌نگ بۆ ئاشتی‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ ، له‌ نێو ژنانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناویندا خه‌ڵات ده‌كرێت و له‌ پێنای‌ خۆرئاوای‌ پارچه‌یه‌كی‌ تری‌ نیشتمانه‌ له‌ت و په‌ته‌كه‌یدا ئاماده‌ نیه‌ به‌شداری‌ هه‌ندێ‌ چالاكی‌ بكات ، ئه‌ویش ده‌سته‌ خوشكی‌ ئیلهام و چیچه‌ك و ئه‌وانی‌ تره‌ لێ‌ له‌ شوێنێكی‌ ترو به‌ جۆرێكی‌ تر ، ئه‌مڕۆ رۆژی‌ به‌ دیهاتنی‌ خه‌ونه‌كه‌ی‌ فایه‌ق بێكه‌سه‌ :

مه‌ڵێ‌ من كچم تۆش وه‌كو منی‌
موحتاجی‌ عیلم و فه‌ن و خوێندنی‌
مه‌جبوری‌ ئیش و خزمه‌تكردنی‌
درود بۆ ته‌واره‌كانی‌ نیشتمان .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*