سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » عیراق،الی الورا ء در،بۆ دواوە وەرگەڕێ

عیراق،الی الورا ء در،بۆ دواوە وەرگەڕێ

رێز و خۆشەویستیم بۆ ئەو بەڕێزانەی باس لەوە دەكەن، خۆپیشاندانەكانی عیراق خۆڕسكن و ئەو شەقامە سزای دز و جەردە و گەندەڵكاران دەدات. لەراستیدا ئەم بۆچوونە بەرای من، دەشێ من هەڵەبم، بۆچوونێكی ناراستە و دوورە لە واقیعەكە و ئەو بەڕێزانەی ئەو رایەیان هەیە، ئەوانەن پێیان وایە ئەوە دیموكراسیەت و مافی دەربڕین پاڵی بەو خەڵكەوە ناوە بێنە سەر شەقام و داوای مافەكانیان بكەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمەی ئێستا لە عیراق دەگوزەرێ، هەنگاوی یەكەمە بۆ لە گۆڕنانی ئەو سەرەتای ئەزموونی دیموكراسیەتەیە، بە هەموو كەم و كورتیەكانیەوە، لە عیراقێك دا كە بە داخەوە پێدەچێ دیموكراسی بە بەری نەبێت، یان هەندێ كەس و لایەن نەیانەوێ لەبەری بكەن.
خۆپیشاندانەكان كە بۆ داواكاری عەدالەت و باش كردنی بژێوی خەڵك و دابینكردنی ئاو و كارەبا و نەهێشتنی گەندەڵی، بگۆڕێت بۆ داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵوەشاندنەوەی دادگاكان و گۆڕینی سیستمی حوكم لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی و لەهەمووی سەیرتر هەمواركردنەوەی دەستوور و ئەمجا دەست لەكاركێشانەوەی حكومەت، دیارە ئەوە داواكاری خەڵكی سادە و بێ دەرەتانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق نیە، بەڵكو ئەوە داواكاری حزب و گروپ و تاقمی سیاسییە و پشتگیری دەرەوەشی لەگەڵدایە.
ئەم بارودۆخە لێكدانەوە و وردەكاری زۆری ناوێ تاكو بزانرێ ئەمەی دەگوزەرێ، خەڵكی ئاسایی لەپشتە، یان حزب و تاقم و گروپی سیاسی دەست رۆیشتوو راكردوو بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا و جێبەجێكەری ئەجێندایەكی تایبەت، داواكردنی ئاشكرای سەید موقتەدا سەدر و هادی عامری و چەند لایەنێكی تر بۆ دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت، ئاماژەیەكی سادە و ساكارن بۆ ئەوەی ئەمەی دەگوزەرێ، داواكاری و ویستی خەڵك نیە، بەڵكو شەڕی ئەو لایەنانەیە كە لە گەمە دیموكراسیەكەدا مەبەستەكانیان نایەتەدی، دەیانەوێ لە دەرەوەی ئەو حاڵەتە و بە زۆرەملێ و بە هەڕەشە و گوڕەشە ئامانجە سیاسیەكانیان بێننە دی و باز بەسەر ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن و رێكەوتنەكاندا بنێن و بەزۆر خۆیان بسەپێنن. ئەمە لە كاتێكدایە هەموو ئەوانەی ئێستا داوای گۆڕانكاری و دژایەتی گەندەڵیان كردۆتە دروشمی سەرەكی خۆیان هەر هەموویان لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا لە زۆربەی هەرە زۆری پۆست و جومگە گرنگ و باڵاكانی عیراقدا بەشداربوون و بەشێكی زۆریان تۆمەتی گەندەڵیان رووبەروو كراوەتەوە، خێرە ئێستا خۆیان لە بارودۆخەكە بێ بەری دەكەن؟ لە عیراقدا گەر شتێك هەبێ، بەرهەمێكی باش و بەپێز و پڕ بە سودی پاش روخانی سەدام حسێن بێ، دەستوورە كە سەرۆك مام جەلال بەتایبەت و كورد بە گشتی رۆڵێكی گەورەیان لە نوسینەوەیدا بینی و بە یەكێك لە دەستوورە هەرە باشەكانی ناوچەكە دەژمێردرێ و لە دونیاشدا وەك دەستوورێكی باش لەقەڵەم دەدرێ، هەمواركردنەوەی كراوە بە داواكارییەكی خۆپیشاندەران و پەرلەمانی عیراقیش وەك یەكێك لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران، لیژنەی هەمواركردنەوەی بۆ دروست كردووە، من دەپرسم، خۆپیشاندەرێك كە بارەگا حكومیەكان بسوتێنێ و بانك تاڵان بكات و تەنانەت بەچەكەوە بچێتە سەر خەڵك و كوشت و كوشتار ئەنجام بدات، دەزانێ دەستوور چی یە؟ یان ئەوەیە، ئەوانەی چاویان بەرایی نایەت كە بەپێی دەستوور عیراق عیراقی فیدراڵە و هەرێمی كوردستان دان پێدانراوە و دیموكراسیەتی تیادا چەسپیوە و مافەكانی تاكی تیادا فەراهەمە و ئازادی كاری سیاسی و را دەربڕین و ئاین و مەزهەبی تیادا جێبەجێ كراوەتەوە، دەیانەوێ هەموو ئەو دەستكەوتانە لەباربەرن و عیراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیكتاتۆریەت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*